میدیای پارتی: یەکێتی هێزە رەشەکەی بردووەتە کرماشان بۆ ڕێگری لە خۆپیشاندان

کوردستان

01/01/2018‌ 6224 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیایەکی پارتی ڕایدەگەێنێت "یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هێزیکی تایبەتی خۆی ناردووەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ رێگریکردن لە خۆپیشاندانەکانی ئێران".

ماڵپەری باس‌نیوزی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و نزیک لە مەسرور بارزانی ڕاویژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، هەواڵێکی لەسەر ناردنی هێزێکی تایبەتی یەکێتی بۆ بەگژداچونەوەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردووتەوە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ئەو هێزە ڕەشەکەی یەکێتی کە هێزێکی لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانیەوە سەرپەرشتی دەکرێت تۆمەتبار دەکات بە ڕێگریکردن لە خۆپیشاندانەلانی ئێران.


ماڵپەری باس نیوز بڵاویکردووەتەوە "بەپێی قسەی چەند شایەتحاڵێک، هێزێكی دژه‌ تیرۆری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ به‌ "هێزه‌ ڕه‌شه‌كه‌" ناسراوه‌، له‌ ناو شاری كرماشانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌ و بۆ بڵاوه‌پێكردن و رێگریكردن و هه‌روه‌ها هاوکاریکردنی هێزەکانی ئێران لە كپكردنی خۆپیشانده‌رانی ئه‌و شاره‌ نێردراوە".


ماڵپەرەکە ئاماژەی بەوەشداوە "بە مەبەستی هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو خۆپیشاندانانەی چەند ڕۆژێکە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێرانی گرتووەتەوە، دەنگۆی چوونی هێزێکی سەر بە دژە تیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کرماشان بڵاو بووەتەوە".

باس نیوز ئەوەشی وتووە "شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو هێزەی سەر بە یەکێتی، شوێنی ئەو هێزانەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان پڕ کردووەتەوە کە لە کرماشان پاشەکشەیان پێ کراوە".

هەروەها ئەو ماڵپەرە وتوشیەتی "ئەو هێزە ڕەشەی سەر بە دژە تیرۆری یەکێتی، پێش "خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر" و تەنانەت پێش ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلوولی 2017، دەستی بەسەر چەند كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كی سنووری پارێزگه‌ی كه‌ركووكدا گرتبوو و دواتریش لە کاتی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، کشانەوەی ئەو هێزە ڕۆڵێکی گەورەی لە ڕادەستکردنی کەرکووک بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەبوو".

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە شارە گەورەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی سیستەمی حوکم و گەندەڵی و برسیەتی دەستیپێکردووە و تا ئێستاش نزیکەی ١٥ خۆپیشاندەر کوژراون و  ١٠ خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون و زیاتر لە ٥٠ خۆپیشاندەریش بریندار بون و هەروەها سەدان خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون  و جێگای ئامەژەپێکردنیشە لەسەجەم شارەکان خۆپیشاندەرن دروشمی "مەرگ بۆ خومەینی" ڕێبەری باڵای ئینقلاب و "مەرگ بۆ رۆحانی" سەرۆکی وڵاتەکە و "بروخێ حکومەتی دز" و "پۆلیسی دز بگرە خەڵکی مەگرە" و "واز لە سوریا بێنەوە و گەلانی ئێران بژییەنە" دەڵێنەوە.
 هـ ـ ر