لێكدانەوەی هەڵە‌و بێئەنجام
هاوپەیمانییەكەی عەبادی پێش لەدایكبوونی لەناودەچێت

عیراق

19/01/2018‌ 1400 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بەشێوەیەكی‌ چاوەڕواننەكراو بەرژەوەندی‌ هەڵبژاردن عەبادی‌ لەگەڵ ئەو هێزانە كۆكردەوە، كە مەزەندە دەكرێت ساڵانی‌ داهاتوو خولقێنەری‌ زۆرترین كێشە بن، بەڵام بۆ شانسی‌ عێراقییەكان ئەوە.

لەكاتێكدا عێراقییەكان هیواخوازی سەردەمێكی سیاسی نوێن بگونجێت لەگەڵ نیشانەكانی ئەو یەكێتییە نیشتمانییەی لەدوای سەركەوتن بەسەر داعشدا سەریهەڵداوە، ئەنجامی هاوپەیمانییە سیاسییەكانی هەڵبژاردن هەموو ئەوانەی پەكخست، چونكە هاوپەیمانی نێوان عەبادی‌و گرووپە شیعەكان هەمووانی تووشی شۆك كرد، بەڵام هەرچۆنێك بێت سەركەوتوو نەبوو.

نەخشەی هاوپەیمانی حزبە عێراقییەكان هەمووانی تووشی شۆك كرد‌و پێچەوانەی پێشبینیكراو بوو، ئەو وتەیەشی دووپات كردەوە كە دەڵێت دوژمنی هەتا سەر‌و دۆستی هەتا سەر نییە مادام ئامانجەكە بریتیە لە بەدەستهێنانی دەسەڵات لە یەكێك لە گرنگرتین پرۆسەكانی هەڵبژاردن لەدوای ساڵی 2003وە، چونكە هاوپەیمانی سەرنەكەوتووی نێوان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لەگەڵ گرووپە شیعەكانی نزیك لە ئێران دیارترین رووداو بوو لە عێراق لەدوای راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعشدا.

هەفتەی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران پێكهێنانی هاوپەیمانی "نەسر"ی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا راگەیاند‌و دەستبەجێش هاوپەیمانی "فەتح" كە ئەو گرووپە شیعانە لەخۆدەگرێت لەدژی رێكخراوی داعش جەنگاون‌و  هادی عامری سەركردایەتی دەكات، چووە پاڵی، سەیر لەوەشدا ئەوەیە هەردوولا تا پێش چەند رۆژێكیش دوژمنی یەك بوون‌و یەكتریان تۆمەتبار دەكرد، لەكاتێكدا موقتەدا سەدری سەركردەی شیعە دیارترین رەخنەگرانی ئەو هاوپەیمانییە بو‌و بە "تایفی" ناوی برد.

بەڵام هەر زوو هاوپەیمانییەكەی عەبادی هەڵوەشایەوە‌و گرووپە شیعەكان تەنیا یەك رۆژ دوای راگەیاندنی‌و لەرووداوێكی دراماتیكیدا كە بووە مایەی لەدەستدانی جەماوەرێكی زۆری سەرۆك وەزیران، كشانەوەیان لێی راگەیاند، هەروەك چەند دەنگێكی نهێنیش لە نەجەفەوە كە شوێنی نیشتەجێی عەلی سیستانی مەرجی شیعەیە، بەرزبوونەوە‌و نیگەرانییان لەبەرامبەر ئەو جووڵەیەی عەبادی لەخۆگرتبوو.

تا هەفتەیەك لەمەوبەریش نەخشەی هاوپەیمانییەكان ئاماژەی بۆ نزیكبوونەوەی عەبادی لەگەڵ سەدر دەكرد لەدژی نزیكبوونەوەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو لەگەڵ گرووپە شیعەكان، بەڵام چەند دانوستانێكی ناڕوون كە نزیكترین شرۆڤەكارەكان پێشبینییان نەدەكرد، عەبادی‌و سەدریان كردە دوژمن‌و گرووپە شیعەكان‌و عەبادیشیان كردە دۆستی یەكتر، لە كاتێكدا مالیكی بە تەنیا بێ هاوپەیمان مایەوە، لە هەموو ئەو رووداوانەشدا جێدەستی ئێران ون نەبوو.

بەقسەی چاودێران‌و شرۆڤەكاران ناكرێت ئەم وەرچەرخانە دراماتیكیانە لە شەو‌و رۆژێكدا رووبدەن، بەبێ ئەوەی ئێران دەستی تێیاندا نەبێت، زانیارییە دزەپێكراوەكانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە قاسم سولەیمانی فەرماندە لەسوپای پاسدارانی ئێران‌و بەرپرسی دۆسێی عێراق لەپشت ئەو سەودانامەوەیە‌و ئاشتبوونەوەیەكی لەنێوان عەبادی‌و گرووپە شیعەكان رێكخستووە بۆ زامنكردنی یەكڕیزی شیعە، چونكە ئامانجی ئێران ئەوەیە پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستی شیعەوە بمێنێتەوە ئیتر نەخشەی هاوپەیمانییەكان هەرچۆنێك بێت.

بەڵام با وەك ئەوەی عەبادی ئارەزووی دەكرد هەڵینەكرد، چونكە ئەو پیاوەی وەك سەركردەیەكی نیشتمانی لێی دەڕوانرێت كە توانیویەتی شیعە‌و سوننە بۆ دژایەتیكردنی توندڕەوان یەكبخات، لەنێو عێراقییەكاندا رووبەڕووی شەپۆلێكی گەورەی رەخنە بووەوە رەقترینیان هەڵوێستی موقتەدا سەدر بوو كە لە راگەیەندراوێكدا هاوپەیمانی نێوان عەبادی‌و گرووپە شیعەكانی بە "تایفی" وەسف كرد‌و دووپاتیشی كردەوە پشتیوانی ئەو جۆرە هاوپەیمانییە ناكات.

لە واقیعدا سێ هۆكار لەپشت هەرەسهێنانی هاوپەیمانی عەبادی‌و گرووپە شیعەكانەوە بوو بەو خێراییە، شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەری، نەبوونی پێكەوەگونجان لە نێوان حزبەكانی هاوپەیمانییەكەی عەبادی‌و نەبوونی یاسایەكی هەڵبژاردن كە شێوازی دابەشكردنی كورسییەكان دیاری بكات.

ناڕەزایی جەماوەری
هاوپەیمانی عەبادی‌و گرووپە شیعەكان تەنیا هێزە سیاسییەكانی تووشی شۆك نەكرد، بگرە هاووڵاتیانیشی تووشی شۆك كرد، چونكە وا لەعەبادییان دەڕوانی پیاوی قۆناغەكەیە‌و توانیویەتی شكست بە داعش بهێنێت‌و شارە سوننەنشینەكان ئازاد بكات‌و سەركەوتوو بووە لە سیاسەتی بێ لایەنی لە نێوان هەردوو لایەنی ململانێی ئێران‌و ویلایەتەیەكگرتووەكان‌و توانیویشیەتی پەیوەندییە دیپلۆماسیەكان لەگەڵ دەوڵەتانی كەنداو بگێڕێتەوە.

بەسەدان پۆست لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەروونی سەرسوڕمانی خۆیان لە هاوپەیمانی نێوان هەردوولا دەربڕی، پۆستەكان چەند گرتەیەكیان لە قسەی عەبادی لەخۆگرتبوو كە چەندینجار رەخنە لەو گرووپە چەكدارانە دەگرێت كە لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت كار دەكەن، یان قسەكانی لەبارەی پێویستی هێشتنەوەی چەك تەنیا لەدەستی دەوڵەت‌و وازهێنان لە پشككاری تایفی، كە ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ گەشەسەندنی هۆشیاری جەماوەری.

ئازادكردنی موسڵ یەكێك بوو لە ساتە مێژووییەكانی وڵات‌و دیمەنی عەبادی لە ناوەڕاستی جەنەڕاڵەكانی سوپادا لەناوجەرگەی موسڵ كاتێك ئازادكردنی شارەكەی لە دەستی توندڕەوان راگەیاند، سۆزی دانیشتووانی شارەكەی جوڵاند، پێش ئەوەش ئەو پیاوە دیمەنێكی دیكەی هەبوو لە شاری فەلوجە كە توانی جەماوەرێكی زۆر لەناوەندەكانی سوننەدا بەدەستبهێنێت كە هیچ سەرۆك وەزیرانێك بەدرێژایی دەیەی رابردوو بەدەستی نەهێناوە.

بەڵام دانیشتووانی پارێزگا سوننەنشینەكان تائێستاش بەترس‌و نیگەرانیەوە لەو گرووپە شیعانە دەڕوانن كە بەشدار شەڕەكانی ئازادكردنەوەیان كردووە، چونكە هێشتا ئاگركەوتنەوەكانی دوای ئازادكردنی تكریت‌و دیارنەمانی سەدان كەس لە دانیشتووانی ئەنبار لە مێشكیاندا ماون، بۆیە هاوپەیمانی عەبادی لەگەڵ گرووپە شیعەكاندا تووشی شۆكی كردن، لەبەر ئەوە عەبادی لە ماوەی دوو رۆژدا بەشێك لەو ئاستە جەماوەرییەی لەدەستدا كە بەدرێژایی سێ ساڵ لەكاری سەخت هەوڵی بنیاتنانیدا.

رەقترین وەڵام بۆ عەبادی لەلایەن موقتەدا سەدر پیاوی ئاینیەوە هات كە دیارترین پشتیوانی بوو لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا لەبەرامبەر بەرهەڵستكارانی لەحزبە شیعەكان‌و بەدیاریكراویش نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوودا، بۆیە ئەو سەدرەی مانگی رابردوو بەراشكاوی پشتیوانی بۆ عەبادی دەربڕی لە بەدەستهێنانی ویلایەتێكی دیكەدا، پاشگەزبووەوە‌و لە راگەیەندراوێكی رەسمیدا وتی: "هاوپەیمانییە نوێیەكە تایفییە‌و پشتیوانی ناكەم‌و ناچمە ناویشیەوە، تەنیا پشتیوانی ئەو هاوپەیمانیانە دەكەم كە كەسایەتی تەكنۆكرات لەخۆدەگرن".

لەنەجەفیش كە عەلی سیستانی مەرجی شیعەی تێدا نیشتەجێیە، كەسانی نزیك لە سیستانی باسیان لە نیگەرانی‌و نائومێدبوونی كرد لەهاوپەیمانییە نوێیەكەی عەبادی، دوو كەسایەتی ئایینی نزیك لە سیستانی بە "نیقاش"یان وت: "عەبادی پێگەیەكی باشی هەبوو لەلای مەرجەعیەتی ئایینی‌و بەچاوی رێزەوە لێی دەڕوانرا، بەڵام مەرجەعیەت لە جوڵەی ئەم دواییەی عەبادی تێنەگەیشتووە".

هاوپەیمانییەكی نەگونجاو
هاوپەیمانی "نەسر" كە عەبادی رایگەیاندووە 67 حزبی سیاسی لەخۆدەگرێت كە زۆرترین ژمارەیە هاوپەیمانییەكی هەڵبژاردن لەعێراق بەدرێژایی دە ساڵی رابردوو بەخۆوەی بینیبێت، چونكە خواستی زۆرێك لە حزبەكان بۆ سوودوەرگرتن لە ئاستی جەماوەری عەبادی پاڵی پێوەناون بۆئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ ببەستن بە ئومێدی بەدەستهێنانی كورسی زیاتری پەرلەمان.

بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئەم حزبانە لەگەڵ یەك نەگونجاون‌و بگرە ناكۆكی قووڵیش لەنێوانیاندا هەیە، بۆ نموونە هاوپەیمانییەكە 17 گرووپی شیعە لەخۆدەگرێت كە بە نزیكییان لە ئێران ناسراون‌و لە دیارترینیشیان "بەدر"‌و "سەرایا خۆراسانی"‌و عەسائیب ئەهلل حەق"‌و كەتائیب سەیدولشوهەدا"، لەبەرامبەریشدا هاوپەیمانییەكە چەند حزبێكی سوننە لەخۆدەگرێت لە دیارترینیان هاوپەیمانی "بەیاریقو لخەیر" لە موسڵ بەسەركردایەتی خالید عوبەیدی وەزیر پێشووی بەرگری‌و هاوپەیمانی "موعاهیدون" بەسەركردایەتی عەبدوللەتیف هومەیم سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننە‌و هاوپەیمانی "وەفا" لە ئەنبار بەسەركردایەتی قاسم فەهداوی وەزیری كارەبا.

تەنانەت ناكۆكی لەنێوان حزبە شیعەكانی نێو هاوپەیمانییەكەشدا هەیە‌و كاتێك حزبی "رەوتی حیكمەی نیشتمانی" بەسەركردایەتی عەممار حەكیم چووە پاڵ عەباد، چەند گرووپ‌و حزبێكی شیعە بەرهەڵستیان كرد لەدیارترینیشیان "ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی" كە هەست دەكات مافی خوراوە پاش ئەوەی حەكیم لە هاوینی رابردوودا لێی جیابووەوە‌و رەوتێكی سیاسی نوێی بەناوی "حیكمە" دامەزراند.

نەبوونی یاسای هەڵبژاردن
هۆكاری سێیەمیش كە رەنگە گرنگترینیشیان بێت، بریتیە لە نەبوونی یاسایەك بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان‌و پارێزگاكان، تائێستاش پەرلەمان نەیتوانیوە دەنگ لەسەر یاسا گرنگەكان بدات، چونكە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان پێویستی بە یاسایەكە بۆ هەڵبژاردنەكان بەر لە شەش مانگ لە وادەی دەنگدان بۆئەوەی رێكارەكانی رێكخستنی هەڵبژاردنەكان بگرێتەبەر، ئەمەش یەكەمجارە وادەی هەڵبژاردنەكان لە چوار مانگ نزیك دەبێتەوە بەبێ ئەوەی یاسایەكی هەبێت، هەرچەندە حكومەتی عێراق بڕیاری داوە لە 12ی مانگی ئایاری داهاتوودا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، لەبەر كەمی ماوەش ئەوا دواخستنی هەڵبژاردنەكان تائێستاش بژاردەیەكی چاوەڕوانكراوە.

بەبێ یاسایەكی روونی هەڵبژاردنیش حزبە عێراقییەكان ناتوانن بچنە دانوستانی جددی‌و واقعیەوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكانیان، چونكە یاسای هەڵبژاردنەكان شێوازی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمان‌و دابەشكردنی دەنگی دەنگدەران بەپێی ریزبەندی كاندیدەكان لە نێو هاوپەیمانییەكاندا لەخۆدەگرێت، ئەم مەسەلانەش ناوەرۆكی دانوستانەكانی هەڵبژاردنن، بەڵام نەبوونی یاساكە تائێستا حزبەكانی ناچار كردووە هاوپەیمانی بە پەلە‌و نالۆجیكی ببەستن كە زۆرێك لە حزبەكانی خستووەتە تەنگژەوە لەوانەش هاوپەیمانییەكەی عەبادی.