دەستبردن بۆ دۆسێ‌ هەستیارەكان قەدەغەیە
لەمەودوا لەهەرێمی كوردستان پارێزەرانیش پارێزراو نین

کوردستان

12/01/2018‌ 2321 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەوە ناچێت ئەم ماوەیە كوردستان ناوچەیەكی‌ ئارام بێت بۆ هیچ چین‌و توێژێك، ژمارەیەك لەپارێزەران دەڵێن ترسیان لەوە هەیە دەست بۆ دۆسییە هەستیارەكان بەرن، چونكە ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.

لەدرەنگانێكی‌ شەوی‌ كۆتاییەكانی‌ ساڵی‌ رابردوو لەگەڕەكی‌ بەختیاری‌ شاری‌ سلێمانی‌، ماڵی‌ پارێزەر عومەر تۆفیق درایە بەر دەستڕێژی‌ گولە، بكەرەكان نەدۆزرانەوە، بەڵام عومەر بێ‌ سێ‌‌و دوو، خۆی‌ گومان لەچەند كەسێكی‌ دیاریكراو دەكات كە پێشتر هەڕەشەیان لێكردووە.

عومەر یەكێكە لەپارێزەرانی‌ كەیسێكی‌ ئاڵۆز لەدادگا، كە لەساڵی‌ 2012ەوە درێژەی‌ هەیەو تائێستا كۆتایی‌ پێنەهاتووە، بۆیە یەكسەر پەنجەی‌ تۆمەت بۆ بەشدارانی‌ ئەو كەیسە رادەكێشێت.

ساڵی‌ 2012 لەپارێزگای‌ سلێمانی‌ سەرەداوی‌ كەیسێكی‌ ئاڵۆز دەركەوتن كە پەیوەست بوو بەزەوی‌‌و زارو گەندەڵییەوە، وا باسدەكرا كە چەند بەرپرسێكی‌ باڵا لەو كەیسەوە گلاون، هەر بەو هۆیەوە زانا حەمە ساڵح قایمقامی‌ قەزای‌ مەركەزی‌ سلێمانی‌ -لەدوای‌ پارێزگارەوە باڵاترین دەسەڵاتی‌ هەیە- لەگرتوخانەی‌ ئاسایش دەست بەسەركرا، لەمانگی‌ نیسانی‌ ئەو ساڵەدا بەشێوەیەكی‌ تەمومژاوی‌ قایمقام لەزیندانی‌ ئاسایش گیانی‌ سپارد، هێزە ئەمنییەكان وتیان خۆی‌ كوشتووە، بەڵام كەسوكارەكەی‌ باوەڕیان بەو گێڕانەوەیە نەكرد.

عومەر یەكێك بوو لەپارێزەرانی‌ ئەو كەیسە ئاڵۆزە، هەرچەندە هیچ شتێكی‌ گەورەی‌ لەدۆسێكە بۆ نەگۆڕا، بەڵام وەك خۆی‌ دەڵێت لەو كاتەوە هەڕەشە لەسەر گیانی‌ هەیەو تەقەكردنی‌ ئەمجارەش بۆ هەمان بابەت دەگەڕێتەوە.

عومەر تۆفیق بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەو كاتەی‌ چوومە ناو كەیسەكە راستەوخۆ رووبەرووی‌ هەڕەشە بوومەوە، هەرچەندە دواتر هیچم بۆ نەكرا، چونكە دۆسێكە لەرەوتی‌ یاسایی‌ خۆی‌ لادراو بووە بابەتێكی‌ سیاسی‌‌و ئیداری‌‌و راستییەكان ونكران".

راستە ئەو دۆسێیە هێشتا بەتەواوەتی‌ یەكلایی‌ نەكراوەتەوە، بەڵام تا ئەمڕۆش تەمومژ لەبارەی‌ ئەو بابەتەوە ماوەو باس لەتێوەگلانی‌ چەندین بەرپرس دەكرێت، بۆیە زۆرجار نە میدیاو نە پارێزەران‌و نە لایەنەكانی‌ تریش خۆیانی‌ لەقەرە نادەن.

لەگەڵ ئەوەی‌ لەكوردستان چەندین دۆسێی‌ گەورە هەن كە لەدەرەوەی‌ دادگاكان‌و بەعورفی‌ سیاسی‌‌و عەشایری‌ یەكلایی‌ دەكرێنەوە، بەڵام ئەو دۆسێیانەی‌ بەدادگاكانیش دەسپێردرێن هەندێكیان دیسانەوە لایەنەكانی‌ دەكەونەوە ژێر فشار بۆ ئەوەی‌ بەئاراستەیەكی‌ دیاریكراودا بڕوات، هەندێجاریش قوربانییەكان ئەو پارێزەرانەن كە پشتیوانی‌ لەیەكێك لەلایەنەكان دەكەن.

رەنگبێ‌ بابەتی‌ هەڕەشەو دەستدرێژی‌ بۆ سەر پارێزەران شتێكی‌ تازە نەبێت، بەڵام ئەوەی‌ نامۆیە لەماوەی‌ رابردوودا بەشێوازی‌ جیاجیا ئەم حاڵەتانە دووبارە بوونەتەوە.

ئاسۆ هاشم پارێزەرێكی‌ بەناوبانگە لەشاری‌ هەولێر، وەك خۆی‌ ئاماژەی‌ پێدەكات بەرگری‌ لەدۆسێیەكی‌ دادگا كردووە كەچی‌ دواتر بەرپرسێكی‌ سەربازی‌ دەستی‌ لەكارەكە وەرداوەو ژیانی‌ ئەم كەوتووەتە بەردەم مەترسی‌.

لەمانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ رابردوو ئاسۆ هاشم بڵاویكردەوە كە لەشارۆچكەی‌ شەقڵاوە -باكوری‌ خۆرهەڵاتی‌ هەولێر- لەلایەن چەند چەكدارێكەوە رفێنراوەو بەزۆر چەكێكی‌ بانكیان لێسەندووە ئینجا ئازادیان كردووە.

لەبارەی‌ ئەو دۆسێیەوە ئاسۆ بە"نیقاش"ی‌ وت "بومە پارێزەری‌ بازرگانێكی‌ جل‌و بەرگ كە بەهۆی‌ كارەكەیەوە مایەپووچ بوو بوو، چەكێكی‌ بانكی‌ هەبوو بەبڕی‌ شانزە ملیۆن دینار دەبوو بۆی‌ وەربگرمەوە، لەنزیك بانكەكە چەكدارەكان فڕاندیانم، دەیانویست لەدەمی‌ منەوە شوێنی‌ بازرگانەكە بزانن، سەرەنجام چەكه بانكییە‌كەیان لێسەندم".

ئاسۆ لەلای‌ پۆلیس سكاڵا تۆمار دەكات، بەڵام هەر دواتر خۆی‌ سكاڵاكە دەكێشێتەوە، لەبارەی‌ هۆكارەكەشیەوە دەڵێت "ئاخر دەزانم دادگا لەبەرامبەر كەسە دەستڕۆیشتووەكاندا هیچی‌ پێناكرێت‌و ئەگەر منیش لەسەری‌ بڕۆشتمایە ژیانم بەتەواوی‌ دەكەوتە مەترسییەوە".

دەشڵێت "لەكوردستان كێشەكە ئەوەیە كاتێك دەبیتە پارێزەری‌ كەیسێك دژ بەگەندەڵی‌، یەكسەر دەسەڵاتداران بەچاوی‌ دوژمن تەماشات دەكەن".

لەساڵی‌ رابردوودا چەندین پارێزەر هەبوون كە باسیان لەوە كراوە بەهۆی‌ كارەكەیانەوە هەڕەشەیان لەسەر بووە، بەڵام تەنیا چەند یەكێكیان بوونی‌ ئەو هەڕەشانەیان ئاشكرا كردووە.

سەندیكاری پارێزەرانی كوردستان زیاتر لەنۆ هەزار ئەندامی‌ هەیە، ئامارێكی‌ ئەو سەندیكایە ئاماژە بەوە دەكات تەنیا لەساڵی‌ رابردوودا حەوت پارێزەر لەناوچە جیاوازەكان رووبەرووی‌ هەڕەشە بوونەتەوە.

بەختیار حەیدەر نەقیبی‌ سەندیكای‌ پارێزەرانی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "بەشی زۆری ئەو هەڕەشانەی لەپارێزەران كراون لەرێگای نامەی مۆبایل و تەلەفۆنەوە بوون".

تائێستا ئەوەی‌ بەسەندیكا كراوە وەك بەختیار حەیدرە دەڵێت تەنیا ئەوە بووە نوێنەریان لەدادگا هەبێت‌و پارێزگاری‌ لەپارێزەرەكە بكات، یاخود بەیاننامە لەو بارەیەوە دەربكەن، رەنگە ئەمانەش بەتەواوی‌ مەترسی‌ لەسەر ژیانی‌ پارێزەرەكە دوور نەخاتەوە.

یەكێكی‌ دیكە لەو پارێزەرانەی‌ كە وەك خۆی‌ دەڵێت چەندینجار بەهۆی‌ پیشەكەیەوە رووبەرووی‌ مەترسی‌ كوشتن بووەتەوە، پارێزەر یونس راوی‌-یە.

یونس ئاماژە بەوە دەكان كە لەبەرامبەر وەرگرتنی‌ چەند كەیسێك لەدادگا رووبەرووی‌ هەڕەشە بووەتەوەو دەشڵێت "زۆربەی‌ ئەو پارێزەرانە دەكەونە بەردەم هەڕەشە كە دەسەڵات‌و لایەنی‌ تاوانبار لەتوانایان دەترسن".

حاڵەتی‌ هەڕەشەكردن لەپارێزەران شتێكی‌ نامۆیە، بەڵام بۆ پۆلیس هەمان مامەڵەی‌ كەیسە ئاساییەكانی‌ تری‌ لەگەڵ دەكرێت‌و هەمان رێكاری‌ یاسایی‌ بۆ دەگیرێتە بەر.

هۆگر عەزیز وتەبێژی‌ پۆلیسی‌ هەولێر لەگەڵ ئەوەی‌ ئاشكرای‌ نەكرد چەند پارێزەر بەهۆكاری‌ هەڕەشە لێكردن سكاڵایان تۆماركردووە، بەڵام بە"نیقاش"ی‌ وت "هەڕەشە لەهەر كەسێك بكرێت ئێمە رێكاری‌ یاسایی‌ بۆ دەگرینە بەر، ئیتر كەسی‌ هەڕەشە لێكراوو هەڕەشەكەر لەهەر پلەو پۆستێكدا بن".

راستە هەڕەشەو چاوسوركردنەوە لەكوردستان تازە نییە، بەڵام كاتێك بابەتەكە هاتە سەر پارێزەران رەنگە زەحمەتر بێت، چونكە خەڵك چاویان لەسەر ئەوەیە لەكاتی‌ هەڕەشە لێكردنیان دادگاو پارێزەران بەهانایانەوە بێت، بەڵام ئەی‌ ئەگەر هەڕەشە كەوتە سەر خودی‌ پارێزەران چی‌؟