لەهەرێمی كوردستان باڵادەست‌و لەدەرەوە پەنابەر
كۆچی‌ ئەمجارە بەرپرس‌و پەرلەمانتارو رۆژنامەنووسانی‌ گرتووەتەوە

sharpress.net

9357 جار خوێندراوه‌ته‌وه

22/12/2017‌

شارپرێس: نیقاش
جێهێشتنی‌ كوردستان‌و داواكردنی‌ مافی‌ پەنابەرییەتی‌ تەنیا بەخەڵكی‌ ئاساییەوە نەوەستاوە، بەڵكو چەندین بەرپرس‌و پەرلەمانتارو كەسانی‌ باڵادەست ژێر بەژێر كوردستانیان جێهێشتووە.

زۆربەی‌ هەرە زۆری‌ ئەو بەرپرسانەی‌ لەكوردستان دەستیان دەڕوات، خاوەنی‌ رەگەزنامەی‌ وڵاتێكی‌ دیكەن‌و ساڵانە زیاد لەجارێك بۆ كات بەسەربردن، یاخود راپەڕاندنی‌ كاروبار كوردستان جێدەهێڵن، ئەوانەشی‌ تەنیا رەگەزنامەی‌ عێراقیان هەیە، لەوە دەچێت بیر لەوە بكەنەوە پێش خەڵكە ئاساییەكە كوردستان جێبهێڵن.

ماوەی‌ رابردوو میدیا كوردییەكان ناوی‌ چەند بەرپرسێكی‌ باڵای‌ هەرێمیان بڵاوكردەوە، كە دەیانەوێت لەرێی‌ پارەوە مافی‌ مانەوە لەچەند وڵاتێكی‌ ئەوروپی‌ دەستبەر بكەن، هەرچەندە "نیقاش" راست‌و دروستی‌ ئەو زانیاریانەی‌ بۆ پشتڕاست نەكرایەوە، بەڵام ئەوەی‌ زانیوە، كە چەند پەرلەمانتارێك‌و ژمارەیەك لەكەسوكاری‌ بەرپرسەكان روویان لەوڵاتانی‌ ئەمەریكاو كەنەدا كردووە بۆ ئەوەی‌ داوای‌ مافی‌ پەنابەرییەتی‌ بكەن.

گۆران ئازاد، پەرلەمانتارێكی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بوو لەم خولەی‌ پەرلەماندا، بۆ ساڵێك دەچێت كوردستانی‌ جێهێشتووەو زانیارییەكان باس لەوە دەكەن لەوڵاتی‌ كەنەدا لەگەڵ خێزانەكەی‌ داوای‌ مافی‌ پەنابەرێتییان كردووە.

دوای چەند مانگێك بەسەر ئامادەنەبوونی لەدانیشتنەكانی پەرلەمان، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ئاڕاستەی فراكسیۆنەكەی كردووە، لەوبارەیەوە دلێر ماوەتی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بە"نیقاش"ی وت "ئەو پەرلەمانتارە منداڵێكی هەیە، كە باری تەندروستی جێگیر نییە،‌ بۆیە چووەتە دەرەوەی وڵات‌و دەستلەكاركێشانەوەی داوەتە فراكسیۆنەكەیان".

سیروان زەهاویی راوێژكاری‌ سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و پەرلەمانتاری‌ پێشووی‌ كورد لەبەغدا یەكێكی‌ ترە لەو كەسانەی‌ كوردستانی‌ جێهێشتووە، ماوەیەكیش بەرلەوەی‌ بڕوات لەئەكاونتی‌ خۆی‌ لەفەیسبووك نوسیبووی‌، كە هەڕەشە لەسەر گیانی‌ هەیە خۆی‌ خێزانەكەی‌ هەیە، دوای‌ ئەوەی‌ سەرۆكی‌ حكومەت بۆ رووبەرووبوونەوەی‌ گەندەڵییەكانی‌ كەرتی‌ تەندروستی‌ لیژنەیەكی‌ پێ سپاردبوو.

بۆ دەستكەوتنی‌ زانیاری‌ زیاتر پەیامێری‌ "نیقاش" لەرێی‌ ماسنجەری‌ فەیسبووكەوە نامەی‌ لەگەڵ سیروان زەهاوی گۆڕیەوە، سەرەڕای‌ جەخت كردنەوەی‌ لەوەی‌ كوردستانی‌ جێهێشتووە، بەڵام ئامادەنەبوو هۆكاری‌ جێهێشتنەكەی‌و وردەكاری‌ زیاتر باس بكات.

جاران زۆربەی‌ ئەوانەی‌ لەكوردستان كۆچیان دەكرد كەسانی‌ ئاسایی‌ بوون كە لەبەر خراپی‌ گوزەران یان بوونی‌ مەترسی‌ دەڕۆیشتن، زۆربەی‌ ئەوانە بەشێوەیەكی‌ فەرمی‌ دەچوونە توركیاو لەوێوە بەڕێی‌ قاچاغ خۆیان دەگەیاندە وڵاتانی‌ ئەوروپا، بەڵام جیاوازی‌ كۆچی‌ كەسە ناسراوەكان ئەوەیە زۆربەیان بەفەرمی‌ فیزای‌ ئەمەریكا وەردەگرن‌و لەوێوە دەچنە كەنەدا داوای‌ مافی‌ پەنابەرێتی‌ دەكەن.

