میدیای كوردی لەحەشدی سونییەوە بۆ حەشدی شیعی

30/04/2016

د. كاوە رەزا

 

جەنگی داعش  ئەوەی سەلماند، كە میدیای كوردی لە ئاستی ناوچەكەو جیهاندا ناكاریگەرترین میدیا بوو، نەك نەیتوانی بەرانبەر نەیارەكانی گەلی كورد رۆڵێكی پۆزەتیڤ بگێرێت، بەڵكو فاكتەرێك بوو بۆ دابەزینی ورەو مۆراڵی نەتەوەیمان.

میدیای كوردی بەبێ دیراسەكردن‌و خوێندنەوەی لایەنە دەرونی‌و ئابوری‌و ئەمنی‌و سیاسییەكانی جەنگی داعش، بوو بە زمانحاڵێكی ئاكتیڤی ئەم رێكخراوە تیرۆریستیە،ئەمە بێگومان جگەلە خراپی روماڵكردنی بەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگەو چالاكی‌و جۆری چەك‌و شوێنی سەنگەرەكان.

ئەمەش ئاماژەپێدەری ئەو راستییەیە، كە سەرەڕای زیاتر لە بیست ساڵ ئەزمونی میدیایی لە كوردستان، نەیتوانی ئەوەندی یەك ساڵی میدیای داعش كاریگەری لەسەر لایەنی بەرامبەر دروستبكات، بەڵكو كاریگەرییەكانی میدیای كوردی بە ئاڕاستەیەك بوو، كە داعش دوژمنی كورد نییە‌و هێرش ناكاتە سەر هەرێمی كوردستان، ئیدی بەبێ خوێندنەوەیەكی رون‌و وردی ئامانجەكانی ئەم گروپە تیرۆریستیە‌و بەبێئەوەی درك بەوە بكەن، كە داعش ئەوەندەی جەنگی سەربازی‌و پارتیزانیە، چەندین ئەوەندەش جەنگەكەی جەنگێكی میدیایی‌و دەرونییە، چونكە  بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی  ئەمریكی تاكو كۆتایی 2014، داعش زیاتر لە (46000) ئەكاونت‌و پەیجی بۆ ئەو مەبەستە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دروستكردووەو زۆر چالاكانە لە كاردا بووە. 

میدیای كوردی سەرەڕای ئەو هەڵە ستراتیژیانەی لە جەنگی داعشدا كردی، كەچی هێشتا ئەزمونی لێی وەرنەگرتوەو لە داعشەوە پەڕیوەتەوە بۆ حەشدی شەعبی،هەنوكە لە ناوچە سونە مەزهەبەكان خەریكی روماڵكردنی پێشڕەوییەكانی ئەم گروپە شیعیە تیرۆریستییەن‌و  لە ناوچەكانی كەركوك‌و خورماتوش هەوڵی قەبەكردنیان لە ئارادایە، لە كاتێكدا ئەم هێزە فرە جەمسەرو رەهەندە‌و لە روی مەنهەج‌و حیزب‌و شەپۆلی فیكرییەوە هیچی لە داعش كەمتر نییە.

حەشدی شەعبی گروپێكی شیعی زۆر توندڕەون‌و لە دوای سەرهەڵدانیان وەك هێزێكی شیعی بۆ لێدانی داعش دروستبون، خاوەنی دەیان قەسابخانەو كردەوەی تیرۆرستی‌و قەتڵ‌و عامكردنی سونەكانن، سەبارەت بە پەیوەندیان لەگەڵ كورد، تەنها جیاوازبونیان لە داعش ئەوەیە، كە ئەمان سونەی توندڕەو حەشدیش شیعەی توندڕەون،لەبەرئەوەی لە بنەڕتدا هەردوو عەرەبن‌و بەرهەمی یەك ژینگەو كۆمەڵگەو ئایدۆلۆژیاو بیركردنەوەو عەقڵیەتی بەدەوی عەرەبین و بەدرێژایی مێژوی ئیسلامیش بە هەزارانیان لە یەكتری كوشتووەو بێسەروشوێنكردووە،ئەم دوو گروپە تیرۆریستیە هەمیشە لە ناوەخندا لە ئاستی زۆرینەدا یەك ئەجێنداییان بەرانبەر دۆزی كورد و خاكی كورد هەبووەو بەردەوام رێژەی نەگۆڕن، تەنها جیاوازیان بۆ دوژمنایەتیان لەگەڵ كورد ئەوەیە، كە شیعە بە جیاوازیی  مەزهەب‌و نەتەوەوە  بە كافرمان دەزانن و سونەش بە خاك نەتەوەوە.

بۆیە میدیای كوردی پێویستە لە ئێستاوە كار لەسەر  بچوكردنەوەو ناشرینكردنی ئەم گروپە بكەن‌و بە هیچ شێوەیەك چالاكیەكانیان بۆ خەڵكی كوردستان نەگوێزنەوە،ئەو هەڵانەی لە روماڵكردنی جەنگی داعشدا كرا، با ببێت بە پێشینەی ئەزمونێك تا لەگەڵ حەشدی شەعبیدا دوبارە نەبێتەوە.

پێویستە لە شەڕی حەشدی شەعبیدا لایەنە پەیوەندیدارەكان  بەرنامەی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بەوەی رێگا بە دەزگاكانی راگەیاندن نەدەن، بە ئارەزوی خۆیان روماڵی شەڕی نێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی بكەن،نە رێگە بە هەموو كەس‌و پێشمەرگەیەك بدرێت لێدوان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن بدەن، ئەوەی لەسەر دەزگاكانی راگەیاندن‌و لایەنە پەیوەندیدارەكانی میدیا گرنگە، كار لەسەر هێوربونەوەی بارودۆخەكە بكەن،لەبەرئەوەی لە ئێستادا كورد ناتوانێت شەڕی عەرەبی سونەی توندڕەو بە رابەرایەتی داعش "حەشدی سونی " ‌و عەرەبی شیعەی توندڕەو بە رابەرایەتی حەشدی شەعبی یان راستتر بڵیین حەشدی شیعی بكات، دور نییە ئەم شەڕە دەستی دەوڵەتێكی وەك توركیای لە پشتەوە نەبێت، كە ئامانجی شێواندنی بەشێكی جوگرافی هەرێمی كوردستان بێت.

هەروەها میدیای كوردی پێویستە ئاگاداری ئەوە بێت،حەشدی شەعبی‌و حەشدی شیعی و حەشدی سونی وحەشدی عەرەبی و حەشدی داعش‌و حەشدی وەتەنی‌و حەشدی بەعسی ، بەرهەمی یەك نەتەوەو بیرو ئایدۆلۆژیای مەزهەبی‌و نەتەوەی دواكەوتوی عەرەبی بەدەوین، هەموویان لەبنەڕەتدا  خاوەنی یەك عەقڵیەت‌و بیركردنەوەن، رەنگە درێژكراوەی جەیشە شەعبیەكەی سەردەمی بەعسیش بن،بەڵام بە كات‌و سەردەم‌و بەرژەوەندی‌و تاكتیكی سیاسی‌و سەربازی نێوخۆیی‌و هەرێمی‌و نێو-دەوڵەتی  جیاواز. بۆیە دەبێت لە روماڵكردنی ئەم شەڕەدا زۆر بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن،دەنا مەترسی پەڕینەوەی ئاگرەكە بۆ كەركوك زۆر دەستكەوتی چاوەڕوانكراو لەبار دەبات.

لەبەرئەوەی ئەمە دوا شەڕی كورد  نابێت لەسەر خاك ،وای دەبینین  شەڕی داهاتوی كورد لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی موصڵ، رەنگە لەگەڵ حەشدی وەتەنی سونەی عەلمانی توندڕەو بێت.

نابێت بە ناوی دەستپێشخەری میدیایەوە گیانی پێشمەرگەو خاك‌و وڵاتمان بخەینە مەترسیەوە، بەڵكو پێویستە‌و دەبێت لە رێگەی كۆمەڵێك راپۆرت‌و شیكاری وردەوە كار لەسەر ناشیرینكردن‌و قێزەونكردنیان بكرێت، بە پیشاندانی تاونەكانیان،بە گۆرینی ئاڕاستەكان بۆ دەرەوەی سنوری جوگرافی كوردستان‌و بەستەوەی بە كێشەی مێژوی  نێوان شیعەو سونەوە، نەك راكێشانی كێشەو ململانێكان بۆ نێو سنوری كوردستان.

تێبینی:لەم وتارەدا گۆڕانكاری لە هەندێك لە ناوەكاندا كراوە بۆ زیاتر رونكردنەوەی جەوهەری ئەو تاقمانە،یاخود ئەگەری پەیدابونی تاقمی تر بە هەمان ناوەرۆك و بە ناوی  جیاواز.

د. كاوە رەزا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی