سیستەمی سیاسی نوێی تورکیا؛ لە سەرۆکایەتییەوە بۆ ستەمکاری

مەلەفی تایبەت

18/12/2017‌ 1361 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سیستەمی سیاسی نوێی تورکیا؛  لە سەرۆکایەتییەوە بۆ ستەمکاری

ئامادەکردن: هاوکار ڕەفیق
بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکان
  
پێشەکی 
گۆڕینی سیستەمی سیاسی تورکیا، لە پێناو دیموکراسی زیاتر و خزمەتی زیاتردا نەبوو. بە پێچەوانەوە لە پێناو لادانی زیاتربەە لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی دیموکراسی، چونکە ئەو تایبەتمەندیانەی لە سیستەمی پەرلەمانیدا  بوونیان هەبوو، زیاتر لە سیستەمی سەرۆکایەتی، دیموکراسی و حکومڕانی باشیان بەرجەستە دەکرد. بۆیە دەتوانین لەم توێژینچەیەدا گریمانەی ئەوە بکەین، کە گۆڕانی سیستەمی سیاسی تورکیا، بە مەبەستی زیادکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، (یان ڕاسترە بڵێن زیادکردن و درێژکردنەوەی تەمەنی سەرۆکە)، لەبەرامبەر دەسەلاتی یاسادانان، بۆ ئەوەی بێ لێپرسینەوە و چاودێری، دەسەلاتەکانی مومارەسەبکات، و لەم ڕێگەشەوە سیاسەتە کەسیەکانی خۆی، بهێنێتەدی. وەک ئەوەی ئیستا لەژێر سایەی باری نائاساییدا، سنوری دەسەڵاتەکانی تا بەرزترین ئاست، واڵاکردووە. بە دڵنیایەوە لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا، سەرۆک سیستەم لە بەرژەوەندی کەسی خۆی بەکار دەهێنێت، تا لە دەرئەنجامدا سیستەمی سیاسی لە ڕێڕەوی دیموکراسی خۆیی بەرەو ستەمکاری و حوکمی تاکڕەوی لابدات. 
 تورکیا لە نێوان سیستەمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیدا
دەوڵەتی(تورکیا)، هەتا ڕێکەوتی 16/4/2017، سیستەمی پەرلەمانی پیادە دەکرد. بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنی ڕیفراندۆمی دەستوری، بە ڕێژەی (51.40%)، دەنگی بەڵێ و (58.6%)ی دەنگی نەخێر، بۆ هەموارکردنی هەژدە مادەی دەستور(1). ئیتر لەم بەروارە بەدواوە سیستەمی سەرۆکایەتی شوێنی سیستەمی پەرلەمانی دەگرێتەوە، هەرچەندە تورکیا لە سەردەمی سیستەمی پەرلەمانیشدا، بە کرداری سیستەمێکی حکومڕانی خراپی داپڵۆسێنەری پیادەکردووە، بەتەواوی سیستەمی پەرلەمانی جێبەجێ نەبووە. هەر لەبەر ئەمە، بە بڕوای زۆرێک ریفراندۆمی دەستوری، تەنیا بۆ شەرعییەتدانە، بە ویستە دەسەڵاتخوازییەکانی ئەردۆگان. بەسروشت (کودەتای سەربازی) دەگمەنە لە سیستەمی پەرلەمانیدا، بەڵام لە (تورکیا) لە (15/7/2016) ئەمکردەیە نزیک بووەوە لە ڕوودان، ئەمەش نیشانەی لەرزۆکی سیستەمە سیاسیەکەی بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی دەسەڵات لە دەستی یەککەسدا نەبوو، و سیستەمیش پەرلەمانی بوو سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا(2)، ئەمەش نیشانەی ناسەقامگیری سیاسی و بەلاڕیدابردنی سیستەمە لە داهاتوودا، بەشێوەیەک لە پێشووتردا وێنەی نەبووبێت. بەدەر لەوە مافی کەمینەکان و پێکهاتەی کورد و بنەمای دیموکراسی و سەقاگیری سیاسی لەم دەوڵەتەدا هەمیشە لەژێر پرسیاردابووە، ئەم پێکهاتەیەی باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا(مەبەست کوردەکانە)، بەهەموو شێوەیەک کەوتۆتە بەرپەرچدانەوەیان و کپکردن و پەراوێزخستنی مافەکانیان(3). پرسیارە جەوهەرییەکە لیرەدا ئەوەیە، لە سیستەمێکی پەرلەمانیدا ئەم ناڕێکیە زۆروزەبەندە هەبووبێت، دەبێت لە سیستەمی سەرۆکایەتیدا،  بگەن بەکوێ. 
نەمانی بەربەست و لێپرسینەوە لەبەردەم ئەردۆگاندا
 وێڕای ئەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا(مەبەست ئەردۆگانە)، لە سیستەمی پەرلەمانیشدا بە واقیعی بەرجەستەکەری زۆر سیاسەت بووە و کاریگەری کارای هەبووە، لە کاتێکدا دەبوو ئەو تەنیا ڕەمزی ناوبژیوانی و  نەتەوەیی بووایە. هەموو ئەم لادانانەش نەبوونی گرەنتی دەستوری و یاسایی و دادوەرییە لەم وڵاتەدا. هەر بۆیە لە پێناو ڕەواییدان بەم سەرکووتکارییەی پارتی (داد و گەشە پێدان)،  هەوڵەکانی سەرکەوتووبوون بۆ شەرعیەتپێدان بە سیستەمە دڵخوازەکەی. هەربۆیە گۆڕینی سیستەمی سیاسی وڵات لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی، خەونێکبوو هاتەدی(4). لەمەشەوە ژینگەی لە باری ڕەخساند، بۆ هەڵئاوسان و قەبەکردنی دەسەڵاتی جێیەجێکردن و سەربەخۆکردنی لە بەرامبەر دەسەڵاتی یاساداناندا، چونکە لە هەموو حاڵەتاکاندا، سیستەمی پەرلەمانی باشتر و شایستەترە بۆ ئاستەنگدانان لەبەردەم دەسەڵاتی جێبەجێکردندا. بۆیە لەم دەستورە نوێیەدا هێڵکارییەکی تاکڕەوییانە، لەبەرژەوەندی تەنیا کەسێکدا،(مەبەست لە ئەردۆگانە)نەخشێنرا. کە لەزۆرباردا لە حاڵەتی پێشووتر جیاوازتربوو، چونکە دەسەڵات و پلانە تاکڕەوییەکان بەهێزی یاسا شەرعییەتیان پێدرا و دەسەڵاتی خۆی سەپاند بەسەر دەسەڵاتی یاساداندا.(5)، لە دوای کودەتای تەموزی ٢٠١٦شەوە، باری نائاسایی ڕاگەیاند و زیاتر لە دووجار ماوەکەی درێژکردەوە، لەژێر پەردەی ئەم یاسایەشدا، پێشێلکاری و زیادەڕەوی نەما نەیکات. بە بیانویی نائارامی و توندوتیژی، هەڕەشەی تیرۆر، مەترسی بۆسەر دیموکراسیەت و گەڕانەوەی خۆشگوزەرانی، کە لە واقیعدا هیچ یەکێک لەمانە بەو شێوەیە لە ئارادا نەبوون، کە ئەردۆگان لە پێناو فروانکردنی دەسەلاتی خۆیدا باسی لێوە دەکرد.
  لە سیستەمی نوێی تورکیادا چەند ئاماژەیەک هەیە بۆ ئەوەی سیستەم بەرەو ستەمکاری بڕوات:
یەکەم: زۆرینەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، لەدەستی یەک کەسدا  دەبێت. چونکە سەرۆک کۆمار پۆستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی وڵات، لە دەستی خۆیدا کۆدەکاتەوە و پۆستی سەرۆک وەزیران بوونی نامێنێت.
دووەم: سیستەمی فرەپارتی بوونی نابێت، بەجۆرێک تەنیا یەک پارت کۆی جومگەکانی دەسەڵات دەگرێتە دەست. دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش بەرهەمی پارتی زۆرینەیە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە کۆی جومگە هەستیارەکانی دەسەڵاتی (جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری)، لە ژێر هەیمەنە و دەسەڵاتی یەک پارتی دەسەڵاتدارە، کە ئەویش (ئەکەپە)یە.
سێهەم: لێکجیاکردنەوەی تەواو هەیە لە نێوان دەسەڵاتی (یاسادادان، جێبەجێکردن و دادوەری). سەرباری ئەوەی لە نێوان دەسەڵاتی (یاسادانان و جێبەجێکردن) جیاکاری ڕەها هەیە، ئەمەش واتای ئەوەیە پەرلەمان و حکومەت دەستوەردان ناکەنە کاری یەکتر، چونکە گەل دەتوانێت هەڵیانبژێرێت. 
چوارەم: هەڵوەشاندنەوەی دادگا سەربازییەکان و تەحویلکردنی(ناردنی) دۆسیە سەربازییەکان، بۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی کەسی، ئەمەش یەکێکە لە خاڵە بنەڕەتییەکانی هەمواری دەستوری تورکیا. سەربای ئەوەی سەرۆککۆماری دەبێتە فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکان و دەسەڵاتی دامەزراندن و دیاریکردنی سەرجەم پلەدارەکانی سوپا و دەزگای هەواڵگری دەبێت.
پێنجەم: دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کە تەنیا لە دەستی یەککەسدا کۆدەبێتەوە، زاڵدەستە بەسەر دەسەلاتی دادەوەریدا، بەمەش دادگا لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاساییەکانی شکست دەهێنێت، چونکە سەرۆک دەسەڵاتی ئەوەی هەیە نێوەی ئەندامانی هەریەکە لە (دادگای دەستوری و کارگێڕی، ئەنجومەنی باڵای دادوەری، داواکاری گشتی و گەورە  فەرمبەرانی دەوڵەت، نیوەکەی تریش پەرلەمان دەستنیشانیان دەکات.
شەشەم: سەرۆککۆماری دەبێتە فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکان و دەسەڵاتی دامەزراندن و دیاریکردنی سەرجەم پلەدارەکانی سوپا و دەزگای هەواڵگری هەیە.
حەوتەم: لەم سیستەمەدا پێچەوانەی پێشووتر، ئامرازەکانی لێپرسینەوە و متمانەدان بە حکومەت بوونی نیە، بۆ ئەوەی حکومەت کارەکانی پەکنەخرێت، تەنانەت  دەستوری نوێ مافی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی بە سەرۆک کۆمار بەخشیوە.
هەشتەم:زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان، لە پارتەکەی سەرۆک کۆمار دەبن، بۆیە لێپرسینەوە و پەلکێشکردنی سەرۆک کۆمار بۆ بەردەم پەرلەمان کارێکی نەکردەیە. ئەمە لە کاتێکدا ئەم کارە پێوستی بە دەنگی  3/5ی ئەندامانی پەرلەمان هەیە. لێسەندنەوەی متمانەش لە سەرۆک کۆمار 400 دەنگی پەلەمانی پێویستە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی ئەندام پەلەمانەکان، لە لایەنگرانی سەرۆکۆماران بۆیە ئەمە هەرگیز ڕوونادات.
نۆیەم: هاوڵاتیان خۆیان سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرن هەر ئەویش، پیادەکەری دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، بەم شێوەیە لەبری ئەوەی لەبەردەم پەرلەمان بەرپرسیار بێت، لەبەدەم گەل بەرپرسیارە. سەرباری ئەوەی سەرۆککۆمار دەسەڵاتی پێکهێنانی حکومەت و دیاریکردنی وەزیرەکانی هەیە. هاوکات دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان وەزیران و جێگرانی سەرۆکۆمار لە پۆستەکانیان دوربخاتەوە. 
دەیەم: گۆڕین سیستەمی سیاسی تورکیا، لە بەرژەوەندی تەنیا کەسێکدایە، ئەویش ئەردۆگانە، کە بە پێی دەستوری نوێی وڵات و گۆرانی سیستەمی سیاسی بۆ سەرۆکایەتی، دەیەوێت هەتا (2029)، سەرۆکی وڵات بێت. چونکە بەپێی دەستوری نوێ، ماوەی خولی سەرۆکایەتی دەبێتە پێنج ساڵ، ئەمەش تاکڕەوی کەسێتیەکی توندی وەک ئەردۆگان زیاتر دەردەخات. (11-6)
دوو بۆچوونی پێچەوانە، سەبارەت بە گۆڕانکاری سیستەمی سیاسی تورکیا
بەم شێوەیە لایەنگرانی سیستمی سەرۆکایەتی،(یان ڕاسترە بڵێن لایەنگرانی ئاکپارتی و ئەردۆگان)، پییان وایە، ئەم گۆڕانکاریانە پێویستن بۆ کاراکردنەوەی دامودەزگاکانی دەوڵەت و پێشخستنی تورکیا، وگەڕانەوەی قەڵەمڕەویی پێشووی تورکیا لە ناوچەکە، هاوکات پیێان وایە دەسەڵاتی فراوانی سەرۆک و سروشتی سیستەمی سەرۆکایەتی، ئەم ئەرکە گرنگە دەهێنێتەدی. نەیارانیشی دەڵێن بەو گۆڕانکاریانە تورکیا بەرەو دیکتاتۆریەت و فاشیزم دەبات، چونکە ده‌ستوری‌ نوێ‌ ده‌سه‌ڵاتێکی‌ نائاسایی‌ به‌ ئه‌ردۆغان ده‌دات. له‌ڕوی‌ یاسادانان و جێبه‌جێکردنیش، ده‌سپێکی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان و بڕیاری‌ حاڵه‌تی‌ نائاسایی‌ و جه‌نگ و ئاشتیه‌و دیاریکردنی‌ وه‌زیره‌کان و سه‌رۆکی‌ زانکۆ و تا دامه‌زراندنی‌ نیوه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ دادگای‌ ده‌ستوری‌ و ئیداری‌ و ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ دادوه‌ری و داواکاره‌ گشتیه‌کانیش، هه‌روه‌ک نیوه‌ی‌ دیکه‌یان له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌بێت که‌ داد و گه‌شه‌پێدان پێکهاته‌یه‌کی‌ گه‌وره‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌بێت، به‌ سه‌رۆکایه‌تی‌ ئه‌ردۆغان، واته‌ زۆرینه‌. به‌و مانایه‌ی‌ ئه‌ردۆغان نیوه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ دادگای‌ پارێزگاری‌ له‌ ده‌ستور و سه‌رپه‌رشتیکردنی‌ جیاکردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌کان داده‌مه‌زرێنێت. هه‌موو ئه‌مانه‌ بڕیاری‌ سه‌رۆک کۆمار ده‌بن به‌شێوه‌یه‌کی‌ راسته‌وخۆ و، دامه‌زراندنی‌ نیوه‌که‌ی‌ تریان به‌ شێوه‌ی‌ ناڕاسته‌وخۆ.(12)
کۆتایی دیموکراسیەت لە تورکیا
  (سونر چاغاپتای) بەڕێوەبەری پرۆژەی توێژینەوەی تورکی، لە پەیمانگای واشنتۆن و نوسەری کتێبی (سوڵتانی نوێ: ئەردۆغان و تەنگژە هاوچەرخەکانی تورکیا - The New Sultan: Erdogan and the Crisis of Modern Turkey). لە نوسینێکیدا، چەندین ئاماژەی خستۆتەڕوو کە سەلمێنەری ئەوەن دیموکراسیەت لە تورکیا کۆتایی پێهاتووە. لێرەدا بە کورتی گرنگتین ئاماژەکان دەخینەڕوو (تورکیا دژی خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان بووە، دەزگاکانی ڕاگەیاندن سنوربەندکراون، ئەندامانی پارتی گەلی کۆماری و دیموکراتی گەلان دەچەوسێنەوە،  پارتی دادوگەشەپێدان و خۆسەپێنی و ستەمکاری بە شێوەی پلەبەندی دەسەپێنێ،  ئەردۆگان وەک سوڵتانی نوێ بە دەسەڵات و هێزێکی زۆرەوە خۆی نمایش دەکات، گرتنی لایەنگرانی  ئۆپۆزسیۆن و توێژەران و ڕۆژنامەنوسان و سەرجەمی ئەوانەی بە نەیاری ئاکپارتی دەناسرێن، سەرکەوتنی ریفراندۆمی دەستوری دەسەڵاتێکی زیاتری داوە بە ئەردۆگان بۆ زاڵبوون بەسەر دادگا و پەرلەمان و سوپا،  ئەردۆگان لە ڕێگەی ریفراندمەوە تەمەنی مانەوەی درێژتر کردەوە و بەزۆر خۆی دەسەپێنێت، ئەردۆگان و خێزانەکەی بە گەندەلی و بەهەدەردانی سامانی وڵات تاوانبارن، گۆڕانی سیتسەمی سیاسی تورکیا لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی، باری نائاسایی بۆ کۆتکردنی ئازادی تاکەکانی کۆمەڵگەیە، ئاکپارتی کودەتا شکستخواردووەکەی قۆستەوە بۆ فراوانکردنی دەسەلاتەکانی، دامودەزگاکانی دەوڵەتی لە ئەندامانی بزوتنەوەی خزمەت پاککردەوە، بە هەزاران کەسی لە چەپڕە و لیبرال و کوردەکان  دەستگیرکرد، نزیکەی 40هەزار کەسی لە تەموزی 2016ەوە هەتا ئێستا زیندانی کردووە،   کۆمەڵگە بۆ چەندین جەمسەری جیاواز و دژبەیەک دابەشکراوە و بۆنی جەنگی ناوخۆیی لێدەکرێت!، کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی دەسەڵات لە لایەن ئەردۆگانەوە وێرای سیفەتێکی شەخسی لە پیادەکردنی سیاسەتیدا،  ناکۆکییەکانی لەگەڵ پێکهاتەکانی تورکیا و جەنگی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر ناوخۆ لە لایەک لەسەر ئاستی دەرەکیش لە سوریا لە لایەکی ترەوە، زیادبوونی قەیرانە جۆربەجۆرەکان، بارگرژی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و روسیا و ئیران و رژێمی ئەسەد. (13-14)
بەم شێویە دەبینین ناوەندییەتی ئەردۆگان و زیادەڕوویەکانی لە خۆسەپاندن و داپڵسینی نەیارەکانی، وای کردووە سەرجەمی بنەماکانی دیموکراسی لە تورکیادا بکرێتە قوربانی، سیاسەتە کەسیەکانی خۆی و پارتەکەی، بەجۆرێک دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەتیش بوون بە ڕۆبۆتێکی ئاراستکرو بە دەست ئەردۆگانەوە، بەشێکی دیکەشی کۆمەڵگەش کە هەدەپە و پارتی ئۆپۆزسیۆن ئاراستەی دەکات، دژی سیاسەت و هەنگاوەکانی ئەردۆگانن، بەڵام نەیانتوانییوە ڕێگەبگرن لە ستەمکاری ئەردۆگان، بەڵکو بوونەتە قوربانی یەکەمی سیاسەتەکانی. (15-20)

 دەرئەنجام
 یەکەم: زۆر جار لادان و ستەمکاری سەرکردەکان بە چەشنێکە، سیستەمی پەرلەمانیش ناتوانێت ڕێگریان لێبکات، بەڵام بەم حاڵەشەوە لە سیستەمی سەرۆکایەتی باشترە، چونکە هەنگاوەکانی ستەمکاری و تاکڕەوی لە دەوڵەتانی دواکەوتوشدا لە سیستەمی پەرلەمانیدا مەودایان کەمترە، بەراورد بە سیستەمی سەرۆکایەتی. بەم شێوەیە سیستەمی حکومڕانی گەر(خراپ)یش بێت، باشترە لەوەی لە سیستەمی سەرۆکایەتیدا (خراپتر) بێت.
 دووەم: لەدوای ڕیفراندۆمی دەستوری تورکیاوە، سیستەمی سەرۆکایەتی شوێنی سیستەمی پەرلەمانی دەگرێتەوە. هەرچەندە تورکیا لە سەردەمی سیستەمی پەرلەمانیشدا، بە کرداری سیستەمێکی حکومڕانی خراپی داپڵۆسێنەری پیادەکردووە، بە چەشنێک هیچ کاتێک سیستەمێکی تەواوی پەرلەمانی جێبەجێنەکردووە، بەڵام گۆڕینی بۆ سیستەمی سەرۆکایەتیش بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەربەستەکانی دەسەڵاتی یاسادانان بووە، بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە. بەمەش ئەگەر پێشوتر حکومڕانی تورکیا لە ئاستی (خراپ)دا بووبێت، ئەوە لە داهاتوودا بەرەو ئاستی (خراپتر)هەنگاو دەنێت.
 سێهەم: سیستەمی سەرۆکایەتی، ناتوانێت لە دەرەوەی لانەی خۆی کە(ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا)یە، حکومڕانی باش بەرجەستەبکات. لە دوای ئەمریکاوە زۆرینەی ئەو دەوڵەتانەی پراکتیزەیانکردووە، گەیشتوون بە حکومڕانیەکی ستەمکار و تاکڕەو،( وڵاتانی ئەمریکای لاتین، ئەفغانستان، یەمەن، سوریا، زیمبابۆی و غانا) چەند نمونەیەکن لەو دەوڵەتانە. پێدەچێت ئایندە و داهاتووی سیستەمی سەرۆکایەتی تورکیاش، هاوشێوەی ئەو دەوڵەتانە بەرهەمهێنی حکومڕانیەکی خراپ و تاکڕەو بێت.
 چوارەم: ئەگەر وردببینەوە دەبینین سیستەمی سەرۆکایەتی تورکیا، لەزۆر ڕووەوە  لە سیستەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا ناچێت، ڕۆڵی دەسەڵاتی جێبەجێکردن تێیدا یەکجار فراوان و بێ بەربەستە. ئەمە وێڕای نەبوونی دەسەڵاتی دادوەری کارا و پەرلەمانێکی لایەنگر و لاوازی دەزگاکانی لێپرسینەوە و کپکردنی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکان، دیسانەوە دەبنە دەرهاویشتەی حکومڕانیەکی خراپ و ستەمکار، لە هەناوی ئەم سیستەمە نوێیەوە.
پێنجەم: بەدڵنیایەوە، داهاتووی سیستەمی سیاسی تورکیا، بەرەو تاکڕەوی ستەمکاری دەڕوات و ئاسۆکانی دیموکراسی و پێکەوژیان، دەکەونە ژێر هەڕەشەی لە ناوچوونەوە. چونکە سروشتی دەوڵەتی تورکیا و پێکهاتە جیاوازەکانی، وادەخوازێت سیستەمی پەرلەمانی تێدا باڵادەست بێت،چونکە دیموکراسیەت و دەزگا هەمەچەشنەکانی لێپرسینەوە، سەربەخۆنین لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا. هەر لەبەر ئەمە سیستەمی پەرلەمانی گرنگە، بۆ ئەوەی سەقامگیری سیاسی و دیموکراسی زیاتر و بەشداری سەرجەم لایەنەکان لە دەرکردنی بڕیاردا بێتەدی. 
شەشەم: کوده‌تا شکستخواردوه‌که‌ی ساڵی پار له‌تورکیا، له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته‌ هه‌وێنی ئاشتیی ‌و دیموکراسی و پێکه‌وه‌ژیانی گه‌لانی تورکی او سه‌قامگیرکردنی حوکمی دیموکراسیی ‌و ئازادی سیاسیی زیاتر، که‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بوه‌ مایه‌ی نه‌گبه‌تی و نه‌هامه‌تی گه‌وره‌ بۆ گه‌لانی تورکیا، سه‌ره‌تای دامه‌رزاندنی حوکمێکی دیکتاتۆری گه‌وره‌ی له‌م ولاته‌دا دانا.
حەوتەم: حکومەتی تورکیا لە 20/7/2016و پێنج ڕۆژ دوای کودەتاکە، پشت بەست بە مادەی 120ی دەستوری تورکیا، باری نائاسایی ڕاگەیاند، لەو وادەوە هەتا ئێستا،  باری نائاسایی لە تورکیا  بەردەوامە، کۆتاجار لە ساڵیادی کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیادا، پەرلەمانی تورکیا جارێکی تر باری نائاسایی بۆ سێ مانگی تر درێژکردەوە. 
هەشتەم: باری نائاسایی لە تورکیا، لە ماوەی زیاتر ساڵێکدا، ئامارەکانی گرتن و لەکارخستن و دادگاییکردن و پاکتاوکردنی دامەزراوەکان و کپکردنی ئازادییە جیاوازەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەڵکشاندایە. بە جۆرێک هەتا ئێستا، بەهەزاران سەرباز و پۆلیس و دادوەر و کارمەندی حکومی و  کەسانی ئەکادیمی، دەستگیرکراون، یان لە کارەکانیان دورخراونەتەوە. هەموو ئەمانەش بەلاڕێدابردنی سیستەمی سیاسی وڵاتە، نیشانەی تاکڕەوی ستەمکاریین. 


لیستی سەرچاوەکان:
(1) قرا‌وه‌ فی نتائج استفتا‌و تركیا: أصوات المناگق والقومیات واڵاحزاب، التاریخ الزیاره‌ 28/4/2017. https://www.alaraby.co.uk/politics/2017/4/17/%D9%86%D8%AA%D8%A7%D8%A6%D8%AC-%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D9%81%D8%AA%D8%A7%D8%A1-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B9%D8%AF%D9%8A%D9%84%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D9%88%D8%B1%D9%8A%D8%A9-%D9%81%D9%8A-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7
(2) انقلاب تركیا: من كان یقف ورا‌و محاوله‌ الانقلاب العسكری؟، بی بی سی العربیه‌، التاریخ الزیاره‌ 10/2/2017.http://www.bbc.com/arabic/worldnews/2016/07/160717_who_was_behind_turkey_coup_attempt
(3) بۆزیاتر ئاشنابوون به‌ دۆسیه‌ی كورد له‌ باشوری رۆژهه‌ڵاتی توركیا، بڕوانه‌ له‌: فیلب روبنس، تركیا والشرق اڵاوسگ، ترجمه‌ میخائیل نجم خوری، دار قرگبه‌، 1993، ص39-50.
(4) سعید الحاج، اقرار النڤام الرئاسی بتركیا ... الدلالات و خریگه‌ الگریق، تاریخ الزیاره‌ 23/4/2017.http://www.aljazeera.net/knowledgegate/opinions/2017/4/17/%D8%A5%D9%82%D8%B1%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D9%86%D8%B8%D8%A7%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%B1%D8%A6%D8%A7%D8%B3%D9%8A-%D8%A8%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%84%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AA-%D9%88%D8%AE%D8%B1%D9%8A%D8%B7%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D8%B1%D9%8A%D9%82
(5) خورشید دلی، تركیا والانتقال ای النڤام الرئاسی، الجزیره‌، تاریخ الزیاره‌ 20/4/2017. http://www.aljazeera.net/knowledgegate/opinions/2015/2/3/%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%86%D8%AA%D9%82%D8%A7%D9%84-%D8%A5%D9%84%D9%89-%D8%A7%D9%84%D9%86%D8%B8%D8%A7%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%B1%D8%A6%D8%A7%D8%B3%D9%8A
لەنوسینی ئەم بڕگەیەدا سودمان لە چەندین سەرچاوەی جیاواز بینی، بەم شێوەیە:
(6) گرنگرین گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان لە هەمواری دەستوری تورکیادا، پێگەی NRT، بەرواری سەردانکردن ١٧/٤/٢٠١٧. http://www.nrttv.com/Details.aspx?Jimare=68292
 (7)سعید الحاج، استفتا‌و النڤام الرئاسی فی تركیا: السیاق والمواد والتوقعات، تاریخ الزیاره‌18/10/2017.
https://www.egyptwindow.net/Report/34062/default.aspx
 (8)أهم التعدیلات الدستوریه‌ الممهده‌ للنڤام الرئاسی فی تركیا، موقع تركیا بوست.
 http://www.turkey-post.net/p-184457/، 
 (9)خورشید دلی، تركیا والانتقال ای النڤام الرئاسی، الجزیره‌،مصدر سابقز
 (10)لماژا یصرّ أردوغان علی نڤام رئاسی؟، التاریخ الزیاره‌11/10/2017.
https://assafir.com/Article/217/519830
_(11) النڤام الرئاسی الجدید .. حصن منیع لتحقیق أهداف تركیا 2023، التاریخ الزیاره‌20/11/2017.
http://www.newturkpost.com/13897#s
(12) بژارەدەی حکومڕانی باش لە نێوان سیستەمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیدا و سیستەمی سیاسی تورکیا بە نمونە، توێژینەوەی زانستی، ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان،گۆڤاری جۆرناڵ، لا١٢٤-١٢٦.
 بۆ بینینی نوسینەکانی (سونر چاغاپتای) لە سەرچاوەی 13 و 14بڕانە:
(13)Soner Cagaptay, One Year on from the Failed Coup, Recep Tayyip Erdogan Is More Autocratic than Ever, Washington institute.
http://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/view/one-year-on-from-the-failed-coup-recep-tayyip-erdogan-is-more-autocratic-th
(14)Soner Cagaptay, The Death of Democracy in Turkey, Washington institute.
http://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/view/the-death-of-democracy-in-turkey
(15)  بۆ ئاشنابوونی زیاتر دەربارەی دۆخی نادیموکراسی و باری نائاسایی ئێسیتای تورکیا  لەم سەرچاوەیە بڕوانن:-
Policy analysis: turkey,  Washington institute(16)
http://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/topic/turkey#categories=63
(17)الگوارئ بتركیا.. مسوغات "التگهیر" وهواجس الحریات، موقع الجزیره‌، تاریخ الزیاره‌ 10/10/2017.
http://www.aljazeera.net/news/reportsandinterviews/2016/7/23/%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A6-%D8%A8%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%85%D8%B3%D9%88%D8%BA%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B7%D9%87%D9%8A%D8%B1-%D9%88%D9%87%D9%88%D8%A7%D8%AC%D8%B3-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D9%8A%D8%A7%D8%AA
(18)Turkish government extends state of emergency rule for another 3 months, .reuters.
http://www.reuters.com/article/us-turkey-security-emergency- 
(19)الانصات المرکزی(نافژتك علی الحدپ و التگورات وسجلك لتوپیف المواقف و البیانات ) .العدد. 6693.  16-7-2017، فایل PDF، تالی موقع عربی PUK midea
(20)هاوکار ڕەفیق،  باری نائاسایی لە تورکیا: هەڕەشەیەک بۆ سەر ئازادییە مەدەنی و سیاسیەکان،توێژینەوەی زانستی، ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان، 23/08/2017، لەم لینکەوە خوێنەری بن:
http://kurdistanc.com/Political/details.aspx?jimare=1229