داعش كۆتایی‌ هاتووە؟
عێراق 10 ساڵی‌ تەواوی‌ لەگەڵ تیرۆردا بەڕێكرد

عیراق

17/11/2017‌ 641 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
هەفتەی رابردوو هێزەكانی سوپای عێراق چوونە ناو شارۆچكەی راوە دوا مۆڵگەی داعش لەعێراق، بەڵام عێراقییەكان دەپرسن ئایا دوای یەك دەیە دواجار لە تیرۆر رزگاریان دەبێت؟
  
هەفتەی رابردوو لە كاتێكدا هێزە ئەمنییەكانی عێراق راوەدووی چەكدارانی داعشیان دەنا لە بیابانی ئەنبار بەئاڕاستەی سنووری سوریا دوای ئەوەی تیرۆریستان شارە سەرەكییەكانیان لە موسڵ‌و تەلەعفەر‌و حەویجە لەدەستدا، توندڕەوان چەند هێرشێكی خۆكوژیان ئەنجامدا‌و بارەگایەكی حەشدی شەعبییان لە شاری كەركوك كردە ئامانج كە شارەكە دوای هاتنەناوەوەی هێزەكانی سوپا‌و كشانەوەی پێشمەرگە لە فەوزایەكی ئەمنیدا دەژی، دوای رۆژێكیش لەهێرشەكە هێزە ئەمنییەكان رایانگەیاند تۆڕێكی تیرۆریستیان لەناو شارەكەدا دەستگیركردووە لەهەوڵی ئەوەدا بووە هێرشی نوێ ئەنجام بدات.

لەبەغداش فەرماندەیی سوپا شەممەی رابردوو دەستگیركردنی شانەیەكی تیرۆریستی رایگەیاند كە پلانی دانابوو بۆ بەئامانجگرتنی سەردانیكەرانی شیعە لە رێگایاندا بەرەو شاری كەربەلا كە بۆنەیەكی ئایینی تایبەت بەشیعەی تێدا بەڕێوە دەچوو، لەو بارەیەشەوە فەریق جەلیل روبەیعی فەرماندەی "ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا" وتی "ئەو شانەیە لەشاری موسڵەوە هاتبوو بەنیازبوو ناوچەی كەڕادە لە ناوجەرگەی بەغدا بكاتە ئامانج".

دوای چەند رۆژێكی كەمیش لە راگەیاندنەكەی حكومەتی عێراق سەبارەت بە كۆنترۆڵكردنەوەی گرنگترین مۆڵگەی داعش لە هەردوو شاری موسڵ‌و تەلەعفەر لە باكووری وڵات لە ئابی رابردوودا، تیرۆریستان توانیان هێرشێكی خوێناوی لە سنووری پارێزگای زیقاری باشووری وڵات ئەنجام بدەن كە دوو چێشتخانە‌و خاڵێكی پشكنینی كردە ئامانج كە گەشتیاران لەنێوان شارەكاندا بۆ پشوودان بە كاریان دەهێنان‌و 74 كوژراو‌و 93 برینداری لێكەوتەوە.

ئەم هێرشانە بەڕوونی ئاماژەن بۆ ئەوەی رێكخراوی داعش پێشوەخت ستراتیژی داهاتووی هەڵبژاردووە لەدوای لەدەستدانی حوكمی لە شارە عێراقییەكان‌و دەگەڕێتەوە بۆ تاكتیكی كوشتن‌و تیرۆركردن لەرێی تەقینەوەوە بۆ سەرلەنوێ دروستكردنەوەی فەوزا‌و دواتر چاوەڕوانی قەیرانە سیاسییەكان دەكات تا سەرلەنوێ بگەڕێتەوە بۆ ستراتیژی داگیركردنی شارەكان.

ئەو رێچكەیەی ئەبو موسعەب زەرقاوی سەركردەی رێكخراوی "قاعیدە" لە عێراق لە ساڵی 2004دا دەستیپێكرد لەڕێی كوشتنی هەڕەمەكی‌و بەئامانجگرتنی كۆمەڵگەكانی دانیشتووان لە ناوەندی شارەكاندا بەبێ كۆنترۆڵكردنیان لەگەڵ هەڵكشانی توندی ناكۆكی نێوان سیاسییەكانی شیعە‌و سوننە دوای 10 ساڵ زەمینەی خۆشكرد بۆ رێكخراوی داعش كە لە منداڵدانی "قاعیدە"وە دروستبوو، بۆئەوەی لەساڵی 2014دا بەئاسانی شارەكان داگیر بكات، چونكە تیرۆریستان ئارامگرتنێكی دوور‌ودرێژیان هەیە لە پلانداندا، هەروەك بیری توندڕەوانە لە قەیران‌و ناكۆكییە سیاسی‌و كۆمەڵایەتییەكاندا گەشەدەكات.

ئەمڕۆش دوای سێ ساڵ لە شەڕی باجی قورس‌و ئەو وێرانكاری‌و قوربانییە گەورانەی لێی كەوتنەوە، عێراقییەكان توانیان كۆنترۆڵی سێیەكی رووبەری وڵات بكەنەوە كە لەژێر چنگی داعشدا بوو لە ئەنبار‌و نەینەوا‌و سەڵاحەدین، ماوەی هەفتەیەكیشە هێزە ئەمنییەكانی عێراق راوەدووی توندڕەوان دەنێن بەرەو سنووری نێودەوڵەتی لەگەڵ سوریا كە ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ گەشەكردنی بەرچاوی هێزی سەربازی عێراق.

بەڵام لەناوبردنی توندڕەوان لەڕووی سەربازیەوە مانای سەركەوتن نییە بەسەریاندا، چونكە رێكخراوە تیرۆریستییەكان توانیویانە لەماوەی دەیەی رابردوودا بارودۆخی عێراق گرژ‌و ئاڵۆز بكەن بەبێ ئەوەی یەك شاریش داگیربكەن ئەویش لەڕێی ستراتیژی تەقینەوە‌و تیرۆركردنەوە، چاوەڕوانی ئەوەش دەكەن ناكۆكییە سیاسییەكان‌و ئەو بڕیارانەی حكومەت بقۆزنەوە كە نیگەرانی دانیشتووانیان لێدەكەوێتەوە.

سوپای شانە نووستووەكان
ئەو كاتەی موسڵ بەڕەسمی لە حوزەیرانی 2014دا كەوتە دەستی داعش پاش هەرەسهێنانی سێ فیرقەی سەربازی لە شارەكە (45 هەزار سەرباز)، زانیارییەكان دووپاتی دەكەنەوە ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی هێرشیان كردە سەر شارەكە لە دەیان كەس تێنەپەڕیون كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیش مانگی رابردوو ئەوەی دووپات كردووە‌و رایگەیاند بەنیازە لێكۆڵینەوەیەك لە هۆكارەكانی هەرەسهێنانی سوپا لەو كاتەدا دەستپێبكات.

بەڵام لە واقیعدا موسڵ چەند مانگێك بەر لەو مێژووە بە كردەوە كەوتبووە دەست تیرۆریستان ئەویش بەهۆی ئەو شانە نووستووانەی لە شارەكەدا چاندبوویانن‌و ئەركیان كۆكردنەوەی پارە بوو لە بازرگانان‌و خەڵكی ناوچەكە لەبەرامبەر پاراستنی ژیانیان، ئەو شانانە یارمەتیان دان لە كۆنترۆڵكردنی شارەكە بە ئاسانی، هەمان شتیش لە ئەنبار‌و سەڵاحەدین روویدا.

ئەگەر داعش سەركەوتوو بووبێت لە بەسەربازگرتنی سەدان كەس لە دانیشتووانی ناوچەكە پێش ئەوەی چەند شارێكی پڕ لە دانیشتووان بەتەواوی كۆنترۆڵ بكات، كەواتە چۆن سێ شاری سەرەكی داگیركرد كە حەوت ملیۆن كەسیان تێدا دەژیا، بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتیش ژمارەی ئەو دانیشتووانەی لەو كاتەدا ئاوارەبوون سێ ملیۆن كەس بوو، ئەمەش مانای وایە چوار ملیۆن كەس بۆ ماوەی سێ ساڵ لەژێر سایەی دەوڵەتی خەلافەتدا ژیاون.

نەقیب عەبدولكەریم لامی لە سوپای عێراق بە "نیقاش"ی وت "ئەو كاتەی لە نێو گەڕەكە نیشتەجێكانی موسڵدا شەڕمان دەكرد‌و بەهەزاران خێزانی هەڵاتوو لە شەڕ بەناوماندا تێدەپەڕین، باش دەمانزانی كە ئەندامانی داعشیان تێدایە، بەڵام نەماندەتوانی هەموو كەسێك دەستگیر بكەین‌و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكەین، باش دەزانین كە بەڕێوەبردنی شار‌و پارێزگای گەورەی وەكو موسڵ‌و ئەنبار پێویستی بە هەزاران كەس لە دانیشتووانی ناوچەكە هەبووە كە داعش بۆ ئەو مەبەستە پەنای بۆ بردوون".

لامی هەروەها وتی "ئەوە كێشەیەكی راستەقینەیە، چونكە فەرمانگە هەواڵگرییەكان بەردەوامن لەلێكۆڵینەوەكانیان‌و دەستگیركردنی سەدان كەس لە ئەندامانی داعش، بەڵام زۆریشیان توانیویانە خۆیان بشارنەوە، هەروەها بە هەزاران لەو خێزانانەی یەكێك لە ئەندامانیان چووەتە ریزی توندڕەوەكانەوە جێگای گومانن، بەدڵنیاییەوە پێویستە ئەو خێزانانە دڵنیابكرێنەوە‌و وەك تیرۆریست لەقەڵەم نەدرێن، ئەگەر نا دەبنە شانەی نووستوو ئەگەر مامەڵەی خراپیان لەگەڵ بكرێت".

بەپێی قسەی هیشام هاشمی شارەزا لە كاروباری گرووپە جیهادییەكان دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موسڵ، حكومەتی عێراق بڕیاری دا خێزانەكانی رێكخراوی داعش لە كامپی دابڕاودا جیابكاتەوە، هەمان شتیش لەسەڵاحەدین‌و ئەنبار روویدا، هاوكات كەسانێكی تر رووبەڕووی خانوو روخاندن‌و رێگرتن لە گەڕانەوەیان‌و تەنانەت تیرۆركردنیش بوونەتەوە.

هاشمی دەڵێت "دیارترین ئەو ئاڵنگاریانەی لەدوای ئازادی رووبەڕووی حكومەت بوونەوە مامەڵەكردنی پیشەییانە بوو لەگەڵ خێزانی ئەندامانی داعشدا، حكومەت ئەوەی هەڵبژارد لە كامپی نامرۆییدا جیایان بكاتەوە‌و بێدەنگیش بوو لەو سزای تۆڵەسەندنانەوەی دووچاری دەهاتن وەكو رووخاندنی خانو‌و تیرۆركردن‌و رێگرتن لە گەڕانەوەیان بۆ خانووەكانیان بەڕادەیەك كە كاریگەری خراپی لەسەر ناوبانگی حكومەت دانا".

وتیشی "كێشەكە لەوەدایە كە ژمارەی خێزانە داعشەكان لە 100 هەزار كەس نزیك دەبێتەوە‌و رەنگە زۆرێكیان ببنە نەوەی نوێی توندڕەوان‌و لەوانەیە داهاتوو لە رابردوو خراپتر بێت".

شاراوەش نییە ئەو شارانەی هێزە عێراقییەكان چەند مانگێك لەمەوبەر ئازادیان كردن ئەمرٍۆ بەدەست چەندین قەیرانی ئەمنی‌و ئیداریەوە دەناڵێنن ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق پلانێكی تۆكمەی نییە بۆ گێڕانەوەی رژێم، چونكە دەسەڵاتی ئەمنی بەدەست پێكهاتە چەكدارییە پێكەوە نەگونجاوەكانە دوور لە چاودێری حكومەت لە بەغدا، دانیشتووانیش بەدەست كێشەی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن.

شەڕی هەواڵگری‌و زانیاری
شەڕی داهاتوو لەدژی توندڕەوان شەڕێكی هەواڵگری دەبێت كە پشت بە زانیاری دەبەستێت نەك سەرباز‌و تانك ئەویش بەپێی قسەی پەرلەمانتار ئەسكەندەر وەتوت ئەندامی لیژنەی ئەمنی لە پەرلەمانی عێراق.

وەتوت بە "نیقاش"ی وت "شەڕی دژ بە تیرۆریستان بەردەوام دەبێت، بەڵام پێویستە پلانە ئەمنییەكان بگۆڕێن، چونكە توندڕەوان توانای شەڕكردنیان نەماوە بەگوێرەی بنەمای جەنگی نیزامی‌و رەنگە پەنا ببەن بۆ خۆشاردنەوە‌و ئەنجامدانی هێرشی خۆكوژی‌و كردەوەی تیرۆركردن".

وتیشی "لە چەند مانگی داهاتوودا پێویستمان بە پتەوكردنی كاری هەواڵگری‌و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ دەبێت بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەكان لە شارەكانماندا، پێویستمان بەزانیاری دەبێت لەسەر شانە نووستووەكان‌و شوێنەكانیان بەتایبەتی كە زانیارییە پشتڕاستكراوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن چەكدارانی داعش هەڵاتوون بۆ بیابانی بەرفراوانی نێوان ئەنبار‌و سەڵاحەدین‌و موسڵ كە بە بیابانی جەزیرە ناسراوە".

بەر لە ساڵی 2014 توندڕەوان پەنایان بۆ تەقینەوە دەبرد بۆئەوەی زۆرترین ژمارەی قوربانی بخەنەوە، ئەو تەقینەوانە ناكۆكی دەخاتە نێوان سیاسییەكانەوە لەڕێی یەكتری تۆمەتباركردنەوە، هەروەك رەنگدانەوەشی لەسەر دانیشتووان دەبێت لەڕێی یەكتری تۆمەتباركردن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، ئەمەش بواری بۆ داعش رەخساند ئەو فەوزا سیاسیە بقۆزێتەوە‌و پەلاماری موسڵ بدات‌و بچێتە قۆناغی كۆنترۆڵكردنی شارەكان بەتەواوی.

چەند هەفتەیەكە عێراق قەیرانێكی سیاسی بەخۆوە دەبینێت كە توندترینیانە، ئەمجارەیان قەیرانەكە لە نێوان عەرەب‌و كورددایە نەك سوننە‌و شیعە، چونكە ریفراندۆمی جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان‌و لێكەوتەكانی لە جووڵەكردنی هێزەكانی سوپای فیدراڵی بۆ كۆنترۆڵكردنی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان كورد‌و عەرەب‌و توركمان لە سەڵاحەدین‌و دیالە‌و نەینەوا، یەكەم ئاڵنگارییە رووبەڕووی وڵات دەبێتەوە دوای قۆناغی لەناوبردنی داعش.

پەرلەمانتار نورە بجاری نوێنەری موسڵ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "تیرۆریستان هەوڵدەدەن ئەم ناكۆكیانە بقۆزنەوە‌و بەكردەوە هێرشی خۆكوژی لە شاری كەركوك ئەنجام بدەن‌و پێویستە سیاسییە عێراقییەكانیش فریای دۆخەكە بكەون بەرلەوەی لەدەست دەربچێت، پێویستە حكومەتی عێراقیش رێوشوێنی یەكلاكەرەوە بگرێتەبەر بۆ دڵنیاكردنەوەی دانیشتووان‌و پشتیوانیكردنی ئەو پارێزگایانەی هێندە نابێت لە ژێر حوكمی تیرۆریستان هاتوونەتە دەرەوە".

بجاری بە "نیقاش"ی وت "دوورخستنەوە‌و پەراوێزخستن، هەروەها فەرامۆشكردنی داواكاری دانیشتووان بۆ دابینكردنی هەلی كار‌و ئاوەدانكردنەوەی شار‌و خانووەكانیان نیگەرانی بەرامبەر دەسەڵاتدارانی لێدەكەوێتەوە، پێویستە حكومەتیش پلانێكی جددی دابنێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی پارێزگا وێرانبووەكان، ئەگەرنا توندڕەوان هەوڵدەدەن ئەو حاڵەتی نیگەرانیە بقۆزنەوە‌و لایەنگران بۆ خۆیان كۆبكەنەوە".