نێچیرڤان بارزانی‌و شاندەكەی لەبەردەم عەبادی بەزمانی جەستەیان چیان وت؟

مەلەفی تایبەت

21/01/2018‌ 1337 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
شیكاری: هاوكار ڕەفیق ڕەحمان
ئەگەر شیكارییەك بۆ ئەم وێنەیە بكەین، دەبینین زمانی جەستەی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەسەر زمانی جەستەی نێچیرفان بارزانی و شاندەكەیدا زاڵە.

(تونیا ڕیمان) لە پەرتوكەكەیدا بە ناونیشانی (the power of body language)، شیكارییەك بۆ وێنەیەك دەكات كە كتومت هاوشێوەی دانێشتنەكەی حەیدەر عەبادییە.  

هەروەك چۆن دەبینین شوێنی دانیشتنی عەبادی و لەیەكتر بڵاوكردنی قاچەكانی و شێوازی دانانی دەستەكانی، جۆرێك لە باڵادەستی و هێزی پێداوە، سەرباری ئەوەی دەركەوتەكانی سەر ڕووخساریشی دەرخەری بێتاقەتی و  توڕەییە، وەك ئەوەی ناچاركرابێت پێشوازی لەم وەفدە بكات.

لەبەرامبەردا نێچیرفان بارزانی و شاندەكەی بەسەریەكەوە دانیشتوون و شێوازی دانانی قاچ و دەستیان پێچەوانەی ئەو هەستەیە كە عەبادی لە ڕێگەی ئاماژەو بزاوتەكانی جەستەیەوە دەیگەیەنێت، عەبادی لە دۆخێكی زاڵ و ئەوانیش لە دۆخێكی لاوازدا، هاوشێوەی عەبادی ڕوخسارێكی مات و بێ زەردەخەنەیان هەیە، وەك ئەوەی بە زۆر هاتبن، ئەمەش هەستی هاوشێوەیە هەردوولا لە یەكتر بینین و گفتوگۆی یەكتردا بێتاقەتن. 

(ڕۆبەرت فیبس)   زۆرترین شیكاری زمانی جەستەی سیاسیەكانی كردوە و خاوەن پەرتووكێكە بەناوی (body language: its what you dont say that matters)، لەم پەرتووكەدا باس لە حاڵەتێێك دەكات پێی دەگوترێت (دەركەوتنی هاوشێوەیی)، لیرەدا  ئەم بابەتە بەسەر هەریەكە لە نێچیرفان بارزانی و قوباد تاڵەبانی فواد حسێندا جێبەجێ دەبێت، بە دانانی قاچ و شێوازی دەستگرتنی هاوشێوەو  تێكئاڵاندنیان، هەلگری یەك جۆر لە بیركردنەوەن، كە  نیشانەی نا ئارامی و پەشیمانی و پەشۆكاویبە سەر جەستەیانەوە پەخشكردووە .

بە تایبەت نێچیرفان بارزانی، كە بەدەستی ڕاستی سێ پەنجەی دەستی چەپی گرتووە، ئەمەش هەمان بابەتە كە ( ریتشارد ویبستر) لە پەرتوكەكەیدا (body language: quick&easy) باسی لێوە كردووە، كە پێی وایە ئەم دەركەوتەیە واتای قەلەقی و شڵەژاوی دەگەیەنێت.

بەگشتی لەم وێنەیەدا عەبادی بە زمانی جەستەی دەیەوێتبە وەفدی هەرێم  بڵێت "دۆخەكە لە لەژێر كۆنتڕۆلی مندایە و من لە ئێوە بەهێزترم"، بە پێچەوانەوە زمانی جەستەی بارزانی و شاندەكەی لە دۆخێكی نەرێنیدایە و بە زمانی جەستەیان جۆرێك لە شەرم و هەستی ئیستیفزازی و ملكەچیان پێوە دیارە، وەك ئەوەی بڵێن "ناچارین ئەگەر هەرگیز حەزمان نەدەكردن سەردانی تۆ بكەین".

پێش شیكاریكردنی ئەم وێنەیە دەبێت پەیوەندی هەریەكە لەم دوو لایەنە لەبەرچاوبگرین، كە بە درێژایی یەكساڵی ڕابردوو لە نزمترین ئاستدابووە، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و لەشكركێشی سوپای عێراق بۆ ناوچە جێناكۆكەكان، دوو سەرەكیترین ڕووداو بوو، كە پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەندی بەرەو ئاستی خراپ برد(بەجۆرێك چوار مانگە پەیوەندی دبلۆماسی و سیاسی نێوانیان پچراوە).

 لەم ململانێیەشدا بە دڵنیاییەوە عەبادی براوەیە و هەرێمی كوردستان وەك دۆڕاوێك و سەرۆكی حكومەت و شاندەكەی وەك شكستخواردوو خۆیان دەبینن و چەندین تەنازولاتیان بۆ عەبادی كردووە، تەنیا بۆ ئەوەی دەرگای دانوستانیان بەسەردا دانەخات، ئەمەش بە دڵنیاییەوە ڕۆڵی دەبێت لەوەی هەستی ناوەوەی هەریەكەیان بە شێوەیەكی ڕاستەقینە بەسەر جەستەیانەوە دەربكەوێت.


سەرباری ئەوەی پیشوازیكردنیان لە فڕۆكەخانە و مامەڵەكردنیان  بە پیی پێوست نەبوو، لە پشتی عەبادییشەوە تەنیا ئاڵای عێراق هەڵكرابوو، بەناچاریش لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی عێراقەوە سەردانی تارانیانكرد (وەك ئەوەی هەرێم خۆی فرۆكەخانەی نەبێت).

 ئەمەش وەفدی هەرێمی ناچاركرد دوای چوار مانگ لە دەرگای عەبادی بداتەوە،  بەیاننامە بڵاوكراوەكەی عەبادییش، دوای ئەم سەردانە  هیچ نەبوو بێجگە  لە دووبارە كردنەوەی لێدوانەكانی پێشووی، هەموو ئەمانەش لە ڕەهەندی سیاسیەوە سەركەوتنێكی دیكەن بۆ عەبادی وبەپێچەوانەشەوە بچوكردنەوەی زیاتری هەرێمی كوردستانن.