باس لە 400 هەزار ناوی گوماناوی دەكرێت
تۆماری‌ دەنگدەران گەورەترین ئاستەنگی‌ بەردەم هەڵبژاردنەكانی‌ كوردستانە

کوردستان

19/01/2018‌ 4238 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
راپۆرتی: هونەر حەمەرەشید
بەر لەوەی‌ بەتەواوی‌ وادەی‌ هەڵبژاردنەكان نزیكببنەوە باس‌و خواسی‌ گەرموگوڕ لەكوردستاندا لیستی‌ ناخاوێنی‌ تۆماری‌ دەنگدەرانە، كە گەورەترین ئاستەنگی‌ بەردەم هەڵبژاردنەكانی‌ داهاتوو دەبێت.

ساڵێكی‌ چارەنووسسازو پڕ لەهەڵبژاردن چاوەڕێی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و عێراق دەكات، لەئێستاوە هەموو هێزەكان كەوتوونەتە خۆ، بەشێك لەو هێزانەش "پاككردنەوەی‌ لیستی‌ دەنگدەران"یان كردووەتە بانگەشەی‌ پێشوەختەی‌ خۆیان.

زۆربەی‌ لایەنەكان لەهەرێمی‌ كوردستان داندەنێن بەوەدا، كە تۆماری‌ دەنگدەرانی‌ خاوێن نییە، بەڵام بەشێكیان لەوە زیاتر دەڕۆن‌و دەڵێن بەسەدان هەزار ناوی‌ زیادەی‌ تێدایەو بۆ ساختەكاری‌ بەكاردێن.

وەك ئەوەی‌ بڕیاری‌ لێدراوە 12ی‌ ئایاری‌ ئەمساڵ وادەی‌ بەڕێوەچوونی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ پەرلەمان‌و ئەنجوومەنی‌ پارێزگاكان دەبێت، هەر لەمساڵیشدا هەڵبژاردنەكانی‌ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەڕێوەدەچن، هەرچەندە ئەمەیان هێشتا وادەكەی‌ دیارینەكراوە.

لیستێكی‌ گوماناوی‌
لەهەرێمی‌ كوردستان لیستێكی‌ تۆماری‌ دەنگدەران هەیە، كە لەسەر بنەمای‌ كۆبۆنی‌ خۆراك دروستكراوە (ئەو كۆبۆنەی‌ ساڵی‌ 1996 بۆ پێدانی‌ بەشە خۆراكی‌ مانگانە ئامادەكراوە) بەشێكی‌ زۆر لەلایەنەكان گومانیان لەناوەكانی‌ لیستەكە هەیەو دەڵێن: لەرێگەی‌ ئەو تۆمارەوە ساختەكاری‌ لەهەڵبژاردنەكان دەكرێت.

لایانە ئۆپۆزسیۆنەكان لەكوردستان دەڵێن نزیكەی‌ (400) هەزار ناوی‌ گوماناوی‌ لەلیستەكەدا هەیە، بەڵام هەندێ سەرچاوەی‌ دیكە بۆ زۆر زیاتر لەوە دەچن.

پەیمانگای "ئەنیستۆی پەی" بۆ چاودێری‌ پەرلەمان‌و پەروەردەی‌ پەرلەمانتاری‌ كە پەیمانگایەكی‌ ناحكومیە، ئاشكرایكردووە بەپێی ئەو بەدواداچوونەی بۆ تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان كردوویانە زیاتر لە 900 هەزار ناوی "ساختە" هەیە، ئەمەش بەشی زیاتر لە 40 كورسی دەكات هەیە.

سەروەر عەبدولرەحمان، كە پەرلەمانتارێكی‌ پێشووی‌ یەكێنی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانەو سەرۆكی‌ رێكخراوەكەیە، سەرەتای‌ ئەمساڵ رایگەیاند "ناوی‌ دووبارەو گوماناوی‌و ساختەو وەهمی‌و مردوو، چەندەها ناوی كوردانی‌ پارچەكانی ترو ناوی ناوچە جێناكۆكەكانی دەرەوەی هەرێم لەناو ئەو لیستەدا هەن".

ژووری‌ هەڵبژاردنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان دەڵێت لەساڵی‌ 2001 بۆ 2017 بەپێی‌ داتاكانی‌ وەزارەتی‌ تەندروستی‌ حكومەتی‌ هەرێم نزیكەی‌  220 هەزار كەس لەهەرێمی‌ كوردستان مردوون، بەڵام كۆمیسیۆن تەنیا ناوی‌ 440 مردووی‌ سڕیوەتەوە.

ئەمە جگە لەوەی‌ ناوی‌ هێزە ئەمنییەكان زیاتر لەدوو سەد هەزار ناوەو زۆربەیان هەم لەدەنگدانی‌ تایبەتدا بەشدارن‌و هەم لەدەنگدانی‌ گشتیدا ناویان نەسڕاوەتەوەو دەتوانن دووبارە دەنگ بدەن.

ئامارێكی‌ ناوەندی‌ هەڵبژاردنی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ باس لەوە دەكات ناوی‌ دووبارە لەنێوان پارێزگاكانی‌ (سلێمانی‌ - كەركوك)، (سلێمانی‌ - دیالە)، (هەولێر - كەركوك)، (هەولێر - موسڵ)،  (دهۆك - موسڵ) هەیە، بەشێوەیەك لەنێوان 100 بۆ 150 هەزار ناو لەدوو پارێزگای‌ جیاواز هەن‌و لەهەردوولا مافی‌ دەنگدانیان هەیە، هەروەها ٩٦ هەزار ناوی لێكچوو، شەش هەزار ناوی دووبارەو نزیكەی ٤٢ هەزار ناوی سەروو ٩٠ ساڵ هەن.

نەك هەر لەناوخۆی‌ عێراق، بەڵكو هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان دەڵێن لەوڵاتانی‌ توركیاو ئێران‌و سوریاوە خەڵكی‌ مافی‌ دەنگدانیان هەیە لەهەڵبژاردنەكانی‌ كوردستاندا، ئەمەش بەشێوەیەك كراوە كە هاوڵاتیانی‌ كوردی‌ ئەو وڵاتانە لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە رەگەزنامەی‌ عێراقیان پێدراوە بۆ ئەوەی‌ بتوانن بەشداری‌ دەنگدان بكەن.

ساڵح ئیبراهیم پوور، كەسێكی‌ كوردی‌ دانیشتووی‌ ئێرانە لەشاری‌ سەردەشت كە لەسەر سنووری‌ ئێران‌و عێراقە، لەساڵی‌ 2009 ناسنامەو رەگەزنامەی‌ عێراقی‌ بۆ خۆی‌‌و خانەوادەكەی‌ دەرهێنراوە.

ساڵح ئیبراهیم پوور، كە لەسەر داوای‌ خۆی‌ ناوی‌ خوازراوی‌ بۆ نووسراوە، بۆ "نیقاش" وتی‌ "لەسەردەشت دەژین‌و لەسەر شاری‌ قەڵادزێ‌ رەگەزنامەو ناسنامەو كۆبوونی‌ خۆراكمان بۆ دەرهاتووە‌و بەهۆیەوە دەتوانین لەكوردستان دەنگبدەین بۆ ئەو لایەنەی‌ كارئاسانی‌ بۆ كردین لەدەرهێنانی‌ ناسنامەكان".

وانەبێت تەنیا لایەنەكان، بەڵكو كۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردنیش دەزانێ‌ كەموكوڕی‌ لەو لیستەدا هەیە، شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی لەهەرێمی كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "ئێمەش گومانمان لەژمارەكان هەیەو كار لەسەر چاكردن‌و پاككردنەوەی‌ لیستی‌ تۆماری‌ دەنگدەران دەكەین".

گەر بەگوێرەی‌ ئەو ژمارانە بێت، كە هەم لایەنەكان‌و هەم كۆمسیۆنیش دانی‌ پیادا دەنێن، ئەوا مەزەندەی‌ (400) هەزار ناوی‌ گوماناوی‌ ئەكرێت، ئەگەر بەڕٍاستی‌ ئەم ژمارانە لەهەڵبژاردنەكاندا بەكاربێن ئەوا بەشی‌ زیاتر لە 15 كورسی‌ پەرلەمانی‌ دەكات.

زمناكۆ جەلال رێكخەری‌ ژووری‌ هەڵبژاردنی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان، كە بزووتنەوەكەی‌ یەكێكە لەو لایەنانەی‌ داوای‌ پاكردنەوەی‌ لیستی‌ تۆماری‌ دەنگدەران دەكات پێداگری‌ دەكات لەبوونی‌ ئەو ژمارە زۆرە گوماناویانە‌و بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەو داتاو زانیارییانە ئەنجامی‌ هەڵبژاردن دەگۆڕێت، دەبێت كۆمیسیۆن هەموو هەوڵەكانی‌ لەو بارەوە بخاتە گەڕ، بۆ ئەوەی‌ هەموو لایەنەكان بەپێی‌ ژمارەی‌ دەنگدەرانی‌ خۆیان دەنگ  بهێنن، نەك لەرێگەی‌ ساختەكارییەوە، وەك لەهەڵبژاردنەكانی‌ رابردوو كراوە".

لەگەڵ ئەوەی‌ كۆمسیۆن دان بەبوونی‌ كەموكوڕییدا دەنێت، بەڵام پێی‌ وایە ئەو بابەتە زیاد لەقەبارەی‌ خۆی‌ دراوەتێ‌.

كاروان جەلال بەڕێوەبەری گشتی داتاكان لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم، لەبارەی ئەو گومانانەی‌ لەلیستی‌ تۆماری‌ دەنگدەران هەیە، بۆ "نیقاش" وتی‌ "لەلیستی‌ تۆماری‌ دەنگدەرانی‌ هەرێم كۆمەڵێك ناو هەیە گومانیان لەسەرە".

وتیشی‌ "پرسی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران زیاد لەپێویست گەورە كراوە، چونكە پاككردنەوەی تۆمارەكە كاتێكی زۆری نەماوە بۆ تەواوبوون".

بەڵام لایەنەكان دڵیان بەم قسەیە ئاو ناخواتەوەو پێیان وایە وەك چۆن لەهەڵبژاردنەكانی‌ پێشوودا "ساختەكاری‌" كراون، ئەمجارەش ئەو ناوە گوماناویانە لەبەرژەوەندی‌ هێزە دەسەڵاتدارەكان بەكاردەهێنرێن.

هاوژین عومەر بەرپرسی‌ ناوەندی‌ هەڵبژاردنی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ لەو بارەوە بۆ "نیقاش" وتی‌ "بەرپرسانی‌ كۆمیسیۆن چەند ساڵێكە بەڵێنی‌ ئەوە دەدەن، كە پاكسازی‌ لەلیستی‌ تۆماری‌ دەنگدەران دەكەن، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی‌ كردەكییان لەو بارەوە نەناوە".

هاوژین بەدووریشی‌ زانی بەو ماوە كەمەی‌ لەبەردەست كۆمیسیۆن هەیە، چاكسازی‌ لەلیستی‌ تۆماری‌ دەنگدەران بكات‌و وتیشی‌ "هەوڵی‌ ئەم دوایانەشی‌ هەمان هەوڵ دەبێت كە لەپێشوو دراون‌و هیچ ئەنجامێكی‌ نەبووە".

ئەو لایەنە دەسەڵاتدارەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان)ی‌ تۆمەتباركرد بەوەی‌ دەستوەردان لەكاروبارەكانی‌ كۆمیسیۆن دەكەن‌و "رێگەنادەن پاكسازی‌ لەو لیستەدا بكەن".

ئەمەش ئەو بۆچوونەیە، كە بەتەواوی‌ لەلایەن ئەو دوو لایەنەوە رەت دەكرێتەوەو ئەوان دەڵێن ئەگەر سەدان هەزار ناوی‌ گوماناویش هەبن، خۆ هەموویان لایەنگری‌ پارتی‌‌و یەكێتی‌ نین‌و گەر ساختەكاری‌ بكرێت بۆ هەموو هێزەكان دەكرێت.

خەسرەو گۆران بەرپرسی‌ دەزگای‌ هەڵبژاردنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رەتیكردەوە ئەوان دەستوەردان بكەن لەكاروباری‌ كۆمیسیۆن‌و بە"نیقاش"ی‌ وت "ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین هەرچی‌ زووە كار بۆ ئەوە بكرێت لیستی‌ تۆماری‌ دەنگدەران پاكبكرێتەوە كە بەشێكی‌ زۆر لەلایەنەكان گۆمانیان لەسەری‌ هەیەو دەیانەوێت پاكبكرێتەوە".

ناكۆكی‌ لەگەڵ كۆمسیۆن
جگە لەوەی‌ لەعێراق كۆمسیۆنێكی‌ باڵای‌ سەربەخۆیی‌ هەڵبژاردن هەیە، هەرێمی‌ كوردستانیش ئێستا كۆمسیۆنێكی‌ تایبەت بەخۆی‌ هەیە، هەموو ئەو لایەنانەی‌ لەتۆماری‌ دەنگدەران ناڕازین، ئەوەش ناشارنەوە، كە پێیان وایە كۆمسیۆنەكەی‌ كوردستان لەبەرژەوەندی‌ پارتی‌‌و یەكێتی‌ كاردەكات، بۆیە وەك هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی‌ باڵادەستی‌ ئەو دوو حیزبە دەیانەوێت لەرێی‌ بەغداوە كۆمسیۆنەكەی‌ كوردستان هەڵبوەشێننەوە.

