لەنێوان ئەنچەرلیك‌و ڕومێلادا

30/04/2016

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

بنكەی ئەنچەرلیكی توركی، لەچەند وێستگەیەكدا خاڵێكی پێویستی ئەمریكییەكان بوو، بەڵام توركیا نەیدەهێشت ئەمریكا لەڕێگەی ئەنچەرلیكەوە بگاتە ئەو پێویستیانەو حەزەكانی تێربێت.

لەساڵانی 1991و یەكەم گورزی سەربازی ئەمریكادا بۆسەر عێراق، توركیا بەتەواوی ڕەدی كردەوە ڕێگە بدات ئەمریكا ئەو بنكەیە بەكارهێنێت، چونكە  لەدوای ساڵی 1968 كە توركیا وەك یەكەم وڵات دانی نا بە ڕێكخراوی ڕزگاری فەلەستینیداو ڕێگەیدا بەڕێكخراوەكە نوسینگەی خۆی لەئەنقەرە بكاتەوە، بەگشتی پەیوەندی لەگەڵ نیشتمانی عەرەبی و بەتایبەت عێراق باشبووبوو ئەگەرچی لەوماوە درێژەدا زیكزاكی سیاسیش لەنێوان توركیاو هەندێك وڵاتی عەرەبیدا ڕوویداوە.

جارێكیتر ئەمریكا لەساڵی 2003دا بەهەمان شێوە داوای لەتوركیاكردەوە كە ڕێگەی بدات بنكەكەی ئەنچەریك بۆ لێدان لەڕژێمەكەی "سەدام حسێن" بەكاربهێنێت، بەڵام بۆجاری دووەمیش توركیا ڕەفزی داواكەی ئەمریكای كردەوە، لەم ساڵەدا بەدیلی ئەنچەرلیك بۆ ئەمریكا ئەمجارە كوردەكانی عێراق "باشوری كوردستان"بوو. ئەوەی ئەمریكا دەیویست لەڕێگەی ئەنچەرلیكەوە بیكات، كوردەكان لەباشووری كوردستان بۆ ئەمریكایان كردو هاوكارێكی باشی ئەمریكابوون لەڕووخانی دەسەڵاتی دیكتاتۆردا، چونكە دەگوترێت بەجۆرێك لەجۆرەكان كوردەكانی عێراق بەتایبەتی؛ ئەمریكایان هێنایەسەر ئەو بڕوایەی كە ئەو ڕژێمە ڕوخێنرێت.

دوا داوای ئەمریكا لەتوركیا بۆ بەكارهێنانی ئەنچەرلیك، لەشەڕی "داعش" بۆ سەرەتای مانگی نۆی 2014 دەگەڕێتەوە. بەڵام ئەمجارەیش توركیا وەك دووجاری پێشوو داواكەی ئەمریكای ڕەدكردەوە. تەنانەت نەك توركیا ڕازی نەبوو بەبەكارێنانی ئەو بنكەیە بۆ لێدان لەداعش، بەڵكو كەناڵی (RTZL)ی هۆڵەندی لەچەند نەخشیەكدا تێوەگلانی توركیای لەهاوكاریكردنی داعش لەلایەن توركیاوە بڵاوكردەوە، كە نەوتەكەی داعش لەدێرزوورەوە دەچێتە موسڵ و لەوێیشەوە دەچێتە سلۆپی! و لەسلۆپی توركەكان دەیكڕن. بۆیە ئێستا هاوڕاییەك هەیە لەتوڕەیی ئەمریكا بەرامبەر توركیا چونكە لەلایەك هاوكاری ئەمریكای نەكردووە لەگوزەسەربازییەكانی لەناوچەكەداو لەلایكیتریشەوە پێچەوانەی پلانەكانی ئەمریكا هاوكاری ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانەو یارمەتی داعش و بەرەی نوسرەیش دەدات لەسوریا.

لەدوای ئەوەی ئەمریكا تێدەگات توركیا نایەوێت بەپلانەكانی ئەمریكا ڕازیبێت بەوەشاندنی گورزەسەربازییەكانی بۆسەر داعش و چوونەژوورەوەی بۆ خۆرئاوای كوردستان تاكو یارمەتی ئەو هێزە كوردیانەی خۆرئاوا بدات كە شەڕی چەتەكانی داعش دەكن، ئێستا ئەمریكا لەبەدیلێكیتر دەگەڕێت باشتربێت لەئەنچەرلیك.ئەویش فڕۆكەخانەی "ڕومێلا"یه.

لەدوای ئەوەی فڕۆكەخانەكە كەوتەوە ژێردەستی هێزە كوردییەكانی خۆرئاوا، ئەم فڕۆكەخانەیە ڕاستەوخۆ كاریگەری خستەسەر پەیوەندییەكانی خۆرئاوای كوردستان بەوڵاتانی دەرەوە، هەروەها كاریگەریشی دروستكرد لەگەیشتنی هاوكارییە مادی و لۆجستییەكاندا بۆ خۆرئاوای كوردستان ئەگەرچی وەك بنكەیەكی سەربازی نەناسێنراوە. ئێستا فڕۆكەخانەی ڕومێلا خاڵێكی بەهێزی خۆرئاوای كوردستانە بەوڵاتە زلهێزەكانی دەرەوە وەك ڕووسیاو ئەمریكا. پێشتر چەندجارێك سەردانەكان بەئاراستەی پێچەوانەدا لەنێوان نوێنەرانی خۆرئاوای كوردستان لەلایەك و نوێنەرانی جیهان لەلایەكیترەوە لەم فڕۆكەخانەیەوە بینرابوو، بەڵام هیچ جارێك هێندەی دابەزینی 150 سەربازو ڕاهێنەری ئەمریكی بۆ خۆرئاوای كوردستان نەبووبووە ڕۆژەڤێكی گەرم و فۆكسی نەخرایەسەر. تەنانەت لەناوەندە میدیاییەكانی جیهان و سیاسییەكانی ئەمریكایشدا بەگرنگەوە قسەلەسەر ئەم پرسەكرا كە ئێستا ئەمریكا ڕاستەوخۆ لەخۆرئاوای كوردستاندا بوونی هەیەو هاتن و چوونەكان بەبێ بەربەست دەكرێن.

ڕومێلا بۆ ئەمریكاییەكان لەدیوێكدا گرنگە كە گەیاندنی هاوكاریەكانیە بۆ خۆرئاوای كوردستان و بۆ ئەوهەموو كچ و كوڕە كوردەی شەڕی چەتەكانی داعش دەكەن، هەروەها لەدیوێكیتردا گرنگە تائەو ئاستەی، لێرەوە تاپچڕانی شادەماری سیاسی ڕژێمەكەی "بەشار ئەسەد" ڕۆبچێت، واتە "ڕومێلا" ئەو بۆشاییە بۆ ئەمریكا پڕدەكاتەوە كە ئەگەر ئەمریكا بییەوێت هەر جوڵەیەكی سیاسی و سەربازی لەناوچەكەدا بكات. گریمانەیەكی شێتانەنییە ئەگەر بڵێین ڕۆژانێك "ڕومێلا" بۆ لێدان لەڕژێمەكەی "ئەسەد" بەكاردەهێنرێت!. بۆ كێمان ئەو بۆچوونە سەیرەی "یاسین عەرەفات"مان لەبیرنییە كە كاتێك وتی "ئەمریكا، ئیسرائیلێكیتری لەباكوری عێراقدا دروست كردووە" ئەمەش ئەماژەبووبەوەی وەك چۆن ئیسرائیل دۆستێكی نزیكی ئەمریكایەو بەئاراستەی هەموو بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەڕوات، ئەوا كوردەكانی باكوری عێراقیش كە لەچەند وێستگەیەكدا بەئاراستەی ویست و حەزەكانی ئەمریكا سەوڵیان لێداوەو هاوكاری ئەمریكا بوون لەلێدان لەدەسەڵاتەكەی "سەدام حسێن"ی دیكتاتۆر، بەهەمان شێوە دەكرێت "ڕومێلا"و  هێزە سیاسیەكانی خۆرئاوایش هەموو ئەو بۆشایە سیاسی و سەربازیانە بۆ ئەمریكا پڕبكەنەوە.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە