چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵك بۆ هه‌ر جوڵه‌یه‌كی سیاسی به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا زیاد له پێویسته. ئه‌م چاوه‌ڕوانیه ئه‌گه‌ر له ئێستادا بۆ نه‌بوونی هیچ هیوایه‌ك و خاڵی له هه‌ر فریادره‌سێك ببینیرێت، ئه‌وا ڕه‌نگه بۆ بوعده مێژووییه‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌ندازیاری ڕاپه‌ڕین و گرنگترینیشیان دروستكردنی لیست و هێزێكی تر له ساڵی 2009 ئه‌مه‌ش له چركه‌ساتێكدا كه خه‌ڵك له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی بۆ به‌دیلێكی تری سیاسی ده‌گه‌ڕا.
له ئێستادا هیچ ئومێدێك بۆ باشتربوونی دۆخی سیاسی و ئابووری هه‌رێم له ئارادا نیه، خه‌ڵكی كوردستانیش به‌و پێیه‌ی تا ئێستاش له هه‌یمه‌نه‌ی سه‌ركرده‌كان و سیحری سه‌ركرده و كرده و جوڵه‌ی سه‌ركرده‌كان قوتار نه‌بوون، ئه‌وا ده‌بێت چاوه‌ڕێی ئه‌م هه‌موو چاوه‌ڕوانیه بۆ به‌ڕێز نه‌وشیروان بكرێت له ساحه‌ی سیاسی‌دا. بارزانی و هه‌یمه‌نه‌ی له پارتیدا و سیحری مام جه‌لال تا ئه‌م چركه‌ساته له‌ناو یه‌كێتی و سه‌ركرده‌ی حزبه بچوكه‌كان و مانه‌وه‌یان له پۆسته‌كانیان تا ڕۆژی قیامه‌ت، ته‌نانه‌ت سیحری سه‌ركرده لای سه‌له‌فی و مه‌دخه‌لیه‌كانیش ته‌واو سیحرێكی ئاماده و كاریگه‌ره.
كه‌واته تا ئێستاش خه‌ڵك سه‌ركرده وه‌ك فریادره‌س و پیاوی سپی و خاكی و وه‌ك مه‌خلوقێكی جیاواز له گشت ده‌بینێت و بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت كه‌مێك خه‌ڵك جێبێڵین و ته‌ماشای جوڵه‌ی سه‌ركرده‌كان بكه‌ین.
كه‌واته با بپرسین به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا چی له دنیای ئێمه ده‌گۆڕێت و ده‌توانێت چی بكات؟
بێگومان چاوه‌ڕوانیه‌كانی ئه‌م پیاوه له‌لایه‌ن هه‌واداره‌كانیه‌وه زیاد له پێویسته. ئه‌م چاوه‌ڕوانیه ده‌گاته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه ئه‌م پیاوه وه‌ك فریادره‌س و فریشته و سپی و خاكی وێنا بكه‌یت و جله كۆنه‌كانیشی كه ده‌یپۆشێت و كاڵبوونه‌وه‌ی سه‌ر ئه‌ژنۆی پانتۆڵه‌كه‌ی لای هه‌واداره‌كانی وه‌ك ساده‌یی و حیكمه‌ت و ساده وێنا ده‌كرێت. له كاتێكدا ئه‌م به‌ڕێزه له ماوه‌ی حه‌وت مانگ جێهێشتنی كوردستان و سه‌رباری ئه‌م هه‌موو قه‌یران و برین و برسێتیه یه‌ك حه‌رفی نه‌وتووه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت چاوه‌ڕوانیه‌كانی خه‌ڵك له‌م به‌ڕێزه زۆر زۆره.
به‌ڕێز نه‌وشیروان به‌و پێیه‌ی هه‌وادارێكی زۆری له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌یه ده‌توانێت یه‌كێك له‌م پێنچ خاڵه بكات:
یه‌كه‌م: ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه. ئه‌مه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دۆخی پێش 12ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ڕابردوو به ئاساییكردنه‌وه‌ی پارله‌مان و گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی. ئه‌مه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خاڵی سه‌ره‌تا و نه ئه‌و متمانه‌یه له‌نێوان پارتی و گۆڕاندا ماوه و نه ئه‌م دوو هێزه جارێكی تر ده‌توانن به هه‌مان میكانزیم به‌یه‌كه‌وه له‌ناو یه‌ك حكومه‌تدا بمێننه‌وه و كاری هاوبه‌ش بكه‌ن.
دووه‌م: ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی. ئه‌مه‌ش نازانم میكانیزمه‌كانی ئه‌م یه‌كگرتنه‌وه‌یه چۆن ده‌بێت، به‌ڵام به‌هه‌ر پێوه‌رێك بیبینین گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خاڵی سه‌ره‌تاو لانی كه‌م دروستكردنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌یی، پارتیش وه‌ك ئینقیلابێك دژ به خۆی ده‌یبینێت و هه‌موو جوڵه‌یه‌كی گۆڕان له شه‌ش ساڵی ڕابردوودا، وه‌ك تاكتیكێكی نێوان مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا وێنا ده‌كات.
سێیه‌م: هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت. به‌مه‌ش ڕوون بۆوه كه دوای دوو خولی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێز نه‌وشیروان ناتوانێت له سه‌دا بیست و پێنجی ده‌نگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بێنێت. واته له ئێستادا ده‌نگه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان دابه‌ش بوون و هیچ ئه‌گه‌رێك له‌ئارادا نیه به‌ڕێز نه‌وشیروان بتوانێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بێنێت و به ته‌نها حكومه‌ت پێك بهێنێت. كه به ته‌سه‌وری من ئه‌گه‌ر زۆرینه‌شی هێنا هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌ده‌ره‌جه‌ی یه‌كه‌م پارتی ئاماده نیه كورسی بۆ گۆڕان جێ بهێڵێت.
چواره‌م: خه‌باتی چه‌كداری و قڵپكردنه‌وه‌ی دام و ده‌زگاكان. ئه‌م ئه‌گه‌ره زۆر له به‌رنامه‌ی به‌ڕێز نه‌وشیروانه‌وه دووره و به ئاشكرا ڕایگه‌یاندووه كه دژ به هه‌ر هه‌وڵێكی توندوتیژییه بۆ ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات. ته‌نانه‌ت ئه‌و ماوه‌یه‌ی پێش‌و كه ده‌نگۆی دروستكردنی هێزی چه‌كدار له‌ناو گۆڕان سه‌ری هه‌ڵدا، بزوتنه‌وه‌كه به‌ئاشكرا ڕایگه‌یاند ئه‌وان دژ به هه‌ر هه‌وڵێكی خه‌باتی چه‌كدارین و گۆڕان خۆی چه‌كدار ناكات. كه‌واته به‌ڕێز نه‌وشیروان، ئه‌گه‌ر هه‌وادارانی و خه‌ڵك لێی بگه‌ڕێت، ته‌سه‌ور ناكه‌م ئه‌م خیاره تاقی بكاته‌وه.
پێنجه‌م: خۆپیشاندانی مه‌ده‌نی و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری. تاكه شتێك كه خه‌یاڵمان بۆی بچێت له‌م دۆخی برسیكردنه‌ی خه‌ڵك و بێتاقه‌تی و قه‌یرانانه‌دا، تاكه خیارێك كه بیرمان بۆی بچێت، خیاری خه‌باتی مه‌ده‌نی و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی و په‌نابردنه بۆ شه‌قام. ئێمه ده‌زانین له شه‌ش ساڵی ڕابردوودا ئه‌وه‌ی ئه‌م هێزه كردی ته‌نها ڕه‌خنه‌ی میدیای و به‌شداری هه‌ڵبژاردن بوو، ئه‌گینا یه‌ك دێڕ نادۆزیته‌وه كه ئه‌م هێزه به جه‌ماوره‌ی خۆی و لایه‌نگره‌كانی وتبێت بڕژێنه سه‌ر شه‌قام. خۆپشاندانه‌كانی 17ی شوباتی 2011 و ناڕه‌زاییه‌كانی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان له مانگی ده‌ی ساڵی ڕابردوو به سوتاندنی باره‌گاكانی پارتی، گۆڕان به ئاشكرا ڕایگه‌یاند كه گۆڕان له پشته‌وه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌دا نه‌بووه.
كه‌وته له‌م پێنج خیاره گۆڕان كامیان تاقی ده‌كاته‌وه؟ به‌ته‌سه‌وری من كوردستان زۆر له‌وه پارچه‌پارچه‌تر و له‌تله‌تتره به‌ده‌ست هێزه سیاسیه‌كانه‌وه و هیچ ئه‌گه‌رێك بۆ دروستبوونی ڕای گشتی له‌ئارادا نیه. نه هه‌ڵبژاردن به‌های ماوه و نه خه‌باتی چه‌كداری ده‌توانێت ئه‌و دۆخه چاره‌سه‌ر بكات و نه ڕێكه‌وتنه‌وه له‌گه‌ڵ پارتی سیقه‌ی سیاسی له‌نێو ئه‌م دوو هێزه‌دا دروست ده‌كاته‌وه و دواجاریش وته‌بێژی گۆڕان ڕایگه‌یاند ده‌بێت له‌گه‌ڵ پارتی گفتوگۆ بكه‌ین، له ئاستی خه‌باتی مه‌ده‌نیش، نه خه‌باتی مه‌ده‌نی ئه‌و به‌هایه‌ی ماوه به‌وه‌ی: نه ده‌سه‌ڵات گوێ ده‌گرێت و نه به‌ڕێز نه‌وشیروانیش ئاماده‌یه وه‌ك موقته‌دا سه‌در له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان له‌ژێر خێمه‌دا بنوێت و پێشه‌نگی ناڕه‌زاییه‌كان بكات و نه خه‌ڵكیش ئه‌و متمانه‌یه‌ی ماوه ئه‌مه‌ش دوای ڕووداوه‌كانی 17ی شوبات كه هه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بوونه قوربانی.
بۆیه به‌ته‌سه‌وری من ده‌بوو له شه‌ش ساڵی ڕابردوودا به‌ڕێز نه‌وشیروان و گۆڕان مۆدێلێكی تری سیاسه‌تیان تاقی بكردایه‌ته‌وه، به دروستكردنه‌وه‌ی تاكی كورد و په‌روه‌رده‌ی سیاسی و پارادیمێكی نوێی سیاسیه‌ت و ئینسان له باشوری كوردستان (كه من ئومێدم نیه به‌م كه‌ره‌سته‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستی بوو بیتوانیایه ئه‌مه بكات) كه به‌ڕای من ئه‌م مۆدێله نوێیه له كوردستان بوونی نیه و هێزه كوردیه‌كان به گۆڕانیشه‌وه هه‌ریه‌كه و بارته‌قای قه‌باره‌ی خۆی خه‌ریكی دروستكردنی تاكی بێده‌نگ و گوێڕایه‌ڵ و سه‌ركرز بوون. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی فكری و دید و تێڕوانینی ناسیۆنالیستیشدا گۆڕان له‌وانی تر جیاواز نه‌بوو، دیدی گۆڕان له به‌غدا یه‌ك سانتیمه‌تر جیاواز نیه له دیدی پارته‌كانی تری كوردستان، تۆ نا‌توانیت به یه‌ك حه‌رف جیاوازی له‌نێوان نوێنه‌ره‌كانی گۆڕان و ئه‌وانی تر له به‌غدا نادۆزیته‌وه.
به‌ڕای من له‌م دۆخه ئاڵۆزه‌دا به‌ڕێز نه‌وشیروان پێش ئه‌وه‌ی هه‌وڵی چاكسازی ناو حكومه‌ت و ده‌زگاكان بكات، هه‌وڵی په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌یه‌كی نوێ بوایه له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ی چونكه ده‌ركه‌وت به‌شێكی زۆری شوێنكه‌وته‌كانی جیاوازتر نین له هه‌واداری هێزه‌كانی تر و تاقیشكرایه‌وه له‌و ماوه كه‌مه‌ی به‌شداری ده‌سه‌ڵات، زۆرێك له نوێنه‌ره‌كانی گۆڕان له‌ناو دام و ده‌زگاكان له عیراق و كوردستان، جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تردا نه‌بوو كه شایه‌نی باسكردن بێت.
ئه‌گه‌ر به‌ڕێز نه‌وشیروان ئه‌ندازیاری ڕاپه‌ڕین و دامه‌زرێنه‌ری یه‌كه‌م پێگه‌ی ئۆپۆزسیۆنی كارا بووبێت له هه‌رێم، تاكه ڕێگه له‌به‌رده‌م ئه‌م پیاوه ماندووه ئه‌وه‌یه هه‌نگاوی شه‌شه‌م بنێت، هه‌نگاوی شه‌شه‌م بریتیه له په‌ره‌وه‌رده‌یه‌كی سیاسی نوێ و پارادیمێكی نوێ، بنیادنانه‌وه‌ی ئینسانی تێكشاوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و گۆڕینی گردی زه‌رگه‌ته له گردێكی به‌تاڵی سیاسییه‌وه بۆ شوێنێك بۆ په‌روه‌رده‌ی سیاسی و مه‌ده‌نی و دروستكردنی تاكی ئازاد، نه‌ك وه‌ك ئه‌م كه‌ره‌ستانه‌ی له‌به‌رده‌ستێتی و ئه‌م ژووره بێكاریگه‌ریانه‌ی كه دروستی كردووه. پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه : ئایا كاك نه‌وشیروان ده‌توانێت ئه‌مه بكات؟ ئایا ته‌مه‌ن ڕێگه‌ی ده‌دات؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی