ساڵی‌ نوێ‌ لەژێر چادردا
بومەلەرزە خەڵكی‌ دەربەندیخانی‌ ئاوارەی‌ شارەكەی‌ خۆیان كردووە

کوردستان

06/01/2018‌ 821 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەو كاتەی‌ لەشاروشارۆچكەكانی‌ دیكە كوردستان خەڵكی‌ خۆیان ئامادە دەكرد بۆ ئەوەی‌ پێشوازی‌ لەساڵی‌ نوێ‌ بكەن، چەند خێزانێك لەدەربەندیخان لەژێر چادردا كۆتاییەكانی‌ ساڵی پێشوویان بەڕێكرد.

نزیكەی‌ مانگێك لەمەوبەر بومەلەرزەیەكی‌ بەهێز دای‌ لەعێراق‌و بەهۆی‌ ئەوەی‌ چەقی‌ بومەلەرزەكە لەشارۆچكەی‌ دەربەندیخانەوە نزیك بوو، زۆربەی‌ زیانەكە بۆ ئەو ناوچەیە بوو.

لەدوای بومەلەرزە بەهێزەكەوە، جوان ناجی تەمەن 42 ساڵ هیچ شەوێك لەخانووەكەی خۆیدا نەخەوتووە، ئەو بە"نیقاش"ی‌ وت "خانووەكەمان زیانێكی زۆری بەركەوتووەو زۆربەی‌ ژوورەكانی درزیان بردووەو مەترسی رووخانی لەسەرە".

جوان كە پیشەی‌ مامۆستایە، لەبەردەم خانووەكەیاندا خێوەتێكی گەورەی‌ هەڵداوەو لەگەڵ سێ خێزانی دیكەی‌ هاوسێیاندا تێیدا دەمێننەوە، وتیشی "مانەوەمان لەنێو خێوەت كاریگەری زۆری كردووەتە سەر ئیشوكارو دەواممان، تەنانەت منداڵەكانیشمان لەخوێندن توشی گرفت بوون".

قەزای دەربەندیخان (55كلم لەباشوری رۆژهەڵاتی سلێمانی) یەكێكە لەو ناوچانەی‌ كە بەهۆی كاریگەری بوومەلەرزە بەهێزەكەی‌ رۆژی (12ی تشرینی دووەمی 2017) زیانێكی زۆری پێگەیشتووە، كە بە گوڕی (7.2) پلەی‌ رێختەر ناوچە سنورییەكانی نێوان عێراق‌و ئێرانی گرتەوە.

لەدوای ئەو بومەلەرزە بەهێزەوە، تائێستا دەیان جاریتر بومەلەرزە بەگوڕو پلەی‌ جیاواز شارۆچكەكەی‌ گرتووەتەوەو ئەوەش دانیشتوانەكەی‌ تووشی دڵەڕاوكێ‌و شڵەژان كردووەو ناوێرن لەنێو خانووكانیاندا بحەوێنەوە.

بەپێی ئامارێكی فەرمی كە لەقایمقامیەتی دەربەندیخانەوە بە"نیقاش" دراوە، لەكۆی (10) هەزار خانوو زیاتر لەدوو هەزار خانوو زیانیان بەركەوتووە، ئەمە جگە لەخاپوربوونی چەند خانوویەك‌و گیانلەدەستدانی چوار هاوڵاتیش.

زۆربەی‌ كۆڵانەكانی شارۆچكەكە پڕبوون لەخێوەت، هەندێك لەهاوڵاتیان لەلایەن رێكخراوو لایەنە خێرخوازییەكانەوە پێیاندراوەو هەندێكی دیكەشیان بەپارەی خۆیان لەبازاڕدا خێوەتەكەیان كڕیوە، بەشێكی دیكەش بەقامیش‌و شیش‌و نایلۆن خێوەتیان دروستكردووە.

خزەیەر رەجەب (59 ساڵ) هاوڵاتییەكی عەرەبەو سێ ساڵ پێش ئێستا لەترسی چەكدارانی داعش لەشارۆچكەی‌ مقدادیەوە ئاوارەی‌ دەربەندیخان بووە، جارێكیتر بومەلەرزە دووچاری ئاوارەبوونی كردووەتەوە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت "ئەمجارە چەند مەترێك لەخانووەكەمەوە دوورم".

بومەلەرزەكە تەنیا زیانی بەهاوڵاتیان نەگەیاندووە، بەڵكو لەكۆی چوار بنكەی‌ تەندروستی سێ بنكەیان پەكی كەوتووە، خوێندن لەدوو قوتابخانەدا راگیراوەو 17 خوێندنگای دیكەش زیانی زۆری پێگەیشتووە، پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخانیش زیانی بەركەوتووەو خوێندن تێیدا راگیراوە، هەروەك تۆڕی ئاوو كارەباش پەكیكەوتووەو لەئێستادا 20%ی لەكاردایە.

بەوتەی‌ قایمقامی قەزاكەش، جگە لە سەنتەری شارۆچكەكە، لە 52 گوندی دەوروبەریشدا زیان هەبووە بەشێوەیەك (48) خانوو (145) گەوڕی ئاژەڵ رووخاون‌و (550) سەر ئاژەڵیش لەناوچوون.

بەشێكی زۆر لەفەرمانگە حكومییەكان هاوشێوەی‌ ماڵان خێوەتیان لەنێو فەرمانگەكانیان هەڵداوەو تێیدا دەخەون، یەكێك لەو دەزگا حكومیانەی‌ زیانی پێگەیشتووە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسە، شەوان لەترسی روودانی بومەلەرزەو روخانی بیناكە، پۆلیس‌و زیندانییەكان لەخێوەتێكی نێو حەوشەی‌ بیناكە دەخەون، ئەوەش مەترسی لەسەر هەڵهاتن‌و ژیانی زیندانییەكان دروستكردووە.

ناسیح حەسن قایمقامی دەربەندیخان بۆ "نیقاش" روونیكردەوە، بەهۆی ئەو زیانە زۆرەوە وا پێویستی دەكرد وەك شارۆچكەیەكی كارەساتبار مامەڵە لەگەڵ قەزاكەدا بكرایە، چونكە رێژەی‌ زیانەكان لەتوانای ئیدارەی‌ شارەكە زۆر زیاترە.

دەشڵێت "هەرچەندە لەسەرەتایی رووداوەكەوە داوامان لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت‌و پارێزگای سلێمانی كردووە، بەڵام ئالیاتی پێویستمان لەبەردەستدا نییە بۆ بەدەمەوەچوونی زیانلێكەوتووان‌و بەتەنیا شۆفڵ‌و گەڵابەیەكی شارەوانی ئیشوكارەكان راناپەڕێنرێن".

بەپێی خەمڵاندنێكی سەرەتایی كە ئیدارەی‌ شارۆچكەكە بۆ زەرەرو زیانەكان كردوویانە، بڕەكەی‌ زیاتر لە 21 ملیار دینارە.

بەشێك لەهاوڵاتیان نیگەرانن لەبەدەمەوەچوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان‌و داوای خێوەت‌و هاوكاری دەكەن، لەكاتی چاوپێكەوتنی پەیامنێری "نیقاش" لەگەڵ قایمقامی قەزاكەدا، هەندێك لە هاوڵاتیان لەبەردەم بینای قایمقامیەتدا گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان ئەنجامداو دەڵێن: خێوەتەكان لەسەر بنەمای خزم خزمێنە دابەش دەكرێن.

حەكیمی دەربەندیخان، چالاكوانێكی دیاری شارۆچكەكەیە بۆ "نیقاش" باسی لەوەكرد، حكومەت بەشێوەی‌ پراكتیكی هەنگاوی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان نەناوەو دەشڵێت "نا دادپەروەری لەدابەشكردنی خێوەتەكاندا هەیە".

