یوسف محمەد:ریفراندۆم و دەرەنجامەكانی دەرخەری شكستی سیستمی حوكمڕانی بوون لە هەرێمدا

کوردستان

28/11/2017‌ 850 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، یوسف محەمەد سادق لە دیمانەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە هۆكاری نەگەڕانەوەی بۆ سەر كارەكەی لە پەرلەمانی كوردستان لە هەولێر، دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و رێگاچارەی دەرچوون لەو دۆخە، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، دۆخی كەركووك و خورماتوو، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و گرنگی ئەو پەیوەندییانە قسەی كرد.

- "شێوازی كاراكردنەوەی پەرلەمان دڵخوازی ئێمە نەبوو"

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەرەتا لە بارەی هۆكاری نەگەڕانەوەی بۆ هەولێر و دەست بەكارنەبوونەوەی لە نێو تەلاری پەرلەمان دوا و گوتی: "لەو ساتەی پەرلەمانی كوردستان پەكخراوە تا ئێستا ئیرادەیەكی جیددی نییە بۆ ئەوەی پەرلەمان بەدەر لە هەر دەستوەردانێكی دەرەوەی خۆی بتوانێت بە كارەكانی خۆی لە بواری یاسادانان و چاودێریكردنی حكوومەت ئەنجام بدات. لە رۆژی 12ی ئۆكتۆبەری 2015 رێگری لە ئێمە كرا و ماوەی دووساڵ پەرلەمان پەكخرا، شێوازی كاراكردنەوەكەشی (لە پێش ریفراندۆم) دڵخوازی ئێمە نەبوو كە لە دوای دووساڵ لە پەكخستنی تەنها بۆ شەرعییەت دان بە بڕیارێك كە هەندێك لە حزبە سیاسییەكان لە دەرەوەی پەرلەمانەوە بڕیاریان لەسەر هەموو وردەكارییەكەی دابوو لە چۆنیەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم و رۆژەكەی و راسپاردنی كۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، هەموو ئەوانە كرابوون و تەنها 10 رۆژ پێش ریفراندۆم بۆ پێدانی شەرعییەتێكی كاڵ و كرچ بە مەسەلەی ریفراندۆم پەرلەمانیان كۆكردەوە، ئەوەش لەگەڵ ئەو تێڕوانینەی ئێمە هەمانە بۆ كاری پەرلەمانی ناگونجێت، بۆیە تا ئێستاش نەگەڕاوینەتەوە پەرلەمان.

خولی پەرلەمان تەواو بووە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەرەنجامەكانیەوە نەتوانرا هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بكرێت، ئێمە ئێستا لە قۆناغی دوای خولە شەرعیەكەی پەرلەمانین، پێم وایە پێویست دەكات ئەمە قۆناغێكی ئینتیقالی بێت بۆ هێنانەكایەی سیستمێكی سەقامگیرتر لە هەرێمی كوردستان لە هەموو رووەكانەوە، من چاوەڕوانی ئەوەم بزانم ئیرادەی ئەوە هەیە كە قۆناغێكی ئینتیقالی لە هەرێمی كوردستان رەنگڕێژ بكرێت و هەموو ئەو كێشە و كەموكوڕیانەی لە رابردوودا هەبووە هەوڵی چارەسەركردنی بدرێت لە بابەتی بەدامەزراوەیكردنی هەرێمی كوردستان و سیستمی حوكمڕانی و ئابووری و شەفافیەت و دەستوەردانی سیاسی و حزبی و شەخسی لە كاروباری هێزە چەكدارەكان و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، دواترینیشیان بابەتی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نەزیهە لە هەرێمی كوردستان".

- "پێویستە سەرلەنوێ‌ شێوازێكی تر لە حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بێنینە كایەوە"

دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە رۆژی 25ی ئەیلوولی رابردوو، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئاڵۆزتر بوو، پەیوەندییەكان لەگەڵ ناوەند گرژی زیاتریان تێكەوت و بەغدا لە رێگای هێزەوە نیوەی ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەستی حكوومەتی هەرێم بوون گرتەوە، لایەنە سیاسییە كوردییەكانیش هەریەك پڕۆژەیەكیان هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی ئێستا.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی سەرلەنوێ‌ شێوازێكی تر لە حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بێتە كایەوە، ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت "ریفراندۆم و دەرەنجامەكانی ریفراندۆم دەرخەری شكستی سیستمی حوكمڕانی بوون لە هەرێمی كوردستان، دەرخەری ئەوە بوون كە ئەو شێوازە حوكمڕانیەی لە 25 ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان لە دوای راپەڕینەوە هەیە ناتوانێت لەگەڵ پێداویستییەكانی ئەمڕۆدا بگونجێت و پێویست دەكات ئەوە دابڕانێكی لەگەڵدا دروست بكەین و سەرلەنوێ‌ شێوازێكی تر لە حوكمڕانی بێنینە كایەوە لە هەرێمی كوردستان كە سەردەمیانەتر و مەدەنیانەتر و شەفافتر و دیموكراسیانەتر بێت، سیستمێك بێت كە بەرژەوەندی خەڵك بكاتە پێوەر، ئەوەش پێم وانییە كە ئەستەم بێت و پێویست دەكات ئەنجام بدرێت.

ئەو شكستانەی لە دوای ریفراندۆمەوە هاتووەتە كایەوە، پێویستی لەسەر ئێمە دروست دەكات كە بەخۆداچوونەوەیەكی جیددیمان هەبێت لە هەموو رووەكانی سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنی و كەموكوڕیەكانمان دەستنیشان بكەین، ناكرێت مێژووی كورد بەو شێوەیە بێت كە هەمیشە دەگاتە ترۆپكێك و لە ئەنجامی هەڵەی كۆمەڵێك خەڵكەوە لەو ترۆپكەوە دادەبەزێت و دەڕمێتە خوارەوە و جارێكی تر دەگەڕێتەوە خاڵی سفر، وەك ئەوەی كە لە ساڵی 1975 رووی دا، وەك ئەوەی لە ئێستادا دەیبینین، پێویست دەكات دابڕانێك دروست بكەین لەگەڵ رابردوو، بەخۆداچوونەوەیەكی جیددی بكەین، هەروەها كار بۆ ئەوە بكەین كە ئایندەیەكی باشتر دروست بكەین و خۆمان قوتار بكەین لە هەموو ئەو كۆت و بەندانەی كە لە رابردوو تووشی شكستیان كردووین و لە داهاتووش تووشی شكستمان دەكەن". 

- "ئەگەر بەرژەوەندی گشتی بكرێتە پێوەر، رێكکەوتن لە نێوان هەرێم و ناوەند ئاسانە" 

ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی عێراقی گرژ و ئاڵۆزتر كرد، تا ئێستاش بەغدا ئامادەی كۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ هەرێمی كوردستان نیشان نەداوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان، داواكاری زۆریش لە لایەن حزب و لایەن و رێكخراوەكانیشەوە هەیە لەسەر شێوازی گفتوگۆكانی داهاتوو لەگەڵ ناوەنددا. 

بە بڕوای سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، رێكکەوتنی نێوان هەردوولا ئاسانە ئەگەر بەرژەوەندی گشتی بكرێتە پێوەر لە كۆبوونەوەكاندا، ئەو باس لەوەش دەكات هیچ لایەكیان ناتوانن بەشەڕ كێشەكان لە بەرژەوەندی خۆیان یەكلا بكەنەوە، یوسف محەمەد سادق لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەگەر بەرژەوەندی گشتی بكرێتە پێوەر و بەرژەوەندی حزبی و شەخسی وەلاوە بنرێت لێرە و لە لایەن حكوومەتی عێراقیشەوە، بەدڵنیاییەوە رێكکەوتن ئاسانە، دەستوور خۆی بۆ خۆی هەندێك رێكاری رێگاچارەی داناوە بۆ رێكکەوتن لەسەر زۆرێك لە پرسەكان لەوانەش پرسی ناوچە جێناكۆكەكان، ئێمە ماددەیەكی دەستووریمان هەیە دەتوانرێت لەو رێگایەوە یەكلایی بكرێتەوە، پێشتریش باسی ئەوەمان كردووە كە سنوورەكان بە خوێن رەنگ ناكرێن و دیاری ناكرێن، بەڵكو ماددەی 140 دەتوانێت سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دیاری بكات.

پرسەكانی تری پەیوەندیدار بە نەوت و بوودجە و ئەوانەش، ئەگەر تەركیز بخەینە سەر پرسی شەفافیەت لەوانەش چۆنیەتی دەرهێنانی نەوت و بڕی دەرهێنان و چۆنیەتی فرۆشتنی و چۆنیەتی گەڕانەوەی پارەكەی بە باشترین شێوە كە لە خزمەتی خەڵكدا بێت، ئەوە دیسانەوە دەتوانرێت رێكکەوتنی لەسەر بكرێت، بۆ ئێمە وەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەلامانەوە گرنگ نییە كە سۆمۆ نەوت دەفرۆشێت یان چ كۆمپانیایەك نەوت دەفرۆشێت، بەلامانەوە گرنگە داهاتەكە شەفاف بێت و بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و بە شێوەیەكی دادوەرانە بەسەر خەڵكدا دابەش بكرێت.

