رانیە لەمێژووی‌ خۆی‌ یاخی‌ دەبێت
لەدەروازەی‌ راپەڕینەوە بۆ دەروازەی‌ ناڕەزایی‌

کوردستان

11/01/2018‌ 2198 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ئەم چەند رۆژە رانیە دەڵێی‌ خۆڵی‌ بەسەردا كراوە، راستە خۆپیشاندانی‌ ناڕەزایی‌ لەو شارە كۆتایی‌ پێهات‌و هێزە سەربازییەكان كشانەوە، بەڵام خەڵكی‌ شارەكە دڵیان شكاوە لەو ئەزموونەی‌ خۆیان دروستیان كرد.

بۆ هەرێمی‌ كوردستان، شاری‌ رانیە – باكوری‌ خۆرئاوای‌ سلێمانی‌ – هەڵگری‌ ماناو سیمبولێكی‌ جیاوازە، راستە یەكێك نییە لەگەورەترین شارەكانی‌ كوردستان (لەپانزە هەزار خێزان پێكهاتووە)، بەڵام گرنگی‌ ئەو شارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەدانەری‌ بەردی‌ بناغەی‌ حوكمڕانی‌ كوردی دەزانرێت.

رۆژی‌ 5ی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ 1991 یەكەم پریشكی‌ راپەڕینی‌ خەڵكی‌ كوردستان دژی‌ رژێمی‌ بەعس لەشاری‌ رانیەوە دەستی‌ پێكردو لەوێوە هەموو شارەكانی‌ تری‌ تەنییەوەو هەرێمی‌ كوردستان كەوتە دەست هێزە كوردییەكان، هەر لەبەر ئەوەشە لەفەرهەنگی‌ سیاسی‌‌و كۆمەڵایەتی‌‌و حوكمڕانی‌ كوردییدا رانیە ناوی‌ "دەروازەی‌ راپەڕین"ی‌ لێنراوە.

هەموو خەڵكی‌ رانیە شانازی‌ دەكەن بەوەی‌ ئەوان سەرمەشقی‌ راپەڕین بوون، بەڵام دوای‌ 26 ساڵ حوكمڕانی‌ كوردی‌، ئێستا لەو مێژووەی‌ خۆیان یاخی‌ بوون‌و دەیانەوێت ببنە كلیلی‌ گۆڕانكارییەكی‌ دیكە.

رۆژی‌ 18ی‌ كانوونی‌ یەكەمی‌ رابردوو هاوكات لەگەڵ چەندین شارو شارۆچكەی‌ دیكەی‌ كوردستان، خەڵكێكی‌ زۆر لەرانیە رژانە سەر شەقامەكان‌و دروشمیان دژی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و بەرپرسانی‌ كوردی‌ دەوتەوە، بەڵام جیاوازی‌ خۆپیشاندانی‌ رانیە لەگەڵ ناوچەكانی‌ دیكە ئەوە بوو كە هەم زیانەكانی‌ خۆپیشاندانەكە لەوانی‌ دیكە گەورەتر بوو، هەم یەكەمین جاریش ئەو شارە ئاوها بەئاشكرا دژی‌ شانازییەكانی‌ خۆی‌ بوەستێتەوە.

ئەگەر چی‌ جاران گلەیی‌ خەڵكی‌ رانیەو ناوچەكانی‌ دیكەی‌ كوردستان تەنیا لەدوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی‌ كوردستان (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان) بوو، بەڵام ئەمجارە خەڵكی‌ رانیە دژی‌ هەموو هێزە سیاسییەكان وەستانەوەو بەوە تۆمەتباریان كردن كە دەستیان هەبووە لەدروستكردنی‌ قەیرانی‌ سیاسی‌‌و ئابوریدا، هەر بۆیە وەك تۆڵەسەندنەوەیەك پەلاماری‌ بارەگا حزبییەكانیانداو تەنیا لەدوو رۆژی‌ یەكەمی‌ خۆپیشاندانەكەدا دوانزە بارەگای‌ حزبە سیاسییەكانیان سوتاند، لەنێویاندا بارەگای‌ گۆڕان‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ هەبوون كە ئەوان خۆیان لەسەر بەرەی‌ ئۆپۆزسیۆن حیساب دەكەن.

یاسین عەبدوڵا ئەندامی‌ گروپی‌ "بەرەی‌ داكۆكیكردن لەمافی‌ خەڵك" ئەو گروپەی‌ یەكەم رۆژ خۆپیشاندانەكەیان رێكخست بە"نیقاش"ی‌ وت "سەرەتا خۆپیشاندانەكە بەهێمنی‌ رۆیشت، بەڵام لەبەرئەوەی‌ بەرپرسانی‌ شارەكە وەڵامی‌ خۆپیشاندەرانیان نەدایەوە، بۆیە ئاراستەیەكی‌ توندوتیژی‌ وەرگرت".

