شارپرێس:
ڕۆژنامه‌یه‌كی فه‌ڕه‌نسی په‌لهاویشتنی ئێرانی له‌وڵاتێكه‌وه بۆ ئیمپراتۆرییه‌تێك له‌ناوچه‌كه شیكردوه‌ته‌وه، هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه ململانێكانی تاران‌و ڕیاز كاریگه‌ری بۆسه‌ر ولاتانی ناوچه‌كه هه‌یه.
دیارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ئێران
ڕۆژنامه‌ی لوفیگارۆ-ی فه‌ڕه‌نسی له‌راپۆرتێكدا فراوانبوونی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌شۆڕشێكی ئاساییه‌وه، بۆ ئیمپراتۆرییه‌تێكی گه‌وره له‌ناوچه‌كه‌دا شیكردوه‌ته‌وه، كه به‌گوێره‌ی ئه‌و ڕۆژنامه‌ی ئه‌مریكا ڕۆڵی له‌فراوانبوونی ده‌سه‌لاتی ئێران‌دا هه‌بووه له‌ناوچه‌كه، چونكه ئه‌مریكا بلاد ڕافیده‌ین (مه‌به‌ست له‌عێراق)ه، وه‌ك كێكێكی جه‌ژنی له‌دایك بوون پێشكه‌شی ئێرانی كرد، ئه‌وه‌ش دوای ڕوخاندنی ڕژێمی سه‌دام حسێن‌و هاوكاریكردنی شیعه‌كانی عێراق له‌دژی سوننه‌كان.
له‌سوریاش ئه‌مریكا دیارییه‌كی به‌نرخی پێشكه‌شی ئێران كرد، ئه‌وه‌ش به‌وه‌ی باراك ئۆباما-ی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا ڕه‌تیكرده‌وه هاوكاری پێشكه‌شی سوننه‌كانی ئه‌و وڵاته بكات له‌سه‌ره‌تادا، كه‌چی ئێران ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌لێك قۆسته‌وه بۆ خۆبه‌هێزگردن له‌و وڵاته‌دا.
پڕۆژه‌ی هیلالی شیعی
له‌پاش شۆڕشه‌كه‌ی ساڵی 1979ی ئێران به‌سه‌ر شا-ی ئه‌وكاته‌ی ئێران‌دا، كه‌س بڕوای وانه‌بوو شۆڕشێكی كه‌م ته‌مه‌نی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێران، بیرۆكه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده فراوانیان هه‌بێت بۆ دامه‌زراندنی هیلالێكی شیعیی له‌ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام پاش 39 ساڵ له‌شۆڕشه‌كه‌ی كۆماری ئیسلامی ئیران، ئێستا پڕۆژه هیلالی شیعی بوه‌ته یه‌كێك له‌مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ناوچه‌كه.
ئێستا ئێران له‌خه‌ونه‌كه‌ی بۆ دروستكردنی هیلاله شیعییه‌كه نزیكبووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌تا ده‌روازه‌كه‌ی له‌به‌غداوه به‌ره‌و دیمه‌شق و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و به‌یروت، هه‌ر ئه‌وه‌شه ترسی خستووه‌ته دڵی پادشای ئوردنه‌وه كه هیلاله‌كه‌ی تاران به‌ر ده‌رگای ئه‌ویش هاوشێوه‌ی عێراق‌و سوریا‌و لوبنان‌و یه‌مه‌ن بگرێت.
پاش 39 ساڵ له‌شۆڕش، ئێستا ده‌سه‌ڵاتی ئێران له‌ئه‌فغانستانه‌وه ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست، هه‌ر ئه‌وه‌شه وایكردوه چاودێرانی سیاسی بڵێن "ناوچه‌كه به‌ره‌و قۆناغی ئیمپراتۆریه‌ته‌كه‌ی ئێران هه‌نگاو ده‌نێت".
دروستكردنی میلیشیای به‌هێز له‌ناو وڵاتاندا
یه‌كێك له‌ستراتیژه دیاره‌كانی ئێران بۆ دروستكردنی ململانێ‌و گرژی له‌ناوچه‌كه، ئه‌وه‌یه چه‌ندین میلیشیای له‌و وڵاتانه‌دا دروستكردووه، كه هه‌یمه‌نه‌ی به‌سه‌ریاندا هه‌یه، بۆ نمونه حزبوڵڵا له‌لوبنان.
هه‌یمه‌نه‌ی حزبوڵڵا به‌سه‌ر لوبنانه‌وه به‌شێوه‌یه‌كه كه به‌هێزی ئه‌و میلیشیایه ده‌گاته ئاستی به‌هێزی سوپای نیزامی لوبنان، چونكه حزبوڵڵا خاوه‌نی چه‌ندین موشه‌ك‌و چه‌كی قورسی به‌هێزه، هه‌ر بۆیه چاودێرانی سیاسی له‌وه‌سفی حزبوڵڵادا ده‌ڵێن "ده‌وڵه‌تێك له‌ناو ده‌وڵه‌تی لوبناندا".
عێراقیش به‌ده‌ر نییه له‌و پلانه‌ی ئێران، ئه‌وه‌بوو له‌ساڵی 2014 به‌پاڵپشتی ئێران حه‌شدی شه‌عبی له‌عێراق دروستبوو، كه ئێستا حه‌شدی شه‌عبی هێزێكی چه‌كداری پڕچه‌ككراوه‌و ته‌نانه‌ت سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش زۆر كات ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریاندا ناشكێت.
دروستبوونی حه‌شدی شه‌عبی بۆ عێراق نیشانه‌ی سه‌رده‌مێكی نوێ له‌ململانێ و گرژی بوو له‌ناوچه‌كه، چونكه ئه‌و هێزه له‌كاتێكدا دروستبوو كه عێراق دژی داعش ده‌جه‌نگا، بۆیه ئێستا كه داعش له‌عێراق كۆتایپێهاتووه، كه‌واته ئامانجی حه‌شدی شه‌عبیش به‌ئاره‌زووی ئێران ده‌گۆڕێت.
حه‌شدی شه‌عبی ئێستا كه ژماره‌یان له‌نێوان 80 بۆ 100 هه‌زار چه‌كداردایه، ده‌یانه‌وێت بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن، ئه‌وه‌ش دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان سیناریۆی حزبوڵڵای لوبنانه كه به‌شێكی زۆر له‌جوگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی له‌لوبنان كۆنترۆڵكرد.
به‌ده‌ر له‌هه‌موو ئه‌وانه ئاماده‌یی ئێران له‌شوێنه پیرۆزه‌كانی عێراق وه‌ك نه‌جه‌ف‌و كه‌ربه‌لا، به‌تایبه‌ت له‌بۆنه ئاینییه‌كانی شیعه‌دا كه ئێران ئه‌و دوو شاره ده‌پارێزێت، نیشانه‌ی كه‌وتنی ته‌واوه‌تی عێراقه بۆ باوه‌شی ئێران.
به‌دروستكردنی میلیشیا له‌ناوخۆی وڵاته‌كاندا، حزبوڵڵا له‌لوبنان، حه‌شدی شه‌عبی له‌عێراق‌و پاڵپشتیكردنی حوسییه‌كان له‌یه‌مه‌ن، چیتر ئێران پێویستی به‌وه نییه كه هێز بۆ ئه‌و وڵاتانه بجوڵێنێت كه له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌ودان، به‌ڵكو ته‌نها ڕاوێژكاره‌كانی بۆ ڕێكخستنی به‌ره‌كانی شه‌ڕو ململانێكان ده‌نێرێت.
ڕ .ج