لەبڕنەوەوە بۆ دەمانچەی كڵۆك
گولەی وێڵ.. نەریتێكی عەشایری عێراقییەكان بەكۆمەڵ دەپێكێت

عیراق

06/01/2018‌ 1852 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
حكومەتی عێراق لەهەوڵدایە بۆ بنبڕكردنی دیاردەی تەقەكردن بەئاسماندا، بەڵام هەوڵەكانی بێ سوودن، چونكە ئەو نەریتە عەشایرییەی لەنێو عێراقییەكاندا رەگی داكوتاوە، لەدەسەڵاتی دەوڵەت بەهێزترە.

دەیان ساڵە لەعێراقدا هیچ بۆنەیەكی خۆش یان ناخۆش بەبێ بیستنی دەنگی گوللە تێناپەڕێت، خەڵكێكی‌ زۆر لەدەرفەتێك دەگەڕێن بۆ ئەوەی‌ لولەی‌ چەكەكانیان روو لەئاسمان بكەن.

ئەحمەد گەنجێكی خەڵكی شاری فەلوجەیە‌و لەبری بوك گواستنەوەكەی بەرەو گۆڕەكەی بردیان، ئەویش پاش ئەوەی گولەیەكی وێڵ كە یەكێك لە هاوڕێكانی لە ئاهەنگەكەیدا بەخۆشی ئەو بۆنەیەوە تەقاندبووی بەری كەوت‌و دەستبەجێ كوشتی، چونكە یەكێك لە نەریتەكانی ئاهەنگگێڕان لە بۆنەخۆشەكان یاخود ناخۆشەكان لە عێراق بەبێ تەقەكردنی هەڕەمەكی بە ئاسماندا تەواو نابێت.

رووداوەكەی ئەحمەد تەنیا چیرۆكێكە لەو سەدان چیرۆكەی ساڵانە عێراقییەكان دەیبینن‌و وێنەو گرتە ڤیدیۆییە خەمناكەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاڵوگۆڕ پێدەكەن، بەمجۆرەش دیاردەكە بووتە نەرتێكی كۆمەڵایەتی بەهێزتر لە یاسا‌و رێوشوێنە ئەمنییە توندەكان، بەڵام بەرزبوونەوەی رێژەی بەركەوتن لەنێو دانیشتوواندا بەم دواییانە حكومەتی ناچار كرد هەڵمەتێكی نوێ بۆ بنبڕكردنی دیاردەكە رابگەیەنێت.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لە راگەیەندراوێكی رەسمیدا "گرتنەبەری رێوشوێنی توند‌و بەپەلەی بۆ رێگرتن لە دیاردەی تەقەكردن لە بۆنەكان‌و لێپێچینەوە لە بەرپرسیارانی" راگەیاند، هەروەك وەزارەتی ناوخۆش لە راگەیەندراوێكدا دەستگیركردنی حەوت كەسی راگەیاند كە هەفتەی رابردوو تەقەیان بە ئاسماندا كردبوو.

ئاهەنگەكانی هاوسەرگیری‌و رێوڕەسمەكانی بەخاكسپاردنی مردووان‌و بردنەوەی هەڵبژاردەی نیشتمانی تۆپی پێ لە پاڵەوانێتییە نێودەڵەتییەكاندا، زۆرترین ئەو بۆنانەن كە تەقەیان تێدا دەكرێت، هەفتەی رابردووش وەزارەتی تەندروستی كوژرانی كەسێك‌و برینداربوونی 19ی دیكەی راگەیاند لە كاتی بردنەوەی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانێتی كەنداودا.

ئەم دیاردەیە لە دوای ساڵی 2003وە زیادی كردووە‌و لاوازی دەسەڵاتی دەوڵەت‌و شكستی هێزە ئەمنییەكان لە بەرقەراركردنی ئاسایشدا دانیشتووانی ناچاركردووە چەك پەیدا بكەن‌و لەماوە هەڵیبگرن، تەنانەت حكومەتەكەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو لە ساڵی 2012دا بڕیارێكی راشكاوی دەركرد كە رێگە دەدات بە هەر ماڵێك پارچە چەكێك یان دەمانچەیەكی هەبێت بەمەرجێك خاوەنەكەی لە نزكترین بنكەی پۆلیس تۆماری بكات، بەڵام زۆرێك لە عێراقییەكان سەردانی بنكەكانی پۆلیس ناكەن.