هەر لەماوەی‌ چەند مانگی‌ رابردوودا چەند رۆژنامەنووسێك پاش ئەوەی‌ بەگەشتێكی‌ رەسمی‌ بەناوی‌ كاری‌ رۆژنامەنووسییەوە گەیشتنە ئەمەریكا، بەقاچاغ خۆیان گەیاندووەتە ئەمەریكاو داوای‌ مافی‌ پەنابەرێتیان كردووە.

لەرێی‌ ماسنجەری‌ فەیسبووكەوە، پەیامنێری‌ "نیقاش" قسەی‌ لەگەڵ یەكێك لەو رۆژنامەنووسانە كرد كە لەحیزبێكی‌ كوردیش كاردەكات، ئەوەی‌ پشت راستكردەوە، كە لەكەنەدا داوای‌ مافی‌ پەنابەرێتیان كردووە، بەڵام ئامادەنەبوو زانیاری‌ زیاتر بدات.

وانەبێ‌ ئەم شەپۆلە تەنیا بەرپرس‌و پەرلەمانتارەكانی‌ گرتبێتەوە، بەڵكو زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە كەسوكاری‌ زۆرێك لەو بەرپرسانە لەوڵاتانی‌ ئەوروپاو ئەمەریكا داوای‌ مافی‌ پەنابەرێتیان كردووە.

ئاری جەلال، كە فیدراسیۆنێكی‌ پێكهێناوەو زانیاری‌ لەسەر ئەو كەسانە كۆدەكاتەوە كە عێراق‌و كوردستان جێدێڵن بەناوی‌ "فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق" بۆ "نیقاش"ی‌ باسكرد كە داتای‌ وردیان لەبەردەستدا نییە لەبارەی‌ ئەو بەرپرسانەی‌ لەوڵاتانی‌ دەرەوە داوای‌ مافی‌ پەنابەرێتیان كردووە، بەڵام ئاگادارن كە كەسوكاری‌ چەندین بەرپرس كوردستانیان جێهێشتووە.

ئاری‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "لەلایەن چەندین بەرپرسان‌و كوڕو كچەكانیانەوە داوامان لێكراوە پشتگیریی‌و رێنماییان بكەین بۆ چۆنێتی داواكردنی مافی پەنابەرێتی بەشێوەیەكی یاسایی‌و مسۆگركردنی وەرگرتنی ئەو مافە".

وتیشی‌ "بەپێی‌ ئەو زانیاریانەی‌ ئێمە كۆمانكردووەتەوە لەسەرەتای‌ ساڵی‌ 2017ەوە تا ئێستا زیاتر لەسێسەد هەزار هاوڵاتی‌ لەهەرێمی‌ كوردستان‌و عێراقەوە داوای‌ مافی‌ پەنابەرێتیان لەوڵاتانی‌ دیكە كردووە".

ئەوەی‌ بەلای‌ خەڵكی‌ كوردستانەوە سەیرە كۆچكردنی‌ بەرپرس‌و پەرلەمانتارەكانە، چونكە ئەوان لەچاوی‌ خەڵكی‌ دیكە لەگوزەرانێكی‌ زۆر باشدان، ئەمە جگە لەوەی‌ خەڵكی‌ لەدەست ئەوان هەڵدێت، بەڵام نازانرێ‌ ئەوان لەدەست چی‌ هەڵدێن.

رەنگبێ‌ رۆیشتنی‌ بەرپرس‌و پەرلەمانتار هیچ شتێكی‌ ئەوتۆ نەگۆڕێت، بەڵام ئەوەی‌ بووەتە مەترسی‌ رۆیشتنی‌ خاوەن پیشەو بڕوانامەكانن، بەتایبەتی‌ پزیشك‌و كادیرانی‌ تەندروستی‌.

د. خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ئەوەی بۆ "نیقاش" ئاشكرا كرد، لە ساڵانی 2014 بۆ 2017 دا  (1759) پزیشك‌و دەرمانسازو پزیشكی ددان بە شێوەی مۆڵەتی درێژخایەن‌و دابڕان‌و خانەنشین‌و دەستلەكاركێشانەوە لەخزمەتكردن دابڕاون، بەشێكی زۆر لەو ژمارەیەش چوونەتە دەرەوەی وڵات.

وتەبێژەكەی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، خراپی بارودۆخی ئابووریی‌و قەیرانی دارایی‌و ناسەقامگیری بەهۆكاری چوونە دەرەوەی پزیشك‌و كارمەندانی وەزارەتەكەی زانی‌و وتی‌ "چوونە دەرەوەی پزیشك‌و كارمەندانی ‌ وەزارەتەكەمان كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی توانای مرۆیی هەبووە".

بە بەراورد بەبەردەوامی‌ ئەو بارودۆخە خراپە، پێدەچێت كۆچی‌ خەڵكی‌ هەر درێژە بكێشێت‌و خەڵكی‌ كوردستان لەدەرفەتێك بگەڕێن بۆ ئەوەی‌ لەوڵاتێكی‌ دیكە داوای‌ مافی‌ مانەوە بكەن.

ئاری جەلال سەرپەرشتیاری‌ گشتی‌ فیدراسیۆنی‌ پەنابەرانی‌ عێراق وتی‌ "زانیاریمان لایە زۆرێك لەخێزانەكان چاوەڕوانی هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ ئاسمانییەن‌ كە لەسەر هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانییە، لەگەڵ دەستپێكردنەوە گەشتە نێودەوڵەتیەكاندا، لێشاوی چوونە دەرەوەش دەستپێدەكاتەوە".







ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved