قەیرانەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان نەخشەی‌ هاوپەیمانییەكانیشی گۆڕی

عیراق

02/02/2018‌ 4011 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
هاووڵاتییانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی‌ داهاتوو چاوەڕێی‌ سوپرایزی‌ گەورەن بەپێی‌ گۆڕانی‌ هاوپەیمانی‌ نێوان لایەنە سەرەكییەكانەوە، كە هەندێكیان گۆڕانە بەسەدو هەشتا پلە.

هاوپەیمانی‌ هەریەك لەبزوتنەوەی‌ گۆڕان‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان لەگەڵ هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری‌ بەسەرۆكایەتی‌ بەرهەم ساڵح جێگری‌ پێشووی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یەكێتی‌ بۆ هاوكێشەی‌ سیاسی‌ هەرێمی‌ كوردستان نوێ بوو.

ئەوان، كە پێكەوە بەیەك لیست بەشداری‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق دەكەن، هەمان ویستیان بۆ شێوازی بەشدارییكردن هەیە لەهەڵبژاردنەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستاندا.

ئەگەرچی‌ گۆڕان‌و كۆمەڵ لەدوای‌ ساڵی‌ 2009ەوە دوو لایەنی‌ نزیك‌و هاوهەڵوێست بوون لەسەر پرسە جیاوازەكان، بەڵام تەنە نامۆكە بەشداریپێكردنی‌ هاوپەیمانێتییەكەی‌ بەرهەم ساڵح بوو لەگەڵیاندا.

بەرهەم ساڵح كە سێهەم باڵاترین پۆستی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانی‌ بەدەستەوە بوو بەرلەوەی‌ جەلال تاڵەبانی‌ سكرتێری‌ حیزبەكەی‌ كۆچی‌ دوایی بكات، تا ساڵێك لەمەوبەریش رێبەرایەتی‌ باڵێكی‌ ناڕازی ناو ئەو حزبەكەی‌ دەكرد كە بۆ ماوەیەك بە"ناوەندی‌ بڕیار" دەناسرا.

ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە جێگری‌ دووەمی‌ پێشوی‌ تاڵەبانی ببێتە ركابەری‌ سەرەكی‌ نێوخۆی‌ یەكێتیش وەك چۆن پێشتر لە ساڵی‌ 2009 بزوتنەوەی‌ گۆڕان بەهەمان رێگادا رۆیشت‌و ئەوكات نەوشیروان مستەفا جێگری‌ پێشوتری‌ سكرتێری‌ گشتی‌‌و رێكخەری‌ كۆچكردووی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان رێبەرایەتی‌ دەكرد.

بەڵام گروپەكەی‌ بەرهەم ساڵح بنەمای‌ هاوپەیمانیكردن لەگەڵ دوولایەنەكەی‌ تر دەبەستنەوە بە "گۆڕینی‌ شێوازی‌ ئێستای‌ حوكمڕانیی" لە هەرێم.

رێبوار كەریم وتەبێژی‌ هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری‌ جەخت لەوە دەكاتەوە كە هاوپەیمانێتییان لەگەڵ ئەو دوولایەنی‌ تر كردارە نەك كاردانەوەو بەرهەم ساڵحیش لەئێستادا هیچ پەیوەندییەكی‌ بەیەكێتیەوە نەماوە.

ئەو بە"نیقاش"ی وت "باشترین شوێن بۆ ئەنجامدانی‌ گۆڕانكاریی‌ لەسیستمی‌ بەرێوەبردندا گرتنەدەستی‌ دەسەڵاتە، بەڵام ئامانجمان لەو هاوپەیمانێتیە نوێیە راونانی‌ كەس نییە".

كۆبوونەوەی‌ ئەو سێ رەوتە لەهاوپەیمانێتییەكدا بەپێی‌ پێكهاتەكەیان جێگەی‌ سەرنجە، بەوپێیەی‌ هەریەكەیان بەئاڕاستەیەكی‌ فیكری‌‌و سیاسی‌ جیاوازدا كاردەكەن.