تەنانەت چەند بازاڕێكی تایبەت لە بەغدا‌و چەند شارێكی دیكەدا هەن تایبەتن بە كڕین‌و فرۆشتنی چەك‌و تا دەگاتە چەكی مامناوەندیش، بەناوبانگترینی ئەو بازاڕانەش بازاڕی مرێدیە لە بەغدا كە دەكەوێتە ناوجەرگەی "مەدینە سەدر" كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی شیعەن‌و گەڕكێكی هەژارە، هەفتەی رابردووش ئەو بازاڕە هەڵمەتێكی سەربازی بەخۆوە بینی بۆ راوەدوونانی بازرگانان‌و دەستبەسەرداگرتنی چەكەكان.

كاتێكیش عێراقییەكان سەیری ئەنجامی هەڵمەتەكەیان دەكرد كە فەرماندەیی سەربازی راسپێردراو بە ئاسایشی بەغدا رایگەیاند شۆكێكی راستەقینە بوو بۆیان كە بەهەزاران پارچە چەك لە چەكی ئۆتۆماتیكی‌و دەمانچە‌و تەنانەت چەكی "ئاڕ بی جی"ی دژە تانك‌و ئامێری تۆڕنە بۆ دروستكردن‌و گۆڕینی هەندێك پارچە چەك‌و تەقەمەنی، دەستیان بەسەردا گیرا.

نەریتەكانی هۆز
لە راستیدا دیاردەكە بۆ ئەو نەریتە عەشایرییانە دەگەڕێتەوە كە لە بیستەكانی سەدەی رابردوودا سەریان هەڵداوە، بەدیاریكراویش لە كاتی "شۆڕشی بیست"دا دوای هاوپەیمانی عەشایرەكانی ناوەڕاست‌و باشووری وڵات لەدژی داگیركاری بەریتانیا لەو كاتەدا، بۆ یەكەم جاریش عەشایرەكان چەكی سووكیان لە تفەنگ‌و دەمانچە لەڕێی هێرشكردنە سەر بنكەی سەربازانی بەریتانیا‌و كڕینی لە دەوڵەتانی دراوسێوە دەست دەكەوت كە بەناوبانگترینیان تفەنگی "بڕنەو"بوو.

وەك شێخ حەیدەر رومەیسی یەكێك لە شێخی عەشیرەتەكانی پارێزگای میسان دەڵێت لەو شۆڕشەدا هاوسەنگی هێز بەلای سوپای بەریتانیادا كەوت كە خاوەنی تۆپی قورس بوو لەكاتێكدا چەكی عەشایرەكان تەنیا تفەنگ بوو ژمارەشیان سنووردار بوو تەنیا دەدرانە چەند جەنگاوەرێكی ئەو هێزە عەشایرییەی هێرشی دەكردە سەر بەریتانییەكان.

رومەیسی كە یەكێكە لە نەوەكانی جەنگاوەرانی عەشایرەكانی ئەو كاتە، بە "نیقاش"ی وت: "تا ئێستاش چیرۆكەكانی ئەو شۆڕشە دەگێڕینەوە كە دروشمە هەمیشەییەكەی بریتیبوو لە (تۆپ باشترە یان مگوارەكەم) تۆپیش لە شێوەزاری میللیدا چەكی تۆپە‌و (مگوار)یش میللیترین چەك بووە لەلای عێراقییەكان لەو سەردەمەدا ئەویش پێكهاتووە لە دارێكی ئەستوور كە كۆتاییەكەی تۆپێك قیری رەقە‌و تەنیا یەك لێدان دەتوانێت سەری كەسی بەرامبەر بتەقێنێت‌و بە چەكی ئازایان ناسراوە لەبەر ئەوەی جیاوازە لەو چەكە ئاگرینانەی لە مەودایەكی دوورەوە مرۆڤ دەكوژن.

رومەیسی دەڵێت: "زۆربەی چەكەكانی هێزە عەشایرییە هێرشبەرەكان "مگوار" بوو، هاوكات تفەنگی "بڕنەو" دەدرایە هەندێكیان، چونكە ژمارەیان كەم بوو دەستكەوتنی گوللەكانیشی كارێكی زەحمەت بوو، هەرچەندە عەشایرەكان لەو كاتەدا پێویستیان بە تفەنگ‌و گوللە بوو، بەڵام درێغییان نەدەكرد لە تەقەكردن لە ئاهەنگ‌و ناخۆشییەكانیشدا، لەو كاتەشەوە ئەم دیاردەیە لە پاڵ عەرازەدا سەری هەڵداوە".

"عەرازە"ش سەمایەكی میللیە عەشایرەكان ئەنجامی دەدەن‌و بەڕێڕۆیشتن بازنەیەك دروست دەكەن‌و تفەنگەكانیشیان بەدەستەوەیە‌و تەقەدەكەن، لەناوەڕاستی بازنەكەشدا شاعیرێك هۆنراوەیەك بۆ ئەوە بۆنەیە دەخوێنێتەوە كە بۆی كۆبوونەتەوە، چ بۆنەیەكی خۆش بێت یاخود خەمناك.

رومەیسی دان بەوەشدا دەنێت كە دیاردەی تەقەكردنی هەڕەمەكی لە ئاهەنگ‌و بۆنە خەمناكەكاندا شارستانی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتی دەكاتەوە كە قەدەغەكردنی قورسە‌و دەڵێت: "بەراشكاوی هەندێك خەڵكی عەشایر هەن تەقە نەكردن لە بۆنەكانیاندا بە سوكایەتی دەزانن"، بەڵام رومەیسی بەتوندی ئەوە رەتدەكاتەوە ئەم دیاردەیە بگوازرێتەوە بۆ شارەكان بە تایبەتیش بەغدا‌و بە میراتێكی عەشایری پەیوەست بە گوندەكانی عێراقی دادەنێت لە باشووری وڵات.

چەند دەیەیەكە دەسەڵات خۆی لە بەریەككەوتن لەگەڵ عەشایرەكان بەدوور دەگرێت لەبەر ئەو هەژموونە فراوانەی هەیانە، تەنانەت حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان مەراییان بۆ سەركردەی هۆزەكان دەكرد لەڕێی بەخشینی چەك پێیان، زۆرجاریش هێزە ئەمنییەكان چاوپۆشی لە نەریتە عەشایرییەكان دەكەن لە گوند‌و لادێكاندا، بەڵام گواستنەوەی دیاردەی تەقەكردنی هەڕەمەكی بۆ بەغدا مایەی نیگەرانی حكومەت‌و دانیشتووانیشە، پێدەچێت هەوڵەكانی حكومەتیش بۆ قەدەغەكردنی بێ سوودبن.

سامر هادی نەقیبی پۆلیسی فریاكەوتنی بەغدا بە "نیقاش"ی وت: "چەك بەشێوەیەكی فراوان لەنێو دانیشتوواندا بڵاوبووەتەوە، هیچ ماڵێك نییە پارچەك چەكی نەبێت، لە كاتی ئاهەنگدا تەقەیەكی زۆر دەكرێت كە سەرچاوەكەی نازانین، كاتێكیش كەسێك دەستگیردەكەین كە ئەو كارەی كردووە هەوڵدەدات پۆستەكەی یاخود پۆستی یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەی بەكاربهێنێت بۆ دەربازبوون لە دەستگیركردن".

نەقیب هادی هەروەها وتی: "هەندێك لەوانە ئەندامی حەشدی شەعبین‌و هەندێكی دیكەشیان فەرمانبەرن لە پۆستی باڵای دەوڵەتدا، تەنانەت ئەندامی پۆلیس‌و سوپاش لەو كارەوە تێوەگلاون‌و چەكی حكومەت بەكاردەهێنن وەك دەمانچەی كڵۆك‌و تفەنگی كڵاشینكۆڤ سەرەڕای سزا یاساییە توندەكان".

وتیشی: "بەپێی یاسایەك كە تائێستاش لەسەر ئاستی نیشتمانی بەركارە كە ئەویش یاسای ژمارە 15ی ساڵی 2000ە تەقەكەر بۆ ماوەیەك بەند دەكرێت كە لە مانگێك كەمتر نەبێت‌و لە شەش مانگیش زیاتر نەبێت‌و بڕێك پارەش غەرامەی لێدەسەندرێن كە لە 50 هەزار دینار كەمتر نەبێت‌و لە یەك ملیۆن دینار زیاتر نەبێت‌و دەستیش بەسەر چەكە تایبەكەی‌و گولەكانیشیدا دەگیرێت، بەڵام جێبەجێكردنی ئەم یاسایە پێویستی بە هەوڵێكی زۆر هەیە تا بەسەر هەموواندا جێبەجێ بكرێت بەبێ جیاوازیكردن لەنێوان هاووڵاتیاندا".

مونا غورابی ئەندامی پەرلەمانی عێراق پێی وایە دەبێت حكومەت سزاكە توندتر بكات‌و لە راگەیەندراوێكی رەسمیشدا داوای كردووە بەپێی یاسای دژەتیرۆر لێپێچینەوە لە تەقەكەرانی هەڕەمەكی بكرێت، داوای دەستوەردانی عەشایرەكان‌و هەڵمەتی مەدنیشی كردووە بۆ راگرتنی دیاردەكە.