ڕێنیسانسی ئیسلام لەئەوروپاوە سەرهەڵدەدات
لەمزگەوتێكی لیبراڵی ئەڵمانیا ژنان بێ لەچك شانبەشانی پیاوان نوێژدەكەن

مەلەفی تایبەت

03/12/2017‌ 2098 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێڕانی: وریا حەمە تاهیر
مزگەوتێك لە ئەڵمانیا كراوەتەوە كە ڕێبازێكی نوێ و لیبراڵانەی ئیسلام پەیڕەو دەكات، كە ژنان ئازادن لە باڵاپۆشی و هاوشانی پیاوان نوێژ دەكەن، ئیمامی مزگەوتەكەش ژنە.

مزگەوتی گۆتە - ئیبن ڕوشد، كە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە بەرلین كراوەتەوە، بووەتە جێی مشتومڕێكی بەرفراوان. لەبەر ئە رێبازە لیبراڵیانەی كە هەیەتی، دامەزرێنەرانی بانگەشە بۆ ئیسلاح و گوڵبژێریی و نوێكردنەوە قورئان و ئیسلام دەكەن.

هەرچەند هەوڵی نوێخوازی و رێنیسانس لەناو ئیسلامدا تاكوتەرا هەبووە، بەڵام تائێستا هەنگاوی وەك ئەم مزگەوتەیان نەهاویشتووە. لە سوید چەن مەلای ژن هەن، كە پێشنوویژ و وتار خوێنن، ئەوان باڵاپۆشن و ژنان و پیاوان پێكەوە نوێژناكەن.

"دەكرێت ئێمە وەك بزووتنەوەی رێنیسانسی (نوێبوونەوە) ئیسلام لەقەڵەم بدرێین" سەیران ئاتێس پارێزەرە ئەڵمانییە بەڕەگەز توركەكە وایوت، كە دامەزرێنەری مزگەوتەكەیە، لێرە ژن بە لەچك و بێ لەچك شانبەشانی پیاوان نوێژی تیادەكەن، ئەو هەر بۆخۆشی وتاربێژی هەینیانە.

ڕیبەرانی ئەم رەوتە، پێیانوایە گوڵبژێركردنی قورئان مەحاڵ نییە. ئەوان پێیانوایە دەكرێت پەێڕەو لە ئایەتە میانڕەوەكان بكرێت، ئایەتە توندڕەوەكانیش فەرامۆش بكرێن.

"من پیاوێكی هۆمۆسێكسواڵم، دەمێكە دووچاری ناهەمواری بوومەتەوە لەلایەن هەر دوو ئاینی مەسیحی و ئیسلامەوە، ناتوانم خوا پەرەستی خۆم بكەم لە مزگەوت یان كڵێسادا".كریستیان ٤٢ ساڵ وایوت كە چاوەڕێی دەستپێكردنی نوێژی هەینیە، ئەو دەمێكە باوەڕدارە، كاتێك هەواڵی كردنەوەی مزگەوتێكی لیبراڵی بیست، بێ دووڵی هات بۆ ئێرە. ئێستا لەسەر رێگای راستە بۆ بوون بە موسڵمانێكی باوەڕدار!

كریستیان وتی "پێشتر ئیسلام بۆ من گونجاو نەبوو، لەبەر ئەوەی دەڵێن هۆمۆسێكسواڵ لە مزگەوتدا جێینابێتەوە، هۆمۆسێكسواڵ بوون گونا‌هە".

مەنار ١٧ ساڵە پێش ئێستا بووە بە موسوڵمان، هاتووە بۆ مزگەوتی گۆتە - ئیبن ڕوشد، چونكە پێی وایە ژن و پیاو بەیەكسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، وتی "من كێشەم لەگەڵ لەچك هەیە، زۆربەی جار لەچك ناكەم كە دەچمە دەرەوە". فەرزنەكردنی باڵاپۆشی لەلایەن ڕێبەرانی مزگەوتەكەوە وایكرد كە مەنار بێت بۆ ئێرە و خواپەرەستی بكات.

درێژەی بێدەدات و دەڵێت "من حەزم لەوە نییە ژن لە هۆڵێكی جیا لە هۆڵی پیاوان لە مزگەوتدا نوێژ بكەن". ئەم هەفتەیە مەنار پێشنوێژی هەینی دەبێت، ئەركێك كە لە نێوان پیاوان و ژناندا دابەشكراوە، (جارێك ژن و جارێك پیاو).

نزیكەی ئەو دە كەسە بەشداربووەی نوێژی هەینی، پێكەوە و شانبەشانی یەكتر نوێژیان دەستپێكرد، هەموو جوڵە ئاساییەكانی نوێژ، ركوع و سوجدیان كرد، هەرچەند ژن و پیاو تێكەڵاو بوون. باڵاپۆشی ئارەزوومەندانەیە، دوو ژن لەچككیان كردووە و ئەوانی تر نا.

بابەتی وتاری هەینی ئەم هەفتەیە، مافەكانی مرۆڤ بوو، لە كۆتایشدا ئەوە خرایە ڕوو كە بنەما و پرنسیپە گشتییەكانی مزگەوتەكە، تێڕوانینێكی لێكۆڵینەوەیی ڕەخنەگرانەیە بۆ تەفسیركرنی قورئان.

"مزگەوتەكەمان كراوەیە بەڕووی هەمووكەسێكدا". بەم شێوەیە سەیران كۆتایی بە وتاری هەینی هێنا.

چەندین كەسی بەمەراقی بەرلین هاتبوون بۆ ئەوەی لەو دیمەنە ناوازە و نوێیە بڕوانن، كە ئەم مزگەوتەی كردووتە جێی مشتوومڕ و ناكۆكی، مزگەوتەكە هەر بەڕاستی لەهۆڵێكی بینای كڵێسایەكی پرۆتستانتەكاندا كراوەتەوە، كە بەكرێیانگرتووە.

سەیران ئاتێس پارێزە، نووسەر و دەستپێشخەری كردنەوەی مزگەوتەكە، كە موسڵمانێكی باوەڕدارە دەڵێت هەستێكی باشە كە مزگەوتەكە لە ناو كڵێسادایە، "پێشوەختە خوا لێرە ئامادەیە".

"ئەمڕۆ مەسیحییەت و ئیسلام پێویستیان بە دیالۆگ و هاوئاهەنگی هەیە، نەك دوورە پەرێزی". سەیران وایوت.

ئەو تەمەنی شەش ساڵان بوو كە خێزانەكی لەتوركیاوە كۆچیان كرد بۆ ئەڵمانیا، وەك پارێزەرێكی داكۆكیكار و چالاكوانێكی مافەكانی مرۆڤ ناسراوە، دەمێكیشە خەبات دژی كولتووری شەرفپارێزی دەكات، كە لەناو جالیەی موسڵمان و ڕۆژهەڵاتیانەی ئەڵمانیا بەربڵاوە.

سەیران مزگەوتەكە وەك پرۆژەی ئاشتی سەیردەكات، وتی "ئێمە لێرە بەكردەوە پیشانی دەدەین كە ئاشتی لەنێوان ئاینەكاندا مەحاڵ نییە".

"ئیتر كاتییەتی ئێمەی موسڵمانانی میانڕەو لایەنی ئاشتی ئیسلام نیشان بدەین، خەبات دژی ئەو تیرۆر و كوشتوبڕەی توندڕەوە ئیسلامیەكان دەیكەن، بكەین."

لەم مزگەوتە تەفسیرێكی مۆدێرن، لیبراڵ و ئاشتیانەی ئیسلام پەیڕەودەكرێت، سەیران ئاماژەی بە كڵێسای سویدی دا، كە لەمێژە لایەنی ئاستیانە و لیبراڵانەی مەسیحیەت پەیڕەودەكات.

كڵێسای سوید سەر سەر رێبازی مارتین لۆتەر كینگە، لەوێ ژنان دەتوانن ببنە قەشە، كەهێشتا كاسۆلیكەكان ئەو مافە بە ژنان ڕەوا نابینن.

سەیران وتی "دەكرێت ئێمە وەك بزووتنەوەی رێنیسانیسی (نوێبوونەوە) ئیسلام لەقەڵەم بدرێین، لەبەرامبەر رەوتی كۆنەخوازانەی ئیسلامی".

سەیران بەردەوامی ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە، بۆیە زانیارییە كەسییەكان (ناو، شوێنی ژیان و باری كەسی) لەسەر ئەو بەردەوامی پارێزراوە، هەڕەشەكان دژی ئەو زیاتر لەلایەن ئەو موسڵمانانەوەیە كە رێبازی مزگەوتەكەیان پێهەزمناكرێت.

سەیران دەڵێت "من ئازادی گەورە بوون و ئەمەوێت بە ئازانە بژیم، دەستبەرداربوون لەوە قبوڵنەكراوە".

دامەزراوەی ڕەسمی ئیسلامی لە توركیا و میسر دژایەتی مزگەوتەكەیان كرد و ڕەخنەیان لە ڕێبازەكەی گرت.

ئاماژەی بەوەدا دژبەرەكانیان هەڕەشە و توندوتیژی بەكاردە‌هێنن، ئەوەشی هۆكارزانی تا سەدان كەس ڕوو لە مزگەوتەكە نەكەن، دەڵێت ژمارەیەكی بەرچاو لەموسڵمانانی بەرلین پشتیوانییان دەكەن، بەڵام دەسڵەمنەوە لە سەردانیكردنی مزگەوتەكە. وتی "دەبێت مرۆڤ لە جێگایەكەوە دەستپێبكات."

جەسوورانە پێداگیری دەكات، "نابێت ترس بەسەرماندا زاڵ بێت."

زۆربەی ئەوانەی لێرەن، بە وریاییەكی زۆرەوە قسە بۆ میدیا دەكەن و ناوێرن ناوی راستی خۆیان بڵین، محەمەد تووشی دڵەڕاوكێ بووە. نازانێت داخۆ دەبێت چی ڕووبدات كاتێك خوشكەكەی بەسەردەكاتەوە لە میسر، دوای ئەوەی دامەزراوەی فەرمی میسر ئیدانەی مزگەوتەكە لیبراڵەكەی كردووە، كە ئەم نوێژی هەینی لێدەكات.

ئاماژەی بەوەدا مەترسی ئەوە هەیە هەر لە فرۆكەخانە دەستگیری بكەن. لەگەڵ ئەوەشدا خۆشحاڵە كە مزگەوتێك هەیە لە بەرلین دەتوانێت پڕ بەدڵ خواپەرەستی و نوێژی لێبكات و تیایدا ئاسودە بێت. وتی "لێرە لەم مزگەوتە، سیاسەت و ئاینداری دەستوەرنادەنە خواپەرەستییەوە."

لەوەڵامی ئەو ئارگۆمێنتانەی كە دەڵێن ئیسلام لەگەڵ دیموكراسی یەكانگیر نابێت، سەیران دەڵێت "قسەی هەلەقومەلەق"، ئەوە هەمان بۆچوونی ئیسلامییە كۆنەپارێز و سەلەفییەكانە كە دەڵێن ئیسلام قابیلی ریفۆرم نییە.

ئەو ڕەخنەی لە هێزە لیبراڵ و چەپەكانی كۆمەڵگا گرت كە هەموو ڕەخنەیەك لە ئیسلام، بە ئیسلامۆفۆبی لەقەڵەم دەدەن. هەر ڕەخنەیەك لە توندڕەوی ئیسلامی دەخە قاڵبی ئیسلامۆفۆبییەوە. بەوەش هەمیشە لە سەنگەری توندڕەوی ئیسلامیدان.

ئەو مەبەستێتی كە لە ئارگۆمینی و دێباتەكاندا پەنجە لەسەر ئەوە دابنرێت كە تیرۆر و كوشتبڕەی بەڕێوە دەچێت، بناغەیەكی لە ئیسلامدا هەیە، دەڵێت "تا دان بەوەدا نەنێین ناتوانین هیچ بگۆڕین، ئەوەش بە گۆڕینی ئیسلام لەناو ئیسلامدا دەكرێت، ئەمەش هەر ئەوەیە ئێمە دەستمان داوەتێ".

بەشی سەرەكی ئەم ڕاپۆرتە دانیال ئالین پەیامنێری رادیۆی سوید لەبەرلین ئامادەی كردووە و لە رادیۆكە بڵاوكراوەتەوە.