ئێستا لەكوردستان هەوڵێكی‌ جدی‌ هەیە بۆ ئەوەی‌ لەدەوروبەری‌ مانگی‌ ئازار هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەڵام بزوتنەوەی‌ گۆڕان‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌‌و "هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپەروەری‌" -ئەو هێزەی‌ بەرهەم ساڵح سەركردەی‌ پێشووی‌ یەكێتی‌ دروستی‌ كردووە- لەگەڵ ئەو وادەیەدا نین بۆ هەڵبژاردن‌و پێیان وایە بەبوونی‌ ئەم كۆمسیۆنەوە تەنیا لەقازانجی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان دەبێت.

بەپێی‌ زانیارییەكانی‌ "نیقاش"، كە لەچەند بەرپرسێكی‌ ئەو سێ لایەنەوە دەستی‌ كەوتووە، ئێستا ئەو سێ‌ هێزە دەیانەوێت باڵادەستی‌ بەغدا بقۆزنەوە بۆ ئەوەی‌ بڕیار لەهەڵوەشاندنەوەی‌ كۆمسیۆنەكانی‌ كوردستان بدرێت، كە پەرلەمان لەساڵی‌ 2015 بڕیاری‌ دروستكردنی‌ داوە بەو بیانووەی‌ "كەوتووەتە ژێر هەژموونی‌ لایەنە دەسەڵاتدارەكانی‌ هەرێم".

گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی‌ رۆژی‌ 4 ئەم مانگە شاندێكیان ناردە بەغدا، ئەوەش بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەت‌و لایەنە عێراقییەكان، بەپێی‌ قسەی‌ سەرۆكی‌ شاندەكە تەوەرێكی‌ گفتوگۆكەیان قسەكردن بووە لەسەر هەڵبژاردنەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و گومانەكانی‌ سەر لیستی‌ تۆماری‌ دەنگدەران.

شۆڕش حاجی‌ ئەندامی‌ خانەی‌ راپەڕاندنی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان كە سەرۆكی‌ شاندی‌ سێ‌ لایەنەكەش بوو بۆ بەغدا، زانیارییەكانی‌ "نیقاش"ی‌ پشتراستكردەوەو وتی‌ "ئێمە وەك گۆڕان‌و تەنانەت چەند لایەنێكی‌ تریش گومانی‌ سەدا سەدمان لەسەر كارەكانی‌ كۆمیسیۆنی‌ هەرێم هەیە، بۆیە نامانەوێت ئەو كۆمیسیۆنە سەرۆكاری‌ هەڵبژاردنەكان بكات".

شۆڕش حاجی‌ وتیشی‌ "لەسەردانەكەمان بۆ بەغدا داوامان لەسەرۆكی‌ حكومەت (حەیدەر عەبادی‌) كردووە، كە كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنی‌ عێراق راسپێرێت بۆ كاركردن‌و بەرێوەبردنی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان، ئەوەش لەجیاتی‌ كۆمسیۆنەكەی‌ هەرێم".

ئەم داواكارییەی‌ لایەنەكان لەكاتێكدایە، كە لایەنی‌ عێراقی‌ لەكارەكانی‌ كۆمیسیۆنی‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردن‌و راپرسی‌ هەرێمی‌ كوردستان رازی‌ نییە، تەنانەت فەرمانی‌ دەستگیركردنی‌ بۆ ئەندامانی‌ ئەنجوومەنی‌ بەرێوەبەری‌ كۆمسیۆنەكە دەركردووە، ئەوەش بەهۆی‌ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆمی‌ سەربەخۆیی لە 25ی‌ ئەیلوولی‌ رابردوو لەلایەن كۆمیسیۆنەكە.

هەندرێن محەمەد سەرۆكی‌ كۆمیسیۆنی‌ هەڵبژاردن‌و راپرسی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەبایەخی‌ هەوڵەكانی‌ لایەنەكان‌و تەنانەت حكومەتی‌ عێراقیشی‌ كەمكردەوەو رایگەیاند "كۆمسیۆن لەلایەن پەرلەمانی‌ كوردستانەوە دیاریكراوەو ئەندامەكانی‌ متمانەیان وەرگرتووە، هەر ئەو پەرلەمانەش دەتوانێت بڕیار لەچارەنووسیان بدات".

هەندرێن بۆ "نیقاش" وتی‌ "كۆمیسیۆنی‌ هەرێم لەكارەكانی‌ بەردەوامدەبێت"، دڵنیاییشیدا بەوەی‌ سەرەڕای‌ فشارەكانی‌ ناوخۆو حكومەتی‌ عێراقیش كار بۆ ئەوە دەكەن هەڵبژاردنەكانی‌ هەرێم بەرێوەبەرن.