ترس لەبانگەشەی هەڵبژاردن
دژایەتی گەندەڵی لەعێراق.. ناوی گەورە‌و دێی وێران

عیراق

08/12/2017‌ 1170 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەم رۆژانەدا گەندەڵی كارگێڕی‌و دارایی عێراقییەكانی سەرقاڵكردووە، هەموو شتێك بەئاڕاستەی‌ دژایەتی‌ گەندەڵییە، بەڵام ئەوەی روودەدات لەو پەندە زیاتر نییە كە دەڵێت "ناوی گەورە‌و دێی وێران".

هەفتەی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی رەنگە جەنگی دژ بە گەندەڵی لە عێراق لە جەنگی دژ بە رێكخراوی "داعش" قورستر بێت، لەوەشدا راست دەكات، چونكە گەندەڵی كە بەدرێژایی دەیەی رابردوو جومگەكانی دەوڵەتی داڕزاندووە‌و زۆرینەی لایەنە سیاسییە بەشدارەكانی حكومەت‌و پەرلەمانی تێوەگلاوە كە جڵەوكردنیان ئاسان نییە.

هاوئاواز لەگەڵ هەنگاوەكانی حكومەتدا، پەرلەمانیش دەستیكردووە بە لێپرسینەوە پەرلەمانییەكانی كە وەزیران‌و گەورە بەرپرسانی گرتووەتەوە‌و پێشبینی دەكرێت بابەتێكی گەرم‌وگوڕ بێت‌و ململانێ‌و رێككەوتنی نوێی نێوان كوتلە سیاسییەكانی لێبكەوێتەوە كە رەنگە رێچكەی لێپرسینەوەكانی دژایەتی گەندەڵی بەرەو هاوپەیمانیی نوێ ببەن.

ئەو پرۆسە سیاسییەی لە دوای ساڵی 2003وە بەپێی سیستمی بەشبەشكاری تایفی بنیاتنراوە خۆی لە دابەشكردنی پۆستە حكومییەكان بەسەر حزبە عێراقییەكاندا دەبینێتەوە بەپێی سیستمێكی ورد كە پشتی بە دوو بنەما بەستووە، یەكەمیان قەبارەی ئەو هێزەیە كە پۆستەكە دەیبەخشێت، دووەمیشیان بەهای ئەو داهاتە داراییانەیە كە پۆستەكان پەیدای دەكەن.

بەگوتەی بەرپرسێكی گەورەی حكومەت ئەمڕۆ هەر حزبێكی بەشدار لە دەسەڵاتدا ناوەندێكی هەیە پێی دەوترێت "نووسینگەی ئابووری" كە ئەركی كۆكردنەوەی پارەیە بۆ حزبەكە لە ڕێی ئەو پۆستە حكومیانەی خودی ئەندامانی حزب وەریان گرتووە، ئەوانیش ئەركیان ئەنجامدانی سەودانامەیە لە پشتی پەردەوە بۆ دابەشكردنی گرێبەستەكانی بەڵێندەرایەتی‌و وەبەرهێنان لەگەڵ حزبەكانی دیكەدا.

ئەو بەرپرسە كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت لەبەرئەوەی دەسەڵاتی لێداونی نییە، بۆ "نیقاش"ی ئاشكرا كرد كە "هەڵمەتی جكومەت لەدژی گەندەڵی سێ دۆسێی سەرەكی كردووەتە ئامانج، یەكەمیان گێڕانەوەی ئەو پارانەیە كە لە ساڵانی رابردوودا براونەتە دەرەوە‌و بەهاكەیان بە نزیكەی 100 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت ئەویش لەڕێی دەركردنی یاداشتی دەستگیركردن بۆ چەندین تۆمەتبار‌و گفتوگۆكردن لەگەڵ دەوڵەتان بەمەبەستی كارئاسانیكردن بۆ دەستگیركردنی كەسایەتیە تۆمەتباركراوەكان، دووەمیش ئەو گرێبەست‌و پرۆژە شكستخواردووانەیە كە ژمارەیان بە زیاتر لە 6028 پرۆژە مەزەندە دەكرێت‌و نزیكەی 250 ملیار دۆلار تێچوونیان بووە لەسەر دەوڵەت، سێیەمیشیان زیادكردنی فرۆشتنی دراوە كە بانكی ناوەندی بەڕێوەی دەبات‌و گومانی بوونی گەندەڵی تێدا دەكرێت كە چەند حزب‌و كەسایەتیەكی سیاسی دەستڕۆیشتووی تێدا تێوەگلاون".

هەروەها وتی: "حزبە عێراقییەكان لە بەردەم میدیادا ململانێ لەسەر دۆسێ سیاسی‌و ئەمنییەكان دەكەن، بەڵام لەپشتی پەردەوە رێككەوتنی دارایی لەڕێی ئەو نووسینگانەوە ئەنجام دەدەن، بۆ نموونە پۆستە وەزارییەكان لە حكومەتی فیدراڵی‌و پۆستە خۆجێییەكانی دیكە لە ئەنجومەنی پارێزگاكان دەخرێنە زیادكردنەوە‌و بە بڕە پارەیەك دەكڕدرێن".

ئەو بەرپرسە كە یەكێكە لە ئەندامانی لیژنەی باڵای حكومی بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی روونیدەكاتەوە "پرۆسەی گەندەڵی زۆر لەوە زیاترە، چونكە ئەو بەرپرسەی پۆستێك وەردەگرێت بەڵێن دەدات كار بۆ پارەداركردنی حزبەكەی بكات لە رێی بودجەی دەوڵەتەوە، ئەویش لەڕێی بەخشینی گرێبەستی وەبەرهێنا بە كۆمپانیاكانی سەر بە حزبەكەی، زۆربەی حزبەكانیش ئەو كارە دەكەن، لەبەرئەوە كەس ناوێرێت سكاڵا لەسەر گەندەڵی لە وەزارەتەكان بكات، چونكە ترسی ئەوەی هەیە حزبەكانی دیكەش سكاڵای هاوشێوە بكەن".

ئامرازی شكستخواردوو بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی
دەستەی نەزاهە یەكێكە لەو دەزگایانەی بنبڕكردنی گەندەڵیان پێ سپێردراوە، ئەم دەستەیە لە دوای ساڵی 2003 دامەزراوە، بەڵام پێدەچێت توانای جێبەجێكردنی ئەركەكانی نەبێت، سەرەڕای تێوەگلانی دەیان بەرپرسیش لە سەودانامەكانی گەندەڵی بەدرێژایی چەندین ساڵی رابردوو، بەڵام دەستەكە نەیتوانیوە بەرپرسێك تاوانبار بكات تا ئە كاتەی هەڵاتووە بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ نموونە عەبدولفەلاح سودانی وەزیری پێشووی بازرگانی كە لە گەندەڵییەوە گلابوو دەستەكە نەیتوانی دەستگیری بكات، پێش ئەویش ئەیهەم سامەڕائی وەزیری كارەبا‌و حازم شەعلان وەزیری بەرگری.

نووسینگەی پشكنەرە گشتییەكان كە دەزگایەكی دیكەیە بایەخ بە رێگریكردن لە گەندەڵی دەدات، ئەویش لەدوای ساڵی 2003 وە دامەزراوە، بەڵام ئەویش شكستی هێناوە لە ئەركەكەیدا، چونكە زۆرجار وەزیرەكان‌و بریكارەكانیان دەتوانن ئەو نووسینگانە كۆنترۆڵ بكەن كە لە بنەڕەتدا لە بینای وەزارەتەكاندان.

تەنانەت هەندێك پشكنەریش لە سەودانامەی گەندەڵیەوە گلاون‌و رێگەیان نەداوە دەزگا دادوەری‌و پەرلەمانییەكان لێكۆڵینەوە لە دۆسێكانی گەندەڵی بكەن، بۆ نموونە تێوەگلانی عادل موحسین پشكنەری گشتی وەزارەتی تەندروستی لە سەودانامەی گەندەڵیەوە سەلماوە ئەویش دوای شاردنەوەی چەند دۆسێیەك، دواتریش پەرلەمان ناچار بوو رەوانەی دەستەی نەزاهەی بكات، بەڵام ئەویش هەڵات بۆ دەرەوەی وڵات.

لە 20ی تشرینی دووەمی رابردووشدا دواجار پەرلەمان دەنگی لەسەر پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی نووسینگەكانی پشكنەرە گشتییەكان دا كە ئەوەش دانپێدانانێكی رەسمییە بە شكستهێنانیان لە ئەركەكانیاندا.

لەبەر ئەو هۆكارەش حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران پشتی بە دوو تیمی نێودەوڵەتی بەست بۆ یارمەتیدانی حكومەتەكەی لە ئاشكراكردنی گەندەڵیدا ئەویش دوای ئەوەی شكستی ئەو دەزگایانە سەلما كە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكرابوون، تا ئێستاش زانیاری لەبارەی سروشتی ئەو تیمانە لەبەردەستدا نییە‌و حكومەتیش رازی نییە وردەكاری ئاشكرا بكات، بەڵام زانیارییە دزەپێكراوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە تیمەكان لێكۆڵینەوە لە گرێبەستەكانی دەوڵەت لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا دەكەن‌و ساڵی داهاتووش دەست بەكارەكانیان دەكەن.

بە وتەی پەرلەمانتار حەنان فەتلاوی هەفتەی رابردوو پەرلەمان هەڵمەتی لێپرسینەوەی لە ژمارەیەك وەزیری تۆمەتباركراو بە گەندەڵی دەستپێكرد‌و سەرەتاش بە حەسەن راشد وەزیری پەیوەندییەكان دەستیپێكرد بەبێ ئەوەی ئەنجامی هەبێت، هاوكات پەرلەمانتاران شكستیان هێنا لە لێپرسینەوە لە قاسم فەهداوی وەزیری كارەبا پاش كشانەوەی فراكسیۆنەكەی لە دانیشتنەكەی پەرلەمان، ئەوەش بووە هۆی تێكدانی رێژەی یاسایی ئەندامان، بۆیە كوتلە سیاسییەكان لەڕێی هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ كوتلەكانی دیكە وەزیرەكانیان دەپارێزن یاخود بەتەنیا لەڕێی پەكخستنی لێپرسینەوەكە بەهەر نرخێك بێت.

فەتلاوی بە "نیقاش"ی وت: "دەبووایە لێپرسینەوە لە وەزیری كارەبا بكرایە، بەڵام ئەو فراكسیۆنەی وەزیرەكە سەر بە خۆیەتی "هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان" لەسەر ئەوە رێككەوتن بایكۆتی دانیشتنەكە بكەن تا رێژەی یاسایی تێك بدەن".

بانگەشەی هەڵبژاردن
دیارترین ئەو ئاڵنگاریانەی لە دژایەتیكردنی گەندەڵیدا رووبەڕووی هەوڵەكانی حكومەتی عێراق دەبنەوە، نزیكبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، چونكە بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنە لە گەندەڵی داراییدا چڕ دەبێتەوە نەك جەنگی دژ بە توندڕەوان یاخود دۆسێ سیاسییەكانی دیكە.

چەند مانگێكیشە كوتلە سیاسییەكان كەوتوونەتەخۆ‌و خۆیان بۆ ئەو مەبەستە ئامادە دەكەن، لەم چوارچێوەیەشدا  سەركردەی ئاینی موقتەدا سەدر دەیان ئەندامی بزووتنەوە سیاسییەكەی دەركرد لەبەرئەوەی گەندەڵ بوون، هاوكات حزبی "دەعوە" دەركردنی یەكێك لە ئەندامە دیارەكانی حزبەكەی راگەیاند كە ئەویش سەڵاح عەبدولڕەزاق پارێزگاری پێشووی بەغدا بوو.

سەرەڕای ئەوەش كە زۆرینەی كوتلە سیاسییەكان پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەكانی عەبادی بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی راگەیاندووە، بەڵام ترسی خۆیان نەشاردووەتەوە لەوەی ئەو هەوڵانە تەنیا بانگەشەی هەڵبژاردن بن بۆ خۆی تا ویلایەتێكی دیكە بەدەست بهێنێت، هاوكات چەند حزبێكی دیكە دەستیانكردووە بە هەڕشەكردن لە عەبادی بە هەڵدانەوەی چەند دۆسێیەكی گەندەڵی لەدژی كاتێك وەزیر‌و پەرلەمانتاری پێشوو بوو.

پەرلەمانتار سەڵاح جبوری لە "هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان" بە "نیقاش"ی وت: "ئێمە لەگەڵ بنبڕكردنی گەندەڵیداین، بەڵام لەوە دەترسین ئەم بابەتە بكرێتە بانگەشەی هەڵبژاردن‌و رێگەیەك بۆ خستنی ركابەرەكان‌و شێواندنی ناوبانگیان پێش هەڵبژاردن، دەبێت راوەدوونانی گەندەڵكاران بەپێی رێوشوێنی یاسایی بەڕێوەبچێت كە هەمووان بگرێتەوە".

جبوری وتیشی: "كێشەی گەندەڵی تەنیا لە حكومەت‌و وەزارەتە فیدراڵییەكان‌و تەنانەت لە ئەنجومەنی خۆجێیی پارێزگاكانیشدا نییە، چونكە لە 10 ساڵی رابردوودا پارەیەكی زۆر لەلایەن ئەنجومەنە خۆجێییەكانەوە خەرج كراوە بەبێ ئەوەی پەرەپێدان‌و گەشەسەندن بەدیبهێنێت".

بەڵام ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆمار راشكاوانەتر بوو كاتێك وتی: "قسەكردن لەسەر بنبڕكردنی گەندەڵی گرێدراوە بە تای هەڵبژاردنەوە، هیچ كەسێك بەتەنیا ناتوانێت ئەم ئەركە ئەنجام بدات، هەروەك یەكەم هەنگاوی لەناوبردنی گەندەڵی بریتیە لە وەلانانی بەشبەشكاری سیاسی‌و حزبی".

ئەركی حكومەتی عێراق لە بنبڕكردنی گەندەڵیدا ئاسان نابێت، چونكە زۆرینەی هێزە سیاسیە فەرمانڕەواكان تێوەگلاون، بۆ نموونە بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لە تشرینی دووەمدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەی نەجەف بەهۆی تێوەگلانی لە گەندەڵی، جێبەجێ نەكرا، چونكە ئەنجومەنەكە كە لە حزبەكانی "دەعوە"‌و "بەدر"‌و "رەوتی سەدر"‌و "حیكمە" پێكهاتووە، رازی نییە بەرٍێوەبردنی فڕۆكەخانەكە رادەست بكات لەبەرئەوەی داهاتی فڕۆكەخانەكە دەچێتە خەزێنەی ئەو حزبانەوە.

لە بەرامبەریشدا حزبەكان چەكێك دژی عەبادی بەكاردەهێنن‌و بە تێوەگلان لە سەودانامەی گەندەڵی تۆمەتباری دەكەن ئەو كاتەی وەزیری دارایی بووە لە یەكەم حكومەتی عێراقدا كە لە دوای ساڵی 2003 دامەزرا، ئەمە جگە لە چەند سەودانامەیەكی گەندەڵی وەبەرهێنان كاتێك سەرۆكی لیژنەی ئابووری‌و وەبەرهێنان بووە لە پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2006‌و سەرۆكی لیژنەی دارایی بووە لە پەرلەمان لە ساڵی 2010.