بارودۆخەكە گۆڕاوە.. چیتر بازرگانی مەی لەئەنبار قەدەغە نییە

عیراق

24/11/2017‌ 1034 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
جاران تەنیا بیركردنەوە لەبازرگانی‌ كردن بەمەیەوە لەهەندێك لەشارەكانی‌ ئەنبار تاوان بوو، بەڵام ئێستا گۆڕانێكی‌ گەورە لەو رووەوە روویداوە.

شارەكانی پارێزگای ئەنبار (110 كم  لە باشووری بەغدای پایتەخت) تەنیا لە دەسەڵاتی گرووپەكانی داعش رزگاریان نەبووە، بەڵكو لەو كۆت‌و بەند‌و نەریتانەش رزگاریان بووە كە بەتەواوی كۆنترۆڵیان كردبوون، ئەگەرچی نەریتی كۆمەڵایەتی بوون‌و دانیشتووانی ناوچەكە بۆیان ماوەتەوە، بەڵام ئێستا خەریكە لەناودەچن، لەوانەش كردنەوەی دوكانی فرۆشتنی خواردنەوە كحولیەكان، كە هەندێكیان بەئاشكرا‌و هەندێكی دیكەشیان هێشتا بە شاراوەیی كاردەكەن.

كاتێك دەچیتە شاری كەرمە كە یەكێكە لە شارەكانی پارێزگای ئەنبار (50 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) دوكانێك دەبینیت، گەورە نییە، بەڵام دەرگاكانی كراونەتەوە‌و كاڵاكانی لە خواردنەوە كحولییەكان بە بێ ترسی لێپرسینەوە یاخود شەرم لە كۆمەڵگە نمایش كردووە، رەنگە پێشتر ئەو دیمەنەت بەو شێوەیە نەبینیبێت، بەڵام چیتر ئەو دیمەنە سەیر نییە، بەتایبەتی كە دەبینیت ژمارەیەك ئۆتۆمبێل‌و كەس بە بەردەوامی سەردانی دەكەن‌و بووەتە نیشانەیەكی جیاكەرەوە لەو ناوچەیەدا.

ئەحمەد ئەبو عەلی (44 ساڵ) یەكێكە لە دانیشتووانی ناوچەكە لە شاری فەلوجە، پێی وایە كردنەوەی ئەو دوكانانە خاڵی ئەرێنی زۆری تێدایە، هەرچەندە ئەو لەو كەسانە نییە كە خواردنەوەی كحولی دەخۆنەوە، ئەبو عەلی قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "كردنەوەی ئەم جۆرە دوكانانە ئەگەر پێچەوانەی شەرع‌و نەریتەكانیشمان بێت، بەڵام ئاماژەیەكە بۆئەوەی توندڕەوان‌و ئەوانەی پشتیوانییان دەكەن‌و ئەوانەی لەژێر كاریگەرییاندان، كەوتوونەتە دەرەوەی هاوكێشەكە‌و هیچ كاریگەرییەكیان لەشارەكەدا نەماوە".

هەروەها وتی: "بۆماوەی سێ ساڵ لە بەغدای پایتەخت‌و باكووری عێراق ژیاین، لەكاتی ئاوەراییدا ئەو دوكانانەمان دەبینی لەنزیك ئەو ناوچانەی تێیدا دەژیاین، ئاماژەبوون بۆ ئەوەی ئەو شارانە ئارام‌و سەقامگیرن‌و هەر كەسە‌و ئاین‌و بیروباوەڕە‌و مەبدەئی خۆی هەیە كە ژیانی كۆنترۆڵكردووە، هیوامان دەخواست ئەو دیاردانەش لە شارەكانی ئێمەشدا هەبن‌و بیگۆڕین بەو دیاردە ئاینییە درۆزنانەی بوونەتە هۆكاری ئاوارەبوون‌و لەناوچوونمان لەماوەی رابردوودا".

ئیبراهیم عەبدو (38 ساڵ) كە نیشتەجێی شاری فەلوجەیە، دواجار بە ئاواتی خۆی گەیشتووە‌و چیتر ناچێتە بەغدای پایتەخت بۆ كڕینی بڕێكی زۆر خوادنەوەی كحولی كە بەشی هەفتەیەك یان دوانی بكات، ئەویش دوای زۆربوونی ئەو دواكانانە‌و ئەو كەسانەش كە بازرگانی پێوەدەكەن.

عەبدو زۆر دڵخۆش بوو كاتێك قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "پێشتر دەچووینە بەغدای پایتەخت بەشی پێویستی خۆمان لەو خواردنەوانە دەكڕی‌و لە چەند شوێنێكی ئۆتۆمبێلەكەدا دەمانشاردنەوە بۆئەوەی خۆمان لەو گێچەڵانە لابدەین كە لەلایەن چەند ئەندامێكی بازگەكانەوە پێمان دەكرا‌و زۆرجار لەناویاندەبردن، بەڵام ئەمڕۆ رۆژانە بەشی پێویستی خۆم بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكانەوە دەكڕم".

هەروەها دەڵێت: "بوونی ئەم دەروازانە لە ناوچەكانماندا ئەو وزە‌و پارەیەمان بۆ دەگەڕێنێتەوە كە پێشتر لە گەشتە دوورودرێژەكەماندا سەرفمان دەكرد‌و تاڕادەیەك لەو كەسانە دەچووین كە شتی قەدەغەكراو بە قاچاخ دەبەن، بۆ زانیاریش یاسای عێراقی خواردنەوەی كحولی قەدەغە نەكردووە‌و یاسایەكیش نییە ئەو كەسە تاونبار بكات كە لەناو ماڵ یاخود لە شوێنی تایبەتدا دەیخواتەوە".

لەبەرئەوەش كە بازرگانییەكی بەقازانجە‌و بابەتەكانی بە چەند هێندەی نرخی راستەقینەی خۆی دەفرۆشرێن، ژمارەیەك كەس لەوانە پەیدابوون كە توانیویانە پەیوەندی هەمە لایەن لەگەڵ كڕیاران‌و پیاوانی پۆلیسدا دابمەزرێنن تا بتوانن دەروازەیەكی فرۆشتنی رەسمی فەراهەم بكەن، بەتایبەتی لە شارەكانی رومادی‌و فەلوجە.

یەحیا دەروێش (44 ساڵ) ناوی خوازراوی یەكێكە لە دانیشتووانی شاری رومادی‌و كاری شوفێری تاكسییە لەنێوان بەغدای پایتەخت‌و شاری رومادیدا، پەیوندی باشی لەگەڵ ئەو هێزە ئەمنیانەی لە بازگەكاندان بەدرێژایی رێگاكەی، بەكارهێناوە‌و دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی داواكاری كڕیارەكانی لەڕێی مۆبایلەكەیەوە.

دەروێش قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "كارەكە ئەو كاتە دەستیپێكرد كە هاوڕێیەك داوایكرد دوو شوشە (ڤۆدكا)ی لەگەڵ خۆم بۆ بهێنم، كاتێك بەشەو گەڕامەوە بینیم چاوەڕێم دەكات‌و دوو هێندەی نرخەكەی خۆی‌و كرێی تەواوی ئۆتۆمبیلەكەشی پێدام، دوای ئەوە كارەكە ئاسایی بو‌و، زوو پەرەی سەند، تا وای لێهات بڕێكی زۆر دەهێنم‌و دابەشی دەكەم بەسەر ژمارەیەك كەس‌و ناسیاوانیاندا".

هەروەها دەشڵێت: "كارەكە ئەوەندە پەرەی سەند تا واملێهات لە پرۆژەكانی ئایندەمدا پشتم بەو پارەیە دەبەست كە لەم بازرگانیەوە دەستم دەكەوت، ئەگەرچی كارەكەش بەبێ مەترسی‌و سەركێشی نەبوو، بەڵام توانیم كارێكی باش دابمەزرێنم كە كڕیاری لە سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵگەدا هەبوو لەوانە ئەفسەر، ئەندازیار، كرێكار‌و توێژەكانی دیكەی كۆمەڵگە".

برەوی ئەم بازرگانیە‌و زۆری كڕیارەكانی، ژمارەیەك كەسی تایبەتمەندی ئەو بوارەی هاندا پەلە بكەن لە دامەزراندنی دەروازە‌و گەنجینەی نوێ لە نێو پارێزگای ئەنباردا، بە تایبەتی لە شاری رومادی ناوەندی پارێزگاكەدا.

ئاوات هیوا (54 ساڵ) نیشتەجێی بەغدای پایتەختە، بەم دواییانە مۆڵەتی تایبەت بە بازرگانی‌و فرۆشتنی خواردنەوە كحولییەكانی تەواو كردووە‌و لە سەروبەندی كڕینی موڵكێكدایە لە ناو شاری رومادی تا دوكانە نوێیەكەی تێدا دابمەزرێنێت.

هیوا قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "هەندێك لەو كڕیارانەی دێنە بەغدا قسەیان بۆ كردین‌و هانیان داین كە دوكانێك لە شاری رومادی بكەینەوە، ئەویش لەبەرئەوەی پارێزگاكە وەك پێشوو نەماوە‌و خاڵیە لە توندڕەوان‌و ئێستا هەناسەی ئازادی هەڵدەمژێت".

هەروەها دەشڵێت: "لەڕێی زانیاریمانەوە بۆمان دەركەوت زۆرینەی كڕیارەكان خواردنەوەی كحولییان لە بەغدا یان لە كوردستانەوە بەدەست دەگات، ئەوەش هانی هەندێك فرۆشیاری بێ مۆڵەتی داوە لە ماڵەكانیاندا خواردنەوەی كحولی بە هاوڕێیان‌و ناسیاوانیان بفرۆشن‌و بوونە ركابەرمان‌و فێڵ لە كڕیاران دەكەن‌و هەندێك جار بە چەند هێندەی نرخی راستەقینە پێیان دەفرۆشن".

بەڵام عەبدولڕەزاق فوحان (48 ساڵ) كە یەكێكە لە دانیشتووانی شاری رومادی، پێیوایە كردنەوەی دوكانەكانی فرۆشتنی خواردنەوە كحولییەكان‌و كارئاسانی بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی تایبەت بەو كارە لە پارێزگای ئەنبار، بە ئامانجگرتنی سروشتی عەشایری‌و ئاینی‌و كۆمەڵایەتی پارێزگاكەیە.

فوحان بە "نیقاش"ی وت: "پرۆسەی پێدانی مۆڵەت بۆ كارئاسانی بازرگانی خواردنەوە كحولییەكان لە شارەكانی پارێزگای ئەنبار كە بە پابەندبوونی ئاینی‌و عەشایریان ناسراون، هەوڵێكە بۆ لەباربردنی ئەو بەهایانەی كە تائێستاش خاڵی جیاكەرەوەی ئەو ناوچانەن".

وتیشی: "دەزانین كە ژمارەیەكی زۆری خەڵكی پارێزگاكە دەچنە بەغدا‌و پارێزگاكانی دیكە بۆ دەستكەوتنی ئەو خواردنەوانە، بەڵام لۆجیك نیە كردنەوەی ئەم دوكانانە لە پارێزگاكەدا ناوبنێین  ئازادی تاكەكەسی، بەڵكو كارئاسانیكردن بۆی كارێكی زۆر مەترسیدارە بۆ دانیشتووانی ناوچەكە كاتێك دەبینن ئەوەی خودا حەرامی كردووە بەئاشكرا دەفرۆشرێت‌و حكومەتیش پشتیوانی لێ دەكات، بەبێ وەڵامێك یان لێدوانێك".

بەپەلە