یەكڕیزی نیشتیمانی لەبەغداد چی بەدەستهێناوە؟ كێ ئەم یەكڕیزیەی تێكداوە؟

16/04/2016

سەباح محەمەد

چەمكی یەكڕیزی نیشتیمانی و نەتەوەیی، چەمكێكە كە بەردەوام قیادەی سیاسی و حزب و فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغداد جەختی لەسەر دەكەنەوە، لە ڕووی واقعیشەوە چەمكێكی دۆرینەیە و لەسەر ئەرزی واقع بوونی نیە. حزبە كوردییەكان لە ساڵی 2003 وە كە دەكاتە 13 ساڵ لە دیدار و چاوپێكەوتنەكانیاندا بەگوێمانیدا دەچرپێنن، دەمێكە كاتی ئەوە هاتووە بە نوێنەرە كوردەكانی بەغداد بڵێین، فەرموون شەرحی دەستكەوتەكانی خۆتان و ئەم یەكڕیزیەمان بۆ بكەن، مادەی 140ی تایبەت بە ناوچە جێناكۆكەكان بەكوێ‌ گەیشت؟ بودجەی پێشمەرگە چی لێهات؟ دوای تێپەڕینی سێ‌ ساڵ بەسەر بڕینی بودجە و موچەو قوتی خەڵك توانیوتانە چ هەنگاوێكی پۆزەتیڤ بنێن بۆ گێڕانەوەی مافی خەڵك؟


لەڕووی كردەییەوە  كورد بەدرێژایی ئەو ماوەیە یەكڕیز نەبووە، بە پشتبەستن بەم فاكتانە، ساڵی 2010 كاتێك مالكی لە پێكهێنانی حكومەتەكەی نزیك بوویەوە، باس لەپێدانی وەزارەتێك دەكرا بە بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام لەسەر داوای پارتی و یەكێتی گۆڕان لەم وەزارەتە مەحروم  وبێبەشكرا. پارتی و یەكێتی بەسەر لیستەكانی عێراقیە و دەوڵەتی یاسادا دابەش ببوون، تا ئێستاش ئەم دابەشبوونە بەردەوامە. كاتێك ئیمزا بۆ ئیستجواب و سەندنەوەی متمانە لە مالكی كۆكرایەوە، پەرلەمانتارانی كام لایەن ئیمزایان كرد؟ ئەی كێ ئیمزای نەكرد؟ هەروەك پێشتر باسم كرد، كورد هەرگیز یەكڕیز نەبووە لە بەغداد، ئەمە تەنها قسەیەكی ئیعلامیە و ختوكەدانی سۆزی نەتەوەیی هاوڵاتیانی كوردستانە.


بزوتنەوەی گۆڕان كە هێزێكی نوێیە و تێڕوانینی جیاوازتری هەیە، هەرگیز نەدەبوو تەسلیمی ئەو ئیرادەیە ببێت كە چەندین ساڵە پارتی و یەكێتی كاری لەسەر دەكەن  و ئامانجیان بەدەستهێنانی پۆست و ئیمتیاز و ناوبانگی كەسی بووە. 


عەقلانیەتی سیاسی سوربوونی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر یەكڕیزی لە بەغداد لەكوێ دایە، لە كاتێكدا لەكوردستان ماڵی كوردی دەیان پارچەیە؟! لە سیاسەتدا چۆن دەكرێت سەرجەم وەرەقەكانت بخەیتە سەر یەك مێز؟ یان ئێوەش دوای ئەم هاش  و هوشە ئیعلامییە و دروشم بازیە كەوتون؟ 


ئەگەر بە سەتحی گوێ‌ لە فراكسیۆنە كوردیەكان بگری، بە ئیسلامی و عەلمانی و نەتەوەیی و مۆدێرنەوە، لە بەغداد یەك بەرنامە و ڕوئیایان هەیە، كە ئەمەش وا دەردەكەوێت سەرجەم حزبەكان یەك حزبن، ئەمەش وا لەو حزبانە دەكات كە خاڵی ببنەوە لە پێناسەی حزب. هەر پێنج حزبەكە بەرنامەی جیاوازیان هەبوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، بەڵام دوای هەڵبژاردن شتێك نەما بەناوی بەرنامەی هەڵبژاردن، جگە لە هەندێك شتی ڕواڵەتی و ڕۆتینی، ئەگەر بڕیاربێت تا كۆتایی بەم جۆرە بمێننەوە، ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئایندەدا هەمووتان بەیەكەوە بەیەك لیست و بەرنامە بچنە هەڵبژاردنەوە باشتر نیە؟


بڕوام وایە ڕێككەوتنی ستراتیجی نیوان پارتی و یەكێتی چەندە گورزی لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستاندا لەناوخۆدا، چەمكی یەكڕیزی نیشتیمانیش لە بەغدا ئەوەندە گورزی لە خەڵكی كوردستانداوە. 


سیاسی ژیر ئەو كەسەیە كە بە چەمك فریو ناخوات و بەدوای بەرژەوەندی نەتەوەیدا دەگەڕێت، نەك سیاسییەك كە لەپشت چەمكەوە خۆی بشارێتەوە و بخەوێت. ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە جێبەجێكردنی مادەی 140ە، بەلام تا ئێستا قۆناغی یەكەمی بەتەواوی جێبەجێنەكراوە، واتە ئەو یەكڕیزیەی كەباس دەكرێت هیچ دەستكەوتێكی مەزنی بەدەست نەهێناوە، تاوەكو بە نەمانی ئەم یەكڕیزییە دەستكەوتەكان لەناو بچن. شیعەكانی عێراق بەسەر چەندین گروپ  و دەستەو تاقمی جیاوازدا دابەش ببون، تەنانەت تیایاندایە لەگەڵ سوننەكان تەبا ترە وەك لە شیعەكان، بەڵام بەرژەوەندییەكانی شیعە نەكەوتوونەتە مەترسیەوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ شیعەكان باڵا دەستتر دەبن. بەرپرسیارێتی  مێژوویی و نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئەخلاقی بە گوتنەوەی چەمكی بێ بنەماوە گرێ نەدراوە، بەڵكو گرێدراوە بە ڕێژە و جۆری ئەو دەستكەوتانەی كە بۆ میللەتەكەت بەدەستی دەهێنی. ئەگەر ئێوە خەمخۆری ڕاستەقینەی خەڵكن، كە گومانم لە خەمخۆری و دڵسۆزیتان هەیە، هەر فراكسیۆنە و بە وەرەقەی جیاوازەوە بڕۆنە پێشەوە و هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین دەستكەوت بدەن، لەكاتی پێویستیشدا پشتگیری لە یەكتر بكەن و دژی یەكتر سەنگەر مەگرن.

سەباح محەمەد 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی