ئیدارەی وڵاتێك بەكەسانی نەخوینەدەوار ناكرێت
سیامەند مۆعینی: لەدەستدانی كەركوك‌و شنگال‌و مەخمورو زۆر شوێنی تر تراژیدیایە

کوردستان

25/11/2017‌ 2452 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
سیامەند مۆعینی هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) لەچاوپێكەوتنێكی تایبەتی لەگەڵ شارپرێس رایگەیاند "مودیرییەت‌و ئیدارەی وڵاتێك بەكەسانی نەخوینەدەوارو كاڵفام بەڕێوەناچێت".

سیامەند مۆعینی راشیگەیاند "دۆخی هەنوكەیی هەرێم پێویستە گرێی بدەینەوە بەسیاسەتی ٢٦ ساڵی ڕابوردوی ئەم هەرێمە، كە حیزبەكانی باشووری كوردستان بەشێوازێكی زۆر كاڵ‌و تەك بۆ عدی پەیڕەویان كردووە، ئەوەش نۆرماڵ لەسەر بەرژەوەندی ئابووری ئێلیتێك دەور لێدەداتەوەو بەتەواوی بەتاڵە لەئاجینداو بیری نەتەوەیی". 

هاوسەرۆكی پژاك، سەرەڕای ئەوەی جەختیكردەوە، كە "مودیرییەت‌و ئیدارەی وڵاتێك بەكەس‌و كەسانی نەخوینەدەوار كاڵ فام بەڕێوەناچێت"، ئەوەشی راگەیاند "لەدەستدانی كەركوك‌و شنگال‌و مەخمورو زۆر شوێنی تر تراژیدیایەكە، كە وێنەی كەمەو لەلاوازی سیاسی حیزبەكانی دەستەڵاتدار سەرچاوە دەگرێت‌و پێویستە لەڕوانگەیەكی تەحلیلیەیوە ئەم بابەتە شرۆڤە بكرێت".

هەروەها رایگەیاند "هەر ڕوداوێك لەكوردستان دەخوڵقێت پێوەندی بەیەكترەوە هەیە، چونكە خوێندنەوەی ئێمە لەسەر ڕووداوەكانی كوردستان ئەم گرێدراوییەی چارەنووسی كوردستان‌و ئەو كۆمپلۆیانەی لەلایەن نەیاران‌و دوژمنانەوە دادەڕێژرێنەوە بەیەكەوە گرێدراون".

شارپرێس: ڕای پژاك لەسەر ڕووداوەكانی هەرێم‌و دۆخی كەركوك، بۆردمانی ئێوەش پێتوایە پەیوەندیدارە بەم دۆخە؟

سیامەند مۆعینی: دۆخی هەنوكەیی هەرێم پێویستە گرێی بدەینەوە بەسیاسەتی ٢٦ ساڵی ڕابوردوی ئەم هەرێمە، كە حیزبەكانی باشووری كوردستان بەشێوازێكی زۆر كاڵ‌و تەك بۆ عدی پەیڕەویان كردووە، ئەوەش نۆرماڵ لەسەر بەرژەوەندی ئابووری ئێلیتێك دەور لێدەداتەوەو بەتەواوی بەتاڵە لەئاجینداو بیری نەتەوەیی. 

مودیرییەت‌و ئیدارەی وڵاتێك بەكەس‌و كەسانی نەخوینەدەوار كاڵ فام بەڕێوەناچێت، لەدەستدانی كەركوك‌و شنگال‌و مەخمورو زۆر شوێنی تر تراژدیایەكە، كە وێنەی كەمەو لەلاوازی سیاسی حیزبەكانی دەستەڵاتدار سەرچاوە دەگرێت‌و پێویستە لەڕوانگەیەكی تەحلیلیەیوە ئەم بابەتە شرۆڤە بكرێت. 

هەر ڕوداوێك لەكوردستان دەخوڵقێت پێوەندی بەیەكترەوە هەیە، چونكە خوێندنەوەی ئێمە لەسەر ڕووداوەكانی كوردستان ئەم گرێدراوییەی چارەنووسی كوردستان‌و ئەو كۆمپلۆیانەی لەلایەن نەیاران‌و دوژمنانەوە دادەڕێژرێنەوە بەیەكەوە گرێدراون. 

ئێران‌و توركیا هاوپەیمانن بۆ لێدانی ڕەوتی ئازادیخوازی لەهەموو كوردستان‌و دیتمان لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی ئێران‌و توركیا لەساڵی ٢٠١١ هێرشێكی بەرفراوان لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر پژاك كرا، كە ئێران گورزێكی چاوەڕواننەكراوی بەركەوت، مەجبور بەپاشەكشە كراو داوای لەحكومەتی هەرێم كرد بۆ ئاگر بەس، من لەو باوەڕەدا نیم ئێران لەڕەوشی حەساسی ناوچەكە بیهەوێت لەگەڵ تەڤگەری ئازادی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بكەوێتە شەڕێكی نیزامی، ئەوان لەساڵی ٢٠١١دا هێزی خۆیان بەرانبەر هێزی پژاك تاقیكردەوەو ئەزموونێكی تاڵیان كەوتە دەست، ئەم تۆپباران‌و بۆمبارانە لەچوارچێوەی پەیمانی هاوبەشی توركیاو ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت‌و باوەر ناكەم درێژخایەن بێت.

شارپرێس: لەلوبنان‌و یەمەن‌و چەند شوێنێكی تر هێرش دەكرێتە سەر ئەو هێزانەی بەوە تۆمەتباردەكرێن كار بۆ ‌ ئێران دەكەن، یان لەوانەوە نزیكن ئێوە چاوەڕوانی چی دەكەن لەم دۆخە؟


سیامەند مۆعێنی: پێویستە لەبازنەی دوكتورینی دەرەوەی ئێران بۆ شەڕو پێكدادانی عەسكەری لە دەرەوەی سنورەكانی ئێران ئەم ئانالیزە بكەین، كە ئێران لەیەمەن‌و لوبنان چی دەكا‌و بۆ بەئاشكرا لەلوبنان‌و سوریا‌و عێراق حزوری هەیە، بۆ ئەو مەیدانەكانی شەڕی گواستووەتەوە وڵاتانی ناوچەكە. 

بەهەناردەكردنی ئیسلامی شیعە بۆ ناوچەكە، حەساسییەتی بەرەی سوننە بەپێشەنگی سعودییە توندتر بووەتەوەو وڵاتانی ئیسلامی بەسەرپەرەستی سعودییە لەحەولی بەربەرەكانی‌و پێش گرتنی ئەم ڕەوتەی ئێرانن‌و بەشێوازێكی نیابەتی سعودییە، خەریكە بەرەی دژ بەئێران بەهێزتر  دەكات، ئەمە لەچواچێوەی بەربەرەكانی لەگەڵ هروژمی ئێران‌و پێشگرتنیان بۆ مەیدان گرتنی ئێرانە لەناوچەكە. 

دەبینین لەلوبنان‌و یەمەن‌و سوریاو عێراق، ئێران پارەیەكی زۆر سەرف دەكات بۆ ڕاگرتنی هاوپەیمانەكانی خۆی، كە بەدەستی ئەوان ئەم شەڕە نیابەتیانە بكات‌و لەناو سنوورەكانی خۆی ئارامی ڕابگرێت‌و شەڕو پێكدادانی نیزامی نەیەتە پێش. 

ئەو ڕەوشە تا كەنگێ دەخایەنێت دیار نییە، بەڵام من لەسەر ئەو بڕوایەم، كە ڕەوتەكە لە ماوەیەكی نە زۆر دور دا دەگۆڕدرێت.

شارپرێس: پێت وایە هەمان دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان دووبارەببێتەوە؟

سیامەند مۆعینی: من پێم وایە جیاواز دەبێت، هەم لەبواری ژیئۆپۆلتیك‌و هەم ژیئۆجوگڕافیك جیاوازی لەنێوان ئێران‌و سوریادا هەیەو پێشینەی سیاسی‌و مێژووی ئەم دوو وڵاتە لە یەك جیاوازە، بۆیە من پێم وایە ڕێك سناریۆی وەك سوریاو ڕۆژئاوا لە ئێران و ڕۆژهەڵات دووپات نابێتەوە، بەڵام ئەمەش بەو واتایە نیە كە لە هێندێك بوار وێكچون نەبێت. ئێران پەلی هاویشتۆتە ناوچەكە و ئەوەش حەساسیەتی كۆمەڵێك زلهێز و دەوڵەتی ناوچەكەی زیاتركردوە. 

ئەو دەڵەتانەی، كە دژی ئەم زیادەڕۆییەی ئێرانن، ئەكید پلانیان هەیە بۆ دەست كورت كردنی ئێران، پێشتریش ئاماژەم پێ كردووە كە بۆ بەربەرەكانی لە گەڵ دەستەڵاتدارانی ئێران، خاڵی هەرە لاوازی ئێران  بەربەرەكانی لە گەڵ ئەم دەستەڵاتە لە ناوخۆی سنورەكانی ئێرانە و بەتایبەت گەلانی ئێران دڵێكی خۆشیان لەم سیستمە نیە و پوتانسیەڵی هەرە بە هێزن بۆ نەهێشتنی ئەم سیستمە.

شارپرێس: ئێوە چۆن ئامادەكاریتان كردووە بۆ ئەم دۆخە؟

سیامەند مۆعینی: ئێمە وەك تەڤگەری ئازادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بواری كاری ڕێكخستن و پەروەردەی بەردەوام هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری نیزامی لە خۆ ئامادە كردن داین و ئەو هێزە لە خۆماندا دەبینین كە لە هەر ئەگەرێكی چاوەڕوان نەكراو دا ئەركی شۆڕشگێڕی خۆمان بگێڕین.

شارپرێس: ئێوە چۆن دەڕواننە پەیوەندیەكانی ئەم دواییانەی ئێران بە تایبەتی لە گەڵ سعودیە و ئەمریكا یان پێتان وایە ئێران خۆی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەورە ئامادە كردبێت؟

سیامەند مۆعینی: بە ڕواڵەت ئێران لە زۆر شوێن پێشكەوتنی بە دەست خستوە، بەڵام لە ئەساس دا ئێران لە هەمو كات لاوازترە، هۆیەكانی دەتوانم بۆ ئەوە بگەڕێنمەوە كە ئابوری ئێران لە قەیرانێكی مەزن دایە و ڕۆژ بە ڕۆژ گرانی لە ناو ئێران پێش دەكەوێت، لە بواری كۆمەڵایەتی بە تەواوی داڕماوە و هاوكات لە بواری پێوەندیەكانی سیاسی و دیپڵۆماتی لە ڕەوشێكی باش دا نیە. لە بواری فكری ئەو تەیفەی لەگەڵی بون ئێستا بەو حەماسەتەی هەشتاكان نەماون، ڕەنگە ڕوسیە و هێندێك وڵاتی ئوروپی پێوەدیان لە بواری ئابوری لە گەڵ ئێراندا ڕاگرتبێت، ئەوەش لە سەر ئەساسی بەرژەوەندی هێندێك قەراردادی ئابوریە و من پێم وایە ناتوانێت ستراتژیك بێت. ئێران هێزی ڕوبەڕوبونەوەی لە گەڵ ئامریكا و سعودیە نیە ئەگەر ئەوان جیدی بن و من پێم وایە لە قۆناخی یەكەم دا ئێران تەسلیم دەبێت و بۆیە بەردەوام هەڕەشە و گوڕەشە دەكات، و بۆ دەرەوە خۆی زۆر بە هێز نیشان دەدات.