بزووتنەی‌ گۆڕان بەحزبێكی‌ جەماوەری‌ هەژمار دەكرێت، هاوپەیمانێتییەكەی‌ بەرهەم ساڵحیش هێشتا مۆركی‌ بەرەیەكی‌ ناڕازی‌ نێو یەكێتی‌ پێوەدیارە، كۆمەڵی ئیسلامیش بەیەكێك لە حزبەكانی‌ چوارچێوەی‌ ئیسلامی‌ سیاسی دادەنرێت.

سەلیم كۆیی بەرپرسی پەیوەندییەكانی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ ئاشكرایدەكات كە تائێستا نەچوونەتە ناو وردەكاری‌ تێروانینیانەوە لەگەڵ ئەو دوولایەنەی‌ ترو دەڵێت "سەیر لەوەدایە لە یەكتر دوور ببینەوە نەك نزیكبین لەیەكتر و هەر كەسێكیش چاكسازیی‌ بكات پێشوازی‌ لێدەكەین بەوەشەوە كە عەلمانیە".

سەلیم كۆیی بە"نیقاش"ی وت "یەكێتی‌‌و پارتی‌ 27 ساڵە دەسەڵات دەبەن بەرێوە با خەڵكیش لەرێگەی‌ ئێمەوە چوار ساڵ تاقی بكاتەوە، لەبەرنامەماندایە بەیەك لیست بەشداری‌ هەڵبژاردنەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستانیش بكەین".

بەگەڕانەوە بۆ نۆ ساڵ لەمەوبەر هاوكێشەی‌ پەیوەندی‌ نێوان ئەم سێ لایەنە جیاواز بوو، ئەوكات لە2009 دا بەرهەم ساڵح سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بوو، گۆڕان‌و كۆمەڵیش ئۆپۆزسیۆنێكی‌ سەرسەختی‌ حكومەتەكەی‌ بوون، ئەوكات نەیاری‌ ئۆپۆزسیۆن كە بۆ یەكەمجار پێكهێنرابوو بۆ حكومەت گەیشتە ئەوپەڕی‌ ئاست.

لە ساڵی‌ 2011 بە بەپشتیوانی‌ گۆڕان و كۆمەڵ خۆپیشاندانەكانی‌ 17ی‌ شوبات و رۆژانی‌ دوایی ئەنجامدرا لە دژی‌ حكومەتەكەی‌ بەرهەم ساڵح كە دیارترین داواكارییان هەڵوەشاندنەوەی‌ ئەو حكومەتە بوو، تەنانەت لەسەر داوای‌ لایەنەكانی‌ ئۆپۆزسیۆن بەرهەم ساڵح بۆ پەرلەمان بانگكراو نزیكەی‌ 10 كاتژمێر لێپێچینەوەی‌ لەگەڵ كرا.

كوێستان محەمەد ئەندامی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان كە ئەوكاتە ئەندامی‌ پەرلەمان بوو بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەوكاتە كێشەمان لەگەڵ بەرهەم ساڵح نەبوو، بەڵكو كێشەكان لەگەڵ سیستمی‌ بەرێوەبردنەكە هەبوو، لەگەڵ ئەوەی‌ هەڵەو كەموكورتی‌ لەو حكوتەكەشدا هەبوو".

كوێستان محەمەد پێیوایە ئەو هاوپەیمانێتیەی‌ پێكیانهێناوە گۆڕانكاریی‌ لەنەخشەی‌ هاوپەیمانێتییەكاندا دەكات لەهەرێمی‌ كوردستان.

بەدیوێكی‌ تردا ئەو گۆڕانكارییە سەدو هەشتا پلە جیاوازەی‌ هاوپەیمانێتیەكان لە هەرێمی‌ كوردستان ئاماژەن بۆ ئەوەی‌ بارودۆخی‌ ئەو هەرێمە گەیشتووەتە ئەوئاستەی‌ نەیارەكانی‌ دوێنێ ببنە هاوپەیمانی‌ ئەمڕۆ.

