ئەگەری لەگۆڕنانی مادەی 140..
ئەو مادەیەی بەمردوویی لەدایكبوو جێبەجێكردنی بووەتە ئەستەم

کوردستان

28/12/2017‌ 2451 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تانیا عەبدولواحید
ئەگەری لەگۆڕنانی مادەی 140 دەستووری عێراق هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی جێبەجێكردنی مادەكە لەسەر ئەرزی واقیع بووەتە ئەستەم.

مادەی 140 دەستووری عێراق، تایبەتە بەناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و عێراق، زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر دەرچوونی مادەكە تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا جێبەجێنەكراوەو جێبەجێكردنیشی بەئەستەم‌و مەحاڵ دەزانرێت.

فراكسیۆنە كوردستانییەكانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەو دۆخەی ئێستا بۆ ئەو ناوچانەی مادەی 140 دروستبووە، جێبەجێكردنی مادەكە زیاتر لەمەحاڵ نزیكدەكاتەوە، بەشێوەیەك ئەگەری لەگۆڕنانی مادەكەش دەكەن.

موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕوایوایە مادەی 140ی دەستووری عێراق هەر لەبنەڕەتەوە وادانراوە بۆ ئەوەی جێبەجێنەكرێت، كە لەو بارەوە دەڵێت: "دەبوو كورد فشاری زیاتری بكردایە بۆ ئەوەی مادەكە جێبەجێبكرێت".

موسەنا ئەمین، بۆ شارپرێس، پێشیوایە سەركردایەتی كورد ئەوەندەی "خەمی پارەو دەسەڵاتیان هەیە، ئەوەندە لەخەمی چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردییە كێشە لەسەرەكان نین، بۆیە جێبەجێكردنی ئەو مادەیە بووەتە ئەستەم".

بەشێكی تر هۆكارەكانی جێبەجێنەكردنی مادەی 140 بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، كە سەركردایەتی كورد لەماوەی 10 ساڵی رابردوو، هێندەی هەوڵی ئەوەیان داوە داهاتی نەوت‌و بودجەی زیاتر بەدەست بهێنن، چارەكی ئەوە هەوڵی ئەوەیان نەداوە، كە كار بۆ جێبەجێكردنی مادەكە بكەن.

لەو بارەوە ئەحمەد حاجی رەشید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی پەرلەمانی عێراق بۆ شارپرێس دەڵێت: دەسەڵاتی كوردی لەماوەی ڕابردوودا هێندەی هەوڵەكانی بۆ بەدەست هێنانی "لایەنە مادییەكان بووە هێندە بیری لەلای چارەسەركردنی كێشەی خاك نەبووە، لەكاتێكدا بەدرێژایی مێژوو كێشەی كورد لەگەڵ حوكمەتە یەك لەدوای یەكەكان لەسەر خاك بووە نەوەك مادە، هەروەها پێشیوایە لەئێستادا بەهۆی گوڕانی هاوكێشە سیاسییە سەربازییەكان مادەی 140 جێبەجێكردنی ئەستەمە".

جگە لەو لایەنانەی، كە دەسەڵاتیان لەهەرێم كەمە، تەنانەت لایەنە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمیش هاوڕان لەوەی سەركردایەتی كورد كاری بۆ جێبەجێنەكردنی مادەی 140 نەكردووە.

شاخەوان عەبدوڵڵا سەندامی پەرلەمانی عێراق، لەفراكسیۆنی پارتی دیموكرات، كە پارتەكەی دەسەڵاتی سیاسی‌و سەربازی‌و ئابووری‌و ئەمنی هەرێمی كوردستانی بەدەستە نایشارێتەوە لەساڵانی ڕابردوو ئێستاشی لەگەڵ بێت كورد هەوڵەكانی بۆ جێبەجێكردنی ئەو مادەیە نەبووە.

شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ شارپرێس دەڵێت: "تەنانەت سەركردایەتی كورد پاشەكشەی لەپرسەی سیاسی عێراق بۆ پارەو بودجە كردووە، بەڵام بۆ مادەی 140 ئەوەیان نەكردووە".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت: "هەمیشە حكومەتی فیدراڵی عێراق بەمەبەست بیانووی جیاجیای خستووەتە بەردەم جێبەجێكردنی مادەی 140‌و سەركردایەتی سیاسی كوردیش هیچ كاردانەوەیەكی نەبووە".

هەروەها رێبوار، پەرلەمانتاری یەكێتی، كە پارتەكەی یەكێكە لەپارتە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم بەهەمان شێوە پێیوایە كورد لەماوەی رابردوو هێندە هەنگاوی جدی ناوە بۆ مەلەفی نەوت‌و بابەتە داراییەكان هێندە هەنگاوی نەناوە بۆ پرسی جێبەجێكردنی مادەی 140.

رێبوار تەها بۆ شارپرێس ئاماژە بەوەش دەكات جێبەجێكردنی ئەو مادەیە بەتەنیا بەئەندامانی پەرلەمان ناكرێت، بەڵكو ڕێكەوتنی سیاسی پێویستە، بەڵام رەتیدەكاتەوە ئەو مادەیە مردبێت‌و دەڵێت: "نەمردووەو هەر بەزیندوویی لەناو دەستووری عێراقی دەمێنێتەوە".

كورد جگە لەوەی كەمتەرخەم بوو لەجێبەجێكردنی مادەی 140، تەنانەت لەساڵی 2014 بۆ ساڵی 2017 دەسەڵاتی تەواوی ناوچە كێشە لەسەرەكانی كەوتە دەست، بەڵام لەو ماوەیەش هیچ هەنگاوێكی نەنا، بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

كاوە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ شارپرێس دەڵێت: "ئیدارەنەدانی كركوك‌و ناوچەكانی تر بەشێوەیەك باش لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە هۆكارێكی تر بوون بۆ جێبەجێنەكردنی مادەكە".

ئەو ئەندام پەرلەمانە دەشڵێت: "ئەگەر بێتوو لەهەرێمی كوردستان‌و كركوك كورد نموونەیەكی جوانی لەئیدارەدان پێشكەش بكردایە، ئیستا خەڵكی ئەو ناوچانە پەرۆشی ئەوە دەبوون بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان.

كاوە محەمەد ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی‌و رووداوەكانی دوای ئەو پرۆسەیە، بەتایبەتی رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر بەهۆكارێكی تر دەزانێت، بۆ ئەوەی مادەی 140 وەك رابردوو جێبەجێنەكرێت.

هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی رابردوو ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا، كە ئەوە كاردانەوەی زۆری عێراقی بەدواوە هات‌و لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو هێرشی كردە سەر ئەو ناوچە كێشە لەسەرانەو تەواوی ناوچەكانی كۆنتڕۆڵكردەوە.

بەكۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانە لەلایەن عێراقەوە، ئێستا هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی سەربازی‌و ئیداری ئەو ناوچانەی لەدەست داوەو هەموو ئاماژەكانیش بۆ ئەوە دەچن، دوای ئەو لەدەستدانە، مادەی 140 وەك مرەكەبی سەر كاغەز بمێنێتەوەو جێبەجێنەكرێت.

 

هاوكات جەزا ئەحمەد فارس توێژەری سیاسی پێیوایە كورد لەهیچ قوناغێكدا مەبەستی نەبووە ئەو مادەیە جێبە جێبكات، بەڵام لەدوای ڕوودانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، كە هاوسەنگی هێز لەنێوان هەولێرو بەغدا گوڕانكاری بەسەرداهات ئەستەمە ئەو مادەیە جێبەجێبكرێت.