2017 ساڵی‌ نەهات..
كورد لەمساڵدا زەوی‌‌و ئاسمان‌و سەركردەكانی‌ لەدەستدا

کوردستان

29/12/2017‌ 2375 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ساڵی‌ 2017 بۆ هەرێمی‌ كوردستان كۆمەڵ شكست‌و نەهامەتی‌ هێنا، ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم لەبری‌ گەورەكردنی‌ ئەو هەرێمە، سنورەكانی‌ بچووكتركردەوە.

توندبوونەوەی‌ ناكۆكی‌ نێوان لایەنە سیاسییەكان‌و سەرهەڵدانی‌ خۆپیشاندان ئەوەندەی‌ تر قوڕی‌ كێشەناوخۆییەكانی‌ بۆ هەرێم خەستتر كردەوە.

لەساڵی‌ 2017دا چەندین رووداوی‌ گرنگ لەهەرێمی‌ كوردستان روویاندا، بەڵام هەندێك لەوانە دەكرێت بەوەرچەرخانێكی‌ گەورە ببینرێن، رووداو گەلێك بوون نە لەساڵانی‌ پێشوودا وێنەیان هەبووەو نە دەشێ‌ بەم زوانە دووبارە ببنەوە.

كورد ریفراندۆمی‌ كرد خاك‌و ئاسمانی‌ لەدەستدا، سیان لەكاریگەرترین سەركردە كوردەكان لەگۆڕەپانی‌ سیاسی‌ كشانەوەو ماڵئاواییان كرد، شەڕ بەرۆكی‌ كوردستانی‌ گرت، قەیران بەقەیران سپێردرا.

محەمەد بازیانی سەرۆكی‌ سەنتەری‌ هودا بۆ  لێكۆلێنەوە ستراتیژییەكان  2017  بەسەختترین ساڵ دەزانێت بۆ هەرێم كە لەدوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ سەدامەوە لە 2003 پێیدا رۆیشتبێت لەرووی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌و ئەمنییەوە.

محەممەد بازیانی‌ بە"نیقاش"ی وت "هەرێم بەرەو داروخانێكی‌ گەورە دەڕوات لەبەرئەوەی‌ خۆی‌ پڕۆژەی‌ نییەو بەرانبەرەكانی‌ خاوەنی‌ پڕۆژەن، بۆ 2018 یان بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت یان دەبێت  هەرێم چاوەڕێی‌ دەرچەیەك بێت لەرێگەی‌ گۆڕانكارییەكانی‌ بەغداوە لەدەرەنجامی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراقدا".

مۆتەكەی‌ ریفراندۆم
راستە سێ‌ ساڵە هەرێم‌و بەغدا ناكۆكن، بەڵام رۆژی‌ 7ی‌ حوزەیران ئەو پەیوەندییە پەڕییەوە بۆ قۆناغێكی‌ دیكە، ئەو كاتە لایەنە سیاسییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەسەرپەرشتی‌ مەسعود بارزانی‌ سەرۆكی‌ پیشوی‌ هەرێم، بڕیاریاندا 25ی‌ ئەیلول ریفراندۆم لەكوردستان بەڕێوەبچێت بۆ جیابوونەوە لەعێراق.

لەسەر ئاستی‌ ناوخۆ دەنگێكی‌ بەهێز هەبوون كە لەگەڵ ئەو پرۆژەیەدا نەبوون، ئەوانیش بزوتنەوەی‌ گۆڕان‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بوون، بۆ دەرەوەش دیسانەوە زۆر وڵاتی‌ دنیا داوایان لەسەركردایەتی‌ سیاسی‌ هەرێم كرد بیر لەجیابوونەوە نەكەنەوە لەعێراق‌و بەدیالۆگ كێشەكانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەن.

ئەوەی‌ گۆمی‌ ناكۆكی‌ نێوان بەغداو هەرێمی‌ ئەوەندەی‌ تر شڵەقاند بڕیاری‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك بوو بۆ بەشدارییكردن لەریفراندۆمدا، لەمانگی‌ ئابدا زۆرینەی‌ ئەندامانی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك –جگە لەعەرەب‌و توركمانەكان- بڕیاریاندا كەركوكیش بەشداری‌ ریفراندۆمی‌ كوردستان بكات.

لەسێ‌ مانگی‌ بەر لەریفراندۆمدا ئاسمانی‌ بەغداو هەرێم پڕبوون لەو وەفدانەی‌ بۆ دۆزینەوەی‌ رێگەچارەیەك روویان لەهەردوولا دەكرد، بەرپرسانی‌ ئێران‌و توركیا بەروونی‌ بەسەركردایەتی‌ هەرێمیان وتبوو كە رێ بەریفراندۆم نادەن، بەغداش تا دەهات هەڵوێستی‌ توندی‌ دەنواند، دوا یاریزان كە چەند رۆژێك بەر لەریفراندۆم كارتی‌ خۆی‌ فڕێدا، بریت ماككورگی‌ نێردەی‌ تایبەتی‌ سەرۆكی‌ ئەمەریكا بوو بۆ شەڕی‌ دژی‌ داعش كە ئەویش داوای‌ دواخستنی‌ ریفراندۆمی‌ كردبوو.

بەڵام رۆژی‌ 22ی‌ ئەیلول لەدواین كەرنەڤاڵ جەماوەریدا بارزانی‌ لەهەولێر سەبارەت بەریفراندۆم وتی‌ "خۆم شەرمەزاری میللەت ناكەم‌و ریفراندۆم دواناخرێت".

بەرەبەیانی‌ 25ی‌ ئەیلول هاوڵاتیانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەشدارییان لەپرۆسەی‌ ریفراندۆمدا كرد بۆ سەربەخۆیی لەكۆی‌ 72%ی‌ خەڵكی‌ بەشداری‌ پرۆسەكەیان كردو (92%) بەبەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆییدا.

هێشتا هاوڵاتیانی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئاهەنگی‌ سەركەوتنی‌ ریفراندۆمەكەیان كۆتایی نەهاتبوو كاتێك لە 2ی‌ ئەیلودا بەغدا یەكەم هەنگاوی‌ كرداری‌ دژ بەهەرێمی‌ كوردستان نا و چەند بڕیارێك لەلایەن حەیدەر عەبادی‌ سەرۆك وەزیرانەوە دەركرا.

ناوەند بڕیاری‌ راگرتنی‌ سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی‌ هەردوو فڕۆكەخانەی‌ هەولێرو سلێمانی‌ دەركردو داوای‌ داخستن‌و رادەستكردنەوەی‌ دەروازە سنورییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستانیشی كرد لەگەڵ وڵاتانی‌ دراوسێدا.

بەوشێوەیە هەرێمی‌ كوردستان دەسەڵاتی‌ بەسەر ئاسمانی‌ خۆیدا نەماوەو ئەو دەسەڵاتە گەڕایەوە بەغدا.

كاردانەوەی‌ دوای‌ ریفراندۆم لە لایەن بەغداوە گەیشتە ئاستی‌ لەشكركێشی‌ سەربازیی‌ كە لە 16ی‌ تشرینی‌ یەكەمدا هێزە ئەمنیەكانی‌ عێراق هێرشیان كردەسەر هێزەكانی‌ پێشمەرگە لەسنوری‌ قەزای‌ دوورخومارتوو كەركوك لەپاش رووبەڕووبونەوەیەكی‌ كەم هێزەكانی‌ پێشمەرگەی‌ سەر بەهەرێم كشانەوە.

ئەو پێشڕەوییە كارێكی‌ وایكرد كە هێزەكانی‌ پێشمەرگە لەزۆربەی‌ ناوچە كێشە لەسەرەكانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سەڵاحەدین‌و دیالەو نەینەواش بكشێنەوە كە لەلەدوای‌ ساڵی‌ 2003ەوە بەدەستیانەوە بوو، جگەلەوەش بەغدا دەستی‌ گرت بەسەر بیرە نەوتەكانی‌ كەركوك‌و عەینزالەی‌ سنوری‌ ناوچە جێناكۆكەكانی‌ نەینەوا كە لەدوای‌ ساڵی‌ 2014ەوە هەرێم نەوتی‌ لێوە هەناردە دەكردن‌و زیاتر لەنیوە سەرچاوەی‌ سەرەكی‌ داهاتەكەی‌ بوو .

یەكەم هەنگاوی‌ پاشگەزبوونەوە لەریفراندۆم لەلایەن حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانەوە بەدیكرا كاتێك لە 25ی‌ تشرینی‌ بڕیاری‌ سڕكردنی‌ ئەنجامی‌ ریفراندۆمیدا، بەڵام نەیتوانی‌ بەغدای‌ پێ قایل بكات كە داوای‌ هەڵوەشاندنەوەی‌ كرد.

بارودۆخی‌ ناوخۆ شێوا
وانەبێت كاردانەوەكانی‌ دوای‌ ریفراندۆم‌و گوشاری‌ دەرەكی‌ بەتەنیا بەڵای‌ ساڵ بن بۆ هەرێمی‌ كوردستان، روداوە ناوخۆییەكانی‌ ئەو هەرێمەش زۆر دڵخۆشكەر نەبوون كە كاریگەریی‌ لەسەر دوورخستنەوەی‌ زیاتری‌ لایەنە سیاسییەكانی‌ هەبوو.

ئەگەرچی‌ لەدوای‌ 22 مانگ لەپەككەوتنی‌ بۆ یەكەمجار لە 15ی‌ ئەیلودا پەرلەمانی‌ كوردستان كاراكرایەوە، بەڵام نە یوسف محەمەد سەرۆكی‌ پێشووی‌ پەرلەمان لەپشكی‌ گۆڕان گەڕایەوە پۆستەكەی‌ نە ئەو پرۆسەیە بەدڵی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بوو كە پێنجەم هێزی‌ هەرێمە لەڕووی‌ ژمارەی‌ كورسی پەرلەمانەوە كە لەگەڵ گۆڕاندا بەشداری‌ ئەو كاراكردنەوەیی نەكرد بەپۆستی‌ سكرتێری‌ پەرلەمان.

ئەو هەنگاوە ناكۆكی‌ نێوان لایەنە سیاسییەكانی‌ توندتر كردەوەو 22ی‌ هەمان مانگدا بزوتنەوەی‌ گۆڕان داوای‌ هەڵوەشاندنەوەی‌ حكومەت‌و پێكهێنانی‌ حكومەتێكی‌ كاتی‌ رزگاریی‌ نیشتیمانی‌ كردو بەدوایدا كۆمەڵی‌ ئیسلامیش هەمان هەڵوێستی‌ دووبارەكردەوە.

كاردانەوەكان گەیشتە ئەوەی‌ كە فەخرەدین قادر سكرتێری‌ پەرلەمان لەپشكی‌ كۆمەڵ دەست لەكاربكێشێتەوەو لە 24ی‌ تشرینی‌ یەكەمدا یەكێتی‌ پۆستەكەی‌ پڕبكاتەوە، (سەرۆكی‌ پەرلەمانیش رۆژی‌ 26ی‌ مانگ دەستی‌ لەكاركێشایەوە).

بەدوایدا لە 24ی‌ تشرینی‌ یەكەم  پەرلەمان بڕیاری‌ درێژكردنەوەی‌ تەمەنی‌ خۆیدا بۆ ماوەی‌ هەشت مانگ بەوەش وادەی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی‌ هەرێمیش دواخرا كە بڕیار بوو لەمانگی‌ تشرینی‌ دووەمدا ئەنجامبدرێت.

29ی‌ تشرینی‌ یەكەم بۆ هەرێمی‌ كوردستان رۆژێكی‌ جیاوازبوو كە تیایدا مەسعود بارزانی‌ لە نامەیەكدا بۆ پەرلەمان دەست لەكاركێشانەوەی‌ لە پۆستەی‌ سەرۆكی‌ هەرێم راگەیاند كە لەساڵی‌ 2015ەوە چەقی‌ كێشەی‌ نێوان لایەنە سیاسییەكان بوو كە بەهۆیەوە پەرلەمان دەسەڵاتەكانی‌ سەرۆكی‌ بەسەر سەرۆكایەتی‌ حكومەت‌و پەرلەمان‌و ئەنجومەنی‌ دادوەرییدا دابەشكرد.

دۆخی‌ سیاسی‌ هەرێمی‌ كوردستان بۆ ناوخۆی‌ بەشێك لەحزبەكانیش دژوار بوو، لە 4ی‌ تشرینی‌ دووەمدا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بڕیاریدا مەكتەبی سیاسی حزبەكەی هەڵبوەشێنێتەوە ئەوەش لەپاش ئەوەی‌ لە 16ی‌ ئەیلولدا بەرهەم ئەحمەد ساڵح  جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ ئەو حزبە دروستكردنی‌ قەوارەیەكی‌ سیاسی‌ نوێی‌ راگەیاند جیاواز لەلیستی‌ حزبەكەی‌.

ئاڵۆزی‌ دۆخی‌ سیاسی‌ هەرێمی‌ كوردستان لە 20ی‌ كانونی‌ یەكەم گەیشتە ئەوپەڕی‌ ئاستی‌ خۆی‌، كاتێك بزوتنەوەی‌ گۆڕان‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بڕیاریاندا لەكابینەی‌ هەشتەمی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بكشێنەوەو ببنەوە بەئۆپۆزسیۆن.

حزبەكان بێ‌ سەركردە مانەوە
ئاڵۆزی‌ دۆخی‌ بەرێوەبردنی‌ پارتە سیاسییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستانیش گرتەوە لە ساڵی‌ 2017 دا بەهۆی‌ لەدەستدانی‌ ئەو سەركردانەی‌ كە بەكاریزمای‌  نێوخۆی‌ حزبەكانیان‌و دەرەوەی‌ دادەنران.

لە 19ی‌ ئایار نەوشیروان مستەفا رێكخەری‌ گشتی‌ پێشوی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەسلێمانی‌ كۆچی‌ دوایی كرد كەبەیەكێك لەسەركردە جەماوەرییەكانی‌ هەرێم‌و كەسایەتییە كاریگەرەكانی‌ پێشوی‌ شوڕشی‌ كورد لەهەرێم دادەنرا ئەوكاتەی‌ لەریزەكانی‌ یەكێتیی‌ نیشتیمانی‌ كوردستاندا بوو .

بەدوایدا نزیكترین هاوڕێی سیاسی نەوشیروان مستەفاو یەكێك دیارترین كەسایەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان كە جەلال تاڵەبانی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یەكێتی‌ بوو لە 3ی‌ تشرینی‌ یەكەمدا لەوڵاتی‌ ئەڵمانیا كۆچی‌ دوایی كرد.

كۆچی‌ دوایی ئەو دوو سەركردەیە  بۆ هەرێمی‌ كوردستان قۆناغێكی‌ تر بوو كە تیایدا دوو  لەبەرنامە داڕێژەرانی‌ سیاسەتی‌ ناوخۆیی‌و دەرەكی‌ هەرێم دووركەوتنەوە.

ساڵی‌ نوێ‌ چی‌ لەهەگبەدایە؟
هەرێمی‌ كوردستان كۆتایی‌ ساڵی‌ بەقەیران سپارد، كاتێك ئەم راپۆرتە دەنوسرێت، چەندین شار‌و ناوچەی‌ بەدەسەڵاتی‌ سەربازی‌ سپێردراون‌و پۆلیس‌و پێشمەرگە تیایاندا بڵاوبوونەتەوە بۆ ئەوەی‌ بەر بەخۆپیشاندانی‌ ناڕەزایی‌ خەڵك بگرن، حكومەت دوو لایەنی‌ سەرەكی‌ لێ كشاوەتەوە كە بزوتنەوەی‌ گۆڕان‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامین، ئەمە جگە لەوەی‌ قەرزێكی‌ زۆری‌ لەسەر كەڵەكە بووەو موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ نەداوەو سەرچاوەی‌ داهاتەكانیشی‌ كز بوون.

ئەگەر گۆڕانكاری‌ لەهاوكێشەی‌ سیاسی‌ ناوچەكە نەگۆڕێت، ساڵی‌ 2018 ساڵێكی‌ سەخت دەبێت بۆ خەڵكی‌ كوردستان، بەتایبەت كە هەرێم بەكێشەكانیەوە دەچێتە بەردەم هەردوو هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی‌ هەرێمی‌ كورستان‌و هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق.

رێبوار كەریم مامۆستای‌ زانستە سیاسییەكانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ بە"نیقاش"ی وت "بۆ ساڵی‌ داهاتوو هەرێم رووبەڕووی‌ تەحەدیاتی‌ قورستر دەبێتەوە كە ئەگەر بەو شێوازەی‌ ئێستای‌ حوكمڕانییەوە بەردەوام بێت زیاتر بەرەو دواوە دەڕوات، ئەگەر دۆخەكە وەك ئێستا بێت‌و گۆڕانكاری‌ لەدۆخی‌ ناوچەكە رونەدات".

رێبوار كەریم وتیشی‌ "ئاماژەكان بۆ ئەوەن گەر بارودۆخەكە بەم شێوەیە بێت لەساڵی‌ 2018 هەرێمی‌ كوردستان سازشی‌ زیاتر بۆ حكومەتی‌ ناوەندی‌ دەكات لەسەر بەرژەوندی‌ هاوڵاتیانی‌ هەرێم‌و بۆ شاردنەوەی‌ كێشە ناوخۆییەكانی‌".