شارپرێس: نیقاش پرۆسەی ئاوادەنكردنەوەی بەشێكی گرنگی موسڵ لەسەر پشتی كیسەڵ بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەند ناوچەیەكی دیكە خێرا سەر پێی خۆیان دەكەونەوە. وەك ئەوەی بەناو مەیتخانەدا بڕۆین، لەگەڵ نزیكبوونەوەمان لەتەپوتۆزێكی چڕ كە لە دەروازەی كۆڵانێكی تەسكی پێچاوپێچ بەرزدەبوەوە، دەمو لوتمان هەڵبەست، شۆفڵو ئامێرەكانی هەڵكەندن بێدەنگ نەدەبوون، لە چەند كۆڵانێكی نزیكی دیكەشدا بێدەنگییەكە كوشندە بوو، بۆنی ناخۆشیش لوتی پڕ دەكرد. ساڵح عوبەیدی كە یەكێكە لە بەشداربووانی هەڵمەتی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی "باب سەرای" بردینیە ئەو شوێنەی گەورەترین بازاڕی موسڵ لە بەری خۆرئاوای تێدا نۆژەن دەكرایەوە كە زۆرترین زیانی لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی لەناوبردنی داعش پێگەیشتووە. ئەم گەنجە بەتوانا ساكارەكانی بانگەشە بۆ پرۆسەكانی كۆكردنەوەی پاشماوە دەكات كە خەڵكی بازاڕەكە - وەك خۆی ناویان دەهێنێت - ئەنجامی دەدەن، ئەویش دوای نائومێدبوونیان لە ئەگەری هەنگاونانی حكومەتی فیدراڵی بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە كە بەردەوام بەرپرسان لە بەغداو نەینەوا باسی دەكەن. بەڵێندەر رەزوان عەبدولحافز بەدەم تۆماركردنی ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی لە ناوچەكە دەڕۆیشتن وتی: "نزیكەی 3000 تۆن پاشماوە لەو بازاڕە بازرگانیە لابراوە كە بەر لە جەنگ جمەی دەهات لە خەڵك. 50 بارهەڵگری گەورە رۆژانە داروپەردووی ئەو بینایانە دەگوازنەوە كە سەدان ساڵە لەسەر شێوازی تەقلیدی(گەچو بەرد) دروستكراون ". پێنج مانگ بەسەر ئازادكردنی تەواوی شاری كۆندا تێپەڕیوە، تەنیا مانگێك بەر لە ئێستا رێگامان پێدرا بچینە ناو بازاڕەكەوە، ناوچەیەكی سەربازی قەدەغەكراوبوو لە هاووڵاتیان، مۆڵەتی چوونەژوورەوەمان لە لێپرسراوانی هێزە عێراقییەكان وەرگرتو ئەوەتا هەڵمەتەكە جێبەجێ دەكەن، بە دەنگێكی ناڕازیشەوە دەڵێت: "پێستمان بە نینۆكمان دەخورێنین". هەندێك لەو فرۆشیارە بچووكانەی ساڵانێكی دوورودرێژیان لە بازاڕەكەدا بە بانگەواز بۆ كاڵاكانیان بەسەربردووە، ئێستا بوونەتە كرێكار بە كرێیەكی كەم، خاكەناسو پیكی گەورەیان هەڵگرتووە، هەندێكی دیكەشیان پاشماوەكان دەگەڕێن پێش هەڵدانەوەیان بۆ رزگاركردنی پاشماوەی ئەو كەلوپەلانەی تێكەڵ بە بەردو ئاسن بوون. ئەحمەد مونعیم بەدەم دەرهێنانی راخەرێك لەنێو داروپەردووەكەدا وتی:"ئەمە مامەڵەی نازدارێكی لەگەڵ دەكرا، بە دیواردا هەڵماندەواسیو رۆژانە پاكژمان دەكردەوە بەرلەوەی بخرێتەڕوو بۆ فرۆشتن". موزەری نانەوا رێكخەری هەڵمەتەكە دەڵێت: "ئەوەی لەو شارە ئەنجام دەدرێت هەوڵێكی خۆبەخشانەیەو لەلایەن خەڵكەكەوە پشتیوانی دارایی دەكرێت، هەر خاوەن دوكانێك 20 دۆلار دەدات، هەندێك لە خاوەن موڵكەكانیش بەبڕێك پارە بەشداری دەكەن". ئەو كە شانازی بەوەوە دەكات پیشەكەی لەو بازاڕەدا لە باپیرانیەوە بۆ ماوەتەوە، دەڵێت: "ئێرە دڵی موسڵە، باب سەرای یەكێكە لەو كۆمەڵە بازاڕە دراوسێیەی سەدان ساڵە ناوەندی بازرگانی سەرەكی شارەكە پێكدەهێننو تەنیا خۆی نزیكەی 2000 دوكانی بچووكو بە تەنیشت یەكەوەی تێدایە". لەبەرامبەر ئەو كارە خێرایەدا دەنگە نائومێدەكان كز بوون، زۆرێك لە خەڵكی بازاڕەكە دێن بۆ گواستنەوەی كاڵا رزگاربووەكانیان، گوێمان لە هەندێكیان بوو دەیانوت: "بە هەزار ساڵی دیكە بازاڕەكە ناگەڕێتەوە"، ئێستاش دوای تێپەڕبوونی حەوت هەفتە لە كاركردن ئەوە یەكلابووەتەوە كە دڵی شارەكە سەرلەنوێ دەبوژێتەوە. ئەو لە كاتێكدا بەگەشتێك بردینیە چەند كۆڵانێكی نۆژەنكراوە وتی: "بەم نزیكانە هەموو بازاڕەكە بەم شێوەیەی لێدێت، چەند ئاپارتمانێكی خاپووركراویش هەن سەرلەنوێ بنیات دەنرێنەوەو بە خێراییش تەواو دەكرێن". بۆنی مەرگ كاتێك گەشتەكەمان تەواوكرد، چووینە شەقامێكی بەرین بەراورد بەو كۆڵانە بەرتەسكانەی چوار سەعاتمان تێدا بەسەربردن، ئەوە سنووری جیاكەرەوەی نێوان دوو ناوچەی كۆنی دراوسێیە كە یەكێكیان بازرگانییەو ئەوی دیكەش نیشتەجێ. بۆنێكی زۆر ناخۆشمان كرد، ساڵح عوبەیدی یاوەرمان بە چرپە وتی: "ئەوە بۆنی مەرگە لەو خانووانەوە دێت كە بەسەر نیشتەجێكانیاندا رووخاوە". پیاوێكی بەتەمەن بانگی كردین: "وەرن وێنەبگرن". لێی نزیك بووینەوە، خەریكبوو دەرگای دوكانەكەی دەكردەوە كە لەنێو هەردوو دەستە لەرزۆكەكەیدا شكابوو "كاڵاكان بەتەواوی بوونەتە خەڵوز، پەنجا ساڵە من لێرە كاردەكەم، ماندووبوونی تەمەنم هەمووی رۆی" فرمێسكەكان قوڕگیان گرتبوو، ئیتر دەستی بە گریان كرد. لەبەردەم دوكانی بەخەڵوزبووی ئەو كوتاڵشفرۆوە پۆل پۆل رێبواران دەهاتنو دەچوون بۆ ناوچەی نیشتەجێی شاری كۆن، یەكێك گۆڕی ئەندامێكی خێزانەكەی یاخود خزمێكی هەڵدەدایەوە، كە پێشتر لە ژوورێكی خانووەكە یان لە باخچەكەدا لەكاتی جەنگدا نێژرابوو، ئێستاش كاتی ئەوەیە روفاتەكانی بگوازێتەوە بۆ گۆڕستان. یەكێكی دیكەش لە سەردانێكی خێرای بۆ خانووەكەی دەگەڕایەوە كە هەندێك شتی سادەی هەڵگرتبوو، چووینە سەرڕێی پیاوێكو هاوسەركەی ئەو كاتە لە گەڕەكی مەیدان گەڕابوونەوە كە خانووەكەیانی لێیەو بەتەواوی وێران كراوە. دەمامكەكەی لە لوتی كردەوەو وتی: "وێرانكارییەكی تەواوە، تەنیا ئەمەمان بۆ ماوەتەوە" ئاماژەی بۆ ئەو سێ گونیە كرد كە لەسەر سەریان هەڵیان گرتبوونو بە جلوبەرگو پێڵاوو قاپوقاچاخ ئاخنرابوون. هیچ هەوڵێك لە ئارادا نییە بۆ گێڕانەوەی ژیان بۆ گەڕەكە نیشتەجێكانی شاری كۆن، هەندێك لە دانیشتووان دەگەڕێنەوە بۆ چاككردنی دەرگای خانووەكانیانو لابردنی پاشماوەكانو پاشان دەڕۆن، تا ئێستا رێگەیان پێنادرێت لەو خانووانەدا بژین، خانووی بۆمبڕێژكراو هەیەو بۆمبو موشەكیش هەن پوچەڵ نەكراونەتەوە. یەكێك لە ئەندامانی پۆلیس كە لەو ناوچەدا وەستاوە دەڵێت: "هیچ هەفتەیەك بەبێ تەقینەوەی شتێك تێناپەڕێت، دوو رۆژ لەمەوبەر دوو گەنج كوژران كاتێك چووبوونە خانووەكەیان لە گەڕەكە كۆنەكان". عەبدولسەتار حەبو بەڕێوەبەری شارەوانی موسڵ بە "نیقاش"ی وت: "بارەكە قورسە، رێژەی وێرانكارییەكە زۆر گەورەیە، 11500 خانوو لە شاری كۆن وێران بوون". ئەو ژمارەیەش نزیكە لە دوایین مەزەندی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە كۆتایی تشرینی دووەمدا دەریكردووەو باس لە بوونی نزیكەی 7600 بینای وێران بوو دەكات. هەروەها قەبارەی ئەو پاشماوانەش كە لەناوچەكەدان بە 3500 ملیۆن مەتر سێجا مەزەندە دەكرێن كە تا ئێستا شارەوانی 1250 ملیۆن مەتر سێجای لێ لابردووە. حەبور بە دەنگێكی رەشبینانەوە بەردەوام دەبێتو دەڵێت: "تا ئێستا هیچ پارەیەك بۆ دەستپێكردنی ئاوەدانكردنەوە تەرخان نەكراوە" هەروەها ئاماژە بۆ پردە ئاسنینەكە دەكاتو دەڵێت: "وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنو شارەوانییەكان ئەم پردە نۆژەندەكاتەوە، ئومێد دەكرێت دوای دوو مانگ بكەوێتەوە گەڕ، هەوڵەكانیش بۆ چاككردنەوەی بەشێكی پردێكی دیكەش لەئارادان". تا پردەكان بە هەموو توانایانەوە نەخرێنەوە گەڕ، نە جموجوڵی بازرگانی دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕەكەو نە ژیانیش دەگەڕێتەوە بۆ گەڕەكە نیشتەجێكانی ناوچەی شاری كۆن، نەك وەك ئەوەی لە پردی پێنجەم روویدا كە پینەكرا یان تەنانەت ئەوەی لە پردی سەرئاوكەوتوو كرا كە بەشێوەیەكی كاتی دانراوە. رۆژان دەڕۆنو حكومەتی فیدراڵی تائێستاش ئاوەدانكردنەوەی موسڵ پشتگوێ دەخات، بەڵام كەسانێك هەن باوەڕیان وایە حكومەت هەموو ئاوەدانكردنەوەیەك لە شاری كۆنو ژێرخانەكاندا دوادەخات تا بەستنی كۆنگرەی دەوڵەتانی كۆمەكبەخش كە بڕیارە لە مانگی شوباتی داهاتوو لە كوەیت بەڕێوەبچێت. كۆتاڵفرۆشە بەتەمەنەكە چاوەڕوانی ئەو كۆنگرەیە ناكاتو وەك خۆی بەدەم سڕینی فرمێسكەكانیەوە دووپاتی كردەوە "سەرلەنوێ دوكانەكەی دەكاتەوە"، بەڵام كەس ناتوانێت پردو نەخۆشخانەو خوێندنگەكانو ناوەندەكانی دیكە بنیات بنێتەوە.