بۆیه‌كه‌مجار په‌یمانگایه‌كی كۆمپیوته‌ری ئه‌هلیی له‌سلێمانی "به‌كوالێتییه‌كی ناوازه‌" دروستكراوه‌

sharpress.net

.

2837 جار خوێندراوه‌ته‌وه

1/9/2014 1:50:00 PM‌


ڕاپۆرتی: شارپرێس

"نمره‌ی پۆلی سێی ناوه‌ندیم باش بوو، ئه‌وه‌نده‌ی به‌دواداچوونمكرد ئه‌م په‌یمانگایه‌ له‌وانی دیكه‌ باشتربوو بۆیه‌ هاتم بۆئێره‌" ئه‌مه‌ وته‌ی دڵشاد عه‌بدولكه‌ریمه‌ كه‌خوێندكاری قۆناغی یه‌كه‌می په‌یمانگای كۆمپیوته‌ری  سلێمانی ئه‌هلییه‌، ده‌شڵێت"ئه‌وه‌ی پێشتر بیستبووم له‌باره‌ی باشیی ئه‌م په‌یمانگایه‌وه‌ واده‌رچوو".

خوێندكاران زۆر ڕازین له‌ كوالێتی بینای په‌یمانگای كۆمپیوته‌ری سلێمانی ئه‌هلیی و ئاست و هه‌ڵسوكه‌وتی مامۆستاو ئیداره‌ی په‌یمانگاكه‌ له‌گه‌ڵیاندا.


"له‌ڕووی كوالێتی بیناوه‌ زۆر باشه‌و سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌كانمان هه‌یه‌، مامۆستاكانیشمان باشن و تێگه‌یشتن هه‌یه‌ له‌نێوان خوێندكارو مامۆستادا" لاس سه‌لام كه‌ كچه‌ خوێندكارێكی قۆناغی سێیه‌مه‌ له‌په‌یمانگای كۆمپیوته‌ری سلێمانی ئه‌هلیی واده‌ڵێت.

ئه‌وخوێندكاره‌ ئاماژه‌ به‌گرنگیدان به‌ وانه‌كان ده‌كات له‌لایه‌ن مامۆستاكانیانه‌وه‌و ده‌ڵێت"بۆنمونه‌ وانه‌ی وه‌رزش گرنگی ته‌واوی پێدراوه‌و جلوبه‌رگی تایبه‌تی بۆله‌به‌رده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش زۆرێك له‌ خوێندكاره‌كان پێیانخۆشه‌".

ڕێژه‌ی زۆری خوێندكار له‌هه‌رێمی كوردستان و نه‌بوونی توانای زانكۆو په‌یمانگا حكومییه‌كان بۆوه‌رگرتنی سه‌رجه‌م خوێندكاران وایكردووه‌ چه‌ندین زانكۆو په‌یمانگای ئه‌هلی بكرێنه‌وه‌، په‌یمانگای كۆمپیوته‌ری سلێمانی ئه‌هلی یه‌كه‌م په‌یمانگای كۆمپیوته‌ری ئه‌هلیی بووه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌له‌ساڵی 2010دا كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام یه‌كه‌م ساڵه‌ له‌و بینا نوێیه‌دا ده‌وام ده‌كه‌ن كه‌ جێگه‌ی په‌سه‌ندی مامۆستاو خوێندكاره‌كانه‌.

په‌یمانگای كۆمپیوته‌ری ئه‌هلیی سلێمانی، په‌یمانگایه‌كی‌ پیشه‌ییه‌ له‌ بواری‌ كۆمپیوته‌ردا، خوێندن له‌م په‌یمانگایه‌ 5 ساڵه‌ و له‌ سێ به‌ش پێكدێت كه‌ بریتین له‌(نیتۆرك، دیزاین، پڕۆگرام) كه‌تیایاندا خوێندكار ئاماده‌ده‌كرێت بۆ خزمه‌تكردن  له‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت و گشتی.

ژماره‌ی‌ خویندكارانی په‌یمانگاكه‌ 515 خوێندكاره‌ له‌وڕێژه‌یه‌ش 162یان له‌ڕه‌گه‌زی مێ، 353یان له‌ڕه‌گه‌زی نێرن.

ژماره‌ی‌ مامۆستایانی‌ په‌یمانگاكه‌ 26 مامۆستایه‌  كه‌ له‌سپۆڕییه‌ جیاوازه‌كانی‌ ( كۆمپیوته‌ر، ئینگلیزی‌، بیركاری‌ فیزیا، عه‌ره‌بی‌، كوردی‌ و وه‌رزش) پێكهاتوون و سه‌رجه‌میان بڕوانامه‌ی‌ به‌كه‌لۆریۆسیان هه‌یه‌ و دوانیان ماسته‌ریان هه‌یه‌ له‌ ئینگلیزی‌ و كۆمپیوته‌ردا.

په‌یمانگای كۆمپیوته‌ری سلێمانی ئه‌هلیی له‌بینایه‌كی سێ نهۆمیدایه‌ كه‌ له‌سه‌ر ڕوبه‌ری 8 هه‌زار و 500 مه‌تر زه‌وی به‌بڕی 5 ملیۆن دۆلار له‌لایه‌ن كۆمپانیای (مایا)وه‌ كە یەكێكە لەگروپی كۆمپانیاكانی قەیوان، دروستكراوه‌ له‌ناو پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوونی به‌رزاییه‌كانی سلێمانی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی ده‌باشان له‌ باكوری شاری سلێمانی و چه‌ند خوله‌كێك له‌شه‌قامی بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حمود دووره‌.

بینای په‌یمانگاكه‌ له‌ 30 هۆڵی وانه‌ خوێندن و دوو یاریگه‌ی تارتان(یه‌كیان بۆ باله‌و باسكه‌، ئه‌ویتریان بۆ تۆپی پێ) و هۆڵێكی گه‌وره‌ی بۆنه‌كان پێكدێت.

له‌كۆی 30 هۆڵی وانه‌خوێندن له‌ 24 هۆڵیاندا كه‌ئه‌وانه‌ن خوێندكارانی په‌یمانگاكه‌ وانه‌ی تێداده‌خوێنن ئامێری سمارت بۆرد به‌كار ده‌هێنرێت له‌باتی (بلاكبۆرد یان وایت بۆرد) ئه‌مه‌ش به‌وته‌ی به‌رپرسانی په‌یمانگاكه‌ خاڵێكی گرنگه‌ كه‌ په‌یمانگاكه‌ی ئه‌وان و شوێنه‌كانی دیكه‌ لێك جیاده‌كاته‌وه‌"له‌هیچ شوێنێكی دیكه‌ی كوردستان سمارت بۆرد له‌سه‌رجه‌م هۆڵه‌كانی خوێندنی خوێندكاراندا به‌كارنایه‌ت".

 

كاتی ده‌وامكردن له‌ په‌یمانگای كۆمپیوته‌ری ئه‌هلیی سلێمانی ئێوارنه‌ له‌كاتژمێر 3 بۆ 8.


ئه‌وین سۆران، كه‌ خوێندكاری قۆناغی سێیه‌می هه‌مان په‌یمانگایه‌، باسله‌وه‌ده‌كات ساڵی رابردوو له‌بینایه‌كدا بوون له‌گه‌ڕه‌كی ڕاپه‌ڕین و وه‌ك ئه‌م بیناتازه‌یه‌یان خزمه‌تگوزارییه‌كانی باش نه‌بووه‌"ئێستا بیناكه‌مان له‌ڕووی كوالێتییه‌وه‌ زۆر باشه‌".

به‌وته‌ی ئه‌وین، په‌یوه‌ندییه‌كی باش هه‌یه‌ له‌نێوان ئیداره‌ی په‌یمانگاكه‌و مامۆستایان له‌گه‌ڵ خوێندكاره‌كاندا"خشته‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان خۆمان دایده‌نێین و ئیداره‌ گوێمان لێده‌گرێت و به‌ویستی خوێندكار ده‌كه‌ن".

كافتریای په‌یمانگاكه‌یان به‌بڕوای (هاوژین ئاسۆ) كه‌ خوێندكاری قۆناغی سێیه‌مه‌، یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌خزمه‌تگوزارییه‌ زۆرباشه‌كانی په‌یمانگاكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌وته‌ی ئه‌و"كه‌مێك نرخی گرانه‌".

مه‌رجی وه‌رگرتن و نرخی خوێندن

مه‌رجی وه‌رگرتنی خوێندكار له‌په‌یمانگاكه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت خوێندكار ده‌رچووی‌ قۆناغی‌ نۆی‌ بنه‌ڕه‌تی بێت، كێبڕكێی‌ وه‌رگرتنیش ده‌كه‌ویته‌ سه‌ر نمره‌كانی‌ قۆناغی‌ نۆی‌ بنه‌ڕه‌تی یان هاوشێوه‌كانی.

خوێندن له‌په‌یمانگاكه‌ به‌زمانی‌ (ئینگلیزی‌  و كوردی‌)یه‌ بابه‌ته‌ كۆمپیوته‌رییه‌كان به‌ئینگلیزی‌و بابه‌ته‌كانی‌ دیكه‌ كوردی‌ یه‌.

ئه‌و خوێندكارانه‌ی‌ له‌و په‌یمانگایه‌ ده‌رده‌چن بڕوانامه‌ی‌ دبلۆمیان پێده‌درێت له‌ بواری‌ كۆمپیوته‌رداو متمانه‌ پێكراون له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌، هاوكات ده‌توانن درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن له‌ زانكۆ ئه‌هلییه‌كان.

نرخی‌ خوێندن له‌ساڵی یه‌كه‌م‌و دووه‌می په‌یمانگاكه‌دا بۆهه‌ر خوێندكارێك ساڵانه‌ ملیۆنێك و 650 هه‌زار دیناربووه‌، به‌ڵام له‌ساڵی سێیه‌مه‌وه‌ نرخه‌كه‌ زیادی كردووه‌ بۆ ملیۆنێك و 800 هه‌زار دینار، ئه‌مه‌ش سه‌رجه‌م په‌یمانگا ئه‌هلییه‌كانی كۆمپیوته‌ری گرتۆته‌وه‌و سه‌رجه‌میان یه‌ك نرخی خوێندنیان هه‌یه‌.

په‌یمانگای كۆمپیوته‌ری سلێمانی ئه‌هلیی بۆ 5%ی خوێندكارانی  داشكاندن له‌كرێی خوێندندا ده‌كات، به‌پێی ده‌رامه‌تی خوێندكاران له‌وڕێژه‌یه‌ هه‌ندێكیان ساڵانه‌ له‌50% كرێی خوێندنیان بۆ داده‌شكێندرێت‌و چه‌ند خوێندكارێكیش هه‌یه‌ له‌%100 كرێییان بۆ داده‌شكێت و پاره‌یان لێوه‌رناگیرێت، ساڵانه‌ هه‌وڵده‌درێت ئه‌وخوێندكارانه‌ بگۆڕدرێن كه‌ داشكاندنیان بۆده‌كریت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ زۆرترین خوێندكار سودمه‌ند ببێت له‌و داشكاندنه‌.

"خوێندكارانمان پله‌ی به‌رز به‌ده‌ستده‌هێنن له‌ پێشبڕكێی زانستیدا"

هاوار حسێن، مامۆستای قۆناغی سێ و چواری په‌یمانگاكه‌ باسله‌ قۆناغه‌كانی خوێندنی په‌یمانگه‌كه‌یان ده‌كات كه‌ سێ ساڵی یه‌كه‌م وانه‌ی گشتی كۆمپیوته‌ر ده‌خوێنرێت و دووساڵی كۆتایی خوێندكاران پسپۆڕی وه‌رده‌گرن له‌ بوارێكی تایبه‌تدا.

به‌وته‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ كه‌هاوكات مامۆستای په‌یمانگه‌ی كۆمپوته‌ری سلێمانییه‌  بینای ئه‌وپه‌یمانگه‌ ئه‌هلییه‌"ته‌واو مۆدێرنه‌ و په‌یمانگه‌كانی دیكه‌ به‌ حكومی و ئه‌هلییه‌وه‌ ئه‌و گرنگییه‌یان به‌ بینا نه‌داوه‌".

مامۆستا هاوار جه‌ختله‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وكۆمپانیایه‌ ئه‌و په‌یمانگه‌یه‌ی دروستكردووه‌ تائێستا چاوه‌ڕێی قازانجی نه‌كردووه‌، هاوكات پێیوایه‌ توانای زانستی خوێندكاره‌كانیان له‌ئاستێكی به‌رزدایه‌و ده‌ڵێت"گره‌نتی ده‌كه‌ین خوێندكارانمان پله‌ی به‌رز به‌ده‌ستبهێنن له‌ئه‌گه‌ری كردنه‌وه‌ی پێشبڕكێی زانستیدا له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان".

"ده‌مانه‌وێت كێبڕكێ له‌سه‌ربنه‌مای كوالێتی دروست ببێت"

سه‌رپه‌رشتیاری سه‌رجه‌م پڕۆژه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانی كۆمپانیای مایا (كەیەكێكە لەگروپی كۆمپانیاكانی قەیوان) كه‌ په‌یمانگای كۆمپیوته‌ری سلێمانی ئه‌هلیی یه‌كێكه‌ له‌پڕۆژه‌كانیان ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات له‌دروستكردنی په‌یمانگاكه‌دا ئامانجیان ته‌نها قازانج نییه‌و ده‌یانه‌وێت كێبڕكێ له‌سه‌ربنه‌مای كوالێتی دروست ببێت.

هاوژین حه‌سه‌ن، سه‌رپه‌رشتیاری سه‌رجه‌م پڕۆژه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانی كۆمپانیای مایا جیاوازی په‌یمانگاكه‌یان له‌گه‌ڵ په‌یمانگاكانی دیكه‌ به‌ ئه‌هلی‌و حكومییه‌وه‌ له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌"ئه‌م بینایه‌ به‌كوالێتییه‌كی‌ ناوازه‌ جێبه‌جێكراوه‌ له‌ڕوی‌ پیكهاته‌و كه‌ره‌سته‌ی‌ بینا‌و ئه‌وكه‌لوپه‌لانه‌ی‌ دوای‌ وه‌گه‌ڕ خستنی‌ بیناكه‌ به‌كارهێنراون له‌دامه‌زراندنی خوێندنگاكه‌و له‌دانانی‌ سیستمی‌ ساردو گه‌رمی‌‌و سیستمی‌ ئاگر كوژێنه‌وه‌و كامێره‌ی‌ چاودێری‌ و نیتۆركینی‌ بیناكه‌".

هاوكات له‌بینای په‌یمانگاكه‌دا سیسته‌می‌ ده‌نگی‌ مه‌ركه‌زی‌ دانراوه‌و هۆڵه‌كانی وانه‌خوێندن سمارت بۆردیان تێدابه‌كارهێنراوه‌ كه‌ مامۆستاكان وانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ڵێنه‌وه‌ ئه‌مه‌ش جیاوازییه‌كی دیكه‌ی ئه‌و په‌یمانگایه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌كانی دیكه‌ی خوێندن.

یه‌كێكی دیكه‌ له‌جیاوازییه‌كانی په‌یمانگاكه‌ دانانی تابلۆی ئه‌لكترۆنییه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاگاداری‌و خشته‌ی‌ هه‌فتانه‌ بۆ خوێندكاران، هه‌روه‌ها دروستكردنی‌ وێب سایتێك بۆ په‌یمانگاكه‌ كه‌خوێندكاران ده‌توانن له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ خشته‌ی تاقیكردنه‌وه‌و ئه‌نجامه‌كانیان وه‌ربگرن‌و هاوكات كه‌سوكاری خوێندكارانیش ده‌توانن ئه‌وزانیارییانه‌ له‌سه‌ر خوێندكاره‌كانیان له‌ڕێگه‌ی وێب سایته‌كه‌وه‌ وه‌ربگرن.

هاوژین حه‌سه‌ن، سه‌رپه‌رشتیاری سه‌رجه‌م پڕۆژه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانی كۆمپانیای مایا (كەیەكێكە لەگروپی كۆمپانیاكانی قەیوان) باسله‌وه‌ده‌كات ئامانج له‌دروستكردنی‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ته‌نها قازانج نییه‌، به‌وته‌ی ئه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌وپاره‌یه‌ی له‌م پڕۆژه‌یه‌دا خه‌رجكراوه‌ له‌پڕۆژه‌ی دیكه‌دا بخرایه‌ته‌گه‌ڕ ئه‌وا چه‌ندین ئه‌وه‌نده‌ی ئێستا قازانجی ده‌بوو.

هاوژین حه‌سه‌ن ده‌ڵێت"ئامانجی ئه‌م پڕۆژه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ بریتیه‌ له‌دروستكردنی‌ كێبڕكێ‌ له‌نێوان كه‌رتی‌ تایبه‌ت و كه‌رتی‌ گشتیدا له‌لایه‌ك وه‌له‌نێوان كه‌رته‌ تایبه‌ته‌كاندا له‌لایه‌كیتر، تاوه‌كو ئه‌وانیش به‌م جۆره‌ كوالێتییه‌ بیناكانیان دروستبكه‌ن‌و ئه‌م خزمه‌تگوزارییانه‌ بۆ خوێندكاران دابینبكه‌ن، چونكه‌ كه‌لوپه‌لی‌ به‌رده‌ستی‌ خوێندكارو ئه‌و ژینگه‌یه‌ی‌ تێیدا ده‌خوێنێت به‌شێوازێكی‌ مۆدێرن نه‌بێت ناتوانرێت سیستمێكی‌ مۆدێرنی‌ تێدا په‌یڕه‌وبكرێت".

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌: ساڵی ڕابردوو یه‌كه‌می كوردستان بوون

به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی ئه‌هلیی له‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو كه‌ په‌یمانگای كۆمپوته‌ری سلێمانی ئه‌هلیی مۆڵه‌تی فه‌رمی هه‌یه‌ به‌پێی یاسای ژماره‌ 14ی په‌رله‌مانی كوردستان و بڕوانامه‌ی دبلۆمی تێداده‌به‌خشرێت.

به‌وته‌ی دانا محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی ئه‌هلیی له‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، هه‌موو قوتابخانه‌و خوێندنگه‌ ئه‌هلییه‌كان كه‌ په‌یمانگاكانیش به‌شێكن له‌وانه‌، پێش ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تیان پێبدرێت، دڵنیایی له‌ كوالێتییان ده‌كرێت، دواتریش ساڵانه‌ لیژنه‌یه‌ك به‌هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا به‌دواداچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆده‌كات.

دانا محه‌مه‌د ده‌ڵێت"په‌یمانگای كۆمپیوته‌ری ئه‌هلیی سلێمانی له‌كۆی حه‌وت په‌یمانگای ئه‌هلیی ساڵی ڕابردوو پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا" بۆ ئه‌مساڵیش هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆده‌كرێت.






ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved