پشتگیریی ئسرائیل بۆ هەرێمی کوردستان؛ لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی

کوردستان

05/01/2018‌ 3556 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پشتگیریی ئسرائیل بۆ هەرێمی کوردستان؛ لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی

هاوکار ڕەفیق ڕەحمان
  توێژەری سیاسی و بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکان
 
 
پێشەکی
کارکردن لەگەڵ کوردەکان دەکرێت وەک بەشێک لە ستراتیجیەتی کەنارەکان (strategic periphery)، ئەوەی کە دەیڤد بنگۆریۆن، خستبویەڕوو تەماشابکرێت. بەمشیوەیە کوردەکان کرانە دۆست و هاوپەیمانی ئیسرائیل لە پەنجاکانەوە هەتا ئێستا، سەرباری ئەوەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و کوردەکانی عێراق، لەسەر ئەو بنەمایە دەمەزرابوو کە دەڵێت: دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە. " My enemy's enemy is my friend"  چونکە دوژمنی باوی هەردوولا حکومەتی عێراق بوو، ئەمەش هاریکاریکردن و پشتگیریکردنی کوردەکانی لێکەوتەوە لە ساڵی ١٩٦٥ەوە هەتا ١٩٧٥ و دواتریش لە ١٩٩١دا گەشەی تەواوی بەخۆیەوە بینی ولە دوای پرۆسەی جەنگی عێراقیشەوە، پاڵپشتی و پەیوەندییەکانی بۆ کوردەکانی باشور لە هەڵکشاندابوون، ئەمە بێجگە لەوەی لە وێستگە هەستیارەکانی ساڵانی 1991 و 2003 و 2014 و2017،  یەکەمین  دەوڵەت بووە کە پشتگیری سەربەخۆیی هەرێمی کودرستانی کردووە. لەمەوە زۆرینەی سیاسیەکانی کورد، هەمیشە شانازی بەوە دەکەن، کە ئیسرائیل یەکەم دەوڵەت دەبێت پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات، تەنانەت ئیسرائیل خۆیشی لەسەر ئاستی فەرمی لە ڕابردوودا ئەمەی دەربڕییوە، بەڵام ئێمە لە توێژینەوەکەدا لێکەوتەکانی ئەو پشتگیرییە بە وردی دەخەینەڕوو، بەم شێویە توێژینەوەکە تەرخانکراوە بۆ وەڵامدانەوەی چەندین پرسیاربەم شێوەیە، یەکەمین دەستپێکی   مێژوویی و پشتگیریی ئیسرائیل بۆ کوردانی باشوری کوردستان کەی بوو؟ سیاسەتی پەراوێزی ستراتیژی چیە؟  کوردەکانی باشور لە کوێی ئەم سیاسیەتەدان؟ پەیوەندییە  نهێنیەکان و سەردانیکردنە دوولایەنەکانیان کامانەن؟ سنوری یارمەتی و پشتگیرییەکانی ئیسرائیل لە چ ئاستێکدابووە؟ و چۆنیەتی و جۆرێتیەکەی چۆن بوو؟ لەبەرامبەر یارمەتی کوردەکان، ئیسرائیل چی بەدەستدەهێنا؟  ڕۆڵی  جولەکە کوردەکانی ئیسرائیل لە پشتگیریکردنی  کوردانی باشور چی بوون؟ قۆناغەکانی پەیوەندی و هاریکاری ئیسرائیل و کوردەکانی باشور لە 1965 هەتا ئێستا چەند قۆناغ بوو؟ گرنگترینیان کامە بوو بۆ کوردەکان؟ پەیوەندییەکانی ئێستایان لە چ ئاستێکدایە؟ ئەی پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان چۆنبووە و چۆنە؟ ڕوانگەی عێراق بۆ پشتگیریکردنی کوردەکانی باشور چۆن بووە و چۆنە؟ پشتگیرییە ڕاگەیاندراوەکانی ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان کامانەن؟ ئیسرائیل بۆچی پشتگیری دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان دەکات؟ بەرژەوەندییەکانی چین؟ نەوت و غازی کوردستان لە ستراتیژییەتی ئیسرائیلدا چ گرنگیەکی هەیە؟ئایا ئیسرائیل پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان لە لایەن(تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا) دەقۆزێتەوە؟ لێکەوتەکانی پشتگیری ئیسرائیل بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان چین؟ لێکەوتە نەرێنییەکانی پشتگیریکردنی  ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی چین؟ یان بە پێچەوانەوە لێکەوتە ئەرێنیەکانی پشتگیریکردنی ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان چین؟ 
  دەستپێکی مێژوویی  یارمەتیەکانی ئیسرائیل بۆ کوردەکانی باشور
مێژوونوسی ناوداری ئیسڕائیلی شلومو نەکدیمون  نزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوپێش کتێبێکی لە ژێر ناونیشانی "ئەو هیوایەی کە تێکشکا " بڵاوکردەوە، کە لە کتێبەکەیدا دەڵێت سەرکەوتنەکانی کورد سێ کەسی ئیسڕائیلی لە پشتەوەبوو، کە ئەوانێش (لیڤی ئاشکول) سەرۆکی حکومەت و وەزیری بەرگری پێشووی ئیسڕائیل بووە و (ئەسحەق ڕابین) سەرۆکی ئەرکانی پێشوو و (مائیر عەمیت) سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسڕائیل موساد. لەم سۆنگەیەوە دەگەڕێینەوە بۆ یەکەمین دەستپێکی هاوکاری ئیسرائیل بۆ کوردەکانی باشوری کوردستان، پشتبەست بە لێدوانەکانی (ئۆری میلیشتاین)  مێژوونوسێکی دیکەی ئیسڕائیلی، لەم بارەیەوە لە چاوپێکەوتنێکدا، لە ئازاری ٢٠١٦ ڕایگەیاندووە، ڕەگی مێژوویی هاوکاریکردنی کورد لەلایەن ئیسڕائیلەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش ١٩٦٧، کە ئیسڕائیل بەشێوەیەکی ئاشکرا دەیویست سوپای عێراق بە کوردەکانەوە سەرقاڵبکات. تەنانەت  دەزگای هەواڵگریی مۆسادی ئیسرائیلی بە سەرۆکایەتی  (مائیر عەمیت) و بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ دەزگا هەواڵگریەکانی ئێران، مەشق و ڕاهێنانیان بە دەیان ئەفسەری کورد کردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی چەکداری لە ناوخۆی عێراقدا.  (2-1)، کاتێک لە ئابی  1961دا، بارزانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق تێکچوو و یاخیبوونی دژی عێراق ڕاگەیاند، دەستە و گروپی چەکداری دژی عێراق دامەزراند. بەکرداری ئیسرائیل پشتگیریی کوردەکانی کرد لە ڕاهێنان و پلان و تەکتیکی جەنگیدا.(3) 

سیاسەتی پەراوێزی ستراتیژی و لەخۆگرتنی کوردەکانی باشور، لەلایەن ئیسرائیلەوە
 دیڤید بن گۆریون (کە بەباوکی رۆحی ئیسرائیل ناسراوە) لە 1950دا سیاسەتی رۆخی ستراتیژی (strategic periphery) هێنایە کایەوە. (4)، کە پێی وابوو لە ناوچەکەدا، دەبێت بگەڕێت بەدوای هاوپەیمانی نوێدا، هاوپەیمانیەک لەدەرەوەو ناوەوەی دەوڵەتانی عەرەبی، بەم شێوەیە لەبەرامبەر بەرەی عەرەبیدا هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانی نوێی دەدا، لەگەڵ کەمینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەوتە پەیوەندی و هەماهەنگی، کوردەکان لەوکاتەدا چەوسێنەری دەستی دوژمنەکانی ئیسرائیل بوون، بۆیە کەوتە هەماهەنگی لەگەڵیاندا.(5)، ئەم دیدەی (بن گۆریون) پێی دەگوترێت دۆکترین یان پرینسیپی پەراوێزی ستراتیژی، بە پێی ئەم مەبدەئەش گرنگە ئەو هێزانەی کە لە رۆخ (پەراوێز)ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان و دەوڵەتانی ناعەرەبین و بە زەرورەت دۆستی عەرەب نین، وەک هێزەکانی (تورکیا، ئێران و ئەسیوپیا)، دۆست و پشتگیری ئیسرائیل بن، کوردستان و کوردیش، وەک بونێکی نادەوڵەتی، بەشێکی زۆری یان ڕاسترە بڵێین بەشی ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان،  دەکەوێتە ئەو ڕۆخە ستراتیژییەی ئیسرائیلەوە.(6)، بەم شێوەیە هاوکاریکردنی کورد له‌ پلانی ستراتیژی (داڤید بن گوریۆن)دا بوونی هەبووە، که‌ یه‌که‌مین سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیسرائیله‌ له‌ نێوان ساڵانی (1955-1963) و یه‌کێکیشه‌ له‌ 100 که‌سایه‌تیه‌ کاریگه‌ره‌که‌ی جیهان، بەم چەشنە لە سیاسەتی (بن گۆریۆن)دا کوردەکان دۆستی کوردن، پێویستە بەهێزبکرێن و بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کاریگەری باشتریان هەبێت(7).

 پەیوەندی نهێنی و  پاڵپشتیەکانی ئیسرائیل، بۆ کوردەکانی باشور  لە نێوان ساڵانی   1973-1965
  عیسمەت شەریف ( Ismet Sherif Vanly)  لە یاداشتەکانیدا دانیبەوەداناوە کە لە ساڵی 1964 لەو ساتەی شۆرشی کوردی لە قۆناغێکی هەستیاردابووە، پێشنیاریکردووە بۆ (مستەفا بارزانی) کە ئیسرائیل یارمەتی کوردەکان دەدات، بەم پێیە بە  ڕەزامەندی بازرانی (عیسمەت شەریف) سەردانی ئیسرائیلی کردووە و سەرۆکوەزیران لیفی ئشکول ( Levi Eshkol) دیدەنی کردووە، لەدوای ئەم وێستگەیەش حکومەتی ئیسرائیلی نوێنەرێکی تایبەتی خۆی دەنێرێت بۆ کوردستانی  باشور، تەنانەت نوێنەرەکەی ئیسرائیل هەوڵیداوە کۆبوونەوەی نێوان (عیسمەت شەریف) لەگەڵ بەرپرسێکی ئەمریکی ڕێکبخات، بەڵام ئەم هەوڵە لە لایەن ئەمریکاوە ڕەتکرایەوە!، هەر بە گوێرەی یاداشتنامەکە ئیبراهیم ئەحمەد (Ibrahim Ahmad) ئەوەی کە دواتر لە پارتەکەی بارزانی جیابۆوە، پێشتر بە نهێنی سەردانی ئیسرائیلی کردووە، دواتر جیابوونەوەی (ئیبراهیم ئەحمەد) و دەستەکەی، پرسێکی گرنگ بوو، چونکە لە ساڵانی دواتردا پەیوەندی نهێنی نێوان ئیسرائیل و بارزانی ئاشکراکرد. لەم دیدەوە لە نێوان سالانی 1968  هەتا 1975 پەیوەندییەکانیان هەڵکشانی باڵایان بەخۆیانەوە بینی، بەجۆرێک (مستەفا بارزانی) دووجار بە نهێنی سەردانی ئیسرائیلی کرد، ساڵی 1968 جاری یەکەم و جاری دووەم ساڵی 1973، هەردووجارەکە لەگەڵ بەرپرسی باڵای ئیسرائیل لەوانە سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە. (8)، پێویستە ئەوە بوترێت کە پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و کوردەکانی عێراق، لەسەر ئەو بنەمایە دەمەزرابوو کە دەڵێت: دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە. " My enemy's enemy is my friend"  چونکە دوژمنی باوی هەردوولا حکومەتی عێراق بوو "پارتی بەعسی عێراقی"، کە مەترسیدارترین دوژمنی هاوبەشبوو، کە بە درێژایی نێوان ساڵانی 1968 بۆ 2003 فەرمانڕەواییکرد.(9)، ئیسرائیل هاوشێوەی پەیوەندی لەگەڵ کوردەکان لەسەر هەمان بنەما، لەگەڵ ئازەرباینجان، ئسیوبیا و یۆنان مامەڵە دەکات. (10)
یارمەتییە راگەیانداروەکان بۆ کوردانی باشور، لە زمانی (مناحم بیجن)ی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە 
  لە 29ئەیلولی 1980دا، کاتێک سەرۆکوەزیران (Menachem Begin) دەستبەکاربوو،ئەوەی ئاشکراکرد کە ئیسرائیل پشتگیری کوردەکانی کردووە، لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکاینان دژ بە عێراق لە نێوان ساڵانی 1965_1975، تەنانەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ئاگاداری ئەم بابەتە بووە، بەڵام بە ئاگاییەوە ئەوەی ڕاگەیاندبوو، کە ئیسرائیل تەنیا ڕاهینەر و تیمی فێرکاری ناردووە بۆ کوردەکان نەک یەکەی سەربازی" Israel had sent instructors and arms but not military units" . (11)
بەم شێوە دەتوانین ئەوە بڵێن کە یارمەتییەکانی ئیسرائیل بۆ کوردەکان لە سەرەتادا سنوراربووە، وەک یارمەتی مرۆیی و تەندروستی، بەڵام دواتر فراوانکرا بۆ دابینکردنی جبەخانە و چەک و تەقەمەنی بچوک، پاشان ئامرازی ئاڵۆزتری وەک دژە دەبابە و چەکی فرۆکە شکێن، هەروەها ڕاهێنانی سەربازی بەردەوامی لێکەوتەوە. (12)، یارمەتییەکان هەتا ساتی ڕێکەوتنی جەزائیر لە 1975 بەردەوم بوون، بەڵام دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، پەیوەندییەکان بۆماوەیەم وەستان، چونکە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم ساتەدا وایاندەخواست.
 بەگشتی  هاریکاری لە نێوان ئیسرائیل و کوردەکانی باشور، بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەردەمی ڕژێمی (سەدام حسێن) دابوو، لەنێوان ساڵانی 1968 بۆ 2003، بۆ نمونە ئیسرائیل ڕاهێنانی سەربازی  بە چەکدارە کوردەکان (مەبەست پێشمەرگەیە) دەکرد دژ بە ڕژێمی سەدام، لە بەرامبەردا کوردەکان هاریکاری ئەو جەولەکە عێراقیانەیان دەکرد بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتیمانی خۆیان ، سەرباری هاریکاری لە سیخوڕیکردن بەسەر ڕژێمەکەی سەدام حسێنەوە (13).
لە ئیسرائیلەوە جولەکە کوردەکان  ڕۆڵیان چی بوو، لە پشتگیریکردنی  کوردانی باشوردا؟
لە هەمووی گرنگتر ئەو جولەکە کوردانەبوون، کە لە نێوان ساڵانی 1940 بۆ 1950 گەڕانەوە بۆ  ئیسرائیل، ئەوان سەرباری ئەوەی هەمیشە ستایشی ئەو مامەڵە ئەرێنیەی کوردەکانیان دەکرد، بەرامبەر جولەکەکان، هەر ئەمەش وایکرد لە کاتی گەڕانەوەدا وەک باڵوێزی نایاب " EXCELLENT  AMBASSADORS"  بەرگری لە مافی کوردەکانی عێراق بکەن،(14). بەم شێویە لە چەندین ڕووداودا پشتی کوردیان گرتووە، لە گرنگترینیان ڕاپەڕینی ساڵی 1991بوو، لە دەرئەنجامی تێکشکانی (سەدام حسێن) لە جەنگی کوەیتدا، بە خۆپیشاندانی ناڕەزایی هاوخەمیان بۆ کوردەکان دەربڕی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل (YITZHAK SHAMIR)داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، کە کوردەکانی لە هەڕەشەی (سەدام حسێن) بپارێزن، بەم شێویە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (James Baker) هانی ئیدارەکەیدا بۆ ئەوەی بەرگری لە کوردەکان بکەن (تەنانەت زۆرێک لە شارەزایان دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین لە باکوری عێراق بە فشاری ئیسرائیل تێدەگەن) (15). دوای ئەوە لەشاری قودس کۆمەڵەیەکی دۆستایەتی کوردی – ئیسرائیلی " Israeli-Kurdish friendship " دامەزارا، کە ئامانجەکەی بنیاتنان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی ئیسرائیل و کوردەکان بوو.(16)

پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و هەرێمی کوردستان لە 2003ەوە هەتا ئێستا
 لەدوای ڕووخانی (سەدام حسێن) و ڕژێمەکەی، ئیسرائیل و کوردستان دوژمنە هاوبەشەکەیان لەناوچوو، ئەمەش دەرچەیەک بوو بۆ کرانەوەی زیاتر لە نێوان ئیسرائیل و کوردەکان، لە پەیوەندییەکی شاراوە و نهێنیەوە بۆ پەیوەندییەکی ئاشکرا و ڕاگەیەندراو، هەرچەندە بە پێی میدیاکانی ئیسرائیل کۆبوونەوەی نهێنی لە ساڵی 2004دا لە نێوان (ئیرل شارۆن، جەلال تاڵەبانی و مەسعود بازرانی) ئەنجامدراوە، بە شێوەی ئاشکراش (مەسعود بارزانی) سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان لە 2005دا، ڕایگەیاند کە ئەو پەیوەندی دادەمەزرێنیت لە نێوان کوردەکان و ئیسرائیلدا، ئەمەش وەک تاوانێک نابینێت، چونکە زۆرینەی دەوڵەتانی عەرەبیش پەیوەندییان هەیە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل(17)، هەروەها جەلال تاڵەبانی سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، لە پشکی پارتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان،  لە نیسانی 2008دا، بە بێ دودڵی و  شڵەژان لەگەڵ ئەهود بارەک (Ehud Barak) وەزیری بەرگری ئیسرائیلی، لە لوبنان لە کۆنگرەیەک بەرامبەر یەکتر بوونەوە(18). دواتر لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانی عێراقی تاڵەبانی ڕوونکردنەوەی دا، کە ئەو کۆنگرەیە لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل، وەک سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەنجامیداوە، نەک  وەک سەرۆکۆماری عێراق. هەر بە گوێرەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان لەم دواییانەشدا  کۆبوونەوەی نهێنی لە نێوان سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل (بنیامین نەتەنیاهۆ) و سەرۆک وەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی)دا هەبووە. 
به‌پێی راپۆرتێکی (یەدیۆت ئارۆنۆت) چەندین شارەزاو ڕاوێژکاری سەربازی لە هەرێمی کوردستان، یارمەتی کوردەکانیان داوە، لە دروستکردنی یەکەکانی دژ بە تیرۆر و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەیان، هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمی کوردسان کردووە، لە بوارەکانی ئاسایش و ڕاهینانی سەربازی بە هێزە کوردییەکان و ئاشناکردنیان بە ئامرازی مۆدێرن، ئەمە سەرباری ئەوەی کۆمپانیا ئیسرائیلیەکان گرێبەستی دروستکردنی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریان دەستکەوتووە، کە لێیەوە قازانجێکی زۆریان بەدەستهێناوە (هەرچەندە ئیسرائیل بە فەرمی ئەمە رەتدەکاتەوە). (19)، لە سێپتەمبەری 2014شدا کاتێک داعش هێرشی سەربارزی کردە سەر هەرێمی کوردستان، ئیسرائیل دژی ئەم هێرشە وەستا و ئامادەیی هاریکاری و پاڵپشتی مەسیحیی و یەزیدییەکانی دەربڕی. (20)، ئەمە سەرباری ئەوەی پێداویستیەکانی ئیسرائیل بە نەوت وای کردووە، هانا بهێنێت بۆ کوردستان، بە پێی هەواڵێکی فایننشال تایمز، لە ئابی 2015 ئەوەی خستەڕوو کە ئیسرائیل بە ڕێژەی 77% نەوتی لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە کردووە، هەر بە پێی هەواڵی ئەو ڕۆژنامە بەریتانیە بێت، کۆمپانیاکانی ئیسرائیل لە مانگی ئایارەوە هەتا  11ی نیسانی 2015،  19 ملیۆن بەرمیل نەوتیان، لە  کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە کردووە. هەر بە پێی ئەم ڕێژەیەش پێداویستی نەوتی ئیسرائیل بۆ کوردستان بە لە 77% مەزەندەکراوە، کە تەنیا لە یەک ڕۆژدا 244 هەزار بەرمیل هاوردەکراوە، بە پێی نرخی ڕۆژ بڕی هەموو ئەو نەوتە دەگاتە ملیارەها دۆلاری ئەمریکی. (21)

قۆناغەکانی پشتگیری و هەماهەنگی ئیسرائیل بۆ  کوردەکانی باشور لە ١٩٦٥ەوە هەتا ئێستا
قۆناغی یەکەم: لە نێوان ساڵانی 1965 بۆ 1975: لەم قۆناغەدا بەرهەڵستکاری گەلی کورد دژ بە حکومەتی عێراقی فاشیزم هەڵگیرسا، لەم کاتەدا ئیسرائیل چەک و پێداویستی سەربازی بەخشیە کوردانی عێراق، سەربای کردنەوەی خولی ڕاهێنانی ئیسرائیلی لە لایەن شارەزا و ڕاوێژکارانی مۆساد، و داڕشتنی پلانی سەربازی دژ بە عێراق، بە بێ ئەوەی هێزی سەربازی بنێرێت، زیاتر لەوەش ئیسرائیل لەم قۆناغەدا  ڕەزامەندی ئێرانی هاوپەیمانی بەدەستهێنا بۆ یارمەتیدانی کوردەکان دژ بە عێراق، ناکۆکی سنور لە نێوان ئێران و عێراق بووە هۆکاری ئەم ڕەزامەندییە. (بەڵام ڕێکەوتنامەی جەزائیر و ڕێکەوتنی ئێران و عێراق، بۆ ماوەیەک کوردەکانی کردە دۆخی پەلەکوتەوە).
قۆناغی دووەم:  لە نێوان ساڵانی 1991 بۆ 1998: ئەم قۆناغە جەنگی کەنداوی دووەمی بەدوادا هات، لەم کاتەدا ئیسرائیل بەهەموو تواناوە  کەوتە بەرگری لە مافی  کوردەکانی باکوری عێراق، ئامادەیی پشتگیری سەربازی و ئاسایشی و ئابوری و کۆمەڵایەتی پیشاندا، بە ئامانجی دروستکردنی قەوارەیەکی کوردی سەربەخۆ لە باکوری عێراق و دەربازبوون لە حکومەتی ناوەندی عێراق، بەڵام نەسازانی ژینگەی سیاسی کوردی و بەرهەڵستکاری توندی تورکیا ڕێگربوو لە هەوڵێکی لەم شێویە. (22)
قۆناغی سێهەم: 2003 هەتا ئێستا:   پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و هەرێمی کوردستان   لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە پەیوەندی ئابوری و بازرگانیان لە دۆخێ:ی باشدایە. سەربای مانەوەی پەیوەندییە سیاسیەکان لە دۆخێکی شاراوە و کۆبوونەوەی نهێنیدا، بەڵام زارەکیانەش   هەماهەنگی و سازانی پەیوەندی گەرمی دوولایەنە دوپاتکراوەتەوە، گرنگترینیان ساڵی 2014 بوو، کە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و سەرۆک وەزیران پاڵپشتی دەوڵەتی ئیسرائیلیان دەربڕی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کودرستان، لە ئێستاشدا چەندین بەرپرسی ئیسرائیلی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوی ئەرێنی دەبینن.

 سروشتی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و  پارتی کرێکارانی کوردستان  (PKK)
لەم سۆنگەیەوە (Amikam Nachmani) نوسەر و وانەبێژی سیاسی لە زانکۆی بار_یلان(Bar-Ilan) ئیسرایل لەگەڵ کوردانی تورکیا (پەکەکە) دۆستایەتیەکی گەرمی نەبووە، هاوشێوەی کوردانی باشور نەبووە، وەک باسمانکرد پەیوەندی کوردانی  باشور و ئیسرائیل لەسەر بنەمای " دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە" دامەزرابوو، بەڵام بە پێچەوانەوە پەیوەندی کوردانی باکور و ئیسرائیل، لەسەر بنەمای ئەو پەندەی کە دەڵێت " دوژمنەکەم دۆستی دوژمنەکەمە _My enemy's friend is my enemy.، کە ئەمەش مەبەستی هاوڕییەتی پەکەکە و سوریایە، بەجۆرێک سوریا دژی ئیسرائیل بووە و جەنگی دژی بەرپاکردووە و لایەنگری فەلەستینیەکانە، کە پێی وایە لە دیمەشقەوە پەروەردە دەکرێن، بەم شێوە لەم کاتەدا ئیسرائیل و تورکیا دۆستی یەکتر بوون، بەڵام پەیوەندی لە نێوان ئیسرائیل و سەرکردایەتی کوردی لە تورکیا لە دۆخێکی ئاڵۆزدابووە، سەرکردەی پەکەکە (عەبدولە ئۆجەلان) دژ بە ئیسرائیل و زایۆنیست لێدوانی داوە، پەیوەندییەکانیان لە شوباتی 1999 بە تەواوی گەیشتە بنبەست، کاتێک مۆسادی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبارکرا کە دەستی سەرەکی هەبووە لە گرتن و ڕادەستکردنەوەی سەرکردەی پەکەکە بە تورکیا،  (23).
بەم شێوە چەندین هۆکار هەبوون کە وای لە ئیسرائیل کردبوو دژ بە (پارتی کرێکارانی کوردستان)ی باکور بێت، لە دیاریترینیان ئەوەبوو کە ئەم پارتە لە خولگەی یەکێتی سۆڤییەتدا بوو هەر ئەویش  پشتگیری دەکرد و یارمەتیدادە، لە لایەکترەوە (پارتی کرێکارانی کودرستان) لایەنگری دەولەتی سوریابووە و لە هەمانکاتدا لەگەڵ هەندێک لە ڕێکخراوە فەلەستینیەکان هەماهەنگی هەبووە و  دژ بە ئیسرائیل و تورکیا و ئەمریکا بووە، و پێی وابووە سەرچاوەی هەڕەشەن بۆ ناوچەکە،  وەک کاردانەوەش ئیسرائیل و تورکیا ڕێکەوتن دژ بە (پارتی کرێکارانی کوردستان)، جەنگی لوبنان لە ١٩٨٢دا دیاریترین بەریەککەوتنی پەکەکە و ئیسرائیل بوو، بەم شێوەیە ئیسرائیل بە پێدانی زانیاری نهێنی و هەوڵگری و سەربارزی دەربارەی (پارتی کرێکارانی کوردستان) یارمەتی تورکیای دا، بێجگە لە پێدانی یارمەتی سەربازی و ئاسایشی و تەکنەلۆجی لەسەر ئاستی باڵا، بۆ چاودێریکردنی سنوری تورکیا، تا ئەوەی پشکداربووە لە دانانی مین و تەقەمەنی و سنور بەستندا، سەرباری ناردنی ڕاوێژکار و شارەزایی ئاسایشی بۆ یارمەتی حکومەتی تورکیا بە بەرەنگاربوونەوە ئۆپەراسیۆنی دژ بە (پارتی کرێکارانی کوردستان)، هەتا ئەوەی لە ساڵی 1998_بۆ 1999، بەهاوکاری دەزگای هەواڵگری توکیا و ئەمریکا لە کینیا (عبدوللە ئۆجەلان)یان دەستگیکرد و ڕادەستی تورکیا کرایەوە، ئەم بابەتەش لە کاتیخۆیدا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و لەبەردەم باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە بەرلین، لەلایەن کوردەکانەوە، خۆپیشاندانی فراوان سازکرا، ئەمە بێجگە لەوەی ئیسرائیل تۆمەتبارە بە کوشتنی زۆرینەی چالاکوانەکانی پارتی کریکارانی کوردستان لە ئەورپا. (24)
 
پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و کوردەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان
بە پێی نوسنێکی دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەی (ئۆرشەلیم پۆست)، کە لە 1/ئابی/2016دا بڵاوکراوەتەوە، پێی وایە ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردەکانی ئێران پێویستە بەرەو پێش بەرێت، چونکە هەردوولا دوژمن و ئامانجی هاوبەشیان هەیە، دوژمنەکەیان ئێرانە و ئامانجەکەشیان بەرەنگاربوونەوە و دژایەتی فراوانخوازی ئێرانە، بەم شێوەیە ئیسرائیل پشتگیری خەباتی چەکداری کوردەکانی ئێران دەکات، سەرباری ئەوەی لە ڕابردووشدا عێراق دوژمنە هاوبەشەکەی ئیسرائیل و کوردەکان بوو، ئێستاش لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژهەڵای کوردستان ئێران دوژمنی هاوبەشیانە، لە سوریاش بە هەمان شێوە کوردەکان و ئیسرائیل دۆستن بەرامبەر ڕژێمی سوریایی نادۆست، هاوشان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، پشتگیری کوردەکان دەکەن، لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی سوریادا، تەنانەت لە رێگەی کوردە شەرفانەکانەوە توانیویانە بەرژەوەندییەکانیان پارێزراوبن،  هەر بە پێی نوسراوی ڕۆژنامەکە پێیان وایە کوردەکان لە سوریا بەشێکی ئەو وڵاتەیان بۆ خۆیان دابڕیوە و ئەگەرەکانی یەکگرتنەوەی سوریا وەک جاران ئێجگار کەمە.
بەم شێوەیە بەرژەوەندی ئیسرائیل لە سوریا، ئامانجێکی ستراتیژی بەرزی لە پشتەوەیە، سەرەتا ئەو ویستی یەکلاکردنەوەی دەوڵەتی تورکیایە، بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێت، لەپاڵ سود وەرگرتن لە هاوپەیمانی کورد و سوننەکانی سوریا، چونکە سوریا خاڵی دەرچونە بۆ گەیشتن بە قوڵایی ئیسرائیل و هەڕەشەکردن لێی. بەڵام کوردەکانی باکوری کوردستان، نایانتوانی دۆستایەتی ئیسرائیل بەدەست بهێنن. ڕۆژنامه‌که‌ ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ که‌ مامه‌ڵه‌کردن و بونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ کوردا بۆ ئیسرائیل هه‌م ئاڵۆزه‌ و هه‌میش پێویسته‌ نهێنی بێت، په‌یوه‌ندیه‌که‌ ئاڵۆزه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسرائیل ناچاره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ چوار پارچه‌ی جیاوازی کورددا بکات له‌ عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا و هاوسه‌نگی له‌ نێوانیاندا بپارێزێت، له‌ کاتێکدا  “هه‌ر چواریان ئه‌جێندای سیاسیان زۆر له‌ یه‌ک جیاوازه‌”پێویستیشه‌ په‌یوه‌ندیه‌که‌ نهێنی بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورده‌کان ناتوانن به‌ ئاشکرا باسی بونی په‌یوه‌ندی خۆیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بکه‌ن و سه‌رجه‌م وڵاتانی ده‌وروبه‌ر له‌ خۆیان بکه‌ن به‌ دوژمن.(25)

ڕوانگەی عێراق لە بەرامبەر پشتگیرییەکانی ئیسرایل،  بۆ سەربەخۆیی کوردستان
وەزیری بەرگری عێراق (عبدولعەزیز ئەلوقایلی) لە 1966دا، سەرزەنشتی کوردەکانی بەوەدەکرد، کە هەوڵی دامەزراندنی ئیسرائیلی دووەم (a second Israel) دەدەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند کە ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات پشتگیری دروستکرنی دەوڵەتی نوێی ئیسرائیل دەدەن، لە باکوری عێراق، هاوشێوەی ئەوەی ساڵی  1948 دروستیانکرد، کە ئەمەش هیچ نیە بێجگە لە دووبارەکردنەوەی مێژوو " It is as if history is repeating itself.". عەرەبەکان لەوکاتەدا هۆشداریاندا لە دژوەستانەوەی ئەم بابەتە، چونکە ئەوان پێیان وابوو دروستکردنی دەوڵەتی کوردی، لە چوار دەیەی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقدا، گەورەترین هەڕەشە ومەترسییە بۆ عێراق. بەم چەشنە لە لایەن عەرەبەکانەوە هەمیشە کوردەکان بە شوێنکەوتەی پلان و هەنگاوەکانی ئیسرائیل تۆمەتبادەکران.(26)
سەرکردە و سیاسیەکانی عێراق هەر لە ساتی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، نەیانهێشتووە  دەنگ و ڕەنگی جودا لە هەناوی عێراقەوە دروستببێت، هەرچەندە بنەڕەتی دروستبوونی عێراق وەک  دەوڵەتێکی داهێنراو و دروستکراوە، بە بێ لەخۆگرتنی جیاوازی قبوڵکردنی ئەویتر،  کۆکردنەوەی چەند  نەتەوە و نەژاد و مەزهەبێکە لەسەر سنورێکی دیاریکراو، بەڵام هەرگیز پەیوەندی ئەم پێکهاتە و گروپە جیاوازانە لە کەشێکی لەباردا نەسازاوە، بەڵکو هەوڵدراوە بەزۆر هەموویان بکەنە یەک ڕەنگ و یەک نەتەوە و یەک مەزهەب، چونکە پێان وایە عێراق پێکهاتووە لەیەک گەل،   کورد پێکهاتەیەک بووە لەبری ئەوەی وەک نەتەوەیەکی جیاوازتر لە عێراق لێبڕوانرێت، بە زەبری ئاگر و ئاسن هەڕەشەیان لە ناسنامە و نەژادی ڕەسەنی کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ نەژادی عەرەبی بیکەن بەیەک، ئێستاکەش لە میراتی ئەم عەقڵیەتەوە، بیردەکەنەوە و هەڵوێست وەردەگرن.
لەم دواییانەشدا عەممار حەکیم وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵویستی حکومەتی عێراقی، دەربارەی ڕیفراندۆمی  هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ، لەئێستادا عێراق ئامادەنیە هەنگاوێکی لەوجۆرە قبوڵبکات و ئەگەر هەرێم بیەوێت بەبێ ڕەزامەندی بەغدا ببێتە دەوڵەت ئەوا ڕوبەڕووی شەرعیەتی دانپێدانان دەبێتەوە، چونکە   ئێستادا   ئەگەر دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەندرێت تەنها ئیسرائیل دانیپێدادەنێت. (27)، لە ساڵی 2014شدا کاتێک ناتانیاهۆ پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستانی کرد، کاردانەوەی توندی (نوری مالکی) سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراقی بەدواوەبوو، چەندینجاریش بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، هەوڵ هەیە کوردستان بکرێتە (ئیسرائیلی دووەم). (28)، ئەمەش   دوبارەکردنەوەی هەمان دەربڕینی ساڵی ١٩٦٦ی وەزیری بەرگری عێراق بوو لە ٢٠١٤ و ئێستادا، واتە عێراق لە ساتی دروسبوونیەوە بەم شێوە بیر دەکاتەوە.

 

 پشتگیرییە ڕاگەیاندراوەکانی ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە ڕابردوو و ئێستادا 
 هیچ گومانی تێدا نییە کە ئۆرشەلیم پشتیوانی لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکات.(29)، سێ ساڵ لەمەوبەر، سەرۆکوەزیران (ناتانیاهۆ) رایگەیاند، ئیسرائیل پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکات، لەو بەشەی عێراقدا کە ئێستا کورد ئۆتۆنۆمییان تێیدا هەیە. ووتی "ئێمە پێویستە پشتیوانی لە ئارەزووی کورد بۆ سەربەخۆیی بکەین. ئەوان شایانی سەربەخۆیین". ئەمانە قسەی (ناتانیاهۆ) بوون لە گوتارێکیدا کە لە ئەنیستیتیوتی ئاسایشی نیشتمانی لە  تەلئەبیب پێشکەشی کرد.(30)، بە هەمان شێوە، پێش ڕیفراندۆم لە ١٢/ئەیلولدا، لە وتارێکدا لە پەیمانگایەکی لێکۆڵینەوەی سەر بەزانکۆی تەلئەبیب، لەبەردەم ٣٥ کۆنگرێسمانی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە عێراق و ھەندێ وڵاتانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەراست بەرەو رووخان دەچن، لە ئەنجامی ململانێی سونەو شێعە. هەروەها بە ئاشکرا ئەوەی خستەڕوو، وڵاتەکەی پشتیوانی ھەوڵی رەوای، گەلی کورد دەکات، بۆ دروستکردنی دەوڵەت. هەروەها لە مارسی 2016شدا (رون درمر)باڵوێزی ئیسرائیل لە واشنتۆن، پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ خەباتی سەربەخۆیی کوردەکانی باشور، ئەو ڕایگەیاند کوردەکان ڕۆحێکی جەنگاوەری بەرزیان هەیە، دژ بە ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش،(31)، لە نۆیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ساڵانەی ئینستیوتی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان بۆ ئاسایشی نیشتمانیش (INSS) ئایلێت شاکید وەزیری دادی ئیسرائیل داوای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی کرد.(32)، نۆ جاری دووەمیش لە ١١ی ئەیلولدا و لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر ئاماژەی بەوەکرد، ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرژەوەندی زۆریان لەگەڵ بنیادنانی دەوڵەتی کوردستاندا هەیە. هەروەها سه‌رۆکی پێشوی ئیسرائیل (شامۆن پرس) پشتگیری خۆی بۆ سەربەخۆیی کورده‌کان ده‌ربڕیوه‌. Avigdor Liberman  وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە 2014دا، وتی " پێدەچێت دەوڵەتی ئیسرائیل یەکەمین دەوڵەت بێت، کە داندەنێت بە دەوڵەتی کوردستاندا (34)، پشتگیرییەکانی ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هەڵقوڵاوی ساتی ئێستا و چەند ساڵی ڕابردوو نین، بەڵکو ساڵی 1991 ساڵی 2003 پێش ئەم وادەیەش سەرکردە سیاسی و نوسەر و ڕۆشنبیرانی ئیسرائیل، پشتگیری خۆیانیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دوپاتکردۆتەوە، بە بێ ئەوەی لە ژینگەی ناوخۆیی و دەرەکی و پێشمەرجە بابەتییەکانی سەربەخۆیی کوردستان تێبگەن.
زۆریک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەدەن، کە لۆبی ئیسرائیل هەوڵی کاریگەری داوەدە، بەسەر ناوەندی بڕیاری ئەمرکییەوە بۆ ئەوەی قەناعەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بهێنن، بۆ ئەوەی ڕەزامەند بێت بە گۆڕینی کوردستان، لە هەرێمێکەوە بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ، لەم چوارچێوەیەدا وەزیری دەرەوەی پێشوو  ئیسرائیل (افیغدور لیبرمان) لە 22 حوزەیرانی 2014 داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا (جۆن کیری) کردبوو بۆ گۆڕینی هەڵوێستی دەوڵەتەکەی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هەر بە پێی سەرچاوە ئیسرائیلیەکان، (ناتانیاهۆ) و دوای کردووە لە سەرۆکی پێشووی ئیسرائیل (شەمعون بیریز) بۆ ئەوەی هەوڵبدات کاریگەری لەسەر ئیردارەی ئەمریکا دابنێت، بۆ ئەوەی قەناعەت بە ڕاگەیاندن و پشتگیری سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق بکەن. (35)، لە ئێستاشدا کە بارزانی ڕێکەوتی 25 ئەیلولی 2017 دیاریکردووە بۆ ڕیفراندرمی سەربەخۆیی، هەرێمی کودرستان.(36)، هەرچەندە گومانەکانی پشتی ئەم کردەیە یەکجار زۆرن، بۆچوونی باویش پێی وایە ئەم هەنگاوە زیاتر وەک کارتێکی فشار و بانگەشەی هەڵبژاردنی بەکار دێت، چونکە پێشمەرجی یاسایی، سیاسی، ئابوری، سنور، سەربازی، ناسنامە،  هەرێمی و نێودەوڵەیتەکان، لەگەڵ ئەم بابەتە نەگونجێنراون، سەرباری ئەوەی سەرجەمی هێزە سیاسیەکانی ناوخۆ دەربارەی ئەم پرسە نەگەیشتوونەتە کۆدەنگی و یەکڕایی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی نوسەر و ڕۆژنامەنوس  توێژر و ئەکادییمیە ئیسرائیلییەکان پشتگیری ئەم کردەیە دەکەن، بە بێ ئەوەی لە ئامادەسازی و هەلومەجە ناوخۆیی و بابەتیەکانی ئەم پرسە تێبەگەن، بەڵکو ئەوان بە چاویلکەیەکی دیکەوە دەڕوانن و زیاتر لە سۆنگەی بەرژەوەندی دەوڵەتەکەیانەوە، شیکاری و هەڵسەنگاندن دەکەن.

