شەڕی میحوەرەكان

30/04/2016

ئازاد جندیانی

واپێ ئەچێ ئاراستەی ڕووداوە سیاسیەكان لە كوردستاندا بەرەو چارەسەر نەبێ؛ بەڵكو بەرەو میحوەربەندی بڕواو كوردستان بەسەر دوو میحوەردا دابەش ببێ كە نامەوێ ناو لە دوو میحوەرەكە بنێم؛ بەڵام مەبەستمە پرسیار لەوە بكەم داخۆ ستراتیژی دابەشبوون بەسەر دوو میحوەر چی لێ ئەكەوێتەوە؟ ئایا بەڵانسێكی سیاسی دروست ئەكا كە بتوانێ دۆخی سیاسی ڕێكبخاتەوە یان بە پێچەوانەوە ئاڵۆزتری ئەكاو شەڕی سیاسی دوو میحوەرەكە دژوارتر ئەكا و دۆخی سیاسی كوردستان ئەباتەوە ساڵانی پێش ڕێككەوتنی واشنتۆن و پێش ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوان یەكیێتی و پارتی؟

ڕەنگە ململانێی دوو میحوەرە چاوەڕوانكراوەكە نەگاتە شەڕوشۆڕی چەكداری، بەڵام ئەگەری زۆرە پەیوەندییە سیاسییەكان زۆر ئاڵۆزتر بكاو كۆمەڵگاش بەسەر دوو میحوەرەكەدا بە شێوەیەكی تەواو و بگرە زبر دابەش بكا لێكەوتەی بوغرنجی لێ بكەوێتەوەو ئیدارەی كوردستانیش دووكەرت بكا. ئەوە بێجگە لەوەی كە ڕەنگە سیاسەتی دەرەكی و ناوەكی كوردستانیش دابەش بكا.

پرسیاری مەترسیداری من لەو بارەوە ئەوەیە داخۆ میحوەربەندی سیاسی كوردستان؛ لەوەختێكدا كە میحوەربەندی ئیقلیمی بە هەموو كاریگەرییەكانیەوە بەسەر كوردستانەوە بەڕوونی هەیە؛ ناوماڵی كورد یەك ئەخا، یان پتر كەرتی ئەكا؟

ئازاد جندیانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی