حکومەتی عێراق سورە لەسەر مەرجەکانی خۆی بەرامبەر هەرێم

عیراق

01/01/2018‌ 1450 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاوێژکارێکی عەبادی ڕایدەگەێنێت "حکومەتی عێراق سورە لەسەر مەرجەکانی خۆی  لەسەر هەرێم بۆ ئاساییکردنەوە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد".

ئەمشەو دوشەممە ئیحسان شمەری ڕاوێژکاری نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە "لەسەر بنەمای پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە، حکومەتی عێراق پێنج بڕیاری داوە و سورە لەسەر مەرجەکانی ڕابردوی بەرامبەر هەرێم".

ئیحسان شمەری ئاماژەی بەوەداوە "بڕیارەکان بریتین لە وەرگرتنەوەی خاڵە سنوورییەکان و پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ فرۆکەخانە و مەرزەکان و پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ وردبینی لە کەرتی پەروەردە و تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

شمەری ئەوەشی وتووە "بڕیارەكانی تر بریتین لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی سەرچاوەکانی ئاو، لەگەڵ بانگهێشتکردنەوەی ئەو فەرمانبەرانەی حکومەتی عێراق کە لە هەرێمی کوردستانن، بە مەبەستی کۆبوونەوە بەپێی وەزارەتەکانیان".

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە بەهۆی بەرئەنجامەکانی ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ەوە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەتەواوەتی رووی لە خراپی کردوە.

هـ ـ ر