مانفێستی بزووتنەوەی گۆڕان لەدیدی شەقامەوە‌

مەلەفی تایبەت

24/11/2017‌ 477 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سامانی وەستا بەكر                   فەرەیدون كونجرینی
لە نوێ بوونەوەی شۆڕش و خەباتی شاخدا چەند حیزبی كوردی ئۆپۆسیزیۆنی پارتیزان بوونی هەبووبێت لەپێناو رزگاری خاك و بەئازادی ژیانی هاوڵاتیانی دژبە ڕژێمی بەعس بوە ،  دوابەدوای ڕاپەڕین و گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە تا ئەم وەرزە چەندین پارتی نوێ بونی هەیە، ئەو پارتانەی ١٩٩١و ساڵانی دوایی دامەزراون بەدرێژایی بوونیان نەیان توانیوە ببنەهۆكاری باشبوون و بەرەوپێشچوونی سیستمی حوكمڕانی، بەجۆر و نیەتێك دانــەمــەزراون كۆتای بەهەژاری و  برسێتـی و نەمانی چەوساندنەوەی چیانایەتی بهێنن، بەڵكو بۆ پاڵپشتـی كردن و بەهێزكردنی دوولایەنی دیاری باشور دروستبوون یان دروستكراون و  دواتر قڕوقەپیان پێكراوە و ڕەزامەندبوون بەو سیستمەی بەدرێژای 26 ساڵ پارتی و یەكێتی حوكمی تاكڕەوی و تاك لایەنەی دەسەلاتیان گەشەی پێكردووە، لە ئێستاشا دوو قەوارەی نوێ  بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا ئەكەن بۆیە لێرە بەدواوە ئەبێ گۆڕان ووردتر و ڕژدتر داخوازییەكانی خەڵك بەدیدبگرێت و ئەقوال بگۆڕێ بە ئەعمال. 

لەدامەزراندن و هاتنە كایەیی سیاسی و بەشداربوون لە حكومەتدا پێویستە پێش پشتیوانی لە هەرقەوارەیەك، بیەوێ بەشداربێت لە هەڵبژاردنەكاندا یان هەر لایەنێكی ئۆپۆسزیۆنی دامەزرێ  مەبەست لە ئامانجەكەی بە هەند وەرگیرێ، لە ڕوانگەیەكی دی لەوەدڵنیابن ئایا قەوارە نوێكان هاوشێوە ئەو حیزبانە نابن  كەلە پاش بەهاری ١٩٩١و ساڵانی دواتر دامەزراون ؟

بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای دروستبوونی لەڕوانگەی ناوەكی جیاواز لە هەرپارتێكی نوێ دامەزراوەو  پشتبەستوتر لە دەسەڵاتداران بە واقعی كۆمەڵگەی كوردی كاری كردووە و بۆتە هۆی كەمكردنەوەو ڕێگیری لە نەیارانی خەڵكی هەژار و توانیویەتی وەك بزوتنەوەیەكی ڕادیكاڵ و ڕاستگۆ لە پێناو مافی هاوڵاتیانا خەبات بكات.  لە چوار ساڵی ئۆپۆسیزۆن بوون و ساڵ و نیوێك بەشدار لە دەسەلات  توندو  چاونەترسانە بەپێـی خواستـی هاوڵاتیان كەم تا زۆر چالاك بووە، لە دەسەڵاتیشدا هاوشێوەی ئۆپۆسیزیۆن كاری كردوەو ڕێگیربووە لە بەرفراوانی گەندەڵی و دەستێوەردانی حیزب لە حكومەت بەڵام هێزی نەیارانی لەسەرەوە بووەو نەتوانراوە پێچەوانەی ئاڕاستەی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتـی كار لەسەر بەرنامەكانی بكات بەڵكو  زرمەزلێـی سیاسی ئەو دوو لایەنە ترس و تۆقاندنیان گەیشتۆتە ئاستێكی خراپ تەنانەت ئاڕاستەی مەكۆ و بازنە و بنكەكان لەڕێی سوتان و تاڵان و دەسبەسەراگرتن مەبەستبوە  لە شەڕەنگێزی و  دوپاتكردنەوەی جەنگی ناوخۆ  كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دادگاو دادی گشتـی بێ لایەن بەواتای نەبوونی سەروەری یاسا.

لێرەوە پوخت و چڕ هەوڵئەیەین ئەو خاڵانە بخەینە ڕوو كە كۆی گۆڕانخوازان و شەقامی كوردی چاوەڕێی ئەكا لە گۆڕان لەسەر هەردوو ئاستی نیشتمانی و حیزبی:

ئەكرێ كۆی كیشەكانی هەرێم لەسەر ئاستی نیشتمانی لە ڕێگەی دوو چاكسازییەوە چارەسەر بكرێ كە ئێمە بەناوی "دایكی ڕێفۆرم" ناوزەندی ئەكەین ئەوانیش.

یەكەم: "دامەزراوەی دادگای گشتـی بێ لایەن و پڕاوپڕ سەربەخۆ"یە، ئەو دادگایە لێكۆڵینەوە بكات لە هەر بابەتێكی نیشتمانی، نەتەوەیی، حیزبی و ڕێكخراوەیی تا بچوكترین تاوان و ئەكتیڤ كردنی سەرجەم دادگاكانی هەرێمی كوردستان، بوونی دادگای نیشتمانی بەپەیوەندی كردن لەگەڵ داگای فیدراڵی گرنگیەكی هەنووكەییە.

دووەم: هەڵوەشانەوەی میلیشیای حیزبی لەژێر هەر ناوێكابێ و دروست كردنی هێزێكی چەكداری پڕ چەكی نیشتمانی لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بەمەرجێك وەزیری پێشمەرگە كەسێكی قاڵ و پرۆفیشناڵ و مەدەنی بێ لایەنبـێ. بۆ ئەم كارانە گۆڕان ئەبێ هەموو ڕێگاكان بگرێتەبەر و سڵ نەكاتەوە لە هانا بردن بۆ زلهێزەكان و فشارو پەستانی شەقام سوود لێوەرگرێ.

لەدیدی شەقامەوە: گۆڕان لە رابوردوا باشتر و چالاكتر لە ئێستا كاریكردووە هەرگیز وەك هەنوكە چەقبەستوو نەماوەتەوەو لەژێر فشارو ڕەخنەدا نەبووە بەتایبەت لەم وەرزەدا  وەڵامی نیە بۆ  هەڵسوڕاوو ڕەخنەگران !  واتا بزوتنەوەی گۆڕان لە چاوەڕوانی پشتیواناندایە تا خۆی قوتاركات لە ڕەخنەدیدی هاوڵاتیان كە تەوەرێكی گرنگە بۆ هەڵبژاردنەكان و چوونە ناوخەڵك بەكاری نوێوە.

ڕەخنەگرتن لەناوخۆو پەیڕوی سیستم بەربەستە بۆ خراپ بەكارهێنانی پلاتفۆڕمی بزوتنەوەی گۆڕان و هەڕەشەیە بۆسەر هاوڕێیانی ڕەگــــــ ، مەبەستمانە گۆڕان چۆنی هێناوە باشتریكا لە رابوردوو، ناكرێ لێرەدا باس لە هەموو شتێك بكرێ  بەڵكو بە هاودەنگی و هاوڕەنگی پشتیوانان یاداشتێكی تایبەت بۆ هەردوو جڤات و ژوورەكانی بزوتنەوەی گۆڕان تا ڕێكخەر وەك مانیفێستێك لە دوو توێی پڕۆژەیەكدا هەموو ئەو پێشنیازانە ڕەوانە دەكەین.

تیندانەوە بە گۆڕان لەسەر ئاستی حیزبی، بەدیدوەرگرتنی هاوڵاتیان لە ڕێگەی هەڵسوراو و چالاكوانان ڕەچاوكرێ، دروستكردنی پردی پەیوەندی نێوان گۆڕان و خەڵك لە قۆناغێكی باش بۆ (زۆرباش) وەك ئەوەی ئەمڕۆ هاوڵاتیان مەبەستیانەو دەیانەوێت هەبێت. هاوڵاتی پرسگەی دەوڵەتە هەر بڕیارێكی حكومەت دەرچێت دەبێت پێشوەخت پرسی هاوڵاتی تێدابێت  چونكە هاوڵاتیان دەتوان بڕیاربەن و بەرپەرچی هەرهەڵەیەكی حكومەت بەنەوە.

گرنگە بزوتنەوەی گۆڕان  پێشنیار و یاداشـــتـی هەرتاكێكی ناو بزوتنەوەكە بەگرنگ بزانێت و پرۆژەو پێشنیاری نێردراوی هەڵسوڕاوان ڕادەستـی ژووری مەبەست بكات پاش شرۆڤە  وەڵامی گونجاو بنێرێتەوە بۆ هەڵسوڕاو گۆڕانخوازان چونكوم پێشنیارو پرۆژەكانی ئەوان هەڵقوڵاوی ئازارو دەنگی ناڕەزای خەڵكن. بە دیدگرتنـی خەڵكی بێلایەن و ڕەخنەی لایەنگرانی پارتەكانیتر و دانیشتوانی هەرێم ئەكرێ بكرێ بە كۆكی نیشتمانی، هەروەك چۆن لە ڕابوردووا گۆڕان جیاوازی لە ئایینـی و ئیتنیـــدا نەكردوە دەشكرێ جیاوازی لەناوخۆو پلە بەندی هەڵسوڕاوەكانیشیا نەكات و بەدەم داواكاری و پێشنیاری گۆڕانخواز و هەڵسوڕاو هاوڵاتی ئاساییشەوە بچێت.

نەوشیروان مستەفا پێیخۆشنەبوو لەسەر شكۆی خەباتی شاخ بژی بەڵكو ئەو بڕوای بەو تیۆرییە هەبوو "ئایا لە ئێستایا چیت بۆ ئەكرێ و چی نوێت پێیە"؟ گرنگە گۆڕان بەو ئاڕاستەیە كاربكات كە (دوێنێ فێرگایە بۆ ئەمڕۆ و ئەمڕۆ كاری نوێ ئەكەین و هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی دوێنێش ئەكەین و پلان بۆ سبەینێش ئەكێشین) واتا ئەمڕۆ گرنگترینە!

ئەوەی كە ئێستا كەوتۆتە سەر شانی گۆڕان داهاتووی بزوتنەوەكەی لەسەر بەندە هەربۆیە ئەركی گۆڕان ئاسان نیە بەڵام كاركردنیش لەسەری گران نیە! گۆڕان ئەبێ سەرەتا گوێ بۆ دەنگە ناڕازییەكانی خوارەوە بگرێ تا لەسەرەوە بڕیارەكان لە بەرژەوەندی گەشەی حیزب بێت. ئەبێ گوێ بۆ ڕەخنەگرانی یارو نەیار بگرێ و نە بەپیاهەڵدانی دۆست شاگەشكەبێ و نە بەڕەخنەی نەیاریش گۆشەگیربێ. ئەبێ گوێ بۆ دەنگ و هاواری شەقام بگرێ تا پردی پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتی ئاساییا نەپچڕی و هەمیشە كارو فرمان و بڕیارەكان لە بەرژەوەندی مافخوراوانبێ، هەڵسوراو و پشتیوانان لەدیدی خەڵكەوە ڕەخنە ئەگرن، ئەبێ بزوتنەوەی گۆڕان گرنگی بدات بەنوسەران و ڕەخنەگران ئەوانەی بیروڕای خەڵك وەرئەگرن لە گوزەرانیان گەیشتون و داواكاریەكانیان بەدیدی خۆیان ئاشكرا ئەكەن.

وێڕای ئەوەی گۆڕان سەركرادەیەتی لە كۆنگرەیا هەڵنابژێرێ بەلام دواخستنی كۆنگرە كە ئەبێ دوو ساڵ جارێ ببەسترێ و لە ئێستایا دواكەوتووە ئەبێتە هۆكاری چەقبەستوی، كۆنگرە گرنگە بۆ نوێكردنەوەو ژیانەوەی دەستوری ناوخۆی گۆڕان و گونجاندنی لەگەڵ سەردەمی نوێ. هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ناوەوەو دەرەوەی گۆڕان یەكێكە لە گرنگترین كارەكانی گۆران كە نابێ لەژێر هیچ پاساوێكا دواخرێ كە لە ئێستایا بۆتە هۆكاری باش بەڕێوەنەچوونی ڕێكخستنەكانی گۆڕان، هەروەك چۆن حیزب كاری ڕاهێنان و پەروەدەكردنی كادێرە تا لە كاتی وەرگرتنی دەسەڵات و چوونە ناو حكومەتەوە ئاوێنەی سیاسەتی حیزبن هەرواش گرنگ و ئەركی ئەخلاقی حیزبە كە هەڵبژاردنی ناو خودی حیزب لەكاتی خۆیا ئەنجام بدات تا هەڵسوڕاوانی تووشی پەتای "ماوە بۆ درێژكردنەوە" نەبن و ڕانەهێنرێن لەسەری و ببـێ بە كلتورێكی بێ كەڵك لەناو حیزب و حكومەتا.

ئاشكرایە كۆڵەكەكانی دامەزراندنی گۆڕان كە لەناو ناوەرۆك و پەیڕەو هەیكەلی دروست بوونی حیزبەوە و  پست بەستنە بە دەنگدەر نەك شەڕكەر "هێزی چەكدار"، ئەمە مۆدێلێكی نوێ بوو كە نەوشیروان مستەفا لە دنیای سیاسی كوردا دایهێناو  لە یەكەم تاقی كردنەوەو بەشداری كردنی هەڵبژاردنەكانا بوو بە دووەم گەورە حیزبی هەرێم، هەرێمێك كە هێزی چەك لە ناو حیزبەكانا باڵادەستە نەك لۆژیك. ئەوەمان لا ڕوون و بێ تەمومژ ئەكا كە گۆڕان لە دامەزراندن و ئامانجدا سەركەرتوو بوو بە پلەی نایاب بۆیە لادان لە بیرو بڕواو ئامۆژگاری و وەسیەتی بیرمەند و داهێنەر نەوشیروان كارێكی مەترسیدارئەبێ هەربۆیە جێبەجێكردنی یەكێك لە گرنگترین وەسیەت و ئامۆژگارییەكانی بە تێكەڵ كردنی خوێن و توانای نوێ بە ئەزموونی ڕابردوو بۆ دامەزراندنی دامەزراوەكانی گۆڕان بە پێویست ئەبینین.

دووپاتی دیدو شرۆڤەمان لە ئامانجە نیشتمانی و نەتەوییەكان ئەوەیە هەروەك چۆن گۆڕان پەیامێكی پشتیوانی بوو بۆ ئازادیخوازان، شكاندنی دیواری ستەم، ســتۆپــی زەوتكاری داهات، ئاشكراكردنی موڵكی هاوڵاتی، گەڕانەوەی شكۆ بۆ پێشمەرگە و ئازادكردنیان لەدەست حیزب و بەنیشتمانی كردنیان هەرواش گۆڕان ئامانجی كۆتای هێنانە بە قۆرخكاری ئازادی و كردنەوەی گرێی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات  هەروەك چۆن لەسەرهەڵدانیەوە بەڵێنــی گەڕانەوەی مافی تاكیدا بۆ خاوەنەكەی، دەستەبەركردنی دادی كۆمەڵایەتی، نەهێشتنی مەحسوبیەت و مەنسوبییەت، توانای گونجاو بۆ شوێنی گونجاو، ڕیزگرتن لەپەرەنسیپـی بەڕێوەبردن، پوختـی دیموكراسی، درێژنەكردنەوەی ماوەی تەواوبووی سەرۆكی وڵات یان كادێرێكی حیزبی و....هتد  هەرواش ئەبێ گۆڕان بەردەوامبـێ باشتر و هۆشیارتر هەنگاو بنێین لە ڕابردوو، بۆ گەشتنیش بەم ئامانجانە گرنگە و ئەشبـێ سیاسەتی لەگوتارەوە بگۆڕێ بۆ كردار.