بومەلەرزە یەك لەدوای یەكەكان، بارودۆخی هاوڵاتیانی دژوارتر كردووەو لەگەڵ هەر لەرینەوەیەكدا ژمارەیەكی دیكەی‌ هاوڵاتی خانووەكانیان چۆڵ دەكەن‌و پەنا بۆ خێوەت دەبەن‌و هێندەی‌ تر باری دەروونیان خراپتر دەبێت.

بۆ ئەو مەبەستە رێكخراوی گەشەپێدانی ئەندازیارانی كوردستان، بۆ دڵنیاكردنەوەی‌ هاوڵاتیان‌و چۆنێتی چاككردنەوەی‌ زیانەكانی بومەلەرزەكە خانووو باڵەخانەكان سەردانی دەربەندیخانی كردووەو رێنماییان پێشكەش بەدانیشتووانەكەی‌ كردووە.

د.محەمەد رەئوف سەرۆكی رێكخراوەكە بۆ "نیقاش" وتی "زۆرێك لەو خانووانەی‌ زیانیان بەركەوتووەو خاوەنەكانیان چۆڵیانكردووە، پێویست ناكات بیروخێنن‌و سەرلەنوێ دروستی بكەنەوە، بەڵكو رێنماییمان كردوون كە چۆن بەتێچوویەكی كەم چاكی بكەنەوە".

هەرچەندە لەدوای بومەلەرزەكەوە، مانگی سوری توركیا رایگەیاند كە زیاتر لەچوار هەزار خێوەتیان رەوانەی‌ هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام بە وتەی‌ ناسیح حەسەن "مانگی سوری توركی بەهەماهەنگی لەگەڵ مانگی سوری عێراقی تەنیا (110) خێوەتیان دابەشكردووە".

قایمقام وتیشی "تائێستا بەكۆی رێكخراوو لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە (512) خێوەت گەیشتووەتە دەربەندیخان‌و ئەوەش بەشی دانیشتوانەكەی‌ ناكات‌و نیگەرانیی دروستكردووە".

بەنداوی دەربەندیخانیش لەكاریگەری بومەلەرزەكە بێ زیان نەبووە، لەئێستاشدا ئەگەری رووخانی بووەتە جێگای مەترسی بەشێك لە دانیشتوانەكەی‌، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بۆ "نیقاش" جەختیكردەوە، بارودۆخی بەنداوەكە سەقامگیرەو مەترسیی لەسەر نییە، بەڵام لەئەگەری دوبارەبوونەوەی‌ بومەلەرزەی‌ بەهێزو دروستبوونی لافاودا رەنگە مەترسییەكان لەسەر روخانی زیاد ببن.

پاش بومەلەرزەكە، هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەردانی دەربەندیخانیان كرد، بەپێی قسەی‌ قایمقامی دەربەندیخانیش سەرۆكایەتی حكومەت بڕی دوو ملیار دیناریان بۆ بەنداوی دەربەندیخان‌و سێكتەری ئاوو كارەبا تەرخانكردووە، هاوكات حكومەتی عێراق رایگەیاند كە دوو ملیار و (903) ملیۆن دینار بۆ ناوچە زیانلێكەوتەكانی بومەلەرزە لە پارێزگای سلێمانی‌و دیالە تەرخانكردووە، بەڵام قایمقام ئاشكرایكرد تائێستا هیچ بڕە پارەیەك لەعێراقەوە نەگەیشتووەتە قەزاكەیان.

لەئێستادا هاوڵاتیان‌و ئیدارەی‌ دەربەندیخان چاوەڕوانی كۆمەك‌و هاوكاری رێكخراوەكان‌و شاندە حكومییەكانی هەرێم‌و عێراقن، كە لەسەردانەكانیان بۆ ناوچەكە بەڵێنیان دابوو یارمەتیدەریان بن، بەڵام هەموو كاتەكانی‌ ئەو چاوەڕوانییە تائێستا هەر لەژێر چادردا بەڕێدەكەن.

بەپەلە