جۆرەكانی‌ فێڵ‌و تەڵەكەبازی.. چەند باندێك پارە بەنیوە قیمەت دەفرۆشنەوە

عیراق

12/01/2018‌ 3237 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
جۆرەكانی‌ فێڵ‌و تەڵەكەبازی‌ بەهۆی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە زۆر بوون، ئێستا چەند باندێك پەیدابوون، كە بەناوی‌ پارە فرۆشتنەوە قۆڵی‌ هاووڵاتیانی‌ عێراق دەبڕن.

هەندێك لە عێراقییەكان لەلایەن چەند باندێكی تاكەكەسیەوە دووچاری هەڵخەڵەتاندن دەبنەوە‌و لەڕێی ئینتەرنێت یاخود فەیسبووكەوە نامەیان بۆ دەنێرن‌و تێیدا داوای فرۆشتنی بڕێك پارە دەكەن گوایە ناتوانن وەبەرهێنانی پێوە بكەن، چونكە لەترسی سزادان براوەتە دەرەوەی وڵات، بۆیە هەندێك كەس لەخشتە دەچن‌و مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن‌و دواتر بۆیان دەردەكەوێت كە كەوتوونەتە تەڵەوە.

تارقی سەرتاش (37 ساڵ) لەو سەرتاشخانەیەی لە ناوچەی مەنسووری ناوەڕاستی بەغدا كارەی تێدا دەكات، باسی ئەوە بۆ مەعمیلەكانی دەكات كە بەم نزیكانە هەموو خەونەكانی دێنەدی‌و تەنیا هەندێك كاتیان دەوێت.

دەوڵەمەندبوونی خێرا‌و سەفەركردن‌و دروستكردنی ژیانێكی نوێ لە وڵاتێكی ئارام‌و خۆشگوزەران، هەموویان خەونی رەنگاڵەیین‌و تارق لە هەوڵی ئەوەدایە بەم نزیكانە بەدییان بهێنێت، ئەویش دوای ئەوەی رێگایەكی دۆزیەوە كە پێیوایە دەیگەیەنێتە ئامانجەكەی.


مەعمیلەكانی تارق لە دراوسێكانی كارلێكی لەگەڵ دەكەن وەك چۆن هەمیشە لە گفتوگۆی نێو سەرتاشخانەكانی پیاواندا روو دەدات‌و هەر كە تەواوبوو لەبیر دەچێتەوە.

دوای چەند دەقیقەیەك یەكێك لە دانیشتووانی نێو سەرتاشخانەكە یەكێك لە هاوكارەكانی تارق دەباتە لایەكەوە‌و باسی ئەوەی بۆ دەكات كە دەبێت تارق واز لەو رێگایە بهێنێت كە دەیەوێت بیگرێتەبەر بۆئەوەی لە یەك كاتدا كارەكەی‌و پارەكەی‌و خەونەكانیشی لەدەست نەدات.

تارق دەیەوێت بڕی شەش ملیۆن دیناری عێراقی كۆبكاتەوە تا دەست بە پرۆژە نوێیەكەی بكات كە قازانجێكی باشی دەستدەكەوێت‌و هەر جارێك دوو هێندە زیاد دەبێت.

چیرۆكەكە لەو كاتەوە دەستپێدەكات كە تارق بەر لە دوو مانگ بڵاوكراوەی یەكێك لە پەیجەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی دەخوێنێتەوە كە زۆرترین بەكارهێنەری لە عێراقدا هەیە ئەویش فەیسبووكە، سەبارەت بە بڕە پارەیەك لە یەكێك لە دەوڵەتانی دراوسێ كە بە چەند ملیۆن دۆلارێك مەزەندە دەكرێت‌و خاوەنەكانی ناتوانن بیهێننە ناو عێراقەوە‌و دەیانەوێت بە نیوە قیمەت بیفرۆشن.

"بەستەیەك بە شەش ملیۆن‌و وەرەقەیەك بە 60 هەزار".. واتە بەستەیەكی 10 هەزار دۆلاری تەنیا بە پێنج هەزار دۆلار بە پارەی عێراقی‌و 100 دۆلاریش بە 60 هەزار دینار كە دەكاتە كەمتر لە 50 دۆلار، بەم شێوەیە ئەحمەد یاسری (ناوی بەكارهاتوو لەلایەن خاوەنی بڵاوكراوەكە) بانگەشە بۆ ئەو بڕە پارەیە دەكات دەیەوێت بیفرۆشێت.

گرتەیەكی ڤیدیۆییشی هاوپێچی بڵاوكراوەكە كردووە ملیۆنان دۆلاری تێدا پیشان دەدرێت‌و وا دەردەكەوێت كە راستەقینە بن‌و ساختە نەكرابن‌و خاوەنی بڵاوكراوەكەش بەدەنگی خۆی قسەی لەسەر دەكات‌و ئەوە دووبارە دەكاتەوە كە "بەستەیەك بە شەش ملیۆن‌و وەرەقەیەك بە 60 هەزار"ە، هەركەسێكیش بیەوێت وردەكاریەكانی بزانێت دەتوانێت نامە بۆ هەمان ئەو پەیجە بنێرێت.

یاسری وەڵامی هەموو ئەو نامانە ناداتەوە كە لەڕێی پەیجە تایبەتییەكەیەوە پێی دەگەن سەبارەت بە فرۆشتنی ئەو پارەیە بەو نرخەی ناكاتە لانی كەمی نیوەی نرخە راستەقینەكەی، بەڵام زۆرێك لەوانەی وەڵامی داونەتەوە بە تارقیشەوە دەڵێن هۆكارەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو پارانە دزراون‌و ژمارەكانیان لای لایەنەكانی چاودێری نێودەوڵەتی تۆماركراون‌و بەو پێیەش ناتوانرێت بەبڕی زۆر مامەڵەیان پێوەبكرێت لەڕێی بانكەكان یاخود حەواڵەكردنەوە، هەروەك مەحاڵیشە لەرٍێی فڕۆكەخانەكان یان دەروازە سنوورییەكانەوە بهێنرێنە ناو عێراق یاخود هەر دەوڵەتێكی ترەوە.

لەبەرئەوە زۆر كەس پێیانوایە دەستكەوتنی بەشێكی بچووك لەو پارانە‌و مامەڵەپێوەكردنی بە برٍێكی كەم رەنگە بازرگانییەكی زۆر بەسوود بێت، چونكە كارێكی ئاسانە پارەیەك بگاتە 10 هەزار دۆلار لە عێراقدا خەرج بكرێت لەڕێی چەند مامەڵەیەكی بازرگانی وەكو كڕینی ئۆتۆمبیلێك یان هەر شتێكی دیكە‌و تەنانەت گۆڕینەوەشی لە دوكانەكانی پارەگۆڕینەوەدا.

تارق هەوڵ دەدات یەكەم بەستەی دە هەزار دۆلاری لەبەرامبەر ئەو شەش ملیۆنەدا دەست بكەوێت كە كار بۆ كۆكردنەوەی دەكات تا لێرە لە بەغدا مامەڵەی پێوە بكات‌و جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ كڕینی دوو بەستەی دیكە بەو نرخە‌و بەردەوامیش بێت لەو كارە تا دەگاتە ئەو بڕە پارەیەی دەتوانێت لەڕێیەوە خەونەكانی لە ماوەیەكی پێوانەییدا بهێنێتەدی بە پشتبەستن بەو پارەیەی لەلایەن ئەحمەد یاسریەوە خراوەتەڕوو.

بەڵام راستییەكانی پشت ئەوەی یاسری بڵاویان دەكاتەوە تەواو جیاوازن لەوەی بە خەیاڵی هەر كەسێكدا دێت كە بڵاوكراوەكانی ئەو‌و هاوشێوەكانی خوێندبێتەوە كە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەو پارانە یان بەشێوەیەكی شارەزایانە ساختەكراون زەحمەتە ئاشكرا بكرێن یاخود دزراون وەك پێشتر باسكرا یان تەنانەت پارەیەكە دەبێت سپی بكرێتەوە لەبەر چەند هۆكارێكی دیاریكراو.

محەمەد ئەحمەد (32 ساڵ) ئەزموونی خۆی لەگەڵ ئەو جۆرە باندانەدا دەگێڕێتەوە كە ئەم فێڵانە بەكاردەهێنن تا بێبەرامبەر پارەی قوربانییەكانیان دەست بكەوێت.

محەمەد دەڵێت: "ئەو پارانە راستەقینەن، ساختە یان دزراو نین یاخود پێویستیان بە سپیكردنەوە نییە، بەڵام ئەوە نا راستەقینەیە لە بابەتەكەدا ئەوە لە بنەڕەتدا بۆ فرۆشتن نین".

هەروەها دەڵێت: "باندەكان ئەو كەسانە لەخشتە دەبەن كە بەدوای پارەی زۆردا دەگەڕێن لەڕێی پیشاندانی ئەو بڕە پارانە بۆ فرۆشتن لەبەرامبەر نیوەی بەهای راستەقینەیاندا تا ببێتە تەڵەیەك بەرلەوەی قوربانیەكان هان بدەن كە پارەكانیان حەواڵە بكەن بۆ چەند كەسێك یان چەند حسابێكی دیاریكراو بەو رێگایانەی لەلایەن باندەكەوە دیاری دەكرێن، دواتر قوربانییەكە بەدرەنگ بۆی دەردەكەوێت كە كەوتووەتە تەڵەیەكەوە‌و ناتوانێت پارەكەی وەربگرێتەوە".

محەمەد ئەوەشی روون كردەوە هەندێك لەوانەی پێیان وابووە زیرەكترن، ناچار بوون بەپێی رێككەوتنیان لەگەڵ ئەندامانی باندەكە خۆیان سەفەر بكەن بۆ ئوردن‌و لوبنان بۆئەوەی تەواوكردنی سەودانامەكە مسۆگەر بكەن، بەڵام گەیشتوونەتە هەمان خاڵی ئەوانەی سەفەریان نەكردووە، ئەویش پێویستی حەواڵەكردنی پارەی دیاریكراوە پێش ئەوەی بەرامبەرەكەی وەربگرن.

بەڵام خەونی ئەوانەی خواستی سامانیان هەیە تێكدەشێت‌و هەر زوو ئەو هەنگاوە دەنێن‌و پارەكە دەدەن بەوانەی بازرگانی بە خەونەكانیانەوە دەكەن، ئەوسا بۆیان دەردەكەوێت كە ئەوانیش تەنیا قوربانیەكن‌و دەچنە پاڵ قوربانییەكانی دیكەی دەستی ئەو باندانە كە ژمارەیان بەسەدان‌و بگرە هەزارانیش دەبێت.

كێشە سەرەكییەكە لەوەدایە كە قوربانییەكان ناتوانن خەبەر لەو باندانە بدەن، چونكە دەزانن كە لەڕووی یاساییەوە بەشدارن لە تاوانێكدا كە یاسا سزای بۆ داناوە‌و دەزانن ئەو پارەیە دزراوە یان ساختەیە یاخود بەشێكە لە پرۆسەیەكی فراوانی سپیكردنەوەی پارە‌و لەگەڵ ئەوەشدا پێیان خزاوەتە نێو گێژاوەكەیەوە كە بەڕێوەبەری گشتی بنبڕكردنی تاوانی رێكخراو لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشداری لەبارەوە دەدات.

لەو بارەیەوە عەمیدی یاسایی خالید عەبود بەدای بە "نیقاش"ی وت: "رەنگە ناشارەزایی هاووڵاتی لە یاسا هۆكارێك بێت بۆئەوەی ئەو كەسانە ببنە قوربانی ئەو باندانە‌و لە هەندێك حاڵەتیشدا رەنگە قوربانییەكە لەڕووی یاساییەوە بەشداربێت لە تاوانەكەدا كە ئەوەش پێویستی بە ئاگابوونە لەو جۆرە حاڵەتانە".

پێدەچێت باندەكان بەباشی لە یارییەكە تێگەیشتبن بۆیە یاسایان كردووە بە رێگەیەك بۆ زامنكردنی خەبەرنەدانی قوربانییەكە، ئەویش لەڕێی تێوەگلاندنی لە بەشداریكردن لە تاوانێكی گریمانەیی كە رێگرە لەوەی خەبەری لێبدات تا نەبێتە یەكێك لە تێوەگلاوانی لە رووی یاساییەوە، بۆیە رازی دەبێت بە لەدەستدانی پارەكەی لەبەرامبەر ئەوەی سزای یاسایی نەیگرێتەوە.

عەمید بەدای هانی هاووڵاتیانش دەدات عەقڵیان بكەنە دادوەر پێش ئەوەی لەگەڵ ئەو باندانەدا تێوەبگلێن ئەو وتەیەش بەبیردەهێنێتەوە كە دەڵێت یاسا گەمژەكان ناپارێزێت‌و پارەی جێهێڵراویش دزی دەناسێت.

دەسەڵاتدارانی عێراقیش هەوڵ دەدەن بەپێی توانا ئەو تاوانانە كەم بكەنەوە لەڕێی بەدواداچوونی ئەو كەسانەی كار لەسەر بانگەشەكردن بۆ ئەم جۆرە كارانە دەكەن چ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان یاخود لە ژیانی گشتیدا لەڕێی دروستكردنی بەشی تایبەت بە بەدواداچوونی ئەم جۆرە تاوانانە كە كاركردنیان تەنیا پشت بە واقیع نابەستێت، بەڵكو پەلیش دەهاوێت بۆ جیهانی گریمانەیی لەڕێی بەدواداچوون بۆ ئەو پەیجانە‌و هەڵسوڕێنەرانیان.

عەمید بەدای وتیشی: "رێوشوێنەكانمان راوەدوونانی هەڵسوڕێنەرانی ئەو پەیجانە لەخۆدەگرن تا دەستمان پێیان دەگات‌و لەدوای ئەوانیش هاككردنی هەندێك لەو پەیجانە بۆ كەمكردنەوەی چالاكییەكانیان لەگەڵ هەندێك رێوشوێنی دیكە".

عەمید بەدای داوای لە هاووڵاتیانیش كرد "هاوكاری بەرێوەبەرایەتییەكەیان بكەن لەڕێی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ئەو پەیجانەی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان كە كاری فێڵ‌و تەڵەكەبازی‌و تاوانی قۆڵبڕین‌و هەڵخەڵەتاندن ئەنجام دەدەن".

هەڵسوڕێنەرانی پەیجەكانیش رووبەڕووی ئەو رێوشوێنە یاساییانە دەبنەوە كە یاسا بەركارەكانی تایبەت بە تاوانەكانی دیكەی وەكو قۆڵبڕین‌و تەڵەكەبازی دیاریان كردوون هەروەها ئەو كارانەی دیكەی لەڕێی ئەو پەیجانەوە ئەنجامیان دەدەن.