گەردەلوولی گەنجان‌و ئیرادەی باش لەكوردستاندا

مەلەفی تایبەت

21/12/2017‌ 712 جار خوێندراوه‌ته‌وه

نووسینی: د. سەڵاح عەزیز
وەرگێڕانی: كنێر عەبدوڵڵا
لە مانگی 9ی ئەمساڵەوە روداوەكان لە كوردستاندا بە هەنگاوی خێرادا گوزەر دەكەن، وه ‌لە كۆتایی روداوەكاندا نەزانراوە كە كێ زەرەرمەندو كێ سەركەوتوو دەبێت.  

لەڕێی خۆپیشاندانەكانەوە گەنجان ناڕەزایی خۆیان سەبارەت بە سستەمی كارگێڕی و ئابوری و سیاسی لە كوردستاندا دەربڕی؛ كە لە رۆژی 18/12/2017 دەستیپێكردو تا ئەم ساتەوەختەش بەردەوامییەتی هەیە. كاردانەوەی دەسەڵاتداران بووەهۆی كوشتنی شەش كەس و برینداربوونی زیاد لە حەفتا كەس لە خۆپیشاندەران.  ئەوەی پێویست بوو گەنجان ئەنجامیاندا و بۆ گوزارشتكردن لە توڕەبوونیان قوربانیان بەخۆیاندا. لەكاتێكدا چاوەڕوانی خاوەن ئیرادە باشەكانن سەركردایەتی ئەو گەردەلوولە بگەیەننە‌ وێستگەی ئارام؛ چونكە ئەلتەرناتیفی ئەوە ئیستغلالكردنی گەردەلولەكەیە لەلایەن كۆمەڵە و كەسانێكەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجگەلێك كە هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەوەی بەدیدەكرێت.

ماوەی ساڵانێكی زۆر  بەرگریم  له نوسین  كرد لە بواری كاروباری گشتیدا لە روانگەی وەزیفەكەمەوە وەك سەرۆك زانكۆیەك و ئارەزووكردنم لە سەركەوتنی ئەزمونێكی نوێی ئەكادیمی لە كوردستاندا كە هیوایەكی نوێ بۆ نەوەی تازە بەرهەم بهێنێ، نەوەیەك پشت بە زانین و بەها ببەستێت. ئەوانەی نزیكن لێمەوە رادەی قورسایی هێنانەدی هەر ئامانجێكی جوامێرانە دەزانن لە كۆمەڵگەكەماندا لە روانگەی هەوڵی  كەسانی خراپ بۆ زاڵبوون بەسەریدا یان بەمەبەستی سەرنەكەوتنی. 

جارێكی تر لە مانگی 9 ی ئەمساڵەوە دەستم بەنوسین كردەوە لە روانگەی هەستكردنمەوە بەوەی هەوڵە ئەكادیمییەكانم خۆبەزلنەزانینانەیە‌ بە بەراوورد بە بەرەنگاربونەوە گەورەكانی رووبەڕووی كۆمەڵگەكەمان دەبێتەوە و لە هەمان كاتدا روداو و هێما ‌گەلێك هەن ئاماژە بە هاتنه ‌ئاراوەی داڕمانێكی گەورە دەكات، لە گەیشتنم بە ئەنجامدا پشتم بە راستییەكی زانستی بەست كە بریتییە لە داڕمانی كۆ‌مەڵگە. ئەو كاتەی یاسا سروشتییەكانی حوكمی دەكات  روو لە داڕمان دەكات . پێشنیار‌م كرد كە سوود لە پشتیوانی خەڵك وەربگیرێت بۆ سەركردە سیاسییەكان لەكاتی راپرسیدا؛ بەمەبەستی بونیادنانی ئیرادەیەكی نیشتمانی بۆ بونیادی رۆشنبیرییەكی نوێ؛ بەمەبەستی زامنكردنی داهاتوویەكی  باشتر بۆ گەنجان لەو روانگەیەی كە  زەرەرمەندی گەو‌رەن لەم واقعە خراپ و خەمبارەدا، بەڵام بەداخەوە ئامۆژگارییەكان بێسوود بوون و خۆپیشاندانەكان لە زوربەی ناوچەكانی كوردستاندا سەریهەڵدا. 

سەرەتای نوسینم سەبارەت بە چۆنێتی چارەسەری ئەو واقعە خراپە لە كۆمەڵگەكەماندا چوار بنەما یان كۆڵەكەم دانا بۆ بونیادی رۆشنبیرییەكی نوێ؛ وێڕای ئەوەی لە ناخەوە ئومێدم خواست كە كۆمەڵێك بەناوی خەڵكانی باشەوە پلانڕێژەری بن؛ بەمەبەستی بونیادنانی داهاتوویەكی باش بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو. ئەو كۆڵەكانە بریتی بوون لە ؛ بەدەستهێنانی زانین، زامنكردنی دادپەروەری، بونیادنانی بەها و بەكارهێنانی هێزی گەنجان.  كە لە وتاری جیاجیادا بەدرێژیی باسم لەهەریەك لەو كۆڵەكانە كردووە . 

داواكارم لە خەڵكانی باش لەهەر یەكەیەكی كارگێڕیدا كار لەسەر سستەمێكی نوێ بكەن؛ لەڕێی سەركردایەتیكردنی خەڵكەوە و ڕێگریكردنی خەڵكانی خراپ لە ئیستغلاكردنی توڕەیی خەڵك بۆ هێنانەدی دەستكەوتی گەورەتر یان هەڵهاتن. هەر وەك چۆن لەسەر گەنجانیش پێویستە  جیاكەرەوە بكەن لە نێوان خەڵكانی باش و خراپدا و كار لەگەڵ خەڵكە باشەكان بكەن و بەدوور بن لە خەڵكانی‌ خراپ.
 
دەكرێت خەڵكانی باش بناسن؛ لەڕێی ئاشنابونیان بە مێژوەكانیان لە رووی نیشتمانپەروەرێتییەوە و كەسایەتییە ناسراوەكانیان لە رووی دەستپاكیی و خزمەتكردنیان بە خەڵكەوە. وه ‌دەكرێت گەنجان هێماكانی خەڵكانی خراپ بناسن بەوەی خاوەن كەسایەتی سەرنەكەوتوون و نەزانانە و بێ بەرپرسیارانە  كار لە پۆستی حكومیدا دەكەن، وە ئەوانەن‌ كە پۆستەكانیان بەكاردەهێنن  لەپێناو سوود و بەرژەوەندی كەسایەتییاندا، هەروەها ئەو بازرگانانەن كە دزینیان لە میللەت كردووە و هێماكانی حكومەتیان بەكارهێناوە بۆ گەیشتن بە دەوڵەمەندی، و ئەوانەن چەپڵە لێ دەدەن و پاساو دەهێننەوە و پشتگیری سستەمی خراپ و گەندەڵ دەكەن.

كوردستان بە بارودۆخی قورسدا تێدەپەڕێت؛ هەندێكی دەرئەنجامی هێزە جێبەجێكەرەكانن لەرووی ناوخۆییەوە و هەندێكی تریان دەرئەنجامی دەستێوەردانی  هێزە دەرەكییەكانە. دەشێت هێزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان گەردەلوولی گەنجان بەكاربهێنن  بۆ بەرژەوەندییەكانیان  گەر سەركردە ناوخۆییەكان  نەبنە جێی متمانەی  گەنجان بۆ بونیادنانی سستەمێكی نوێ كە ئامانجەكەی بریتی بێت لە بونیادی سستەمێكی كۆمەڵایەتی و كارگێڕی و ئابوری كە كەرامەتی هاوڵاتی و سەروەری دادپەروەری  و بەهاكان لە كۆمەڵدا زامن بكات؛  ئەوەش بە گۆڕینی ناوەكان و حزبەكان نایەتە دی؛ بەڵكو  بە پەسەندكردنی كۆڵەكە سەرەكییەكانی سستەمێكی تازە دەبێت .