سوێر‌و ژەهراوییە
ئاوی بەكارهاتووی ئێران هەڕەشە لەخۆرهەڵاتی بەسرە دەكات

عیراق

06/01/2018‌ 1067 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
داخورانی ئەو بەربەستەی رێ لەهاتنی ئاوی بەكارهاتووی ئێران بۆ خاكی عێراق دەگرێت، بوووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ خۆرهەڵاتی‌ بەسرەو كێڵگەكانی‌ نەوت.

بەربەستێكی گڵینی داخوراو بەدرێژایی 80 كیلۆمەتر درێژبووەتەوە كە زەوییەكانی بەسرە لەدەروازەی شەلامچەوە تا كێڵگەی مەجنون لە باكووری بەسرە لە هاتنی ئاوی سوێری بەكارهاتووی ئێران دەپارێزێت كە لە چەند ساڵی رابردوودا دەریاچەیەكی گەورەی دروست كردووە.

چەند پسپۆرێك لە پارێزگای بەسرە هۆشداریان داوە لە هەرەسهێنانی تەواوی ئەو بەربەستە گڵینەی دەكەوێتە سەرسنووری نێوان عێراق‌و ئێران ئەویش لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەكارهاتووی ئێران‌و نزمبوونەوەی خاكی عێراق‌و نەبوونی بەربەستی رووەكی كە رێگری لە هەڵكردنی ئەو بایە بكات كە بەتوندی پاڵ بە ئاوەكەوە دەنێت.

بەربەستەكە لە زیاتر لە 50 كیلۆمەتردا چەند كەلێنێكی تێكەوتووە‌و ئاویان لێوە دێتەژوورەوە، لەكاتی هەرەسهێنانیشیدا ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی ئاوی بەكارهاتووی ئێران ناوچەكانی خۆرهەڵاتی بەسرە رابماڵێت‌و زەوییە كشتوكاڵییەكان لەناوببات‌و ئاوی شەتولعەربیش پیس بكات، ئەمە جگە لە نقومكردنی ئەو زەویانەی لەلایەن كۆمپانیا نەوتییەكانەوە بەكاردەهێنرێن.

عەلا بەدران نەقیبی ئەندازیارانی كشتوكاڵی لە بەسرە دەڵێت: "ئەو رێوشوێنانەی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە گیراونەتەبەر كاتین، ئەویش لەبەر كەمی تواناكان كە كاریگەری لەسەر بەردەوامبوونی كارەكانی چاككردنەوە داناوە".

لەوبارەیەشەوە بە "نیقاش"ی وت: "كەموكوڕی هەیە لە دابینكردنی سووتەمەنی بۆ ئەو ئامێرانەی كار لە تەواوكردنی بەربەستە گڵینەكەدا دەكەن كە بەهۆیەوە لە سێ ساڵی رابردوودا قۆناغی مەترسیمان تێپەڕاند، بەڵام هێشتا كێشەكە هەر ماوە، هەروەك لایەنی ئێرانیش دەستپێشخەری نەكردووە لە گرتنەبەری هیچ رێوشوێنێك لەلای خۆیەوە بۆ كەمكردنەوەی كێشەكە".

بەدران پێی وایە ئەوەی كێشەكەی ئاڵۆزتر كردووە ئەوەیە حكومەتی خۆجێیی دەسەڵاتی پێویستی نییە بۆ قسەكردن لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ سەبارەت بە كێشە سنوورییەكان. روونیشی دەكاتەوە كە "گفتوگۆكان تەنیا لەڕێی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە دەبن كە نزیكەی شەش ساڵە لەو كێشەیە ئاگاداركراوەتەوە، تائێستاش ئەم دۆسێیە لە ژوورەكانیدا ماوەتەوە بەبێ ئەوەی بجووڵێندرێت، هەروەك هەستمان بە هیچ هاوكارییەكی حكومەتی فیدراڵی نەكردووە لە پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە مەترسیدارە".

سەبارەت بە خۆبەدوورگرتن لە مەترسی ئاوی بەكارهاتووی ئێران لەسەر زەوییەكانی بەسرەش دەڵێت: "چارەسەرەكەی لە بنیاتنانی بەربەستێكدایە بە مواسەفاتی ئەندازەیی‌و تەكنیكی دروست، چونكە ئەگەر رێكەوت رۆڵی نەبووایە لەوەی هەردوو وەزیری نەوت‌و گواستنەوە لە پارێزگای بەسرەن لەم خولەی ئێستادا كە بابەتەكە بووە جێی بایەخی تایبەتیان‌و فەرمانیان دا بە كادرانی هەردوو وەزارەت تا بەپەلە جووڵە بكەن، ئەوا ئاو تەواوی خۆرهەڵاتی پارێزگاكەی رادەماڵی".

ئەنجومەنی پارێزگای بەسرەش لە پێنجی تشرینی دووەمی ساڵی 2017دا لیژنەیەكی بەپەلەی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان پێكهێنا بۆ چارەسەركردنی داخورانی بەربەستە گڵینەكە، دانیشی بەوەدا نا كە كارەكانی چاككردنەوە رووبەڕووی هەندێك بارگرانی لۆجستی بوونەتەوە.

مورتەزا شەحمانی سەرۆكی لیژنەی دەروازە سنوورییەكان لە ئەنجومەنەكە گەشبینییەكی  ئاگایانەی پیشان دا‌و بە "نیقاش"ی وت:"لە حاڵەتی بەردەوامبوونی كاركردن بەبێ وەستان‌و گرفت، ئەوا كارەكانی چاككردنەوە لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگدا تەواو دەبن‌و توندی مەترسییەكان كەم دەبێتەوە".

هاوكات فەیسەڵ عەبدولقادر نوێنەری فەرمانگەی سەرچاوەكانی ئاو لە پارێزگاكە روونی كردەوە كە كادرانی هاوبەشی سەرچاوەكانی ئاو‌و پارێزگا‌و بەندەرەكان‌و كۆمپانیای نەوتی عێراق لەگەڵ توانای هێزە ئەمنییەكان چاككردنەوەی مەودای 1150 مەتریان لە كۆی زیاتر لە 11 كیلۆمەتری زیان بەركەوتوو لە بەشەكانی بەربەستەكە تەواو كردووە.

جەواد ئیمارە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرەش بە "نیقاش"ی وت: "پێشتر رێككەوتنێك لەگەڵ لایەنی ئێرانی كراوە بۆئەوەی لایەنی بەرامبەر كەناڵێك بۆ رەوانەكردنی ئاوە بەكارهاتووەكە بەرەو دەریا دروست بكات، بەڵام ئەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە تا ئەمڕۆش جێبەجێ نەكراوە".

لە لێدوانێكی پێشتریشدا سەرچاوەیەك لە كونسوڵگەری ئێران لە بەسرە ئەوەی رەتكردەوە ئێران ئاوی بەكارهاتوو لەڕێی رووباری كارونەوە فڕێبداتە نێو شەتولعەرەبەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە راستەڕێی رووباری كارون دەبێتە هۆی ئەوەی ئاوی بەكارهاتوو بەرەو دەریا بڕوات نەك بەرەو ئاوی عێراق.

كازم غەیلانی توێژەری ژینگەیی مەوداكانی كێشەكە پوخت دەكاتەوە‌و دەڵێت: "زیانەكانی ئاوی بەكارهاتووی ئێران گەورەن‌و دەرهاویشتەی كێڵگە تایبەتەكانی بەخێوكردنی ماسی‌و كێڵگە گەورەكانی شەكرن‌و قەبارەشیان زۆر گەورەیە".

ئەو بۆ "نیقاش"ی روون كردەوە: "لێكۆڵینەوەم لە وێنەی مانگە دەستكردەكان كردووە‌و دەركەوتووە ئەو ئاوە بەكارهاتووە لە كێڵگەكانی ماسی‌و شەكرەوە دروست بووە، كاتێك بەرهەمی قامیشی شەكریان دەبێت ئاوی كێڵگەكان بەتاڵ دەكەن كە هەڵگری دژەمێرو‌و كەڕووە‌و بۆ دوورمەودا زۆر ژەهراویە‌و كۆبوونەوەی لە لەشدا دەبێتە هۆی نەخۆشیە شێرپەنجەییەكان، ئەمە جگە لە ئاوی پاشماوەی كارگەكان كە بریتیە لە ماددەی دروستبوو لە ئەنجامی پرۆسەی كارگەكانی پترۆكیمیاوی‌و پاڵاوگەی عەبادان‌و كارگەكانی پلاستیكی ئێران".

وتیشی: "هاتنی ئاوی بەكارهاتووی ئێران كاریگەرییەكی راستەوخۆی هەیە كە ئەویش رژانیەتی بەرەو شەتولعەرەب كە بەرپرسە عێراقییەكان یاخود میدیای خۆجێیی باسیان نەكردووە، هەروەك كاتی كردنەوەی رووباری كارون كە دەڕژێتە شەتولعەرەبەوە هاوكاتە لەگەڵ بەردانەوەی ئاوە بەكارهاتووەكە بۆ بەتاڵكردنی ئاوی پیس لە زەوی ئەو كێڵگانەی بەدرێژایی وەرزی هاوین دایپۆشراون، هاوكات مەترسیشمان هەیە لە كاریگەری ناڕاستەوخۆی هەرەسهێنانی بەربەستەكە كە پاشماوەكانی جەنگی عێراق ئێران لە مین‌و تەقەمەنی بەرەو كەنارەكانی عێراق بهێنێت".

نەهامەتییەكانی بەسرە تەنیا لە ئاوی بەكارهاتووی ئێراندا نییە، چونكە كێشەی نێوان پارێزگاكانی باشوور سەبارەت بە دابەشكردنی ئاو باڵی بەسەر پارێزگاكەدا كێشاوە.

عەلا بەدران نەقیبی ئەندازیارانی كشتوكاڵی دەڵێت: "كێشەی كەمی ئاوی هاتوو بۆ بەسرە بەهۆی خراپی ئیدارەدانی دابەشكردنی ئاو‌و بوونی هەندێك زیادەڕەوی لەلایەن چەند پارێزگایەكەوە لەسەر بەشی پارێزگاكانی دیكە دروستبووە كە رێككەوتنی لەسەر كراوە".

بەسرە كە بەزۆری پشت بە ئاوی شەتولعەرەب دەبەستێت چەند ساڵێكە بەدەست بەرزبوونەوەی رێژەی سوێریەوە دەناڵێنێت دوای ئەوەی ئێران هەردوو رووباری كارون‌و كەرخای گرتەوە‌و بەتەواوی ئاڕاستەكەیانی گۆڕی بۆ ناو خاكی خۆی، ئەمە جگە لە نزمبوونەوەی رێژەی ئاوی هاتوو لە هەردوو رووباری دیجلە‌و فوراتەوە، لەكاتێكدا رێژەی سوێری لە ناحیەی سیبە گەیشتووەتە 4000 بەش لە یەك ملیۆن.

دانیشتووان‌و جووتیارانیش لە سیبە –قەزای فاو (90 كم لە باشووری بەسرە) سكاڵایان هەیە لە بەرزبوونەوەی رێژەی سوێری ئاوی شەتولعەرەب كە بووەتە هۆی تۆماركردنی زیانێكی زۆر لە بەروبوومە كشتوكاڵیەكانیان‌و لەناوچوونی ئاژەڵەكانیاندا.