خۆپیشاندانەكان بۆ ماوەی‌ پێنج رۆژ بەردەوام بوون، خۆپیشاندەران بەبەرد رووبەرووی‌ هێزە ئەمنییەكان‌و پاسەوانی‌ بارەگە حیزبییەكان وەستانەوە‌و لەهەندێ‌ جێ‌ بەفیشەك وەڵامدرانەوە، سەرەنجام 85 كەس برینداربوون‌و 2 كەسیش كوژران، لەنێو بریندارەكاندا پۆلیس‌و پاسەوانی‌ بارەگاكان هەبوون.

یەكێك لەكوژراوەكان گەنجێكی‌ تەمەن بیست ساڵان بوو بەناوی‌ (محەمەد تەها) كە پێش خۆپیشاندانەكە بۆ خوێندنی‌ زانكۆ وەرگیرابوو.

باوكی‌ محەمەد بە"نیقاش"ی‌ وت "كوڕەكەم بەگولەی‌ پاسەوانانی‌ بارەگای‌ پارتی‌ كوژراوە، ئێستا سكاڵام بۆ دادگا بردووە بۆ ئەوەی‌ هەقم وەربگرن".

لەبەرەی‌ دووهەمیشدا پاسەوانی‌ بارەگا حزبییەكان دەیانوت ئەوان بێ‌ ئەوەی‌ هیچ تاوانێكیان هەبێت هێرشیان كراوەتە سەر، (ع.ب) پاسەوانی‌ یەكێك لەبارەگا حزبییەكانە لەرانیە خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ حزبەكەی‌ بشاردرێتەوە بە"نیقاش"ی‌ وت "خۆپیشاندەران بەتوندی‌ هێرشیان كردە سەرمان‌و خۆم بەبەرد بریندار بووم"، ئەوەشی‌ نەشاردەوە كە بۆ رووبەروو بوونەوەی‌ خۆپیشاندەران فیشەكی‌ بەئاسماندا تەقاندووە.

بۆ كۆتایی‌ هێنان بەخۆپیشاندانەكانیش هێزێكی‌ زۆری‌ پێشمەرگەو پۆلیس‌و هێزە ئەمنییەكانی‌ دیكە رژانە شارەكەو هەڵمەتێكی‌ بەرفراوانی‌ دەستگیركردنی‌ خۆپیشاندەران دەستی‌ پێكرد، یاسین عەبدوڵا كە خۆی‌ یەكێك بووە لەدەستگیركراوەكان بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەو هێزەی‌ دەستگیریانكردم چاویان بەستمەوەو ئەشكەنجەیان دام، دواتر بردیانمە شاری‌ سلێمانی‌‌و دوای‌ دوو رۆژ ئازادكرام، ئەوانەی‌ دەستگیریان كردم فەرمانی‌ دادگایان پێنەبوو".

هیوا قەرەنی‌ قایمقامی‌ قەزای‌ رانیە دەستگیركردنی‌ خۆپیشاندەران پشتڕاست دەكاتەوەو بە"نیقاش"ی‌ وت "هەشتا كەس دەستگیركراون لەوانەی‌ ئاژاوەیان ناوەتەوە، چونكە ئەم جۆرە توندوتیژییە خزمەت بەداواكاری‌ خۆپیشاندەران ناكات".

خۆپیشاندانە فراوانەكەی‌ رانیە دەریدەخات كە چەندە خەڵكی‌ كوردستان دڵیان لەحوكمڕانی‌ كوردی‌ شكاوە، چونكە خەڵكی‌ ئەو شارەی‌ سەرمەشقی‌ راپەڕینی‌ كوردی‌ بوون، ئێستا هەندێكیان توڕەییان گەیشتووەتە ئاستێك پەنجەی‌ پەشمانی‌ دەگەزن، وەك ئەوەی‌ یەكێك لەخۆپیشاندەران لەناو ئاپۆرای‌ خەڵكیدا هاواری‌ دەكرد "ئەگەر بمانزانیایە ئاوها حوكم دەكەن، هەرگیز دژی‌ بەعس رانەدەپەڕین".

دواجار بەزەبری‌ هێزە خۆپیشاندانی‌ رانیە‌و ناوچەكانی‌ دیكەی‌ كوردستان كۆتاییان پێهێنرا، بەڵام ئەو گلەیی‌‌و داخوازیانەی‌ خەڵكی‌ هێنایە سەرشەقام وەك خۆیان ماون‌و نازانرێ‌ لە چ بۆنەیەكی‌ دیكەدا ئەم گۆمە مەنگە دەشڵەقێت.