دەرهاویشتەكانی‌ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆمی‌ سەربەخۆیی و دروستبوونی‌ قەیرانی‌ دارایی و خراپی‌ پەیوەندی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەگەڵ حكومەتی‌ ناوەند، بوونەتە ئەو بۆشاییەی‌ كە ركابەرەكانی‌ یەكێتی‌‌و پارتی‌ كاری‌ تێدا بكەن بۆ راكێشانی‌ دەنگی‌ جەماوەر.

بەرای‌ فەرید ئەسەسەرد ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی كۆبوونەوەی‌ ئەو سێ لایەنە لەهاوپەیمانێتییەكدا لەیەك كاتدا بەرژەوەندی‌‌و كاری‌ هاوبەشیشە، پێشبینیش دەكات لە داهاتوودا گۆڕانكاری‌ بەسەردا بێت بەوپێیەی‌ بە وتەی‌ ئەو هاوپەیمانێتیەكەیان بۆ هەڵبژاردنەكانی‌ كوردستانەو لە"سیاسەتیشدا هیچ هاوپەیمانێتییەكی‌ سەرتاسەری‌ نییە".

هاوپەیمانێتیە نوێكە بەلای‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانەوە كە زۆرینەی‌ جومگەكانی‌ دەسەڵاتی‌ بەدەستەوەیە ركابەریان نییە، سەرەڕای‌ ئەوەی‌ زۆربەی‌ گوتارە رەخنەییەكانیان ئاڕاستەی‌ ئەو حزبەیە.

عەلی عەونی‌ ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ بە "نیقاش"ی وت"ئەوان بە ركابەری‌ خۆمان نازانین‌و هیواداریشین ئەوان ئێمە بەدوژمن نەبینن، ئەگەر دەنگی‌ پێویستیان هێنا دەسەڵاتیان پیرۆزبێت، ئەگەر نا دەبێت دەرەنجامی‌ هەڵبژاردنەكانیش قبوڵ بكەن".

عەونی گۆڕان كۆمەڵ‌و هاوپەیمانێتییەكەی‌ بەرهەم ساڵح بەسێ "گیراوەی‌" جیاواز دەزانێت بەهۆی‌ جیاوازی‌ پێكهاتەكانیانەوە و دەشڵێت "بەشێك لە كەموكورتییەكانی‌ حكومەت لەئەستۆی‌ خودی‌ بەرهەم ساڵحە".

یەكەم دژە هێرشی كرداری‌ ئەو سێ لایەنە پێكهێنانی‌ وەفدێكی‌ هاوبەش بوو بۆ بەغدا لە سەرەتای‌ مانگی‌ كانونی‌ دووەمدا، كە زنجیرەیەك كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی‌ عێراق و لایەنە سیاسیەكانی‌ ئەنجامدا دوور لە راوێژی‌ حكومەتی‌ هەرێم.

ئەو سەردانە كە بۆ تاوتوێی‌ كێشەكانی‌ بەغداو هەولێر بوو، یەكەمجار بوو كە لایەنی‌ دەرەوەی‌ بازنەی‌ دەسەڵاتی‌ هەرێم ئەنجامی بدەن، دەرخەری‌ ئەوەش بوو كە ئەو گروپە دەیانەوێت تێڕوانینێكی‌ جیاواز بگەیەننە ناوەند لەوەی‌ كە هەرێم بۆ كێشەكانی‌ لەگەڵ بەغدا هەیەتی‌.

ئەندامەكەی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ پێی‌ وایە دوو تیرۆی‌ سیاسی‌ لە هەرێم كاردەكەن كە یەكەمیان پێیوایە كێشەی‌ كورد لەبەغدایەو دووەمیشیان پێچەوانەكەیەتی‌، دەشڵێت"سێ لایەنەكە لە تیرۆری‌ یەكەمدان و ئێمەش دووەم".

لە گۆڕانكاری‌ هاوپەیمانێیتەكان لە هەرێمی‌ كوردستان لەئێستادا یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ پەڕگیرترینیانە، لەگەڵ ئەوەی‌ ئەو حزبە ئیسلامییە پێشتر هاوپەیمانی‌ گۆڕان‌و كۆمەڵ بوو ئێستا لەگەڵ بزوتنەوەی‌ ئیسلامی‌ خەریكی‌ دروستكردنی‌ هاوپەیمانێتیەكی‌ نوێی و لیستێكی‌ بەرەی‌ ئیسلامییە بۆ هەڵبژاردنەكان.

بەهزاد زێباری‌ سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی وت "هاوپەیمانێتی‌ پێشوی‌ ئێمە لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵ بەهێزتر بوو لەوەی‌ ئێستا لە نێوان ئەوسێ لایەنە هەیە، ئێمە خاڵی‌ هاوبەشمان لەگەڵیاندا هەیە، بەڵام ئەوە مانای‌ ئەوەیە كە لیستی‌ هاوبەشمان لەگەڵیاندا هەبێت بۆ ئەو پرسەش دەرگای‌ هاپەیمانێتییەكان لەبەردەمماندا كراوەن".

دەرەنجامی‌ گرەوی‌ لایەنەكان لەسەر هاوپەیمانێتیەكان تا هەڵبژاردنەكانی‌ كوردستان دەرناكەوێت كە تائێستا وادەكەی‌ دیارینەكراوە، بەڵام گۆڕانكاری‌ لە شێوازەو پێكهاتەی‌ هاوپەیمانێتیەكاندا ئاماژەن بۆ گەرمبوونی‌ ركەبەرییەكانی‌ ئەو هەڵبژاردنە.

ئەوەی‌ لەوێنەی‌ ململانێی‌ سیاسی‌ هەرێمدا روونە تائێستا، بۆ هەڵبژاردنی‌ داهاتوو هەرێمی‌ كوردستان بەسەر زیاتر لەسێ بەرەدا دابەشدەبێت، كە سێ لایەنەكەو هەریەك لە یەكێتی‌ و پارتی‌ بەجیاو لیستی‌ ئیسلامییەكان گەمەكەری‌ سەرەكی‌ دەبن.

د. كامەران مەنتك مامۆستای‌ زانسە سیاسییەكانی‌ زانكۆی‌ سەڵاحەدین بارودۆخی‌ هەرێمی‌ كوردستان بە دۆخێكی‌ شكستخواردوو وەسف دەكات و پێشیوایە هاوپەیمانێتییە نوێیەكان سەركەوتوو نابن بەوپێیەی‌ بەوتەی‌ ئەو لەهەمان "منداڵدانی‌" شكستی‌ هەرێمەوە لەدایك بوون .

د. كامەران مەنتیك بە"نیقاش"ی وت "هاپەیمانێتیەكان گۆڕاون، بەڵام روخساری‌ كارەكتەرەكان هەمان ئەوانەن كە بێزراون، لەباری‌ نەبوونی‌ ئەڵتەرناتیڤێكی‌ باش لەلایەن ئەو هاوپەیمانێتیانەوە یان هاوڵاتیان بەشداری‌ دەنگدان ناكەن یان دەنگ بەو لایەنانە دەدەنەوە پێشتر ئەزمونیان لەبەڕێوەبردندا بینیون".

لەگەڵ هەموو ئەو پێشبینیانەی‌ دەكرێن، بەڵام ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیانەی‌ لەكوردستان دروست دەبن زەحمەتە بتوانن گرەوی‌ دەسەڵات لەهاوپەیمانێتییە سەرەكییەكە ببەنەوە كە پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانی‌ كۆكردووەتەوەو هەموو جومگە سەرەكییەكانی‌ دەسەڵات هەر لای‌ ئەوانە.

بەپەلە