كوردو حەشدی‌ شەعبی‌ دیارترینیانن
حەیدەر عەبادی‌ چوار زەحمەتی گەورەی لەپێشە

عیراق

24/11/2017‌ 2081 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
كۆتایی ویلایەتەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران وەكو سەرەتاكەی پڕیەتی لەدۆسێی سیاسی‌و ئەمنی‌و ئابووری ئاڵۆز، چوار زەحمەتی‌ گەورەی‌ لەپێشە بەر لەوەی‌ ویلایەتەكەی‌ كۆتایی‌ بێت.

تەنیا شەش مانگ ماوە لەویلایەتی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لەدوای سێ ساڵی پڕ لە رووداو كە تێیدا سەرقاڵ بوو بە جەنگ لەدژی داعش‌و دواجار گەیشتە سەركەوتن لەپاش كۆنترۆڵكردنەوەی هەموو ئەو شار‌و شارۆچكانەی داعش لە هاوینی ساڵی 2014وە كۆنترۆڵی كردبوون.

بەڵام ئەوەی بەڕێوەیە ئاسان نابێت، چونكە عەبادی كە فەرمانڕوایی بە میراتێكی قورسەوە لە نوری مالیكی هاوكاری لە حزبی "دەعوە" وەرگرتووە، رووبەڕووی كێشەی دیكە بووەتەوە، چونكە بەمدواییانە ئاستی جەماوەری هەڵكشاوە تا ئەو ڕادەیەی بە "پیاوی ئەركە قورسەكان" ناودەبرێت، كەواتە ئایا لەم تاقیكردنەوە نوێیەدا سەركەوتوو دەبێت؟

كاتێك عەبادی لە ئابی 2014دا دەسەڵاتی وەرگرت لە بارێكدا نەبوو ئیرەیی پێببرێت، سەرەتای حوكمڕانیەكەی بە ناكۆكییەكی قووڵ لەگەڵ نوری مالیكی هاوكاری‌و سەرۆكی حزب‌و سەرۆك وەزیرانی پێشوو دەستپێكرد كە دوورخستنەوەی لە دەسەڵات بە خیانەت وەسفكرد، لەكاتێكدا سێیەكی وڵات لەژێر دەسەڵاتی توندڕەواندا بوو كە گەیشتبوونە دەوروبەری بەغدای پایتەخت، هاوكات خەزێنەی دەوڵەتیش خاڵی بوو لەپارە‌و نرخی جیهانیی نەوتیش بۆ كەمتر لە 20 دۆلار دابەزیبوو لە وڵاتێكدا 95%ی داهاتە نیشتمانییەكەی پشت بە بەرهەمهێنانی نەوت دەبەستێت.

بەڵام ئەمڕۆ، قەیرانی سیاسی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەدوای ریفراندۆمی جیابوونەوە لە عێراق‌و رێكخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان‌و خۆجێیی‌و پەسەندكردنی بودجەی گشتی وڵات لەسایەی قەیرانێكی دارایی خنكێنەردا، هەروەها ئایندەی "حەشدی شەعبی" لە دیارترین ئەو ئاڵنگاریانەن كە رووبەڕووی عێراق دەبنەوە.

قەیران لەگەڵ كورد
ئەو قەیرانەی لە نێوان بەغدا‌و هەولێر سەریهەڵدا لەدەرەوەی پێشبینی عێراقییەكان بوو، چونكە سووربوونی كورد لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی جیابوونەوە لە وڵات لە كاتێكی خراپدابوو، لەبەرئەوەی حكومەتی فیدراڵی پشتیوانییەكی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی دیاری لێ دەكرا، لە ئەنجامیشدا قەیرانێكی سیاسی‌و سەربازی لێكەوتەوە كە بووەهۆی لەدەستدانی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بەسەر شاری كەركوكی دڵی كوردان‌و ناوچە جێناكۆكەكان.

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر قەیرانەكەدا دواجار حكومەتی هەرێمی كوردستان خواستی خۆی بۆ دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان دەربڕی، بەڵام پێدەچێت حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران زۆر مكوڕ نەبێت‌و هەوڵی بەدەستهێنانی كات بدات تا لەسەر زەوی دەستكەوت چنگ بخات‌و بیكاتە لایەنی بەهێز لە دانوستانەكاندا.

تا ئێستا عەبادی دوو مەرجی سەرەكی بۆ دەستپێكردنی دیالۆگ داناوە، یەكەمیان دەرچوونی راگەیاندنێكی راشكاوی حكومەتی هەرێمی كوردستانە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كە رەزامەندی 92%ی كوردی بەدەستهێناوە، حكومەتی هەرێمی كوردستانش هەوڵی جێبەجێكردنی ئەو داوایە دەدات لەڕێی رایگەیاندنی ئەوەی رێز لە راڤەكردنی دادگای فیدراڵی دەگرێت سەبارەت بە نادەستووریبوونی ریفراندۆم، بەڵام هەندێك لە سیاسییەكان لە بەغدا دەڵێن راگەیاندنی رێزگرتن جیاوازە لە راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوە.

هەرچی مەرجی دووەمیشە ئەوا بریتییە لە سووربوونی حكومەتی فیدراڵی لەسەر بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا‌و ئێران‌و سوریا‌و بڵاوكردنەوەی هێزی فیدراڵی بەدرێژایی پشتێنەی سنووری، ئەمەش مایەی نیگەرانی كوردە لە ئەگەری هەڕەشە لێكردنیان لە ئایندەدا لەڕێی ئابڵووقەیەكی ئابوورییەوە، چونكە بەشێكی زۆری داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو دەروازە سنووریانەوە دێت.

لەو بارەیەوە عەبدوڵڵا حاجی سەعید كادری باڵای "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" دەڵێت: "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ توركیا گەیشتووەتە 20 ملیار دۆلار‌و لەگەڵ ئێرانیش 7 ملیار دۆلارە" ئەمەش ئاماژەیە بۆ قەبارەی ئەو زیانەی رەنگە بەر هەرێم بكەوێت لەكاتی دەستبەرداربوونی لە دەروازەكان لە بەرژەوەندی حكومەتی فیدراڵی.

لەچەند رۆژی رابردووشدا هەڵوێستی دەوڵەتە گەورەكان هەندێك گۆڕانی بەسەردا هات، چونكە كاتێك قەیرانەكە دەستیپێكرد پشتیوانی عەبادییان دەكرد‌و رەخنەیان لە كورد دەگرت، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی كاردانەوەی زیادەڕەوانەی بەغدا سەبارەت بە قەیرانەكە‌و گەیشتنی هێزە فیدراڵییەكان‌و "حەشدی شەعبی" بۆ دەوروبەری هەولێر‌و پەرۆش نەبوونی عەبادی بۆ دیالۆگ، دەوڵەتە گەورەكان بەتایبەتیش وڵاتە یەكگرتووەكان‌و یەكێتیی ئەوروپا دەستیانكرد بە گوشاركردن لە بەغدا بۆ دیالۆگ‌و راگرتنی رێوشوێنەكان لەدژی هەرێم.

بەرپرسێكی باڵای حكومەتی فیدراڵی كە پێی باش بوو ئاماژە بە ناوی نەكرێت، بە "نیقاش"ی وت: "بەمزووانە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات، بەڵام گفتوگۆیەكی ئاسان نابێت ئەگەر كورد هەڵوێستی توندیان هەبێت، سەرەتاش گفتوگۆكان دۆسێی سەربازی‌و دانانی نەخشەیەك بۆ بڵاوبوونەوەی هێزی فیدراڵی‌و پێشمەرگە لەسەر ئەو سنوورە لەخۆدەگرێت كە لەسەری رێكدەكەون".

بەڵام بەگوێرەی قسەی ئەو بەرپرسە، مەسەلەكانی دیكەی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی نەوت‌و بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان‌و بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكان‌و شێوازی حوكمكردنی كەركوك رەنگە هەندێك كاتی بووێت.

رێكخستنی هەڵبژاردن
بڕیاربوو لەنیسانی رابردوودا هەڵبژاردنی خۆجێیی لە وڵاتدا بەڕێوەبچێت، بەڵام حكومەتی عێراق نەیتوانی رێكیبخات‌و حزبەكانی شیعە‌و سوننە‌و كوردیش رازی بوون بە دواخستن‌و یەكخستنی لەگەڵ لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەماندا كە بڕیارە لە ئایاری ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

دوای چەند مانگێكیش لە مشتومڕی توند لە ناو پەرلەماندا، پەرلەمانتاران توانیان كۆمسیۆنێكی نوێی هەڵبژاردن دەستنیشان بكەن كە وەك هەمیشە ئەندامەكانی سەر بە حزبە سەرەكییەكانی وڵاتن، بەڵام كۆمسیۆن رەگەزی سەرەكی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو نییە، چونكە ئەو بارودۆخە سیاسی‌و كۆمەڵایەتیە نوێیەی لەدوای جەنگی دژ بە داعش سەری هەڵداوە، ئاڵنگاریەكی نوێیە.

پێناچێت حزبە سوننەكان پەرۆش بن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە بەهاری داهاتوودا، هۆكارەكەش ئەوەیە ئەو شارانەی بە پێگەی جەماوەری ئەو حزبانە دادەنرێن، بەهۆی شەڕەكانی دژ بە توندڕەوان بەدرێژایی سێ ساڵی رابردوو وێرانكراون‌و نیوەی دانیشتووانەكەیان تا ئەمڕۆش ئاوارەی دەرەوەی شارەكانیان بوون بەهۆی فەوزای ئەمنی‌و ترس لە دەستگیركردنی زۆردارانە‌و هەرەسهێنانی خزمەتگوزاری‌و ژێرخانەوە.

پەرلەمانتار لقا وەردی لە "هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان" (سوننە) بە "نیقاش"ی وت: "دەبێت حكومەت پێداویستییەكانی هەڵبژاردنێكی دیموكراتی دابین بكات ئەگەر سووربێت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوای شەش مانگی دیكە، مەعقول نییە هەڵبژاردن لە پارێزگا سوننە نشینەكان رێكبخرێت كە هێزەكانی "حەشدی شەعبی"یان تێدا بڵاوبووەتەوە‌و ملیۆنان كەس لە دانیشتووانەكەشیان تا ئێستا لە كامپەكانی ئاوارەیی لە دەرەوەی شارەكانیان دەژین".

هەروەك جەنگ لەدژی داعش تەرازووی هێزی لایەنە سیاسیەكانی گۆڕیوە‌و چەند پێكهاتەیەكی چەكدار كە بەشداریان لە شەڕەكاندا كردووە دەیانەوێت ئاستی جەماوەرییان بقۆزنەوە بۆ بەشداریكردن لە سیاسەتدا، وەك ئەو گرووپە شیعانەی لەژێر سایەی دامەزراوەی "حەشدی شەعبی"دا كۆبوونەتەوە‌و پێكهاتە عەشایرییەكانی سوننە كە هەوڵدەدەن خۆیان وەك جێگرەوەی حزبە تەقلیدییەكان بناسێنن.

هەرچەندە یاسای حزبەكان كە ساڵی 2015 لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند كراوە‌و بۆ یەكەمین جار لە هەڵبژاردنی داهاتوودا جێبەجێ دەكرێت، رێگە نادات پێكهاتە چەكدارییەكان بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بەڵام ئەو گرووپانە دەستیان كردووە بە فێڵكردن لە یاسا ئەویش لەڕێی خۆناونووسكردنیان وەك حزب‌و بەناوی نوێوە، ئەوەش مایەی نیگەرانی حكومەت‌و حزبە تەقلیدییەكانە كە لە لەدەستدانی پێگەی سیاسییان دەترسن.

سەرەنجامیش هەڵبژاردنی داهاتوو گرنگترین هەڵبژاردن دەبێت بۆ وڵات لەبەرئەوەی یەكەمین هەڵبژاردنە لە پاش لەناوبردنی داعش بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە شەممەی رابردوو عەبادی رایگەیاندبوو كە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام حزبە شیعەكان بە هەوڵدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن‌و درێژكردنەوەی ماوەی كاری حكومەت بۆ دوو ساڵ تۆمەتباری دەكەن.

قەیرانی دارایی‌و گەندەڵی
دوای یەك رۆژ لە راگەیاندنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەی راوە لە ئەنبار دوا مۆڵگەی داعش لە وڵاتدا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران وتی: "شەڕی داهاتوو لەدژی گەندەڵی دەبێت"، بەڵام ئەم شەڕە لە وڵاتێكدا كە گەندەڵی بەدرێژایی دەیەی رابردوو چووەتە هەموو جومگەكانی دەوڵەت، ئاسان نابێت، لەكاتێكدا وڵات رووبەڕووی قەیرانێكی دارایی خنكێنەر بووەتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و ئەو زیانە ماددییە زۆرەی وڵات لە جەنگی دژ بەداعش لێی كەوتووە.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە پارێزگای كەربەلا كە رۆژی 11ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، وتی: "زیانی عێراق لە جەنگ دژی داعشدا گەیشتووەتە 100 ملیار دۆلار".

عەبادی لەهەموو كەس زیاتر قەبارەی ئەو ئاستەنگە ئابوورییە دەزانێت كە رووبەڕووی حكومەتەكەی دەبێتەوە، چونكە ئەو كە بە خەزێنەی بەتاڵی دەوڵەتەوە فەرمانڕەوایی گرتەدەست‌و ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ هەرەسهێنانی نرخی جیهانیی نەوت لەوڵاتێكدا داهاتی نیشتمانی بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەنەوت دەبەستێت، باش دەزانێت كە كێشەی ئابووری مەترسیدارترینە.

سەرقاڵبوونی هەمووان بە جەنگ لەدژی داعش بواری نەدا رۆشنایی بخرێتە سەر ئەو قەیرانە ئابوورییە نهێنییەی رووبەڕووی وڵات بووەتەوە‌و كەس پرسیاری ئەوەی نەكرد چۆن حكومەت توانیویەتی بەدرێژایی سێ ساڵی رابردوو كاروباری وڵات رایی بكات، سەرەڕای تێچووی زۆری جەنگ.

لەگەڵ كۆتاییهاتنی جەنگیش بەپرسانی عێراق دەستیان كردووە بە قسەكردن لەسەر ئەو بابەتە‌و هەفتەی رابردوو ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان رایگەیاند "عێراق 120 ملیار دۆلار قەرزدارە‌و چارەنووسی وڵات لە مەترسیدایە" هاوكات ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆمار رایگەیاند كە قەبارەی قەرزەكان لەوە زیاترەو دەگاتە 133 ملیار دۆلار.

هەفتەی رابردووش حكومەتی عێراق رەشنووسی یاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمان كرد كە بەگوتەی پەرلەمانتار هیلال سەهلانی كورتهێنانەكەی دەگاتە 20%، لەكاتێكدا دەنگۆی ئەوە دزەی كردووە كە حكومەت بەنیازە مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت كەم بكاتەوە كە ژمارەیان 4 ملیۆن فەرمانبەرە.

هەروەك حكومەتی هەرێمی كوردستانیش رەخنەی لە رەشنووسی بودجەكە گرتووە بەهۆی كەمكردنەوەی پشكەكەی بۆ 12% كە لە ساڵانی رابردوودا 17% بوو، ئەمەش وای كرد پەرلەمانتارانی كورد كە بایكۆتی پەرلەمانیان كردبوو، بگەڕێنەوە بۆ دانیشتنەكان تا رێگە بگرن لە دەنگپێدانی بەو شێوەیە بەتایبەتی پاش ئەوەی هەرێم ئەو داهاتە داراییە سەربەخۆیەی لەدەستچوو كە لەڕێی فرۆشتنی نەوتی كەركوكەوە دەستی دەكەوت.

هەروەها پەرلەمانتارانی سوننەش بە تاسەوە چاویان لە تەرخانكردنی دەرماڵەیە بۆ پارێزگا وێرانكراوەكانیان كە پێویستیان بە پارەی تەرخانكراوی زیاتر لە جاران هەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەیان‌و دڵنیاكردنەوەی دانیشتوانە توڕەكانیان پێش هەڵبژاردن، ئەمەش مانای ئەوەیە گفتوگۆكانی نێوان پەرلەمان‌و حكومەت سەبارەت بە بودجە گەرم دەبێت.

ئایندەی گرووپە شیعەكان
چەند رۆژێكە باسی ئایندەی گرووپە شیعەكان كە بە "حەشدی شەعبی" ناسروان، زیادیكردووە، چونكە دەبێت عەبادی مامەڵە لەگەڵ هێزێكی چەكداری عەقایدی بكات كە ژمارەیان زیاتر لە 100 هەزار چەكدارە، ئەگەر سوپاش بچێتە سەنگەرەكانی‌و پۆلیسیش بۆ بنكەكانی لە ناوچەكاندا، كەواتە گرووپە شیعەكان بۆ كوێ دەچن‌و ئەركی نوێیان چی دەبێت؟

گرووپە شیعەكان دابەشبوون بۆ سێ بەش، ئەوانەی سەر بە ئێرانن‌و لەڕووی ئاینییەوە پەیوەستن بە عەلی خامنەیی رابەری ئێران‌و ئەوانەی سەر بە مەرجەعی شیعە عەلی سیستانین لە نەجەف‌و ئەوانەش كە سەر بە حزبە عێراقییە شیعەكانن وەك رەوتی سەدر بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر‌و "رەوتی‌ حیكمە" بە سەركردایەتی عەممار حەكیم.

گرووپەكانی سەر بە ئێران جیاوازن لەوانی دیكە بەوەی بەهێزتر‌و پڕچەكترن‌و لە سەر ئاستی میللی بە "حەشدی وەلائی" ناسراون واتە ئەوانەی دڵسۆزییان بۆ رژێمی ویلایەتی فەقیهە لە ئێران‌و پێشیانوایە عێراق‌و سوریا یەك بەرەیە‌و دووپاتیشی دەكەنەوە كە بوونیان بەردەوام دەبێت، ئەمانە ژمارەیان نزیكەی 20 پێكهاتەی سەربازییە كە دیارترینیان رێكخراوی "بەدر"‌و "عەسائیب ئەهل لحەق"‌و "كەتائیب حزبوڵڵا"‌و "سەرایا خۆراسانی"‌و "نوجەبا"‌و "كەتائیب ئیمام عەلی"‌و "كەتائیب سەیدولشوهەدا"‌و "كەتائیب تەیار لریسالی"‌و "لیوا ئەسدوڵڵا ئەلغالب"‌و "قوات ئەبو فەزڵ لعەباس"ن.

ئەو پێشنیارانەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لەماوەی چەند مانگی رابردوودا سەبارەت بە ئایندەی گرووپە شیعەكان رایگەیاندووە بە وەرگرتنی ئەو چەكدارانەی خوازیارن بچنە ریزی سوپا‌و پۆلیس‌و ئەوانی دیكەش پاداشت بكرێن‌و بگەڕێنەوە بۆ ژیانی مەدەنی، لەلایەن گرووپەكانی نزیك لە ئێران بەتەواوی رەتدەكرێنەوە، هاوكات وڵاتە یەكگرتووەكان گوشار لە عەبادی دەكات بۆ كۆتاییهێنان بەو دۆسێیە.

بەپێچەوانەوەی ئەوەشەوە گرووپەكانی سەر بە مەرجەعی شیعە عەلی سیستانی كە دیارترینیان "فیرقەی جەنگی عەباس"‌و گرووپی "سەرایا سەلام"ی سەر بە پیاوی ئاینی موقتەدا سەدرە، رێز لە بڕیارەكانی حكومەت دەگرن‌و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری كاردەكەن‌و ئامادەییان راگەیاندووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆیان لەدوای لەناوبردنی داعش، ئەمە لە كاتێكدا كە مانگی تەمموزی رابردوو یەكەم فیرقەی سەربازی سەر بە سیستانی تێكەڵ بە سوپای عێراق كرا.

عەبادی كە لەماوەی فەرمانڕەواییدا سەركەوتووبوو لەوەی لە دۆسێ ئاڵۆزەكاندا دارەكە لە ناوەڕاستەوە بگرێت‌و خۆی بەدووربگرێت لە ناكۆكی لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان‌و خواستە نێودەوڵەتییە ناكۆكەكان بەتایبەتی لەنێوان ئەمریكا‌و ئێراندا، ئێستا دەچێتە قۆناغی یەكلاكردنەوە‌و پێویستە بەر لە كۆتاییهاتنی ویلایەتەكەی بڕیاری چارەنووسساز بدات، رەنگە ئەو بڕیارانەش بەدڵی هەمووان نەبن، لەكاتێكدا ئەو هەوڵی پارێزگاریكردن لە ئاستی جەماوەری خۆی دەدات بۆ خۆئامادەكردن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو بەدەستهێنانی ویلایەتێكی نوێ.