ئەزموونی رابردوو لە فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی كوردستان دیسانەوە فەشەلی خۆی سەلماندووە لەوەی نەك نەبووە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەڵكو هێندەی تر كێشە ناوخۆییەكانی ئاڵۆزتر كرد و باری سەرشانی هاووڵاتییانی قورستر كرد، ئەوكاتەی پشكی 17 لەسەدمان لە عێراقەوە بۆ دەهات هاووڵاتییان ژیانیان خۆشتر بوو لەوكاتەی بەناوی بەسەربەخۆ فرۆشتنی نەوتەوە خەریك بوو هەموو نەوتی ژێر زەوی هەرێمی كوردستان بەتاڵان فرۆش بكرێت.

ئەم دۆخە ناتوانرێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت و پێویستمان بە چارەسەری ریشەیی هەیە، شەڕ ناتوانێت كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق چارەسەر بكات، لەشكركێشی ناتوانێت چارەسەری كێشەكان بكات، ئەوە لە لایەن رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقەوە تاقی كراوەتەوە لەماوەی 70 بۆ 80 ساڵی رابردوو، لایەنی هەرێمی كوردستانیش ویستی ئەو ناوچانە بەشەڕ یەكلایی بكاتەوە ئەویش نەیتوانی، بۆیە رێكکەوتن لەسەر چارەسەری مام ناوەند لەم كێشانەدا لە بەرژەوەندی خەڵكە". 

- "ریفراندۆم پاساوی دایە دەست حكوومەتی عێراق بۆ سفركردنەوەی دەرئەنجامەكانی ریفراندۆم"

سەرۆكی پەرلەمانی عێراق باس لەوەش دەكات ریفراندۆم پاساوی دایە دەست حكوومەتی عێراق بۆ سفركردنەوەی دەرئەنجامەكانی ریفراندۆم، توانای خۆشی وەك سەرۆكی پەرلەمان نیشان دەدات لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا و رۆڵ بینین لەو بوارەدا ئەگەر داوایان لێبكرێت.

یوسف محەمەد گوتی: "بەغدا خۆی بەسەركەوتوو دەزانێت لە شەڕ، من پێم وایە ئەو تێڕوانینە هەڵەیە ئەگەر هەبێت لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراقییەوە، بنیاتنانی ئاشتی و سەركەوتن لە ئاشتیدا زۆر گەورەتر و باشترە لە سەركەوتن لە شەڕێك لە جەنگەكاندا، شەڕ كێشەكان چارەسەر ناكات و ئەم دۆخەش بەو ئاسانیە درێژە نادات، پێویستە ئەوەش بڵێین كە سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەڕێز حەیدەر عەبادی پێش ریفراندۆم زۆر هەوڵی ئەوەیدا كە ریفراندۆم ئەنجام نەدرێت و كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكرێت، بەڵام بەداخەوە وا نەكرا و ئەوەش پاساوی دایە دەست حكوومەتی ئیتیحادی عێراقی كە هەوڵی ئەوە بدات دەرنجامەكانی ریفراندۆم سفر بكاتەوە و ئەوكات بكەوێتە گفتوگۆ.

من پێم وایە ئەوە تەنها رێگا چارە نییە، بەڵكو رەچاوكردنی بەرژەوەندی هاووڵاتییان لە هەموو ئەمانە گرنگترە و نابێت هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان باجی هەندێك سیاسەتی هەڵەی سیاسییەكانیان بدەن، بۆیە پێویست دەكات بەرژەوەندی هاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت و هەوڵی ئەوە بدرێت بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەو دیالۆگەی دێتە كایەوە لە خزمەتی ئەواندابێت.

ئەگەر داوا لە ئێمە بكرێت لەو بوارەدا رۆڵی خۆمان بگێڕین، ئەوكات بەدڵنیاییەوە بەرنامەمان هەیە و پڕۆژەمان هەیە، دەزانین چۆن ئەوكاتە كێشەكان چارەسەر بكرێت، نەك وەك بەرپرسیارێتییەكەمان وەك سەرۆكی پەرلەمان بەڵكو لەو رووەوە كە پێشتریش بەشێك نەبووین لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ماوەی رابردوو لە هەمانكاتدا بە حوكمی ئەو خیبرە ئەكادیمیەشی كە هەمانە لە بوارەكانی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، دیسانەوە دەتوانین لەم بوارەشدا هاوكار بین لە چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان". 

- "هەنگاوی یەكەمی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لە ئاساییكردنەوەی دۆخی خورماتووەوە دەست پێدەكات"

یوسف محەمەد سادق باس لە دۆخی ئێستای خورماتوو دەكات و دەڵێت "بەداخەوە ئێستا كورد لە خورماتوو نەهێڵدراوە و ماڵەكانیان سووتێنراون و لە زۆر شوێن تاڵان كراون، پێویست دەكات بە زووترین كات دۆخی خورماتوو ئاسایی بكرێتەوە و وا بكرێت جارێكی تر پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە هەموو پێكهاتە جیاوازەكانیانەوە دروست بكرێت. لە هەمان كاتدا پێویست دەكات بارودۆخی ئیداری و سیاسی كەركووك بە زوویی رێكبخرێتەوە و پارێزگار بۆ شارەكە دەستنیشان بكرێت و پۆستەكانی تریش بە تەوافوق لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی كەركووك دیاری بكرێن، بۆ ئەوەی دیسانەوە دۆخی ئەم ناوچانە نەبێتەوە هۆی هاتنە كایەی ململانێیەكی خوێناوی، چونكە بە راستی بە سەپاندنی ئەمری واقیع هیچ لایەك ناتوانێت كێشەكان لەم ناوچانە چارەسەر بكات.

ئێمە لەگەڵ سەپاندنی ئەمری واقیع نەبووین لە قۆناغی رابردووش، هەندێك كار كران كە بۆ پێكهاتەكانی تری ناوچەكە ئێمە پێمان باش نەبوو، ئێستاش پێمان وایە سەپاندنی ئەمری واقیع لە هیچ یەك لە ناوچە جێناكۆكەكان ناتوانێت چارەسەری كێشە و گرفتەكان بكات، بەڵكو دروستكردنەوەی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان ئەم پێكهاتانەدا و زەمینەسازكردن بۆ ئەوەی ئەم پێكهاتانە خۆیان بڕیار بدەن چۆن داهاتووی خۆیان رەنگڕێژ دەكەن لەچوارچێوەی ماددەی 140 کە چارەسەری گرفتەكان دەكات".

- "توركیا وڵاتێكی گرنگە بۆ ئێمە و دەرگایەكی گەورەیە بە رووی جیهاندا"

لە بەشی كۆتایی دیمانەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی گرنگی پاراستنی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و چۆنیەتی كاركردن بۆ بەرەو پێشەوەبردنی ئەو پەیوەندییانە، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە گرنگییەوە باس لەو بابەتە دەكات و دەڵێت "جەبرێكی جوگرافی هەیە كە كەس ناتوانێت لێی رابكات، ئێمە دراوسێی یەكترین لەم ناوچەیەدا، هەم لەگەڵ ئێران و هەم لەگەڵ توركیاش دراوسێین و پێشینەیەكی مێژوویی شارستانی پێكەوە كۆمان دەكاتەوە لەم ناوچەیەدا، بۆ ئێمە و هەموومان واباشە پەیوەندییەكی دۆستانەی هاوسانمان هەبێت لە چوارچێوەی رێز لە یەكتر گرتن و رێز لە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان ئەم پەیوەندییانە رەنگڕێژ كرابێت، بەرژەوەندی هاوبەشی زۆرمان هەیە لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێران. توركیا وڵاتێكی گرنگە بۆ ئێمە و دەرگایەكی گەورەیە بە رووی جیهاندا بۆ ئێمە، بەڵام لە رابردوو ئێستاش پێویست دەكات پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دەوڵەتانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەیوەندی دامەزراوەیی بێت، نەك پەیوەندی لەگەڵ حزبە سیاسییەكان و رەنگە هەڵەیەك كە لە رابردوو ئەنجام درابێت ئەمە بووبێت.

پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوەكان دەتوانێت پەیوەندییەكی دوورمەوداتر و سەقامگیرتر بێت، خزمەت بە سەقامگیری لە ناوچەكەدا بكات، دەبێت پەیوەندییە ئابوورییەكان درێژە پێبدەین بۆ ئەوەی پەیوەندییەكی سیاسی تۆكمەش لە داهاتوودا بێتە كایەوە".
س.هـ