ماف و ئازادیەکانی ژنان دەسەندرێت، نادرێت

مەلەفی تایبەت

06/12/2017‌ 1332 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ڕێچکەی بەدەستهێنانی ماف و ئازادیەکانی ژنان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە نموونە....
لوقمان حەوێز
تێکساس

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە پتر لە 135 ساڵە بەهێزترین و پێشکەوتووترین ووڵاتی جیهانە لە هەموو بوارەکان بە بەراورد بە ووڵاتە ڕۆژئاواییەکانی تر ووڵاتێکی ساوایە، لە ساڵی 1776 دوای بەرپاکردنی شۆڕشێکی خوێناوی سەربەخۆیی ڕاگەیاند دژی ئینگلیزەکان، دوای سەربەخۆ بوون لە ساڵی 1787 دەستوور نوسراویەوە لەسەر بنەمای حوکمی گەل لەلایەن گەلەوە بۆ گەل، هەروەها لە دەستووردا جەخت لەسەر دیموکراسی و یەکسانی هەموو هاووڵاتیان کرایەوە لە هەموو ماف و ئەرکەکان بەبێ جیاوازی ڕەگەز و ئایین و ڕەچەڵەک، بەڵام هەر یەکسەر لەدوای نوسینەوەی دەستوور و لە یەکەم هەڵبژاردندا لە کۆتایی سەدەی هەژدەم ژنان ڕێگریان لێ کرا بەشداربن لە هەڵبژاردنەکان و لەو مافە سەرەکیە و گەلێک مافی تر بێ بەش کران لەگەڵ ئەوەی هەر لەسەرەتاوە بە ڕوونی دەستوور ئەم مافە سەرەکیانەی بە هەموو هاووڵاتیان بەخشی بەبێ هیچ جیاکاریەک، بەڵام پێناسەی ئەو کاتەی دەسەڵاتداران بۆ "هاووڵاتی" بریتی بوو لە پیاوی سپی پێستی خاوەن زەوی و موڵک، ئەم پێناسەیەش یەکسەر بە عەمەلی ژنان و کۆمەڵێکی زۆری هاووڵاتیانی تریشی بێبەش کرد لە مافە دەستووریەکانیان، بەڵام با بزانین چۆن ژنانی ئەمەریکا لەو کاتەوە کە هیچ مافێکی ڕاستەقینەی ئەوتۆی هاووڵاتی بوونیان نەبوو گەیشتن بەم قۆناغەی ئێستا کە ئاشنان بەهەموو مافەکانیان، ئەوان ئێستا لە گۆرەپانەکانی جەنگ وەکو سەرباز و جەنگاوەر لە لەشکری ئەمەریکا بەشدارن، کەشتیەوانی ئاسمانی ژن هەیە لە دەزگای ناسا، ژنان گەیشتوون بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، لە ئەنجومەنی پیران و نوێنەران، دادگای باڵا وهەموو بوارەکانی ژیان بێ جیاوازی بەشدارن و کاردەکەن، پێش شووکردن لە ماڵی باوکیان جیادەبنەوە و سەربەخۆ و بە تەنیا کاردەکەن و دەژیین و بە ئارەزووی خۆیان کەی بیانەوێت شوو دەکەن، بە گشتی ئەو هەموو مافانەی کە ژنانی ئەمەریکی لە 150 ساڵی ڕابردووە وە تاوەکو ئێستا بەدەستیان هێناوە و لە سایەی دەژیین هەر ئاوا بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون، ئەم دەستکەوتانە بە پێنج قۆناغی سەرەکی بەدەست هاتوون، هەندێک لەو قۆناغانە بۆ ئافرەتانی ئەمەریکا هیچی لە شۆڕشێکی گەورە کەمتر نەبوو، لە هەموو قۆناغەکانیش دەستکەوتەکان بە هەوڵ و کۆششی ئافرەتان خۆیان هاتۆتە دی، هیچ یەکێکیش لەو قۆناغانە بە دەستپێشخەری دەسەڵاتداران، حکومەت یان پیاوان نەبووە، بەڵکو بەپێداگری و کۆشش و خۆ ڕێکخستنی ژنان خۆیان بووە، لێرەدا بە کورتی باس لە هەریەک لەو پێنج قۆناغە دەکەم:

- قۆناغی سەرەتایی یان یەکەم، دەکەوێتە پێش سەرهەڵدانی شۆرشی ئەمەریکا دژی ئینگلیزەکان و دوای سەرکەوتنی شۆرش تا کۆتایی سەدەی هەژدە یان بە ووردی لە سەرەتای 1770 کان تاوەکو نوسینەوەی دەستوور لە ساڵی 1787 : ئەم هەنگاوە بریتی بوو لە وورژاندنی بابەتی مافەکانی ژنان لەلایەن کۆمەڵێک لەو ئافرەتانەی کە هاوسەری ئەو پیاوانە بوون کە بە دامەزرێنەر و باوکە گەورەکانی ئەمەریکا دادەنرێن، یەکێک لەو ئافرەتانە (ئەبیگال ئادەمز) بوو کە خێزانی (جۆن ئادەمز) بوو، (جۆن ئادەمز) یەکێک بوو لە دامەزرێنەرەکانی ئەمەریکا و لە ساڵی 1797 بە دووەمین سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا، دوایی کوڕەکەشی (جۆن کوینسی ئادەمز) لە ساڵی 1825 بە سەرۆکی شەشەمی ئەمەریکا هەڵبژێردرا، کاریگەری ئەو کۆمەڵە ژنە لەسەر مێردەکانیان کە سیاسەتمەدار بوون بووە هۆی ئەوەی لە نوسینەوەی دەستووری ئەمەریکا لە ساڵی 1787 جەخت لەسەر یەکسانی مافەکانی هەموو هاووڵاتیان بە گشتی و مافی ژنانیش  بکرێتەوە بێ جیاکاری، ئەمەش وەکو هەنگاوی یەکەم دەستکەوتێکی گەورەبوو.

قۆناغی دووەم: بە سەختترین و گرنگترین قۆناغی سەندنی مافەکانی ژنان دادەنرێت لە ئەمریکا، ئەویش بریتی بوو لە جولانەوەکانی کەڵە ئافرەتی ئەمەریکی (سوزان بی ئەنتۆنی) لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم تا سەرەتای سەدەی بیستەم، ئەو هەموو هەوڵ و کۆششەی ئەم ژنە مەزنەی ئەمەریکا ئەنجامی دا لە کۆتاییدا بووە هۆی ئەوەی دەستکاری دەستووری ئەمەریکا بکرێت و بڕگەیەک لە دەستوور زیاد بکرێت لە ساڵی 1920 کە تایبەت بوو بە چەسپاندنی مافی بەشداریکردنی ئافرەتانی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکان زۆر بە ووردی و بە ڕوونی، لەبەر گرنگی ڕۆڵی ئەم ئافرەتە بە درێژایی نزیکەی 60 ساڵ و کاریگەری کارەکانی لەسەر چاوکرانەوە و هۆشیارکردنەوەی ئافرەتانی ئەمەریکا لە نێوان ساڵانی 1850 تاوەکو کۆچی دوایی کرد لێرەدا باسێکی ژیان و کارە گرنگەکانی دەکەم.
ناوی تەواوی ئەو ئافرەتە (سوزان بی ئەنتۆنی) بوو، لە بەرواری 15 ی شوباتی 1820 لە نیویۆرک دایک بووە و لە 13 ی ئاداری 1906 کۆچی دوایی کردووە، لە خێزانێک لە دایک بوو کە باوکی سەر بە بیرو باوەڕێک بوو ئەو کاتە پێیان دەگووت کواکەر Quaker ، ئەوانە بڕوایەکی توندیان بە مەسیحیەت هەبوو و بەبڕوای ئەوان خودا لەناو دڵی هەموو مرۆڤێکدا هەیە و هەموو مرۆڤێک بڕوا دێنێت بە خودا و مەسیحیەت ئەگەر بۆی ڕون بکرێتەوە، هەروەها ئەوانەی هەڵگری ئەو بیرو بڕوایە بوون دژی کۆیلەداریش بوون کە ئەو کاتە دیاردەیەکی بەربڵاو بوو لە سەرانسەری ئەمەریکا، (سوزان) بەهۆی ناوداری باوکی جۆرێک لە ناوبانگ و حەسانەی هەبوو لەناو کۆمەڵگا و ئەمەش یارمەتیدەربوو بۆ گەیاندنی پەیامەکانی و ئەنجامدانی چالاکیەکانی.

