900 هەزار ناوی "ساختە".. بەشی 40 كورسی پەرلەمان ناوی گومانانی هەیە

کوردستان

01/01/2018‌ 2123 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەروەر عەبدولڕەحمان سەرۆكی پەیمانگای ئەنیستتۆی پەی بۆ چاودێری‌و پەروەردە پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت: بەپێی ئەو بەدواداچوونەی بۆ تۆماری ئێستای دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان كردوویانە زیاتر لەنۆسەد هەزار ناوی ساختە، كە بەشی زیاتر لەچل كورسی دەكات لەتۆماری ئێستای ناوی دەنگدەرانی كوردستاندا هەیە.

سەروەر عەبدولڕەحمان لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا دەشڵێت: "بەداخەوە ئەو لیستی تۆمارەی دەنگدەرانەی ئێستا لەهەرێمی كوردستاندا هەیە جگە لەناوی دووبارەو گوماناوی‌و ساختەو وەهمی‌و مردوو، چەندەها ناوی كوردی پارچەكانی ترو ناوی ناوچە جێناكۆكەكانی دەرەوەی هەرێم لەناو ئەو لیستەدا هەیە."

سەروەر عەبدولڕەحمان، كە لەخولی پەرلەماندا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بوو لەفراكسیۆنی سەوز ڕەخنە لەپارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەگرێت، كە هەوڵی جدیان نەداوە بۆ پاككردنەوەی لیستی ناوی دەنگدەرانی هەرێم لەناوی ساختە‌و دوبارەو مردوو وتی: "بەداخەوە لەخولی پێشووی پەرلەمانی كوردستانیش ئێمە چەندین جار هەوڵمان داوە لەپەرلەمان، بەڵام حیزبە دەسەڵاتدارەكان بەرژەوەندییان لەوەدا بوو، كە ئەو لیستە خاوێن نەكرێتەوە تا كورسی زیاتری پێبهێنن"

ناوبراو وتیشی: "تەنانەت لایەنەكانی پێشووی ئۆپۆزسیۆنیش لەو ئیرادەیەی پارتی‌و یەكێتی بۆ ڕێگریكردن لەخاوێنكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بێدەنگ بوون."

هەفتەی ڕابردوو هاوڕێ تۆفیق بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ڕایگەیاند "ماوەی سێ ساڵە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران هەڵمەتی تۆماركردنی بایۆمەتری خستۆتەگەڕ بۆ تۆماركردنەوەی ناوی دەنگدەران."

سەروەر عەبدولرەحمان لەو بارەوە وتی: "ئەو شێوازەی كاك هاوڕێ باسی كرد كارێكی زۆرباشە، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە تا ئێستا حكومەتی عێراقی كار بەو تۆماری دەنگدەرانە ناكات‌و لەپارێزگاكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستانیش خەڵكێكی كەم ناوی خۆیان تۆماركردووەتەوە."

سەرۆكی پەیمانگای ئەنیستتۆی پەی بۆ چاودێری‌و پەروەردە ئەوەشی وت: "پەیمانگاكەیان لێكۆڵینەوەیەكیان لەسەر تۆماری ئێستای دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان كردووە، بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەیە زیاتر لە (٩٠٠) هەزار ناوی گومانلێكراو لەلیستی تۆماری دەنگدەرانی ئێستای هەرێمی كوردستاندا هەن،كە دەكاتە زیاتە لە(٤٠)كورسی پەرلەمان."

هـ ـ ح