ئەوەی لە بەغدا ڕووئەدات

01/05/2016

لەتیف فاتیح فەرەج

لە 2003وە شتێك نەماوەتەوە بە ناوی عێراقەوە ، ئێمە هەر ئەو دەك چەندین وتارمان لە سەر پەلە پڕوزێی پارتی و یەكێتی و بە تایبەت تاڵەبانی و بارزانی نوسی بۆدروستكردنەوەی عێراق ، ئاخر ئەوان لە هەموو كەس زیاتر لە خەمی دروستكردنەوەی عێراقدا بوون ، تەنانەت چەندین كۆبونەوە لە ساڵانی ڕابردودا هێنرایە پیرمامو هەولێر .

هێشتا خوێنی ئەنفال و هەڵەبجە وشك نەبووبوەوە ، عێراقچیەكوردەكان دەتگوت ئاوی زیندەگی و هەنگوین لە بەغدا ڕۆكراوە ، كەچی زۆری پێنەچوو ، موقتەدا سەدر كە دایكیشی گومانی لەوە هەبووە ببێتە كەسێكی دروست ، لە نەجەف و كەربەلاو باشوریعێراق قوت بوەوە ، ئەوان خۆیان بە خاوەنی حەوزەی نوێ‌ دەزانی و بڕوایان نەك بە سونەو كورد تەنانەت بڕوایان بە حەوزەی شیعەو مەڕجەعەكان و سیستانی و حزبە شیعەكانی دیكەش نیە .

حزبی دەعوەو ئەوانی تریش جگە لە زۆر كارەكتەری دیكەی شیعە هەر یەك بە جۆرێ‌ بانگەشەی دژە سونەیان ڕاگەیاند ، هەندێك لە رۆشنبیرە شیعەكانیش بە جۆرێك دەیاننوسی كە پێویستە شیعە لە عێراق تۆڵەی سەدان ساڵ لە كەنارخستن و پەراوێزی و ستەم بكاتەوە ، هەرزوو بەغداشیان شیعاند ، سونەش ئەودەم هێشتا مەستی هاتنەوەی عەودەو بەعس بوون و ئاگایان لە خۆیان نەبوو ، گەورەكانیشیان گەندەڵی و دزی و ئیڕهاب بەشێ‌ بوو لە كاری شەووڕۆژیان .

كورد لە بری دیموكراسیەت و ڕێكخستنی نێو ماڵی خۆی هەم شەڕی لەسەر پۆست و پشكی بەغدا بوو لە ناو یەكدا هەم لە كوردستان مەستی نادادی و ستەم بوو ، تا ئەو كاتەی مالكی و دەیان پەرلەمانتاری دەعوەو سەدری و ئەوانی تر بە ئاشكرا بە كوردیان دەگوت بڕۆنەوەو یەخەی بەغدا بەردەن .

ئەوەی ئێستا لە بەغدا ڕووئەدات جگە لە گەمژەیی و تێنەگەیشتنی ئەمەریكا لە دۆخی عێراق ، ڕاستیەكە دەبوایە زۆر زوو تر ڕوویدابا ، شیعە سەرەڕای ناكۆكیان لە مەسەلەی دەستگرتن بە سەر بەغدایا یەك قسەن ، ئەوان دەیانەوێ‌ كورد لە بەغداو عێراق دور خەنەوەو لە عێراقدا ببنە زۆرینەی ڕەها ، ئیدی سونەش چیان دەوێ‌ و چۆن دەژین كەیفی خۆیانە ، ئەمە ڕاستیەكە وەك ئاوی ڕوون .

كورد ئەمجارەش نەیەنەوە بە زۆر دەنێردرێنەوە ئیدی پێویست ناكات شەڕ لەسەر شوێنی فواد مەعسوم و هۆشیار زێباری بكرێ‌ شیعە دەستبەرداری پڕۆژەی خۆیان نابن ، ئەمڕۆ نا بەیانی ، سونەش فریاد ڕەسێكیان هەر دەبێ‌ ، ئەوە كوردە دەبێ‌ بیر لەوە بكاتەوە چی بكات و چۆن سێڵڤیەكی كوردانە بگرێ‌ ، سێڵڤیەك دەموچاوی هەموان دیار بێت پێكەوە نەك لەوێش سەرگەرمی نۆرە بڕی و پاشقولە بن.

ڕەنگە لە ئایندەدا پایتەختی سونەكان تكریت یان موسڵ بێت ، كوردیش دەبێ‌ بیر لە پایتەختێ‌ بكاتەوە بیرمە دەگوترا كەركوك پایتەختی كوردستانە!

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی