سەرکەوتی جیهازو بەختیار نامیق
دانوستانو ململانێکانی نێوان ئێرانو ئەمریکا پڕە لەبەریەککەوتنی بەرژەوەندی و ململانێ و گواستنەوەی سەکۆی شەڕەکان ، لە لایەکی ترەوە ئەمریکا لەگەڵ تورکیا جۆرێک لە ململانێ و ڕێککەوتنی هەیە ، لەسەرو هەمو ئەم جوڵانەوە ململانێی نێوان ( ڕوسیا و چین و ئەمریکا) کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەم هەموویان هەیە ، ئەوەی لە ئێستادا لە عێراق ڕودەدات ، لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەمان ڕوداو لە زۆرێک لەو وڵاتانەدا هەیە کە ئێران هەژمونی تێدا هەیە و هەم ئەمریکا ، بۆ دانوستان هەر یەک لەم وڵاتانە کارتەکانیان بەرامبەر یەک بەکار دەهێنن تا گوشار دروست بکەن بۆ یەکتر تا دەستکەوتی هەر یەکێکیان بچێتە سەر مێزی دانوستان ، زۆر کات بۆ بڕیارێک هەردولایان هاوبەرژەوەندین و گڵۆپی سەوز بۆ یەکتر هەڵدەکەن.
لە عێراقدا ئەوەی پێی دەوترێت سیادە و دەوڵەت بونی نیە ، حیزبەکان و سەرکردەکان تا دەگاتە پەرلەمانی عێراق و تا دادوەری و حکومەت و سەرۆکی حکومەت و لێرەڕاش بە حکومەت و سەرکردەی حیزبەکانیشەوە تەنها کارتن لە نێوان ئەم ململانێیانەدا هیچ ڕۆڵێکی سەرەکیان نیە و وەک داشی دامە دەجوڵێنرێن ، کەیسی حەشد و چەک و دراوی ساختە و نەوت و غاز و موچەی هەرێم کارتە سەرەکییەکانن تا دەگاتە کەیسە بچوکەکانی سێکتەرەکانی تر شۆڕدەبێتەوە بۆ کەیسی زۆر بچوکیش .
ئەمریکا کاتێک دەڵێ دەبێ موچەی هەرێم بدرێت ، ئەگەر چی زۆنی سەوز وەک بەرەی مقاومە ببینێرێت ، کە ئێران بزانێت لەبەرامبەر کارتێکی تری ئەمریکادایە وەک کارتی فرۆشتنی غازی ئێرانی بە عێراق قائانی دەگاتە بەغداد ئەمردەکات بینێرن ، بێ ئەوەی بچنە وردەکاری ڕادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتیەوە ، موچە دێت ، کاتێکیش دەزانن دەبێ ئەم کارتە بەکار بهێنرێت موچەی پێش جەژن ڕادەگیرێ و بەرژەوەندی ئەمریکا لە پێش دانوستاندا وایە بێ دەنگ بێت ، لەڕوەکانی ترەوە کاتێک ئەمریکا فەزای دانوستان نەرم دەکاتەوە قائانی دەگاتە بەغداد و داوا لە حەشد دەکات هیچ جوڵەیەکی سەربازی نەکرێت.
کاتێکیش دەزانرێت ئێران دزە بە دۆلار دەکات لە ڕێگەری دیناری ساختەی عێراقییەوە ، واتا دەرچون لە گەمارۆی زیرەکی سەر ئێران ، ئەمریکا عێراق لە ڕوبەوڕوی کەمی پارەی کاغەزی دینار و دۆلار ئاگادار دەکاتەوە ، کاتێکیش ئەمریکا هەست بە درزبونی گەمارۆی زیرەک دەکات ، کارتی غازی کوردی بەکار دێنێت ،کە عێراق کڕیارێکی باشی غازی ئێرانیە ، بۆ ئەوەی هەژمونی هەر یەکێکیان زیاد بێت هەر بەپلان و بەرنامە عێراقیان توشی گەندەڵی گەورە کردوە تا بنەمای دەوڵەت دروست نەبێت هەردوکیان ( ئێران و ئەمریکا) لەم ڕوەوە هاوبەرژەوەندین ، لەم نێوەندەدا ئەوەی دەبێتە قوربانی هاوڵاتی عێراقیە بە هەرێمی کوردستانیشەوە ، هەمو ئەمانەش بە چواردەوری دانوستان و ململانێی دۆسیەی پیتاندنی یۆرانیۆمدا دەسوڕێتەوە.
لەلایەکی ترەوە دوو زلهێزەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ( تورکیا و ئێران ) لەسەر بنەمای ڕێککەوتنە مێژویەکان سوریاو عێراقیان دابەشکردوە، تورکیا سوریای بۆ گرنگەو هەمان ململانێی لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیلدا هەیەو ئێرانیش لەعێراقدا لەقۆناغی پێش دانوستاندا لەکێشەو ململانێدایە، بەجۆرێک ئەمریکا بەرژەوەندیی هەیە کارتی موچەی هەرێم بزانێت لەبەرژەوەندیی نییەو کارتی بەبەهاتری دەستدەکەوێت نەک بۆی کێشە نییە، بەڵکو بێدەنگ دەبێت، هەرکات موچە چوە خانەی بەرژەوەندی کارتی دوولایەنە ئەوا چ ئەمریکا بڕیاربدات بەناردنی یان ئێران ئەوا بێ گڵۆپی سەوزی یەکتر جێبەجێنابێت.
کەیسەکانی تریش غاز و نەوت و دراو هەمویان پێکەوە گرێدراون ، جا ئەگەر هەرێم بیەوێ کارێ بکات دەبێت بکەوێتە ناو بازنەی بەرژەوەندی ئەمریکاوە وەک ڕۆژئاوای کوردستان ، دەبێ بچێتە سەر هێڵی بەرژەوەندی هاوبەشی ئەمریکا و ئێرانەوە و نابێت هەردوو زۆن بێت و هەر زۆنێکیان هەمو هێلکەکانیان بخەنە یەک سەبەتەی یەکێ لەم دوو وڵاتەوە ، دەبێ ئەوەش بزانین چۆن هنری کیسنجەر لە ڕێککەوتنی جەزائیردا بە بارزانی دەڵێ ( ئێمە ڕێکخراوی خێرخوازی نین و بەرژەوەندیمان حکوم دەکات).
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی