بۆچی چی بێژەرو گۆرانبێژو ئەكتەرە لەپەرلەمان‌و ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆبوونەتەوە

30/04/2016

عیماد عه‌لی

دیارە یەكێك لە میكانیزمە بنەرەتیەكانی دیموكراسی هەڵبژاردنە بۆ دیاریكردنی نوێنەر لە پێناو جێبەجێكردنی ئەركە سەرەكیەكانی كۆمەڵگادا،  یان راپرسیە بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتێكی كێشەلەسەر دوور لە لایەنگیری و ناحەقیدا. ئەوەی چاودێریی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی كردبێت، كۆمەڵێك تێبینی تایبەتی و گشتی لای دروست بووە لەوانە، كێ لە خولەكان سەركەوتنی بەدەستهێناوە و كێ دۆراندویەتی و بۆچی؟ حزبەكان چۆن خەڵكیان بۆ ئەو شوێنانە داناوە ؟ بە پێی پێویستی و شارەزایی و توانای كاندید یان كامەیان دەنگی باش بۆ حزبەكەیان كۆدەكەنەوە؟ كێ دەنگی زۆری هێناوە؟ ئایا شایستەی ئەوەبووە  و لەهەمووان شارەزاتر و گونجاوتر بووە بۆ ئەو شوێنە لەم كاتە بێ دامودەزااییەدا ئەو پێویست بووە، یان بە پێی میزاج و تێروانین و رۆشنبیری گشتی میلەت و گوشاوەی بیری گشتی خەڵكەكە هەڵبژێردراوە ؟ بۆچی خەڵكی شایستە و لێزان و خاوەن شارەزایی و لێهاتوو خۆی هەڵنەبژاردووە یان شكستی هێناوە لە هەڵبژاردنەكان و حزبەكان گرنگیان پێنەداون ؟ لە هەڵبژاردن ودانانی كاندید و سەركەوتن و دەنگهێنان چی لەبەرچاو گیراوە، توانای كادید یان مەحسوبیەت و مەنسوبیەت لە دەنگ كۆكردنەوە بۆ هەر یەكە ولەوانەی  لە ریزی لیستە حزبیەكاندان ؟ ئەمانە و چەندین تێبینی تر، بەڵام لێرە مەبەستم ئەوەیە تەنها بزانین كێ لە هەڵبژارندنا دەیباتەوە و بۆچی ؟ یان راپرسی بۆ چی دەركرێت ؟

نەك لە كوردستان ئەوە لەسەر ئاستی جیهان و هەر جێگە و وڵاتێكیش بە پێی تایبەتمەندی خۆی بووە و بە پێی شۆفینیەت و رەگەزپەرستی و بەرژەوەندخوازی، زۆر جار هەڵبژاردن بۆتە نیقمەتێك و تەنها خەرجی زۆر و لە سەر حسابی خەڵكەكە كەوتۆتەوە و، زۆرینەی سەركەوتوەكان و شكستخواردوەكانیش  شایانی ئەو دەرئەنجامە نەبون كە بەدەستیان هێناوە و، هەر شوێنێك بە رێژەیەكی گونجاو لەگەڵ رادەی رۆشنبیری و هۆشیاری گشتی خەڵك و بەرژەوەندیە گشتی و تایبەتی و حزبیەكان دەرئەنجامەكەی دەست كەوتووە .

جارێك راپرسی لەسەر مافێكی زەوتكراو تاوانە هەرچەند پێشتریش زۆر باش بزانیت كە دەرئەنجامەكەی لە بەرژەوەندی خەڵك بێت و سەركەوتو بیت تێیدا، وەك ئەوەی كوردستان تەنها لە پێناو سیاسەت و دوور خستنەوەی لێكەوتەكانی لەسەر حزبەكان پەنا بۆ راپرسی دەبەن، گوایە ئەوان بە قسەی میلەت دەكەن، ئەگینا ئەگەر بنەما سەرەكیانی بونیاتی دەوڵەت دروستكرابوو و هیچ ئەگەرێكی شكستهێنانی نەبوو جگە لەراگەیاندنی بەدەستهێنانی ئەو مافە رەوایە چ پێویستی بە راپرسی و لەكۆڵ خۆ كردنەوە دەكات . ئەگەر هەڵبژاردن و راپرسی ئازاد بێت دەرئەنجامەكەی بە پێی وەزعی هەمەچەشنی خەڵكەكە دەردەكەوێت، نەك بە ویستی حزبەكان وەك لای خۆمان . بۆ نمونە دوور لە سیاسەت، تۆ تەماشای رابرسی لەسەر باشترین ئەكتەری سەدەی بیست بكە كە لەو كەڵە ئەكتەرانەی هۆڵیود و ئەوروپا ئەمیتاب باباجان دەرچوو، لەبەر ئەوەی دانیشتوانی هیند زۆرن و بیری شۆفینی زاڵە و دەنگدان بە پێی موستەحەقی كاندید نابێت، ئەمە لە هونەر و لە سەر ئاستی جیهانیدا وابێت، ئەی بۆ سیاسەت و بوارەكانی تر ؟ واتە گەر ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بۆ كوردستان لە كوردستان بكرێت سەركەوتن بەدەست دێنێت و ئەگەر لە ئاستی عیراقدا بكرێت بێگومان چارەنوسی شكستە ، شەرعیەتدان بە حەق لە رێگەی راپرسیەوە لە مافخواردنی پرسەكە زیاتر هیچی تر نیەو بۆ مەبەستی سیاسیە و هیچی تر .

ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش دەریخست، ئەوەیە كە تەنها دەموچاوە دیارەكان دەرچون نەك شایستەكان، ئەگینا كەس هەیە نەزانێت بۆچی چی بێژەری تەلەفزیۆن و رادیۆ و گۆرانیبێژ و ئەكتەر و كچی قەشەنگە هەمووی لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاگان گردبونەتەوە .

ئەم دەرئەنجامانەش ئەگەر جێدەستی حزبەكان بێت كە تەنها بیریان لەدەنگبەدەستهێنان كردبێتەوە نەك كار و پێویستیی ئەو دەزگایانە ، ئەوە خەتا گەورەكەش جگە لە حزبەكان لە دەنگدەرە، كە بە سۆز و عاتیفە  و بەرژەوەدی تەسك دەنگ دەدات نەك شایستەیی كاندید، بۆیە تا ئەو كاتەی بەم شێوەیە میكانیزمی هەڵبژاردنەكان و دەنگدان بەرێوە بچێت، دەبێت چاوەرێی دەست و بریاری حزب بین نەك كار و جێبەجێكردنی ئەركی نوێنەران لەو دەزگایانە و، هەمیشە لە قەیراندا دەبین و پەرلەمان بە كارتۆنی دەمێنێتەوە و كەسەكان و ئەڵقە تەسك و بنەماڵەكان دەسەڵات بەدەست دەبن و، پەرلەمان  و ئەنجومەنی پارێزگاكانیش لەم كواڵێتیە باشتر نابن  . ئەمجارە جگە لەوانە چەند پیشەیەكی تریش زیاد دەبێت لەسەرووی ئەوانەوە كە ئێستا لەو شوێنانەن، تەنها سیاسیە بێلایەن و خەڵكە شارەزا و تەكنۆكرات و ئەكادیمیەكان و پسپۆرەكانی سیاسەت نەبن .

عیماد عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی