زانکۆ لە نێوان دەسەڵاتی ئاینی و سیاسیدا

01/08/2016

 

هێمن حەسەن
 زانکۆ لە نێوان دەسەڵاتی ئیسلامییە سەلەفییەکان وحزبە سیاسییەکاندا هیچ رۆلێکی زانستی و ئازادیخوازی نییە لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان بە تایبەت. لە بنەرەتدا زانکۆ و کەسایەتی ئەکادیمی ئەبێ نمونەی شکاندنی کلتوری کۆنی ئاینی و سیاسی بن لە کۆمەڵگادا و  ئاراستەی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێموکرات لە ڕێی مامۆستایانی زانکۆوە بکرێت. بەڵام بە پێچەوانەوە بە هاتنی تەوژمی ئیسلامی سیاسی و بڵاوبونەوەی سەلەفییە ئیسلامییەکان و بەشداریکردنیان لە دەسەڵاتدا. مامۆستایانی زانکۆ ناتوانن ڕوبەڕووی ئەو دەسەڵاتە ئاینییە ببنەوە لە ناوچەکە، چونکە هەر زوو چی لە ناو زانکۆ یان دەروەی زانکۆ روبەروی تەشهیر و تۆمەتی کوفر و بێباوەری دەکرێنەوە و راستەوخۆ دژایەتییان دەکرێت. بو نمونە ئەو رووداوەی لەم دواییانەدا بە سەر یەکیک لە مامۆستایانی زانکۆی دەڤەری راپەریندا هات بە ناوی (ڕزگار صاڵح) کە وەک بێباوەر  لەمزگەوت وشوینە گشتییەکاندا ناوی براو ژیانی کەوتە مەترسییەوە و دواتر ناچار بە هەڵاتن کرا! ئەوا ئەوە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی تاکە کەس لەبەردەم  سزای ئیسلامیانەی کۆمەڵێک لە کاسانی توندرەودا. لە لایەکی تریشەوە بە هۆی ئەوەی لە ئێستادا ئیسلامییە سەلەفییەکان لینکێکیا لەگەڵ دەسەڵاتدا هەیە بە ئاسانی ئەتوانن پێگەی خۆیان لە ناو زانکۆ و دەرەوەی زانکۆدا  بەهێز بکەن و ببنە مەترسی بۆ سەر ژیانی هەرکەسێک کە  ئەوان مەبەستاین بێت. بەمجۆرە  ئەوان ئاراستەی زانستی بە پێی مەبەست و مەرامی خۆین دەگۆرن و کاریگەری دەخەنە سەر مامۆستاو خوێندکاران. بەم هۆیەشەوە زانکۆ بە تەواوی رۆڵی زانستی خۆی لە دەست دەدات و مامۆستا یان خوێندکار ناتوانێ ئازاد بێت لە بڵاوکردنەوەی بیر و باوەری کەسی و زانستی خۆی.  لەلایەکی تریشەوە دەسەڵات لە پێناو بەرژەوەندی حزبی و سیاسی گوێ بەو مەسەلانە نادات و بەلایەوە گرنگ نییە کە ئایا تا چەند کەسانی زانکۆیی و ئەکادیمی  ئەتوانن ئازاد بن لە وتاردان و پێشکەشکردنی  زانستی سەردەم لە ناو کۆمەڵگادا. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی