یەکگرتنی ئیسلامییەکانی کوردستان، هەوڵێکی ناواقعیی

کوردستان

15/12/2017‌ 1702 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەلەفی تایبەت: هەورامان فریق. ماستەری کۆمەڵناسی 
ماوەیەکە ناوبەناو باسوخواسی یەکگرتنی هێزە ئیسلامییەکان و بەشداریان بە یەک لیست لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و کۆمەڵێک هەنگاوی دیکە دەبیسترێت. وەک توێژەرێک کە ماوەیەکە کار لەسەر گوتار و شیکردنەوەی رەخنەیی گوتار(critical discourse analyses) دەکەم و توێژینەوەیەکم لەسەر کتێبی ئاینی قوتابخانەکان ئەنجامداوە، پێم باشبوو هەر لەم روانگەیەوە خوێندنەوەیەک بۆ ئەم هەنگا و بەرنامەیە و رەهەندەکانی بخەمەڕوو. 
سەرەتا بە ناساندنێکی سادەی گوتار دەست پێدەکەم. لە شیكردنەوەی گوتاردا - کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی سەردەمی پۆستمۆدێرنیزم و روانینێکی نێوانبەشی(interdisciplinary) بۆ دیاردەو خوێندنەوەی رووداوەکان - بە پێچەوانەی شیكردنەوە كۆنەكان چیدیكە دەست‌وپەنجە تەنیا لەگەڵ رەگەزە نەحوی‌و رێزمانییە پێكهێنەرەكانی رستەدا وەك سەرەكیترین بنەمای شیكردنەوەی واتا، واتە زەمینەی(co-text) نەرم ناكەین، بەڵكو زیاتر لەوە سەروكاریمان لەگەڵ هۆكارەكانی دەرەوەی دەق، واتە زەمینەی دۆخ(context of situation)، زەمینەی كلتوری، كۆمەڵایەتی‌و هیتردا هەیە. کە باسی شیکردنەوەی دەق دەکەین تەنیا گرنگی بە لایەنە زمانییەکەی دەق نادەین. زمان لێرەدا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە. چونکە ئەوە مرۆڤەکانن کە رێک دەکەون چ وشەیەک بۆ چ شتێک بکار بهێنن و چ واتایەکی پێدەدەن. دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم کە شیکردنەوەی گوتار هەوڵی ئەوە دەدات کە بگات بە راستییەکانی پشتپەردەی رووداو و دەقەکان. بۆ گەشتن بە عەدالەت.
تایبەتمەندییەکی دیکەی گوتار ئەوەیەک کە هەم بەرهەمهێنەرە و هەم بەرهەمهاتوو. واتە جۆرێکە لە پرەکتیزی کۆمەڵایەتی کە هەم جیهانی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، هەم دروستکراوی پرەکتیزە کۆمەڵایەتییەکانیترە. واتە جۆرێکە لە کردە کە تاکەکان لە رێگەیەوە دەتوانن جیهانیان بگۆڕن و پێی ببزوێن. هەروەها، گوتار کارکردێکی ئایدیۆلۆجی هەیە. واتە خوڵقاندن و بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات. گوتار مەعریفە و واتاش بەرهەم دەهێنێتەوە. 
یەکێک لەو رێگایانەی کە حزبەکان و دامەزراوەکان لە رێگەیەوە گوتاری خۆیان بۆ جەماوەر و دەسەڵات دەخەنەڕوو، بریتییە لە بەستنی کۆنگرە و دواتر راسپاردەکانی ئەو کۆنگرەیە، کە دواتر دەبێتە پەیڕەو و پرۆگرامی ئەو لایەنە. جیاوازی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان بەدەر لە مێژووی دروستبوون و خەباتیان، بە سەرنجێکی زۆر سادە لە هەندێک هێڵی گشتی و پەیڕەو پرۆگرامیاندا خۆی نمایش دەکات. ئەم رستانە راستە زۆر سادە نووسراون. بەڵام رەهەندگەلی زۆر گرنگمان بۆ روون دەکەنەوە. یەکێک لەو رەهەندانە لە شیکردنەوەی رەخنەیی گوتاردا شتێکە پێی دەوترێ "داللی مەرکەزی"، کە هەموو "نیشانە"و "مەدلول"ەکانیتر بە چاودێری و لە ژێر کاریگەری ئەم دالە مەرکەزییەدا دەبن. ئەو "دالە مەرکەزییە" هەم جیهانبینی، هەم پرەکتیز و کردەی کۆمەڵایەتیش دیاری دەکات. واتە بە کورتی هەموو ئەندامانی حزب دەبێ لە چوارچێوەی ئەم "دالە مەرکەزییەدا" هەڵسوکەوت بکەن. ئێستا بە سەرنجێکی کورتی تەنیا یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی پەیڕەو و پرۆگرامی هەر دوو حزبی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی، جیاوازی گوتار، جیهانبینی هەر دوو لامان بۆ دەردەکەوێت. ئەم جیاوازییە وەک دەزانین جیاوازی پرەکتیزی گوتاری و پرەکتیزی کۆمەڵایەتیشی لێدەکەوێتەوە. 
کۆمەڵی ئیسلامی بەمجۆرە پێناسەی خۆی دەکات: " پارتێكی ئیسلامییە بۆ پیادەكردنی بەرنامەی ئیسلام لە كوردستان و عێراق و چەسپاندنی مافە رەواكانی گەلی كوردستان تێدەكۆشێت ". هەروەها "پایەندە بە بنەما نەگۆڕەكانی ئیسلام. لەبەر رۆشنایی تێگەشتنی زانایانی رابردوو و هاوچەرخ".
یەکگرتووی ئیسلامیش ئاوا پێناسەی خۆی دەکات:" یەكگرتوو حزبێكی ئیسڵاحی نیشتمانییە تێدەكۆشێت لە پێناو بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی گەشەسەندوو دەسەڵاتێكی عادیلانە". و پابەندە بەها ئیسلامییەكان و بەها مرۆییە چەسپاوەكان سەرچاوەی كاری سیاسین. و لە خاڵێکیتردا دەنووسێت "مێژووی ئیسلام و كلتوری ئیسلامیی، ئەزموونی مرۆیی سنوردارن بەكات و شوێنی خۆیان، سودلێوەرگرتنیان بەندە بەرادەی گونجاوی و وەڵامدانەوەیان بۆ پێوستیی و پێشهاتەكانی سەردەم، بەگوێرەی تێگەشتنی (مقاصد)یانە بۆ ئیسلام."
وەک دیار ئێمە لە هەردوو گوتارەکەدا دوو "داللی مەرکەزی"مان هەیە. یەکێکان "دەسەڵات "و ئەویتر"بنەماکان(اصول)". نیشانەکان و مەدلوولەکانی گوتاری یەکەم بریتین لەمانە"پارتێکی ئیسلامی"، "کۆمەڵگەی ئیسلامی"، "دەسەڵاتی ئیسلامی"،"گەڕانەوە بۆ سەلەف"و"بنەمای نەگۆڕ". لە گوتاری دووەمدا کە گوتاری یەکگرتووە ئەم نیشانە و مەدلوولانە بەدی دەکرێن. "حزبی ئیسڵاحی نیشتیمانی"، "کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندوو"،"دەسەڵاتی عادیلانە"،"بەها مرۆییە چەسپاوەکان"،"بنەمای گۆڕاو و سەردەمیانە". 

لە وتارێکی ئاوا کورتدا ئەستەمە بکرێ هەموو نیشانەکان یەکبەیەک لە سێ قۆناغی"توصیف"،"تفسیر"و"تبیین" دا روون بکەمەوە. بەڵام روونە کە رەنگە لە رووی پرەکتیزی گوتاری و کۆمەڵایەتییەوە ئەم دوو حزبە هەندێک  لەیەکەوە نزیک بن وکۆنتێکستەکەیان واتە زەمینە کۆمەڵایەتی، سیاسی، مەعریفییەکە، رێگە بە زەقبوون و تۆخبوونی جیاوازییەکە نەدات، بەڵام لە رووی گوتارەوە جیاوازییەکی ئاسمان و رێسمان لە نێوانیاندا هەیە. کۆمەڵی ئیسلامی لە رووی دەسەڵاتەوە، بۆ دەسەڵاتێکی ئیسلامی و شەرعی کە حوکمی خودایە هەوڵ دەدات. حزبێکی ئیسلامییە و کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی بە کۆمەڵگەی ئایدیالی خۆی دەناسێنێت. بنەما شەرعییەکانی لای کۆمەڵی ئیسلامی چەسپاون و نەگۆڕ. دەبێ بۆ هەر حوکمێک بگەڕێینەوە بۆ سەلەف و رابردوو. دەکرێ سوود لە رای زانایانی هاوچەرخیش وەربگرین. دەسەڵات لای کۆمەڵی ئیسلامی دەسەڵاتێکی ئیسلامییە. ئەمجۆرە لە گوتار و جیهانبینی زیاتر گوتارێکە کە لە گوتاری سەلەفییەوە نزیکە. 
گوتاری یەکگرتووی ئیسلامی، گوتارێکی جیاوازە. "داللی مەرکەزی" دەسەڵات لە گوتاری یەکگرتووی ئیسلامیدا دەسەڵاتێکی عادیلانەیە. ئیتر پێوەری دەسەڵات دەسەڵاتێکی ئیسلامی نییە و هەوڵیش بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ئیسلام لە ئارادا نییە. بنەماو بەهاکان لە گوتاری ئەم حزبەدا بنەمای چەسپاون بەڵام نەک تەنیا چەسپاو لە روانگەی ئیسلامەوە، بەڵکو داننانە بەو بنەما چەسپاوانەی کە گڵۆباڵن و لە سەر ئاستی جیهان ناسێنراون. نیشانەیەکی گرنگی دیکە گۆڕانی بنەماکانی ئیسلامە، بە گوێرەی سەردەم و قۆناغی تێگەشتن. واتە بنەما شەرعییەکان لە بە گوێرەی کات و شوێن و مقاصد گۆڕانکاری بەسەردا دێت. 
قسەی من لەم بابەتەدا قسەکردن لەسەر باش و خراپی و لایەنە نێگەتڤ و پۆزەتیڤەکانی ئەم حزبانە و جیاوازیکردن نییە لە نێوانیاندا. قسەی من لەسەر ئەوەیە کە ئەم دوو حزبە کە ناوبەناو بانگەشەی گرنگیی یەکگرتنیان و یەکریزی نێوانیان دەکەن، دەبێ ئاگاداری ئەوەش بن کە ئێستا زۆرزووە بۆ ئەو تەحەدایانە. ئەوان دەبێ سەرەتا لە جیاوازی گوتارەکانیان باش تێبگەن. چونکە گوتار تەنیا کۆمەڵێک رستە نییە کە لە رێگەی زمانەوە دەردەبڕرێن. زمان کردەی کۆمەڵایەتی و پرەکتیزی کۆمەڵایەتیشی لێدەکەوێتەوە. پەیوەندی گوتار و ئایدیۆلۆجیا و دەسەڵات حاشاهەڵنەگرە. وەک ئەم چەن مانگە بە جوانی رەنگی دایەوە لە نێو پرەکتیزی ئەم دوو حزبەدا. بە بۆچوونی من لە جیاتی ئەوە باشتر وایە بیر لەوە بکەنەوە کە سەردەمی ئێسا سەردەمی قەیرانی راڤەیە. راڤەیەکی دروست و سەدەمیانە بۆ دەقەکان. ئیسلام و ئیسلامییەکان ئێستا لە گەورەترین قەیرانی راڤەدان. ئەو جیاوازییەی کە لە نێوان گوتار و پرەکتیزی گوتاری و تەنانەت رەفتاری کۆمەڵایەتی نێوان ئیسلامییەکان خۆیاندا هەیە، هێندە نییە کە لە نێوان و ئەوان و حزبەکانیتردا هەیانە. 
               

نووسینی :هەورامان فریق. ماستەری کۆمەڵناسی 

بەپەلە