شیكردنەوەی سیاسی.. ئایا توركیا عەفرین داگیردەكات؟

مەلەفی تایبەت

15/01/2018‌ 1504 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هیوا خۆشناو
ڕۆژی١٣ی جانواری ٢٠١٨ لە كۆبونەوەیەكیدا سەرۆك كۆماری توركیا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لە شاری ئەڵازغ هەڕەشەی وێرانكردنی عەفرینی كرد وهەروەها باسی لە بەڵێنەكانی ئەمریكا كرد لە ڕابوردو بۆ ڕادەستكردنەوەی شاری مەنبەج و بەزمانێكی هەرەشەئامێزانە گوتی: (حەوتویەك ناخایەنێ، دەزانین چیتان بەسەردێنین)!!

مرۆڤ دەبێ بە مێشكێكی فێنك و ئارام سەرجەم زانیاری و پێشوەچونەكان كۆبكاتەوە و وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە. جگە لە هەڕەشەی توركیا لەسەر عەفرین، پێشكەوتنی دیكە لە ئارادان وەك ئەوەی ئێستا لە ئیدلیب دەیانبینین، ناتوانین فەرامۆشیان بكەین.

تا عەفرین لە ژێر دەستی ی پ گ دابێ، بۆ ئەردۆغان كابوسە، چونكە تایبەتمەندی عەفرین، جگە لەوەی نزیكترین شاری كوردانە لە نزیك دەریای سپی ناوەڕاست، هاوكات هەرسێ كانتۆنەكان بەیەكەوە دەبەستێتەوە و ڕۆژئاوا دەكاتە دراوسێیەكی هەمیشەیی سەرجەم شارەكانی باكوری كوردستان. بۆ ئەوەی ئەردۆغان ئەو كابوسە لە كۆڵ خۆی بكاتەوە، لە پێشوودا ئامادە بوە خۆی مەحكومی سەرجەم یارییەكانی ڕوسیا بكات، لە هەموشیان گرینگتر، ناچاركردنی جیهادیەكان بو بۆ چۆڵكردنی شاری حەلەب. لە ئەنجامی ئەو یارییەدا ڕوسیا گڵۆپی سەوزی بۆ توركیا هەڵكرد تاكو، شاری جەرابلوس و الباب داگیربكات و بەو شێوەیە عەفرین دوای داعش هەر بە ئابڵۆقەداری مایەوە. ئەو پیلانەی توركیا بە نیمچە سەركەوتویی مایەوە و توركیا هەوڵی دا لە ڕێگای تەل ڕەفعەت و مەناغ تەواوی ڕێگاكانی عەفرین، بخاتە ژێر دەستی خۆی.

ئەوەی لە ئەنجامدا دەركەوت، دیمەشق و مۆسكۆ ئەو داخوازییەی توركیایان قەبوڵ نەكرد و سوپای سوریا لەچەند ڕۆژێ ڕابوردودا لە پڕ هێرشی كردە سەر ناوچەكانی ئیدلیب توانی ناوچەیەك لە نێوان هێزەكانی سەربە توركیا "قەڵغانی فورات" و " ی پ گ-عەفرین" دا لە ڕۆژئاوای شاری عەفرین سازبكات. بەوشێوەیە سوریا و ڕوسیا، لەو ناوچەیەدا هێزەكانی سەربە توركیایان لە عەفرین دابڕی، ئەوەش ئەنكەرەی تەواو شێواند.

ڕییكەوتن/ڕێكنەكەوتنی ئەستانەو گرێكوێرەی ال قاعیدە لە ئیدلیب

دوای ئەوەی ساڵی پار توركیا توانی ماوەیەكی درێژ لەگەڵ ئێران و مۆسكۆ لە شاری ئەستانەی كازاكیستان كۆببێتەوەو كۆمەڵێك ڕێككەوت ئیمزا بكەن، بزە و خەندە هاتنە سەر لێوەكانی ئەردۆغان. لە ڕاستیدا مۆسكۆ ئەنكەرەی ڕاسپارد تاكو گروپەكانی ئیدلیب كە لەسەر خەتی ال قاعیدە دا دەڕۆن و گرینگرینیان " هیئە تحریر الشام " ە بەتەواوی لە قازانجی مۆسكۆ بێ پەڕوباڵ بكات. كۆبونەوەكانی ئەستانە لە مانگی سێپتامبەری ٢٠١٧ دا دەستیان پێكرد، بەڵام لە كۆتایی ٢٠١٧ دا، ساردوسوڕیەك بە ئەستانەوە دیار بو و خەندەی سەر لێوەكانی سوڵتان كەمتر ئەگەشانەوە. ئەوكاتە زانرا كە ڕوسیا ڕێگا بە توركیا نادات بچێتە ناو عەفرین. ڕوسەكان زۆر جاریش بەشێوەیەك لە شێوەكان نەیاندەشاردەوە كە ئەوان بەتەنیا ڕێگا دەدەن توركیا لە ئیدلیب ڕۆڵی ناوبژیوانی بگێڕێ بۆ سازكردنی ناوچەیەكی ئارام و بۆ ئەو مەبەستە دەتوانێ بەتەنیا چاودێری سەربازی ڕەوانەی هەرێمی ئیدلیب بكات نەك هێزێكی حەشمەت لەوێ كۆبكاتەوە.

دوای ئەو بینیمان لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی پاردا توركیا هێزێكی زۆری بردە ناو خاكی سوریا، مۆسكۆ هەستی كرد كە توركیا لە جیاتی چاودێری گروپە توندڕەوەكان، ئامادەكاری دەكات بۆ ئابڵۆقەدانی یەكجارەكی عەفرین. 

لە ١٠ی مانگی جانواری ئەم ساڵدا ٢٠١٨ سوپای سوریا كە لە شەڕەكانی دێرەزوور و حەما سەركەوتنی بەدەستهێنابو، بە خێراییەكی سەرسوڕهێنەرەوە، هێرشی كردە سەر ئیدلیب و فڕۆكەخانەی سەربازی زوهووری لە توندڕەوەكان سەندەوە. 

بە تێڕوانینی خۆم ئەوە ئەنجامی كۆتاییەكەی ئەستانەیە كە بڕیاربو لە شاری سۆچی هەرسێ لایەن "ئەنكەرە، مۆسكۆ و تەهران" بەرهەمەكەی بخۆن. ئێران و توركیا بۆ جاری دووەم پەسەندیان نەبو "پ ی د" بە فەرمی بانگی كۆبونەوەی سۆچی بكرێ. ئەمریكاش سورە لەسەر ڕێككەوتنی جنێف لە جیاتی سۆچی. وادیارە ڕوسیا ئەزانێ كە توركیا لەلایەك لە جیاتی بێدەنگكردنی جیهادیەكانی ئیدلیب، قەڵەویان دەكات. لەلایەكەی دیكەش ئەنكەرە هەوڵی داگیركردنی عەفرین دەدات و كوردانیش ئەو تاوانە دەخەنە ئەستۆی ڕوسیا. لە هەمان كاتدا ئەنكەرە بە هەڵوێستەكانی وەك ئەوەی "ڕێگا نادەم پەیەدە بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی ئاشتی بكات"، پیالانەكانی ڕوسیا لە سوریا دەخاتە ناو مەنجەڵێكی ئاوی ساردەوە، چونكە ڕوسیا دەزانێ بەبێ كورد ئامانجەكانی بۆ ئاشتی لە سوریا نایەنە دی. جگە لەوە ئیتر توركیا بۆ ڕوسیا گرینگی جارانی نەماوە چونكە ڕوسەكان دەزانن كۆنفرانسی سۆچی دەتوانێ، دەنگی چەكەكان كەمتر بكاتەوە، بەڵام ناتوانێ ئەنجامێكی گشتی لەگەڵ خۆیدا بێنێ، ئەگەر هێزە كوردیەكان و خۆرئاوا پشتگیری لێ نەكەن.

جیێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریاك دیفید ساترفیلد لە ١١ی جانواری ئەمساڵدا گوتی: "لە سوریا ناچنە دەرەوە و ئەمریكا سورە لەسەر ڕێككەوتنی جنێف لەژێر سەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتوەكان، هاوكات حیزب اللەی لوبنانی بە ئامانج نیشاندا". ئەگەرچی ئەو لێدوانەی ئەمریكا ڕوونە، بەڵام لە هەمان كاتدا دەنگۆی دیداری نهێنی چڕوپڕ لەنێوان ئەمریكا و سوپای ئازادی سوریا كە دوژمنی هێزەكانی دیموكراتی سوریان، لە ئارادایە. ئەو زانیاریانە تا چەند ڕاستن نازانین، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەگەری شەڕێكی ئەمریكا و ئیسرائیل و سعودیە لە گەڵ لایەنەكانی سەربە ئێران لە سوریا لە ئارادایە، ئەكرێ ڕاستی خۆیان هەبێ. 

لە ڕۆژی ٩ئ جانواری ٢٠١٨ وەزارەتی دەرەوەی توركیا بانگی هەریەكە لە باڵیۆزەكانی ڕوسیا (ألیكسی إرخوف) و باڵیۆزی ئێران لە ئەنكەرە (محمد إبراهیم گاهریان فارد) كرد و پێیان ڕاگەیاندن كە ڕێككەوتنی ئەستانە لەلای ڕوسەكان، سوریا و ئێران جێبەجێ ناكرێ!!. لە ڕاستیدا وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕاست دەكات، هیچ شتێك بەناوی كۆبونەوەی ئەستانە لە ئارادا نەماوە. ئێستا سوپای سوریا بە یارمەتی ڕوسیا لەگەڵ سەرجەم هێزەكانی سەربە ئەل قاعیدە و سوپای دووەمی هێزەكانی ئازادی سوریا كە توركیا پشتگیریان دەكات، لە شەڕدایە.

-١٣ی جانواری لە كۆبونەوەیەكی ئەردۆغان لە شاری ئەڵازغ هەڕەشەی وێرانكردنی عەفرین كرا و هەروەها باسی لە بەڵێنەكانی ئەمریكاش كرد بۆ ڕادەستكردنەوەی شاری مەنبەج و بەزمانێكی هەرەشەئامێزانە گوتی: حەوتویەك ناخایەنێ، دەزانین چی دەكەین.!!

ئایا توركیا هەنگای كرداری دەنێ بۆ داگیركردنی ناوەندی شاری عەفرین؟

تا ئێستا نە لەلایەن ئەمریكا و نە لەلایەن ڕوسیاوە هیچ گڵۆپێكی سەوز بۆ هێرشی توركیا بۆسەر عەفرین نابینین. تەنانەت بۆ ڕوسیا عەفرین زۆر گرینگترە لە ئەمریكا، ئەگەر هاتو كوردەكان عەفرین لەدەست بدەن: شتێك نامێنێ، كوردەكان و ڕوسیا لە دەوری یەك كۆبكاتەوە و تەواوی كورد لە سوریا دەكەوێتە ژێر هەژموونی ئەمریكا. كەواتە ئایا توركیا سەری خۆی خواردوە یان سەری خۆی ئەخوات ئەگەر بەرەیەك لە عەفرین لەدژ خۆی بكاتەوە؟ ئایا ئەوكاتە شارەكانی دیكەی وەك جەرابلوس و ئیدلیب نابنە ئامانجی هێزەكانی دیموكراتی سوریا كە ئەمریكا ڕاستەوخۆ لە پشتیانە؟ ئایا ئەوكاتە توركیا جگە لە ئەمریكا و ئەوروپا، ڕوسیاش ناكاتە دوژمنی خۆی؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە لە چەند ڕۆژی ئاییندەدا وەردەگرینەوە.