ئیسرائیل بۆچی پشتگیری دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان دەکات؟ بەرژەوەندییەکانی چین؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پشت بە نوسینێکی (Ido Rabin)ی دەبەستم،  ناوبراو نوسەرێکی ئیسرائیلی ناسراوە  و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستی سیاسیدا، ئەو بە هەمیشە بەرگری لەوە دەکات، کوردەکانی هەرێمی کودرستان، ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان، هۆکارەکانی پشتگیری ئیسرائیلیش بۆ دەوڵەتی کوردی بە 5 خاڵ دەخاتەڕوو، ئێمە لێرەدا سێ خاڵی  سەرەکی دەخەینەڕوو:
یەکەم: سەرەکیترین مەبەستی ئیسرائیل، لە پشتگیریکردنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردی، بەردەستخستنی سامانی سروشتی (نەوت و غاز)ی هەرێمی کوردستانە، بە نرخێکی هەرزان و تێچوونێکی کەم و مەودایەکی کەمی گواستنەوە، ئیسرائیل بە نافەرمیش نەوتی هەرێمی کوردستانی کڕیووە و بەهۆی ئەوەی کوردستان هەرێمێکە لە عێراقدا، بە پێی دەستوری عێراق ئەم مافەی نیە، لەڕابردوودا ئیسرائیل توشی ڕەخنەگری هات، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان سنورداری  لە فرۆشتنی نەوتەکەی ناهێڵێت، ئیسرائیلیش سودمەندی یەکەم دەبێت.
دووەم: ئیسرائیل وای دەبینێت کە پێوستە هەر لە یەکەم هەنگاوەوە، کوردەکان بکاتە هاوپەیمانی سەرەکی خۆی، لە ڕۆژهەڵاـی ناوەڕاستدا. چونکە بڕوای وایە ئەگەر بێت و لەسەرەتاوە هاوپەیمانی لەگەڵ کوردەکان نەبەستێت، ئەوە پێدەچێت کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە یەکبگرن و لە خولگەی دژوەستانەوەی ئیسرائیلدا  سیاسەت بکەن.
سێهەم: هۆکارێکی دیکە پەیوەندی بە هەڵکەوتەی جوگرافی (Geographically) کوردستانەوە هەیە، ئیسرائیل سود وەردەگرێت لەم  پێگەیە بۆ  ئاستەنگدانان لە نێوان ئێران و عێراق لە لایەک و ئێران و سوریا لە لایەکی ترەوە، ئێران لە ئێستادا بە پاساوی جەنگی داعش بە تەواوی خزاوتە ناو عێراقەوە، بەڵام ئێران لە هەوڵدایە ڕیزبەندێک لە  دەوڵەتی تەوەر (میحوەر) لە شێوەی سنورێک دروستبکات،  کە ئێران، عێراق، سوریا و لوبنان، هەتا سنوری ئیسرائیل دەگرێتەخۆ، بەم شێوەیە ئیسرائیل زۆر ئارەزوومەندە ئەم زنجیرەیە بپچڕێنت، لە ڕێگەی هاوپەیمانی کوردستانەوە، چونکە سنوری کوردستان دەبێتە  پچڕانی زەمینی ئەم هێڵە زنجیرییەی ئێران.  (37)
  دیدی هەریەکە لە  (ڕافی شانکار، د.ئیدی کوهین، راچڵ ئەفراهامی)، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە
" Ravi Shankar "  لە چەندن نوسینیدا پێی وایە ئیسرائیل 75%ی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە دەکڕیت، بۆیە پشتگیرکردنی لە پێناو پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی وزەدایە بە پلەی یەکەم، سەربای ئەوەی ئیسرائیلیەکان موسوڵمانی هاوچەرخ و لیبڕال و کراوەیان دەوێت لە ناوچەکە، تا ئەوەی بیانکەنە دۆست و هاوپەیمانی بەهێزی خۆیان، چونکە ئەوان تا ئێستا لە ناوچەکە دۆستێکی وەک کوردیان نیە، کە بەو شێوەیە لە ئیسرائیلیەکان تێبگەن و هاوسۆزیانبن، ئیسرائیلییەکانیش ویستیانە هەمان شێوە لەگەڵ کوردەکان مامەڵە بکەن، تەنانەت بۆچونەکانی  (Ravi Shankar)بەرەو ئەوە دەڕوات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەنگی داعش بە نهێنی وەک بەهانەیەک بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی کوردەکان بگەیەنێت بە سەربەخۆیی و   دەوڵەتی  ئازاد. (38)، هەروەک لەم دواییەدا ئیسرائیل یەکەم دەوڵەت بوو، کە بە بێ گەڕانەوە بۆ عێراق نەوتی هەرێمی کوردستانی دەکڕی، بە شێوەک زارەکیانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دژی ئەم هەڵوێستەی ئیسرائیل بوو. (39).
 د. ئێدی کۆهێن،(Dr. Edy Cohen)   توێژەرێکی ناسراوە لە (سەنتەری بنگۆریۆن- سادات)ی ئیسرائیلی.  نوسەری پەرتوکێکە بەناونیشانی هۆلۆکۆست لە روانگەی مەحموود عەباسەوە (Holocaust in the Eyes of Mahmoud Abbas)، پێی وایە جولەکە و کوردەکان لە زۆر ڕووەوە مێژووی هاوبەشیان هەیە، پەیوەندییان هەمیشە لە باشیدابووە،   ئەمە بێ لەوەی ئیسرائیل هەم لەڕووی ئابوورییەوە و هەم لەڕووی ئاسایشیشەوە، دەوڵەتی کوردستان سودی پیدەگەیەنێت.( Israel has an economic and security interest in supporting a Kurdish state)،  بۆ  ئاستەنگدانان بۆ جووڵەی میلیشیا جیهادییەکان (مەبەست چەکدارە شیعەکانە) لە سووریا و عێراق، پێویستە  ئیسرائیل رۆڵی هەبێت، لە گۆڕانکارییەکانی نێو کوردستان. دەکرێ لەوەش  زیاتر بنکەیەکی سەربازی لە کوردستان بکەنەوە، بۆئەوەی بەهۆیەوە دەوڵەتی کوردستان بپارێزن. هەروەها دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەتوانێ رێگە خۆش بکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو جووانەی کاتی خۆی لەوێوە هاتوونەتە ئیسرائیل و کاتی خۆی دەوڵەتی عێراق دەریکردوون و ماڵ و موڵکیانی تاڵان کردووە. ئەمە پێگەی ئیسرائیل لە رێککەوتنەکانی داهاتووی ئاشتیدا لەگەڵ عەرەب بەهێزتر دەکات. (40)، ئەمە بێجگە لەوەی (Dr. Edy Cohen)  پێی وایە ئیسرائیل  لە هەوڵی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ کورەکاندا، تەنانەت پێشبینی ئەوە دەرێت لە داهاتوودا ئیسرائیل یارمەتیدەری کارای کوردەکان بێت لە مەشقی سەربازی و ڕاهێنان و تەکتیکدا بە هێزی پێشمەرگە. (41)
هەر پەیوەند بەم پرسە (راچڵ ئەڤراهامی)  ژنە نوسەرو  لێکۆڵەری ئیسرائیلی، لە ناوەندی لێکۆڵینەوە بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، زۆر بە توندی پشتگیری سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەکات، لە نوسینەکانیشیدا وتەی ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک بەڵگە دەخاتەڕوو، ئەو وای دەبینێت بودجەی هەرێم بێ مەبەست لە حکومەتی عێراقەوە بڕاوە، ئەو بەهەمان شێوە بابەتی تیرۆر و پەنابەر و جەنگی داعش دەکاتە بیانویی قەیرانی سیاسی و ئابوری کوردستان، ئەمەش ناوردی وناشارەزایی ئەو دەخاتەڕوو(یان بە مەبەست و لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتەکەیدا، لەژێر ئەم چاویلکە تاریکەوە دەڕوانێت) دەربارەی دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی لای من مەبەستە پشتگیریی ئەوە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان، ئەو پێی وایە کوردەکان گروپێکی نەژادی جیاوازن لە عێراقدا، هەروەها زمان و کلتور و مێژوو جیاوازیان هەیە، تەنانەت لەژێر سەرکردایەتی سوننەکانی عێراق کۆمەڵکوژ و ئەنفال  و کیمیاباران کراون، کە ئەمەیان تێگەیشتنێکی وردە بۆ مێژووی پڕ نەهامەتی کورد. کاریگەرترین نوسینی (راچڵ ئەڤراهامی) لە ٢٠/٦/٢٠١٧  بڵاوکرایەوە، کە لە ڕۆژنامەی واشنتۆن تایمزدا   ئەوەی خستەڕوو، کە  پێویستە ئەمریکا پشتیوانی لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بکات بۆ سەربەخۆیی. بەبۆچوونی ئەو پشتیوانیکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان هۆکارێک دەبێت بۆ ڕێگری کردن لە دروستکردنی ناوچەیەکی فراوانی هەژموونی شیعە کە بە مانگیی شیعە ناوزەد دەکرێت. ئەو لێکۆڵەرە ئیسرائیلییە لەوباوەڕەدایە پێویستە ئەمریکا پشتیوانی لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد بکات، چونکە هاوشێوەی بەعسییەکان، لەدوای ٢٠٠٣ شیعەکانیش کوردیان چەوساندووەتەوە. ئەڤراهام ڕاشیگەیاندووە کورد زمان و کلتور و مێژوویەکی نیشتمانی تایبەتیان هەیە و هیچ هۆکارێک نیە کە ئەوان دەوڵەتی تایبەت بەخۆیان نەبێت. (42-44).
لە ئاستی ناوخۆ هانی ئیسرائیل دەدرێت، بۆ پشتگیری سەربەخۆیی کوردستان 
لە لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئیسرائیل، چەندین نوسەر و ڕۆژنامەنوس و توێژەری ناودار، بە توندی لەگەل پشتگیری دەوڵەتەکەیاندان بۆ سەربەخۆیی کوردستان، لەسەرەوە ناوی گرنگترین ئەو کەسانەم خستەڕوو، کە هەمیشە بە نوسینەکانیان فشار دەکەن لە ئیسرائیل، تەنانەت هەوڵی قەناعەتپێکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دەکەن بۆ ئەم پرسە، لە هەموویان گرنگتر ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی ئیسرائیلییە، بە ناوی (جۆرشەلیم بۆست)، کە گرنگترین ئەو هۆکارانەیان خستۆتەڕوو کە پێویستە ئیسرائیل لەبەر چاویبگرێت بۆ پشتگیری سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکەشی لەوەدایە ئەم بابەتە بەناوی ڕۆژنامەکەوە نوسراوە نەک تەنیا نوسەر و ڕۆژنامەنوسَیک، ئەمە بێجگە لەوەی ئەم هۆکارانە هەمان ئەو هۆکارانەن کە   سیاسیەکانی ئیسرائیل (بەتایبەت ئیسرائیلیە توندڕەوەکان) بۆ پشتگیری کردنی کوردستان لەبەرچاوی دەگرن، بەم شێوەیە ڕۆژنامەکە بە نزیکەی 18 خاڵ هۆکاراەکانی پشتگیریکردنی کورد دەخاتە ڕوو، هانی حکومەتی ئیسرائیل دەدات بێ دودڵی پشتگیری سەربەخۆیی کوردستان بکات، لێرەدا من گرنگترینیان پیشاندەدەم،  یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌ بونی دوژمنی هاوبه‌شه‌، به‌و پێیه‌ی ئێستا پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕی گروپی تیرۆریستی داعش ده‌که‌ن، که‌ دوژمنێکی سه‌ره‌کی ئیسرائیل و کوردن، هەروەها  شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران  دژ به‌ سوپای ئێران،  دیسانەوە جەنگی خەباتگێرە کوردەکانە، دژ بە دوژمنی هاوبەشییان هەردوولا کە ئێرانە، بۆیە داوایان کردووە ئیسرائیل بێ دودڵی پشتگیری کوردەکانی عێراق و ئێران بکەن، چونکە هەریەکێک لەمانە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەپارێزن و هەڕەشەنابن بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل لە حاڵەتی بەهێز بوننیشیاندا. چونکە هەردوولا بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، ئەمە بۆ کوردەکانی ڕۆژئاواش هەر ڕاستە.  یه‌کێکی دیکه‌ له‌و هۆکارانه‌ی که‌ وا ده‌کات ئیسرائیل پشتگیری کورد بکات دروستبونی ده‌وڵه‌تی که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌یه‌ له‌ ناوچه‌که‌ جگه‌ له‌ عه‌ره‌ب، چونکە ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی مافی کەمە نەتەوایەتییەکان باشر پارێزراوبن لە ناوچەکە، که‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئیسرائیل وه‌ک تاقه‌ ده‌وڵه‌تی (نا عه‌ره‌ب) و شاز  له‌ ناوچه‌که‌دا نه‌مێنێته‌وه‌، هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌یه‌ که‌ زۆرجار هه‌رێمی کوردستان وه‌ک (ئیسرائیلی دووه‌م) ناوده‌برێت، هۆکارێکی دیکە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بە ئیسرائیل، لە کاتێکدا زۆرێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە نایانەوێت نەوت بە ئیسرائیل بفرۆشن، بۆیە کورد بێ دودڵی پێداویستییەکانی وزەی ئیسرائیل دابین دەکات، بۆیە پێیان وایە پێویستە هەمیشە کارکردن لەگەڵ کوردەکان وەک بەشێک لە (ستراتیژییەتی کەنارەکان)، ئەوەی(دەیڤید بنگۆریۆن)سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل خستبوویەڕوو(45)


ئیسرائیل پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان لە لایەن (تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا)ەوە دەقۆزێتەوە 
بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل پشتگیری سەربەخۆیی کوردەکان دەکات، لە هەرچوار دەوڵەتی (ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق) (هەرچەندە لە ڕابردوودا تورکیا و ئیسرائیل هاوڕابوون لە دژوەستانەوەی پەکەکەدا بۆە پێدەچێت پشتگیری ئیسرائیل بۆ کوردەکانی توکیا لە ئاستی پێوستدا نەبێت)، بەڵام بە تەواوی سیاسەت و ستراتیژییەتی ئیسرائیل لە ڕێگەی کارتی کوردەوە ئامانج لاوازکرن و بێهێزکردنی (ئێران، عێراق وسوریا)یە، بۆ ئەم مەبەستەش سود لە سەربەخۆیی و جیابوونەوەی کوردەکان وەردەگرێت،  دواتر ویستی ئەوەیە ڕێگە بگرێت لە لەشکرکێشی شیعەکان لە عێراق و سەرجەمی ئەو گروپ و دەستانەی لەژێر سەرکردایەی ئێراندان.(46)  هەر تایبەت بەم بابەتە (Dr. Edy Cohen) پێی وایە ئێران، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی قەت دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا نانێن. بەڵام کورد نابێ  ئەمانە لەبەرچاوبگرێت و پێویستە دەستبەجێ دوای  ڕیفراندۆم سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق رابگەیەنن. هەر بە بڕاوای (کوهین) ئەگەری زۆر بەهێز هەیە کە دەوڵەتی کوردستان ببێتە دوورگەی سەقامگیری و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ. ئەوەش وای لێدەکات زۆر جیاواز بێت لە وڵاتانی دەوروبەری. بۆیە دەبێ ئیدارەی ترەمپیش پشتیوانی لە  ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و جیابوونەوەی لە عێراق بکات. چونکە ئەم گۆڕانکارییە لەبەرژەوەندیی تەواوی ناوچەکەدایە. (47)
بۆیە ئیسرائیل سو دەبینێت لەم هەلە و قۆستنەوەی ئەو پەراوێزخستنە لە لایەن (تورکیا، ئیران و عێراق) دژ بە کوردەکان، بە لەبەرچاوگرتنی زانیاری و هەڵوێستەکانی سەرەوە، ئەگەرێکی زۆرە کە ئیسرائیل یەکەم دەوڵەت بێت لە پشتگیریکردی سەربەخۆیی کوردستان، لەم سۆنگەیەوە هەر لە کۆنەوە کوردەکانی  باشوری کوردستانی گرتۆتەخۆ و یارمەتی و هاریکاری و ڕاهێنانی سەربازی چەکی بۆدابینکردوون، لە ئێستاشدا بەهەمان ستراتیژی پێشوو ویستی ئەوەیە دۆستە تەقلیدییەکەی جارانی، لە چوارچێوەیەکی فراوان و لە کیانێکی سەربەخۆدا ببینێت، بۆئەوەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوری و ستراتیژییەکانی خۆی باشتر و بێ بەربەستتر پەرەپێبدات، هەروەها پشتگیری کوردەکانی ڕۆژئاوا دەکات دژ بە دوژمنە کۆنەکەی (مەبەست سوریایە) کە لە ڕابردوودا لە گەڵیدا جەنگاوە، لە لایەکی دیکەشەوە دێت کوردەکانی ڕۆژهەڵات دەگرێتە خۆی بۆ ئەوەی ببنە بەربەست لەبەردەم دەوڵەتی ئێراندا، بەم شێیوە ئەم پەیوەندییانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئیسرائیل دامەزراون، بێ گومان کوردەکانیش خاوەن بەرژوەندین لەم سیاسیەتەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار باکارهێنەربوون و دەبن، بەدەست  ئیسرائیلەوە. 

  بۆچی کوردەکان پێویستیان بە پشتگیری دەوڵەتی ئیسڕائیلە؟
بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەوڵەتی ئیسرائیلە، بە واتایەکی تر بۆچی کوردەکان دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لە ئیسرائیل هەبێت و پشتگیری ئەو وڵاتە بەدەست بهێنن؟
 ١- لەڕووی سیاسی دبلۆماسیەوە: لەبەر ئەوەی سەرکردە کوردەکان لەو بڕوایەدان کە ئیسرائیل دەتوانیت باشترین لۆبی بێت بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕۆژئاوا، بۆ پڕۆژەی دەوڵەتی کوردی، بەڵگەش بۆ ئەمە کە سەرۆکی ئیسرائیل لە حوزەیرانی ٢٠١٤دا، کاتێک چاوی کەوت بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (بارەک ئۆباما)، باسی بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی کرد، سەرەڕای نەترسی وڕیسکی بۆ هەردولا، دەشێت ئەم پەیوەندیانە لە بواری هەوڵگری و ئەمنی لە داهاتوشدا بەردەوام دەبێت. 
 ٢- لەڕووی سەربازییەوە: پاڵنەری دووەم ئەوەیە کە کوردەکان چاوەڕوانی بەدەستهێنانی چەک و هاوکاری لۆجیستین لە لایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە، کە ئەم هاوکارییانە هەرزوو پێشهاتنی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ عێراق لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ حکومەتی هەرێم دابینکراوە.
٣- لەڕووی ئابورییەوە: لەم ڕەهەندەوە حکومەتی ئیسرائیل ئۆڤەرێکی باش بوو بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥دا، لە کاتێکدا هیچ وڵاتێکی تر ئامادەیی نەبوو بۆ کڕینی ئەو نەوتە بە هۆی هەڕەشەکانی حکومەتی بەغداد، تۆمارکردنی سکاڵا دژی دەوڵەتی کڕیار. ئەوەبوو وەزیری سامانە سروشتییەکان (ئاشتی هەورامی)، دانی بەوادا نا لە پێناو ڕێگرتن لە ئاشکرابوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ڕێوشوێنی باشیان گرتۆتەبەر بۆ بردنە دەرەوەی ئەو نەوتە لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە. (48)
لێکەوتەکانی پشتگیری ئیسرائیل بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان
ئیسرائیل بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان، وڵاتێکی کاریگەرە بەڵام لە هەمانکاتدا وڵاتێکی زیانبەخشیشە ، ئیسرائیل وەک بونێکی جیۆسیاسی لە دۆخێکی تایبەتدایە، بەشی زۆری ئەو دۆخە تایبەتە بریتیە لە گۆشەگیری و دوژمنایەتی لە گەڵ زۆربەی درواسێکان، بە گشتیش لەگەڵ جیهانی ئیسلامیدا. (49)، بۆیە لێرەدا پێویستە لە دوو  ڕەهەندەوە لێکەوتەکانی پشتگیریکردنی ئیسرائیل بۆ دەوڵەتی  سەربەخۆیی کوردستان بخیەنەڕوو، لە لایەکەوە لێکەوتە زیانبەخشەکان پیشاندەدەین، لە لایەکی تریشەوە لێکەوتە ئەرێنیەکانی پشتگیریکردنی ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی دەخەینەڕوو:
 لێکەوتە نەرێنیەکانی پشتگیریکردنی  ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی (50-59)
یەکەم: هەریمی کوردستان هەڵکەوتە جیۆستراتیژییەکەی، وایلێکردووە ببێتە ناوچەیەکی هەستیار، عێراق وەک دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسێنرێت، هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو هەڵکەوتە گرنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەربای ئەوەی دراوسێکانی (عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا) سەرجەمیان نەیاری ئیسرائیلن، (بەلەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی لاوازی سوریا لە ئێستادا)، لەحاڵەتی یەکلابوونەوەی کوردەکان لەگەڵ ئیسرائیل بچوکترین کارت بەدەست ئەم دەوڵەتانەوە، گەمارۆدانی ئاویی هەرێمی کوردستانە، تادەگات بە داخستنی سنور و هێرشی سەربازی، چونکە جیابوونەوەی کوردانی باشور، کارتی سورە بە نیسبەت ئەم دەوڵەتانەوە،  هەریەکەیان بە قەبارەی جیاواز نەیار و دوژمنی ئیسرائیلن، لە ئیستا و ڕابردوودا. بۆیە ئەم هەڵوێستەی ئیسرائیل بە لێدان لە ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتەکانیان تێدەگەن.
دووەم: گەر بێت و ئیسرائیل سوربێت لەسەر پشتگیرییەکانی، دورنیە عێراق سود ببینیت لە دروستکردنی بەرەیەکی عەرەبی فراوان دژ بە سەربەخۆیی، کە تێیدا دەوڵەتانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامی بگرێتەخۆ،  یەکبوونی عەرەب دژ بە مافەکانی کورد ئاسانترین کۆدەنگیە لەرابروو و ئێستاو داهاتوشدا،  دوژمنایەتی لە مێژیینەی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسرائیل دروستبوونی بەرەیەکی لەم شێوەیە ئاسانتر دەکات، هەرچەندە سعودییە یەکێکە لە دەوڵەتانی عەرەبی کە پێدەچێت نەرمنوێنبێت بەرامبەر سەربەخۆیی کوردەکان، بەڵام ئەمەش زیانبەخشە بۆ کوردەکانی باشور، چونکە سعودییە ویستی ئەوەیە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دژ بە ئێران و فراوانخوازی شیعە، بخاتە بەرەی خۆیەوە، کە ئەمەش دەر ئەنجامەکەی کەمتر نیە لە پشتگیرییەکانی ئیسرائیل.
سێهەم: ئەگەر ئیسرائیل بەو مەرجە پشتگیری کورد بکات، کە هاوشانی ئیسرائیل ببێتە جەمسەرێک دژ بە ئێران و شیعەکان، ئەمە دەبێتە خوڵقاندنی کارەساتی نەتەوەیی و هەر لە دەستپێکەوە دەبێتە  دروستبوونی کاردانەوەی توند بۆ هەوڵی سەربەخۆیی، ئەمە بێجگە لەوەی کوردەکان لە سوریا و عێراق دەکاتە قەلغان، لەبەردەم لەشکرکێشی و فراوانخوازی شیعەی ئیرانیدا.
چوارەم: زۆرینەی دەوڵەتانی عەرەبی و دەوڵەتی ئێرانیش لە ئیستادا بوونەتە هەڕەشە  بۆسەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل،  دوور نیە ئیسرائیل بەم هەڵوێستە مەیدانی ڕەخنە و هەڕەشەکان لە ئیسرائیلەوە بەرەو ئاراستەی کوردستان بەرێت و  بە پێی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی، خۆی سەرقالبکات بەم پرسەوە، لە هەمووی گرنگتر نامۆیی ئیسرائیلە بە شەقامی عەرەبی و ئیسلامی، ڕەنگە بەهەمان دید لە مافی کورد تێبگات، زۆرجار کوردەکان بەوە دەناسێنن کە شوێنکەوتەو برواداری کوێرانەی ئیسلام نین (blind believers of Islam) و بیرکردنەوەیەکی مۆدێرنانەیان هەیە  بۆ دین، ئەمەش واتای دابڕانی کوردە لە دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی، ئەمەش واتای دروستکردنی هەمان دەوڵەتە لە جۆری ئیسرائیل، کە نامۆ و نەخوازراوە بە ناوچەکە. بەمەش لەیەکەم دەستپێکەوە دەوڵەتانی ئیسلامی، پێش دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، دژی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەوەستنەوە، بەمەش دەوڵەتانی رۆژئاوا تاوانی بەرهەڵستکاری ناکەوێـتە ئەستۆیان و ئامانجیش بەدەست دەهێنن.
پێنجەم: نزیکبوونەوەی ئێران لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، ئەمەش لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی نێوانیان بەرجەستەبوو، بەم پێیە  ئێران وەک یەکەکی فەرمی نێودەوڵەوتی و دەوڵەتێکی بەهێزی هەرێمی، گرنگترە لە دەوڵەتێکی نوێی  خۆنەگرتوو، بۆیە دەگونجێت زۆربەی دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەلای ئێراندا بکشێنەوە، ئەمە بۆ تورکیا و عێراقیش ڕاستە، لەهەمووی گرنگتر بەرژەوەندییە ئابورییەکانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکایە لە هەرێمی کوردستان، لە زۆرباردا ئەو دەستکەوتانەی ئیستا هەیانە لە حاڵەتی دروستبوونی دەوڵەتدا زیاد ناکەن، بەڵام ئەمە بۆ ئیسرائیل بە تەواوی ڕاست نیە.  
شەشەم: دەوڵەتی ئیسرائیل دەوڵەتێکی عەقلانی و دوربینە، بەو واتایەی پشتگیریکردن هەروا بەئاسانی ناکات، چونکە عەقلانیە بە واتای ئەوەی بەرژەوەندی و ستراتیژییەتی خۆی ڕێبەری دەکات، نەک باوەڕ یان سۆز یان ئایدۆلۆژیا، ئەمەش واتای ئەوەیە ئیسرائیل لە خەمی ئەوەدا نیە بەرژەوەندی یان چارەنوسی دەوڵەتی نوێی کوردستان چی لێبەسەر دێت،  چونکە ئەو لە گۆشەی بەرژەوەندی خۆیەوە دەڕوانێتە ڕووداو پێشهاتەکان.
حەوتەم: ئەو کێشەیەی کە لە پشتگیری ئیسرائیلەوە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان دروست دەبێت، بریتیە لەوەی مۆری ئیسرائیل دەخاتە سەر ئەم دەوڵەتە سەربەخۆییە، هەرچەندە زۆرینەی دەوڵەتانی ناوچەکە پەیوەندی ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، بەڵام عەرەب و موسوڵمانێکی زۆر ئەم پەیوەندییە بەکورد ڕەوانابینن، بەڵکو کورد تۆمەتباردەکەن بەوەی دەیەوێت ببێتە (ئیسرائیلی دووەم). 
هەشتەم: ئیسرائیل بە سروشت لە ناوچەکەدا، بێ دۆستە یان ڕاسترە بڵێن بە دراوسێی دوژمن دەورە دراوە (کە لەمەدا هاوشێوەی کوردستانە)، لەم سۆنگەوە گەڕانی ئیسرائیل بەدوای دۆستدا بەردەوام تەبا بووە لەگەڵ ململانێی لەگەڵ نەیارەکانیدا، بەم پێیە ئیسرائیل هەوڵدەدات ئەو ئابڵوقەیەی لەسەریەتی لە کۆمەڵێک ڕێگاوە تێپەڕێنێت، لاوازی بکات، درزی تێبخات و لەدەرەوەڕا فشاری بخاتە سەر، لە ڕێگەی ئاشتی، یان شەڕ، یان پەیوەندی ئابوری و هەروەها لە ڕێگەی دروستکردنی لایەنگر لە ناو وڵاتانی درواسێ (تەنانەت وڵاتانی عەرەبیش)، وەک ئەوەی لە لوبنان لە هەشتاکان ڕوویدا و ئەمرۆ لە سوریا ڕوودەدات، بەدۆستکردن و بەهاوپەیمانیکردنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستانیش لەژێر هەمان ستراتیژی ئیسرائیلدایە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایە دۆستایەتی ئیسرائیل بۆ دەوڵەتی کوردستان دەبێتە دروستبوونی چەند دوژمنی نوێ لە ناوچەکە؟

لێکەوتە ئەرێنیەکانی پشتگیریکردنی ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان
یەکەم: ئیسرائیل هەڵگری سیاسەتی نەهێشتنی هەژموونی یە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەم پێیە ئەگەر دەوڵەتانی وەک تورکیا، ئێران و سعودییە، لە هەوڵی ئەوەدابن کە چۆن پانتاییەک یەکبخەن لە ژێر ڕکێفیاندا، لە پێناو دروستکردنی هەژموندا، ئەوا ئیسرائیل دژی ئەم جۆرە هەژموونیە تەقلیدییە دەوەستێتەوە، بەم پێیەش خواستی بچوککردنەوەی زلهێزە هەرێمیەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە لە سوودی کوردە، ( ئەمە ئەگەر لەسەر حسابی کورد نەبێت، یان بێ بەشداریکردنی کورد بێت، سودەکە زیاتر دەبێت).
دووەم: ئێمە لەرۆژگاری  وەچەرخانێکی چاوەڕواننەکراوداین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین ئێران یان شیعە بتوانن بە تەواوی زاڵبن بەسەر ناوچەکەدا، ئەوا پێدەچێت ئیسرائیل ببیتە دۆستی هەندیک لە دەوڵەتانی سوونە، بە ئاشکرا یان بە نێهنی لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی شیعیدا، بەم شێوە بە پشتبەستن بە هەردوو لۆجیکی گۆڕانی هاوسەنگی هێز و نەبوونی تابو (ممنوع) لە سیاسەتدا، ئەوا لەم کاتەدا دۆستایەتی یان پشتگیری ئیسرائیل بۆ کورد سودی زیاتری دەبێت.(60)
سێهەم: سعودییە و ئیسرائیل لە ئیستادا زیاتر لە هەر قۆناغێک پەوەندییەکانیان لە دۆخێکی ئاساییدایە و بە فشاری ئەمریکا لەیەکتر نزیبوونەتەوە، بێگومان هەرێمی کوردستان پەیوەندی باشی لەگەڵ ئەم دوو دەوڵەتە هەیە، پێدەچێت سعودییەش بێتە ڕیزی پشتگیری دەولەتی کوردییەوە، ئەگەرهەیە ئەمەش ڕازیکردنی دەوڵەتانی دیکەی عەرەبیشی لێبکەوێتەوە، بەتایبەتی دەوڵەتانی کەنداو، ئەوانەی لە گەڵ عێراق لە پەیوەندی گەرمدا نین، سەرکردایەتی بەرەی ئیسلامی سوننی لە لایەن سعودییەوە ڕەنگە ببیتە هۆکاری ڕەزامەندی دەوڵەتانی دیکەش، بەڵام پێدەچێت سعودییە زیاتر پرسی دەوڵەتی کوردی دژی عێراق و ئێران وەک کارتێک بەکاربهێنتت، وەک چۆن لە بەرامبەر یارمەتیەکانی تورکیا بۆ قەتەر یارمەتیدانی پارتی کرێکارانی کودرستانی بۆ سەربەخۆیی، وەک کارتێکی فشار بەرامبەر تورکیا بەرزکردەوە.
چوارەم: بێگومان ئیسرائیل گەر بەتەواوی خۆی یەکلاکردبێتەوە، دەربارەی پشتگیری دەوڵەتی کوردی لە ئێستادا، ئەوا سودی دەبێت لە شکاندنی گەمارۆیی سەر دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان و پێدانی یارمەتی مرۆیی و ئابوری و تەندروستی، سەرباری یارمەتی سەربازی و ئاسایشی، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین بە پشتگیرییە ڕەهاکانی زۆر دۆخی نەخوازراو ڕوودەدەن ، پێدەچێت هاریکارییەکانیشی بێ مەرج و بێ چاوەڕاوانی دەستکەوتیش نەبن. (دیارە  ئەمەش واقیعی هەبوو (دۆخی ڕانەبردوو) بڕیاری لەسەر دەدات، پێدەچێت ئەم جۆرە پشتگیرییە بە زیانێکی گەورەش بشکێتەوە).
پێنجەم: پشتگیریکردنی ئیسرائیل لەوەدا سود بەخشە کە کارتی فشاربێت بۆسەر ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ڕۆژئاوا، بۆ ئەوەی پشتگیری سەربەخۆیی کوردستان بکەن، ئگەر بێت و ئیسرائیل لۆبی خۆی بەم ئاراستەیە بجوڵێنت نەوەک تەنیا بەرژەوەندی خۆی بکاتە پێوەر، ئەوە سودی زۆری هەیە، بەڵام پێناچێت ئیسرائیل ئەو کاریگەرییەی هەبێت، بە ئاشکرا بەکارهێنانی ئەم پرسە ڕەنگە وەک کارتێکی فشار بێت دژ بە نەیارە هەرێمیەکانی، چونکە هەتا ئێستا ئەمریکا نەکەوتۆتە ژێر فشارەکانی ئیسرائیلەوە، بۆ بڕوابوونی بە سەربەخۆیی کوردستان.
شەشەم: وەک گریمانەیەک ئەگەر بێت و ئیسرائیل پشتگیری هەرێمی کوردستان بکات و داکۆکیکاری مافی سەربەخۆییان بێت، ئەوە لەم حاڵەتەدا بۆشایی هێز دروست دەبێت،لەبەر پێگەی جوگرافی چەندین بەرژەوەندی تری سیاسی و ئابوری، درواسێیەکانی هەریەکە لە ئێران و تورکیا بەرژەوەندییان لەوەدایە، پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بمێنیتەوە، بەمەش پێدەچێن بەناچاری نەرمنوێنبن بەرابمەر بە هەرێمی کوردستان، چونکە لە حاڵەتی دەستوەردانی سەربازیدا، کەس نیە گرەنتی ئەوە بکات کە  هاوشێوەی یەمەن و سوریا کوردستانیش دەبێتە مەیدانی جەنگی بەوەکالەتی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان.(61-62)
 



دەرئەنجامەکان 
   یەکەم: ئیسرائیل لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە، کوردەکانی  باشوری کوردستانی، وەک دۆستی ستراتیژی خۆی لێکدایەوە، هەتا ئەوەی لە ساڵی ١٩٦١ەوە هەتا ١٩٧٥ ئیسرائیل، چەک و پێداویستی سەربازی بەخشی یە کوردانی عێراق، سەرباری کردنەوەی خولی ڕاهێنانی ئیسرائیلی، لە لایەن شارەزا و ڕاوێژکارانی مۆساد، و داڕشتنی پلانی سەربازی دژ بە عێراق، تەنانەت ئیسرائیل قەناعەتی بە ئێرانیش کرد بۆ ئەوەی یارمەتی کوردەکان بدا دژ بە عێراق.
دووەم: سەرباری ئەوەی پشتگیرییەکانی ئیسرائیل لە ساڵی 1991دا بەتەواوی بەدەرکەوتن، بەجۆرێک فشارەکانی ئیسرائیل بەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، بۆ دانانی ناوچەیەکی دژە فڕین بۆ کوردەکان گرنگترین پشتگیریکردن بوو. هەتا ئەوەی لە 2003ەوە، ئیسرائیل و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییە نهێنی و ئاشکراکانیان زیاتر بەرەوپێشچوو.
سێهەم: دەوڵەتی ئیسرائیل لە زۆر بارودۆخدا پشتگیری سەربەخۆیی کوردستانی کردووە، لە ساڵی 1991دوای شکستی عێراق لە جەنگی کەنداوی دووەم، دووەمجاریش لە 2003 دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی (سەدام حسێن) لە جەنگی کەنداوی سێهەم، لە ئێستاشدا پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی 25 ئەیلول دەکات، کە گوایە دەگاتە ئەنجام!، بەڵام هەر سێ قۆناغەکە چەند  سیفەتێکی لە یەکچووی هەیە کە ڕێگرە لە  پشتگیریەکانی ئیسرائیل  کاریگەری دابنێت، لەوانەش ڕازینەبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بەم بابەتە، لەهەر سێ قۆناغەکەدا،  دواتر کۆدەنگنەبوون  و یەکڕانەبوونی هێزە سیاسیەکانی ناوخۆیە دەربارەی سەربەخۆیی کوردستان.
چوارەم: یەکبوونی هەڵوێستی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەگەر یەکیشبگرێت، دەربارەی پرسی سەربەخۆیی کوردستان، پێدەچێت توکیا وەک هاوپەیمان و ئەندامی ڕێکخراوی ناتۆ، دژی بەژەوەندییەکانی ئەمریکا کاردانەوە بنوێنێت، وەک ئەوەی کە ئێستا بەرامبەر چەکدارکردنی کوردەکانی ڕۆژئاوا گازندە و هەڕەشەی توند دەکات، لە لایەکی تریشەوە ئێران لە ڕێگەی کارتی شیعە و میلیشاکانیەوە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە دەخاتە ژێر هەڕەشەوە.
پێنجەم: بەبێ ئەوەی ئیسرائیل پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستانیش بکات، دەوڵەتانی دراوسێ وەک (ئێران، تورکیا، عێراق) تەنانەت سوریا بەم دۆخەی ئێستاشیەوە، هەڵوێستی توند وەردەگرن بەرابمەر ئەم پرسە، ئەم چوار دەوڵەتە دەربارەی هەموو شتێک ناکۆکبن ئەوا دەربارەی تەوقدان و بێ ڕۆلکردنی کوردەکان یەکدەنگ و یەکهەڵوێستن، ئەگەر پشتگیریی ئیسرائیلیش ببێتە ئەمری واقع، ئەوا ئەوان زیاتر و زیاتر بەرەنگاری سەربەخۆیی کوردستان دەبنەوە. 
شەشەم: هەڵکەوتەی جوگرافی و بەرژەوەندی نەتەوەییمان وادەخوازێت نەرم بین لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێمان، قەناعەتکردن و دانوستاندن لەگەڵ دەوڵەتانی (تورکیا ، ئێران، عێراق و سوریا) لە دژوەستانەوە و جەنگ باشترە، چونکە ئەوان سەربەخۆیی کوردستان  وەک هەڕەشە دەبینن بۆ سەر دەوڵەتەکانیان، چونکە هەر یەکێک لەم چوار دەوڵەتە پێکهاتەی کوردیان گرتۆتەخۆیان، بەم شێوەیە توانای چوار دەوڵەت بۆ وەستاندن، زۆر بەهێزترە لە پشتگیری یەک دەوڵەت، لە کاتێکدا لە ڕووی هێز و توانای سەربازیشەوە توانای بەرەنگابوونەوەی دەوڵەتێکی وەک ئێرانمان نیە کە خاوەن چەکی ئەتۆمیە.
حەوتەم: ئیسرائیل لە سۆنگەی بەرژەوەندی و ئامانجی خۆیەوە لە پرسی کورد تێدەگات، بەشێوەیەک کورد دژی دوژمنە دێرینەکەی لە سوریا هاندەدا، لە عێراق بەهەمان شێوە، لە ڕابردوودا دژی ( سەدام حسێن) و لەئێستاشدا دژی شیعەی لایەنگری ئێران هاندەدا، پشتگیری کوردەکانی ڕۆهەڵاتیش دەکات  بە بیانووی بەرژەوەندی هاوبەش و ئامانجی بەرەنگابوونەوەی ئێران، بەڵام کاتێک کوردەکانی باکور نەهاتنە ژێر باری ئیسرائیلەوە، لەبەرامبەر دا ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا یەکی گرت دژ بە کوردەکانی تورکیا. جەنگی 1982 لە لوبنان و گرتن و بەدەستەوەدانی (عەبدولا ئۆجەلان) نیشانەی ئەو دژوەستانەوەیەن، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستانیش لە سۆنگەی بەرژەوەندی خۆیەوە لە پشتگیری و پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل تێبگات، کە نەوتی هەرێمی کودستان و پێکە جیۆپۆلەتیکەکەی سەرەکیترین هۆکارن، کە وا لە ئیسرائیل دەکات پشتگیری سەربەخۆیی کوردەکان بکات.
هەشتەم: ئەگەر بێت و ئیسرائیل لەو دیدەوە پشتگیری سەربەخۆیی کوردستان بکات، کە لە داهاتوودا  کوردستانی سەربەخۆ بخاتە خولگەی خۆیەوە دژ بە فراوانخوازیی ئێران و شیعەکان، ئەوا ئێران هیچ دوودڵ نابێـت لە هێرشی سەربازی و بەرەنگابوونەوەی توند، لە کاتێکدا ئەو لە ئێستادا وەک فشار ئاوی زێی بچوکی گرتۆتەوە، و ناوچە سنورییەکانی باڵەکایەتی بە چڕی بۆردوومانکرد، لە کاتێکدا هەرێمی کودرستان هیچ هەنگاوێکی کرداری نەناوە دەربارەی سەربەخۆیی.
نۆیەم: لێره‌وه‌ ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ پێمان ده‌ڵێت که‌ ئیسرائیل ده‌یه‌وێ له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ لاوازی پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی و نه‌بوونی هاوسۆزی زلهێزەکان و دژایه‌تی نه‌ته‌وه‌کانی (عه‌ره‌ب و فارس و تورک) بۆ کورد و پرسی به‌ ده‌وڵه‌تبوون بقۆزێته‌وه‌،  کەلەمەشدا هەوڵدەدا هاوبه‌ش و هاوڕێیه‌کی تری دژه‌ عه‌ره‌ب - فارس و تورکه‌کان بۆ خۆی مەیسەربکات، کە ئەمەش دەبێتە هاندانی دەوڵەتانی عەرەبی بۆ دروستکردنی بەرەیەکی فروان دژ بە سەربەخۆیی کوردستان، چونکە ئەوان وای دەبینن پشتگیری سەربەخۆیی ئیسرائیل بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان، هیچ نیە بێجگە لە دروستکردنی ئیسرائیلێکی تر لە ناوچەکەدا.
دەیەم: بڕواکردن سەختە کە ڕیفراندۆم سەربەخۆیی بەدوادا بێت، چونکە چەندین پێش مەرجی گرنگ هەن یەکلانەکراونەتەوە وەک ( پێش مەرجی یاسایی، هەلومەرجی ئابوری، تۆکمەیی سەربازیی، کێشەی سنور و خاک وناسنامە، لاوازی کارگێری، پەرتبوونی هێزە کوردییەکان و یەکدەنگ نەبوونیان، ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆم لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆی، لاوازییەکان لە ڕووی دیبلۆماسی و پەیوەندی دەرەکیەوە و قەیرانی سەرکردەی خاوەن شەرعیەت و دیموکراسیانە) .
یانزەیەم: بە ڕوانین لە ڕوداوەکانی دوای ڕیفراندۆم وهاتنی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و دەستبەسەرداگرتنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان و گەڕانەوە بۆ هێڵی تەماسی پێش جەنگی داعش، شکستی بڕیارلێدەرانی ڕیفراندۆمی دەرخست، بەجۆرێک ئەو خۆشباوەڕییەی بە ئیسرائیل هەیانبوو بۆیان سەلمێنرا، هەرچەندە باس لەوە دەکرا ئیسرائیل کەوتۆتە لۆبی بۆ پشتگیریکردنی کوردستان و دژی هێزەکانی عەشدی شەعبی بەڵام بە ئێستاشەوە نەیتوانی کاریگەر بخاتە سەربۆچوونی نەگۆڕێ ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا لە بەرژەوەندی کورد. 

پێشنیار و ڕاسپاردەکان
یەکەم: پێویستە کوردستان پێش هەر دەوڵەتێک بە لیژنەی دانوستاندنی هاوبەش لەگەڵ عێراق، ئێران و توکیا، دانوستاندن بکات و دڵنیایی بدات کە دەوڵەتی سەربەخۆ دژی بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەم دەوڵەتانە نیە، و کوردستانی سەربەخۆ ناچێتە بەرەی هیچ دەوڵەت و هاوپەیمانیەکی ترەوە دژ بەم سێ دەوڵەتە. (سوریا لە ئێستادا بێ ڕۆڵە، بۆیە ئاماژەی پێنەدراوە).
دووەم: پێویستە کوردستان پێش سەربەخۆیی و دوایی سەربەخۆیش، هەوڵی ئەوە بدات ببێت بـە دۆستی باشی هەموو لایەک،  دابەشبوونی هێزە کوردییان بە جۆرێک پارتێک دژ بە ئێرانە و لە خولگەی تورکیادایە و پارتێکی تر دۆستی تورکیا و دژی ئێرانە، ئەمە لابدرێت و هەوڵی یەکخستنی خۆیی بدەن لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، چونکە بەردەوامی ئەم حاڵەی ئێستا، گەورەترین مەترسیە بۆ دروستکردنی درز و دەستوەدان لە داهاتووی دەوڵەتی کودرستاندا.
سێهەم: گرنگە وەک ئەزموونێکی مێژوویی و لێهاتوویی سیاسی سوود لە ئیسرائیل وەربگیردێت، نەک وەک تاقە دۆستێک، کە بە پشتگیری ئەو چەندین دەوڵەت بکەینە دوژمنی خۆمان، بەتایبەتی دەوڵەتانی دراوسێ کە زیاتر لە هەر دەوڵەتێکی تر توانای گەمارۆ و سزادانی کوردستانیان هەیە. بەدڵنیاییەوە دۆستایەتی دەوڵەتێک باشتر نیە لە دوژمنایەتی چوار دەوڵەتی تر .
چوارەم: هیچ پێویست نیە هەرێمی کوردستان لەبەر خاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ  ئیسڕائیلدا، زۆرینەی دەوڵەتانی عەرەبی لە خۆی بکات بە دوژمن، بەشێکی زۆر لە دەوڵەتانی عەرەبی پەیوەندی نهێنیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەڵام هەرگیز ئەم مافە بۆ کورد بە ڕەوا نابینن.
پێنجەم:  گومانەکانی پشتی  ریفراندۆمی 25 ئەیلول پێمان دەڵێت، ڕیفراندۆم ئامانجێک نیە بۆ سەربەخۆیی هێندەی ئامرازێکە بۆ باگەشەی هەڵبژاردن و دەستکەوتی سیاسی نوخبەیەک، باشترە ئەم پرسە نەکرێتە گەمەی سیاسی و بەرژەوەندی کەسی، یاریکردن بە پرسێکی نەتەوەیی لەم شێوەیە،  درێژ مەودا باجەکانی لەسەر ئاستی ناخۆ و دەرەکی قورس دەبن.
شەشەم: بەرژەوەندی نیشتیمانی، عەقلانی بوون و هەڵسەنگاندنی ستراتیژی لە بەستنی پەیوەندیی لەگەڵ هەر دەوڵەتێکدا گرنگە، هەڵکەوتەی جوگرافی و بەرژەوەندییە جیاوازەکان، وادەخوازێت دەوڵەتانی عەرەبی بکرێن بە دۆست (ئەگەر خۆشمان حەزی پێنەکەین)، ئەگەر پێگەی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەو ناوچەیە نەبووایە ئەوا هەرگیز ئەم ڕاسپاردەیە پێشنیار نەدەکرا.
حەوتەم: کوردستان خاوەن سامانێکی سروشتی زۆرە، پێویستە بەپلان سود لەم سامانەی وەربگرێت، نەوەک بە یەکجار بیخاتە قورگی یەک دەوڵەتەوە، چونکە لە ئەگەری تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەولەتە کارەساتی ئابوری دەخوڵقێت.
هەشتەم: دەوڵەتی نوێی کوردستان پێویستە لەگەڵ دەوڵەتانی درواسێ و  ناوچەکە بەتایبەتی دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی، دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، بکەوێتـە بازرگانی و پەیوەندی ئابورییەوە، بۆیە خۆبەستنەوە بە دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بە تەنیا، بواری بازگانی و پرۆژەی ئابوری سنوردار دەکات، ئەگەر گەمارۆیی ئابوریی توندیشی بەدوادا نەیات.
نۆیەم: دەوڵەتی ئیسرائیل لە دۆخێکی تایبەتدایە و بەجۆێک لە ناوچەکە گۆشەگیرکراوە، بەڵام توانا سەربازیی و پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکانی و سیاسەتە سەرکەوتووەکانی توانای بەرەنگاربوونەوەی پێداوە، بۆیە پێناچێت بەمزوانە دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان، ببێت بـە خاوەنی ئەو تایبەتمەدیانە، بۆیە بە گۆشەگیکردنی کوردستان لێکەوتەکانی خراپتر دەبن. ئەمە بێجگە لەوەی خەیاڵپڵاوییە  وا هەست بکەین، ئیسرائیل جەنگی بەرگری و سەربەخۆییمان بۆ دەکات.
دەیەم: کوردەکان و ئێسرائیل ڕاستە مێژووی لەیەکچوویان هەیە، هەردوولا چەوساونەتەوە و جینۆسایدیان بەرامبەر کراوە، هەردوولا لە ناوچەیەکی دەورەدراو بە دوژمندان، بەڵام ئەمانە پاساوی ئەوە نین کە کوردستانیش هاوشێوەی ئیسرائیل مێژوویی سەربەخۆیی تۆماردەکات، ئەمە ڕادەستکردنی سیاسیەتە بۆ سۆز و عاتیفە، نەک عەقڵانی بوون و واقیعی بوون.