(سوزان بی ئەنتۆنی) لە ساڵی 1852 (کۆمەڵەی کۆمەڵگای میانرەوی) دروست کرد دوای ئەوەی لە بۆنەیەک نەیان هێشت قسە بکات لەبەر ئەوەی ئافرەت بوو، لە ساڵی 1856 کۆمەڵێک ئیمزای کۆکردەوە لە دژی کۆیلەداری، لە هەمان ساڵ بوو بە نوێنەری نیویۆرک لە کۆمەڵەی ئەمەریکی دژی کۆیلەداری، هەروەها لە ساڵی 1863 لە گەرمەی شەڕی ناوخۆ (کۆمەڵەی یانەی نەتەوەیی ژنان) ی ئەمەریکای دروست کرد و توانی لە ڕێگەی کۆمەڵەکەی 400 هەزار ئیمزا کۆبکاتەوە بۆ نەهێشتنی کۆیلەداری، لە ساڵی 1868 دەستی بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی The.Revolution کرد کە تایبەت بوو بە مافەکانی ژنان، لە ساڵی 1869 کۆمەڵەی (مەینەتیە نەتەوەییەکانی ژنان) ی دروست کرد National.Woman.Suffrage.Association
(سوزان) هێز و کلیلی سەرەکی ئەو کۆمەڵەیە بوو و کاریان دەکرد لەسەر مافەکانی ژنان بە گشتی و بەتایبەتی بەدەستهێنانی مافی دەنگدان.
لە ساڵی 1872 لەسەر ئەوەی لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکان لە نیویۆرک دەنگی دا دەستگیر کرا و دادگایی کرا و دادگایی کردنەکەی لە هەموو ئەمەریکا دەنگی دایەوە، دادوەرەکە تەنیا سزای غەرامەی بۆ دانا، (سوزان) بە هەموو شێوەیەک ڕەتی کردەوە غەرامەکە بدات، دوایی دەسەڵاتدارانی ویلایەتی نیویۆرک وازیان لێ هێنا، لە دوای ئەوە لە سەرانسەری ئەمەریکا ناودارتر بوو.
لە ساڵی 1878 خۆی و لەڕێگەی کۆمەڵەکەیەوە داواکاری پێشکەشی کۆنگرێس کرد بۆ پەسەند کردنی چەسپاندنی مافی دەنگدانی ژنان لە هەڵبژاردنەکان لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکای ئەمەریکا، ئەو کاتە داواکاریەکەی پشت گوێ خرا.
لەگەڵ ئەوەی (سوزان) لە ساڵی 1906 کۆچی دوایی کرد، بەڵام لە ساڵی 1920 و دوای پتر لە 40 ساڵ لە داواکاریەکەی ئەو کۆنگرێسی ئەمەریکا گەڕایەوە بۆ هەمان داواکاری پێشووتری  ئەو و ملکەچی داواکاریەکەی بوون، لەو ڕێگەیەوە و بۆ ڕێزلێنان لەو ئافرەتە دەستکاری دەستووری ئەمەریکایان کرد بۆ ئەوەی مافی دەنگدانی ژنان بە ڕوونی لە دەستوور بچەسپێت و بکرێتە یاسا، دەستکاریەکە ئەنجامدرا، ئەمە بە دەستکاری نۆزدەهەم ناودەبرێت لە مێژووی دەستکاریەکانی دەستوور لە ئەمەریکا، ئەو دەستکاریە لەلایەن حکومەت و خەڵک ئێستا بە دەستکاری (ئەنتۆنی) ناودەبرێت وەکو ڕێزلێنانێک لە هەوڵ و کۆششی (سوزان بی ئەنتۆنی).
(سوزان) بە درێژایی دەیەها ساڵ هەزارەها ووتاری پێشکەش کرد، ساڵانە 75 بۆ 100 ووتاری پێشکەش دەکرد لە کۆمەڵێک وویلایەت لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان، لە ساڵی 1979 بۆ ڕێزلێنان لەو ئافرەتە بڕیار درا دراوێکی یەک دۆلاری نیکلی تایبەت چاپ بکرێت کە وێنەی ئەوی لەسەر بێت، لە ساڵی 1981 دراوەکە کەوتە بازاڕەوە.

- قۆناغی سێیەم: تاوەکو جەنگی جیهانی دووەمیش لە چلەکانی سەدەی بیستەم زۆربەی پیاوانی ئەمەریکا پێیان وابوو پێویست ناکات ژنان کاربکەن، دەیانگووت ئەگەر کاریش بکەن ئەوەندە باش کارەکانیان پێ ناکرێت شایانی ئەوە بێت گرنگی پێبدرێت، لەگەڵ ئەوەش کەمێک لە ژنان هەر کاریان دەکرد بەڵام ڕێژەکەیان زۆر کەمتر بوو لە پیاوان، بۆ نموونە ئەگەر لە کارگەیەک 5 هەزار کرێکاری لێ بوایە ئەوا تەنیا لەوانەیە ژمارەی ئافرەتەکان بگەیشتایە 100 ، لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی جیهانی دووەم زۆربەی پیاوەکانی ئەمەریکا کە دەستی کاربوون (گەنج بوون) جلی سەربازیان لەبەرکرد و بۆ جەنگ چوون، حکومەتی ئەمەریکا هەڵمەتێکی گەورەی دەست پێکرد بۆ پەیداکردنی دەستی کار و کارپێکردنی ژنان، کارگەکان لەهەموو جۆرەکان، نەخۆشخانەکان، کارە حکومیەکان، کێڵگەکان پڕ کران لە ئافرەتانی کارکەر، ئەم هەنگاوە بە گرنگترین هەنگاوەکانی وەرگرتنی مافەکانی ژنان دادەنرێت لەئەمەریکا چونکە ژنانی ئەمەریکا سەلماندیان بۆ ووڵاتەکەیان و هەموو جیهانیش ئەگەر ئەوان ڕێگەیان پێبدرێت وەکو پیاوان لە هەموو بوارەکانی ژیان دەتوانن کار و داهێنان بکەن، بگرە باشتریش لە پیاوان لە هەندێک لە بوارەکان، پیاوانیش ئەمەیان بۆ دەرکەوت، دوای ئەم هەنگاوە و دوای جەنگی جیهانی دووەم ئابوری ئەمەریکا گەلێک گەورەتر و فراوانتر وبەهێزتربوو بەهۆی زۆربوونی  دەستی کار و مانەوە و بەردەوامبوونی ژنان لە کارەکانیان لە زۆربەی هەرە زۆری بوارەکانی کارکردن.

- قۆناغی چوارەم: لە شەستەکانی سەدەی بیستەم ڕووی دا و ئافرەت توانی ماف و ئازادی زۆر زیاتر بەدەست بێنێت، ئەم هەنگاوە بە Sexual.Revolution ناسراوە و ئافرەت لەم قۆناغە توانی لەماڵی باوکی جیا بێتەوە و کاریش بکات و بە تەنیا بژییت یان لەگەڵ هەر هاوسەرێک بیەوێت بژیت ئەگەر شووشی پێ نەکردبێت، لەم قۆناغەدا کۆمەڵێکی ژنی چالاکوان لەڕێگەی شەپۆلەکانی بزوتنەوەکانی فێمێنیزم توانیان تێڕوانینێکی نوێ لەناو کۆمەڵگا دروستبکەن بەرانبەر بە ژنان، تا ئەو کاتەش زۆربەی کۆمەڵگا و پیاوان بە چاوی (ژنی ماڵەوە) تەماشای هەموو ئافرەتانیان دەکرد، ئەو کار و چالاکیە ڕێکخراوەییانەی ژنان لە ڕێگەی بزوتنەوەکانیان ئەنجامیان دەدا لە شەستەکان بووە هۆی ئەوەی ئافرەت وەکو پیاو مافی کارکردن و ژیانی هەبێت لەگەڵ هەرکەسێکی تر بیەوێت بتوانێت بژییت لەدوای تەمەنی 18 ساڵی بەبێ ئەنجامدانی هاوسەرگیری، هەروەها لەو قۆناغە و لە دوای ئەوە  ژنانی ئەمەریکا توانیان ئازادانە و بە ئاشکرا بتوانن ڕێگا پزیشکیەکانی قەدەغەکردنی سکپڕبوون بگرنە بەر وەکو بەکارهێنانی حەبی مەنع یان لەبار بردنی منداڵ کاتێک منداڵەکە نەخوازراو بێت لەلای ئەوان.  

- قۆناغی پێنجەم: لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەمەوە دەستی پێکرد دوای دەستپێکردنی شەپۆلی سێیەمی بزوتنەوەی فێمێنیزم لە ئەمەریکا کە شەپۆلێکی بەهێزبوو و ئامانجەکەی نەهێشتنی جیاکاری بوو بەرانبەر ژنان لە شوێنی کار و نەهێشتنی جیاکاری لە بڕی بیمەی کار و بوار و بەدەست هێنانی تەواوی ئازادیەکانی تری ژیانیان بە گشتی.

نوێترین هەنگاوی ژنان بۆ بەدەست هێنانی تەواوی مافەکانیان: بەم هەنگاوانەی سەرەوە ئافرەتان توانیان لە ئەمریکا زۆربەی هەرەزۆری مافەکانیان بەدەست بێنن، زۆربەی چالاکوانی ژنان لە ئەمەریکا پێیان وایە لەم یەک دوو مانگەی ڕابردووەوە (بە تایبەتی لە دوای مانگی ئۆکتۆبەری 2017) قۆناغێکی تر یان نوێترین هەنگاوی ژنان دەستی پێکردووە بۆ وەرگرتنی دوایین مافەکانیان، ئەویش دوای ئەوەی کۆمەڵێک ئەکتەرە ئافرەتەکانی هۆلیوود هەستان بە ئاشکرکردنی دەستدرێژی وهەراسانە سێکسیەکان بۆ سەر ئەوان لەلایەن پیاوە ناودار و بەناوبانگەکانی هۆلیوود کە پێشتر لە دژیان ئەنجام دراوە پێش دە یان پانزە یان بیست ساڵ، ئەوان دەڵێن پێشتر کاتێک دەستیان بەکار کردووە لەگەڵ دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرە سینەماییە پیاوەکانی هۆلیوود ئەوان ئیستیغلالیان کردوون و لەهەندێک حالەت دەستدرێژیشیان کردوونەتە سەر، لەبەر ئەوەی ئەو ژنانەش ئەو کات پێویستیان بە کارەکانیان بووە نەیان توانیوە لە وەختەدا بیان درکێنن، ئەوان ووتیان لەو کاتانەدا نەیان دەتوانی ئەو دەست درێژیانە یان هەراسان کردنانە ئاشکرا بکەن چونکە لەو کاتەدا بارودۆخ لەبار نەبوو و دەترسان، بەمە توانیان کۆمەڵێک لە تاوان و کارە قێزەوەنەکانی پیاوە ناودارەکانی هۆلیوود ئاشکرا بکەن کە لەوانە گرنگترینیان بەرهەم هێنەری سینەمایی  بەناوبانگی هۆلیوود (هارڤی واینستین) و کۆمەڵێک هونەرمەندی ناوداری تر بوون لە ڕەگەزی نێر، ئەو هونەرمەندە پیاوانە لە ئەنجامدا کارەکانیان لەدەستدا و ئێستا تۆمەتەکان ڕووبەڕووی دادگاش کراونەتەوە، چالاکوانان لە ئەمەریکا پێیان وایە چاوکرانەوەی ژنان و کرانەوەی کۆمەڵگا بەگشتی لە ئێستادا هاندەر بووە بۆ ئەم بانگەوازە نوێیەی ژنان و دەبێتە هۆی دروستبوونی پێوانەیەکی نوێ بۆ ئەوەی پیاوان نەتوانن ئاوا بە ئاسانی دەستدرێژی بکەنە سەر ئافرەت یان ئیستیغلالیان بکەن و بە ئاسانی ڕزگاریان بێت، ئەم هەنگاوەی ژنان لە ئەمەریکا بووە هۆی ئەوەی لە هەمان کاتدا چەند ئافرەتێکی بەریتانی و ئەوروپیش هەمان هەنگاو بنێن لە ووڵاتەکانیان، هەروەها لەدوای ئەو هەنگاوانەی ئافرەتانی هۆلیوود کۆمەڵێک مەلەفی دەستدرێژیکردن و هەراسانکردنی سێکسی لە دژی ئەندامانی کۆنگریسیش لە ئەمەریکا ورژێنرا و ئێستا ئەوانیش ڕوبەڕووی لێپێچینەوە بوونەتەوە، ئەگەر بوێری ئەو کۆمەڵە ئافرەتەی هۆلیوود نەبوایە ئەم هەنگاوە نوێیەی ئەم دواییەی ژنانی ئەمەریکا نەدەهاتە دی.

مێژووی یان ڕێچکەی سەندنی ماف و ئازادیەکانی ژنان لە ئەمەریکا بە درێژایی پتر لە 150 ساڵ دەیسەلمێنێت بۆ هەموو جیهان ئەگەر ئافرەتان خۆیان هەوڵ و کۆشش نەدەن ئەوا دەسەڵاتەکان یان حکومەتەکان کە تا ئێستاش لە زۆربەی ووڵاتانی جیهان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و کوردستانیش بە تەواوی لەلایەن ڕەگەزی نێرینەوە ئاڕاستە دەکرێت و کۆنتڕۆل کراوە ئەگەر خۆی بە دیموکراسیش بزانێت مەحاڵە دەست پێشخەری بکات بۆ بەرجەستەکردنی تەواوی ماف و ئازادیەکانی ژنان، زۆر گرنگە ژنان خۆیان هەوڵ بدەن و  داکۆکی بکەن لە مافەکانی خۆیان هەریەکە و بەپێێ توانای خۆی و لە شوێنی خۆی یان لەڕێگەی پاڵپشتیکردن لەو کەسانەی ژنان خۆیان بە پێشەوا و داکۆکیکەری مافەکانی خۆیانی دەزانن، دەبێت ژنان بزانن تەنیا نوسینەوەی بڕگەی جوان لە دەستوور و دەرکردنی یاسا بێ کارکردن پێیان یان ووتنەوەی شیعاری بریقەدار هەرگیز نابنە هۆی وەرگرتنی ماف و ئازدیەکانیان، پێویستە خۆیان نەخشە و هەنگاوی کاریگەری خۆیان هەبێت بە ڕێگەی جیاجیا و کار و پاڵەپەستۆی مەدەنی.