سەرچاوە و پەراوێزەکان
(1)پەیوەندییە سەبازییەکانی کورد و ئیسرائیل لە مێژوودا، پێگەی NRT، 
http://www.nrttv.com/Details.aspx?Jimare=30636
(2) مۆرّخ إسرائیلی: دعم تل أبیب لڵاكراد بدأ بگلب إیرانی
 https://www.alaraby.co.uk/politics/2016/3/1/%D9%85%D8%A4%D8%B1%D8%AE-%D8%A5%D8%B3%D8%B1%D8%A7%D8%A6%D9%8A%D9%84%D9%8A-%D8%AF%D8%B9%D9%85-%D8%AA%D9%84-%D8%A3%D8%A8%D9%8A%D8%A8-%D9%84%D9%84%D8%A3%D9%83%D8%B1%D8%A7%D8%AF-%D8%A8%D8%AF%D8%A3-%D8%A8%D8%B7%D9%84%D8%A8-%D8%A5%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D9%86%D9%8A
(3)The Kurdish Rebellion،Harvard crimson،  
http://www.thecrimson.com/article/1962/10/3/the-kurdish-rebellion-pa-fierce-conflict/
 (4) Strategic Sourcing: From Periphery to the Core، Harvard Business Review،  
https://hbr.org/2005/02/strategic-sourcing-from-periphery-to-the-core
 (5)Sergey Minasian، "The Israeli-Kurdish Relations،" Noravank Foundation، Yerevan،(pdf) p.22-24.
(6) د.سەردار عەزیز و د.بورهان ڕ. یاسین، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان "لە ناوەوە بونیاتنان، لەدەرەوە دانپێدانان"، چاپخانەی کارۆخ، سلێمانی 2017، لاپەڕە 196_197.
(7)JPOST EDITORIAL: SUPPORT THE KURDS، JERUSALEM POST, http://www.jpost.com/Opinion/JPost-Editorial-Support-the-Kurds-462893
(8)Ofra Bengio، Israel support the Kurdish in Iraq ،  Summer 2014، pdf، p. 5.
(9)Ofra Bengio،  op.cit.،p.4(9)
(10)Itamar Ban، Why does Israel support the establishment of a Kurdish state?، quora، https://www.quora.com/Why-does-Israel-support-the-establishment-of-a-Kurdish-state/answer/Itamar-Ban?timeline=1
(11)Ofra Bengio، op.cit.،p5(11)
(12) Sergey Minasian، "The Israeli-Kurdish Relations،" Noravank Foundation، Yerevan، p. 22.
(13)Kurdish State 'A Foregone Conclusion' - One Israel Would Support، Israel national news ، 
http://www.israelnationalnews.com/News/News.aspx/182202
Ofra Bengio،  op.cit.،p.2. (14)
(15)Kurdistan: The Next Flashpoint Between Turkey، Iraq، and the Syrian Revolt، Jerusalem center for public Affairs،
http://jcpa.org/article/the-future-of-kurdistan-between-turkey-the-iraq-war-and-the-syrian-revolt/
(16)Ofra Bengio،  op.cit.،p3-2
(17)Ofra Bengio،  op.cit.،p.8(17)
(18)Iraqi leader shakes Barak's hand، BBC NEWS، 
http://news.bbc.co.uk/2/hi/middle_east/7483844.stm
(19)Ofra Bengio،  op.cit.،p.8-9(19)
(20)Israeli NGO delivers aid to refugees in Iraq، timesofisrael،
 http://www.timesofisrael.com/israeli-ngo-delivers-aid-to-refugees-in-iraq/
(21) فایننشال تایمز: 77بالمائه‌ من النفگ الإسرائیلی مصدره كردستان العراق، العربی الجدید.
https://www.alaraby.co.uk/politics/2015/8/24/%D9%81%D8%A7%D9%8A%D9%86%D9%86%D8%B4%D8%A7%D9%84-%D8%AA%D8%A7%D9%8A%D9%85%D8%B2-77%D8%A8%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%A7%D8%A6%D8%A9-%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D9%86%D9%81%D8%B7-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D8%B3%D8%B1%D8%A7%D8%A6%D9%8A%D9%84%D9%8A-%D9%85%D8%B5%D8%AF%D8%B1%D9%87-%D9%83%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82
 (22).حنان اخمیس، العلاقه‌ الكردیه‌ الإسرائیلیه‌، عمان، 2006،  PDF، ص 1.
(23)Amikam Nachmani، The Remarkable Turkish-Israeli Tie، June 1998، 
 http://www.meforum.org/394/the-remarkable-turkish-israeli-tie
 (24)  د.حنان اخمیس، مصدر سایق، ص3.
(25) JPOST EDITORIAL: SUPPORT THE KURDS، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).
(26)Mahmud al-Durra، al-Qadiya al-Kurdiya (Beirut: Manshurat Dar-at-Tali'a، 1966)، p. 388.
(27)Iraq's Shi'ite ruling coalition opposes Kurds' independence referendum، reuters،
http://www.reuters.com/article/us-mideast-crisis-iraq-politics-kurds-idUSKBN17M1CF
(28)Kurdistan: From Referendum to the Road to Independence،unitycoalitionforisrael، 
https://unitycoalitionforisrael.org/?p=15701944
 (29)  OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).
 (30)إسرائیل تدعم قیام دوله‌ اڵاكراد فی العراق، موقع العربیه‌، 
http://www.alarabiya.net/ar/arab-and-world/iraq/2014/06/30/%D8%A5%D8%B3%D8%B1%D8%A7%D8%A6%D9%8A%D9%84-%D8%AA%D8%AF%D8%B9%D9%85-%D9%82%D9%8A%D8%A7%D9%85-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%83%D8%B1%D8%A7%D8%AF-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82.html
 (31)ماژا قال سفیر "اسرائیل" فی واشنگن عن الاكراد؟، قناه‌ العالم،
http://www.alalam.ir/news/1795384
 (32)مۆرّخ إسرائیلی: دعم تل أبیب لڵاكراد بدأ بگلب إیرانی، مصدر سابق.
(33)JPOST EDITORIAL: SUPPORT THE KURDS، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).
(34)Kurdish State 'A Foregone Conclusion' - One Israel Would Support، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).
(35)  هل تتعاون تل أبیب مع أكراد العراق لتحقیق حلم "اسرائیل الكبری"؟ نبچ الوگن.
https://nnpress.com/post/75927/%D9%87%D9%84-%D8%AA%D8%AA%D8%B9%D8%A7%D9%88%D9%86-%D8%AA%D9%84-%D8%A3%D8%A8%D9%8A%D8%A8-%D9%85%D8%B9-%D8%A3%D9%83%D8%B1%D8%A7%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D9%84%D8%AA%D8%AD%D9%82%D9%8A/
(36)Iraqi Kurds plan independence referendum on Sept. 25
http://www.reuters.com/article/us-mideast-crisis-iraq-kurds-idUSKBN18Y284
(37)Ido Rabin، Why does Israel support the establishment of a Kurdish state? https://www.quora.com/Why-does-Israel-support-the-establishment-of-a-Kurdish-state/answer/Ido-Rabin?timeline=1
(38)Ravi Shankar Pandey، Why does Israel support the establishment of a Kurdish state?، quora،  https://www.quora.com/Why-does-Israel-support-the-establishment-of-a-Kurdish-state/answer/Ravi-Shankar-Pandey-8
(39)Kurdish State 'A Foregone Conclusion' - One Israel Would Support، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES
(40)Kurdistan: From Referendum to the Road to Independence, OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES
(41)OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).  
(42)Rachel Avraham، Israel should support the Kurdish Independence Referendum، israelnationalnews, OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).  
(43) Rachel Avraham،The case for Kurdish independence، washingtontimes،
http://www.washingtontimes.com/news/2017/jun/20/kurdish-independence-has-a-future/
(44)لەم لینکگەلەوە گەڵویستی زیاتری ببینن
https://search.yahoo.com/yhs/search;_ylt=A0LEVjTgBVRZBj4AASIPxQt.;_ylu=X3oDMTEzajVvczlrBGNvbG8DYmYxBHBvcwMxBHZ0aWQDBHNlYwNwYWdpbmF0aW9u?p=rachel+avraham+should+usa+support+the+Kurdish+Independence&pz=5&type=rmds_5880_CRW_IQ&fr=yhs-iba-1&fr2=sb-top&bct=0&hspart=iba&hsimp=yhs-1&b=1&pz=5&bct=0&xargs=0
(45) JPOST EDITORIAL: SUPPORT THE KURDS، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).
(46)  هل تتعاون تل أبیب مع أكراد العراق لتحقیق حلم "اسرائیل الكبری"؟ مصدر سابق.
(47)Kurdistan: From Referendum to the Road to Independence
 (48) ofra benigo, israel and the kurds: love by proxy, the American interest, (march 18,2016). 
https://www.the-american-interest.com/2016/03/18/israel-and-the-kurds-love-by-proxy/
(49)د.سەردار عەزیز و د.بورهان ڕ. یاسین سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 196. 
(50) Ofra Bengio، Surprising Ties between Israel and the Kurds، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).  
 (51)هل تتعاون تل أبیب مع أكراد العراق لتحقیق حلم "اسرائیل الكبری"؟ مصدر سابق
(52) لماژا تدعم اسرائیل قیام دوله‌ كردیه‌ مستقله‌ عن العراق؟، كنوز میدیا، 
http://www.knoozmedia.com/202075/%D9%84%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%A7-%D8%AA%D8%AF%D8%B9%D9%85-%D8%A7%D8%B3%D8%B1%D8%A7%D8%A6%D9%8A%D9%84-%D9%82%D9%8A%D8%A7%D9%85-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A9-%D9%83%D8%B1%D8%AF%D9%8A%D8%A9-%D9%85%D8%B3%D8%AA/
(53)Ido Rabin، Why does Israel support the establishment of a Kurdish state?، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES). 
(54)Ofra Bengio، Ofra Bengio، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES)، P.8-12.  
(55) د.سەردار عەزیز و د.بورهان ڕ. یاسین سەرچاوەی پێشوو، ل 199_200.
(56)JPOST EDITORIAL: SUPPORT THE KURDS، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).
 (57)Christopher Helman، Iraq's Kurds Sell Oil To Israel، Move Closer To Independence، https://www.forbes.com/sites/christopherhelman/2014/06/23/iraqs-kurds-sell-oil-to-israel-move-closer-to-independence/#54380d5b4ec9
(58)Xelîlof، Does Israel support the Kurdish in Iraq and Syria?، quora، https://www.quora.com/Does-Israel-support-the-Kurdish-in-Iraq-and-Syria
(59)Will Israel conquer Iraq and Syria in the future for a greater Israel project?
https://www.quora.com/Will-Israel-conquer-Iraq-and-Syria-in-the-future-for-a-greater-Israel-project
(60)Israel's prime minister backs Kurdish independence، theguardian، 
https://www.theguardian.com/world/2014/jun/29/israel-prime-minister-kurdish-independence
(61) د.سەردار عەزیز و د.بورهان ڕ.یاسین، سەرچاوەی پێشوو،ل 198-200.
(62) بۆ نوسنی ئەم  چەند خاڵە سودم لە   زانیاریی وخوێندنەوەی پێشوەخەتەم بینیوە. 
تێبینی:
١: ئەم توێژینەوەیە، یەکەمجار (ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان)، مامەڵەی لەگەڵ کردووە و لە گۆڤاری جۆرناڵدا و  لە ژمارە ١٦-١٧ی ئابی ٢٠١٧دا، بڵاوکراوەتەوە.
٢: ناونتشانەکەی گۆڕدروە، پێشتر ئەم ناونیشانەی بۆ دانرابوو(پشتگیری ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان و لێکەوتەکانی).