بەخەیاڵی‌ هەشت ساڵ لەمەوبەر
سوننەكان دەگەڕێنەوە ئامێزی ئەیاد عەلاوی

عیراق

02/02/2018‌ 1137 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
سوننەكان خۆیان یەكلاییكردەوە بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان‌و بڕیاریاندا لەگەڵ ئەیاد عەلاوی هاوپەیمانی ببەستن بەئومێدی دووبارەكردنەوەی سەركەوتنەكانی‌ هەشت ساڵ لەمەوبەر.

نەخشەی هاوپەیمانییەكانی سوننە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان كە بڕیارە لە مانگی ئایاری داهاتوودا بەڕێوەبچێت، تەواو پێچەوانەی واقیعی ئەو حزبە ناتەبایانەیە، چونكە هێرشی داعش بۆ سەر شار‌و پارێزگا سوننەنشینەكانی ئەنبار‌و موسڵ‌و سەڵاحەدین‌و دیالە ناكۆكییەكانی نێوانیانی زیاتر كرد‌و ئەوەش یارمەتیدەر بوو بۆ هەڵكشانی ئاستی جەماوەری چەند حزبێك لەبەرامبەر دابەزینی ئاستی جەماوەری هەندێكی دیكەیان.

حزبی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان‌و حزبی "عەرەبییە" بە سەرۆكایەتی ساڵح موتڵەگ بڕیاریان دا هاوپەیمانی لەگەڵ ئیئتیلافی "وەتەنیە" بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆمار ببەستن، هاوكات ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆمار هاوپەیمانی لەگەڵ سەرمایەداری سوننە خەمیس خەنجەر بەست بۆئەوەی پێكەوە بەشداری لە هەڵبژاردندا بكەن كە هەردووكیان بە تەبەنیكردنی پرۆژەی هەرێمی سوننە ناسراون.

نەخشەی هاوپەیمانییە نوێیەكانی سوننە سەرلەنوێ گرێكوێرەی هێزە سوننەكان دووپات دەكاتەوە لە گەورەیی پارچە پارچەبوونیان، چونكە ئەو هاوپەیمانیانەی سوننە هەڵوەشاونەتەوە كە لێكەوتەی هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمان بوون لە ساڵی 2014دا ئەوەش یەكێكە لە دەرئەنجامەكانی داگیركردنی شارە سوننە نشینەكان لەلایەن داعشەوە كە بەدرێژایی سێ ساڵ شەڕی سەختی لێكەوە‌و تێیدا پارێزگاكانی ئەنبار‌و نەینەوا‌و سەڵاحەدین دووچاری وێرانكارییەكی گەورە بوونەوە.

"حزبی ئیسلامی" عێراقی بەسەرۆكایەتی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان‌و ئیئتیلافی "موتەحیدون" بە سەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆمار‌و ئیئتیلافی "عەرەبییە" بە سەرۆكایەتی ساڵح موتڵەگ‌و بزووتنەوەی "حەل" بە سەرۆكایەتی جەمال كەربولی‌و حزبی "وتەنییە"بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆمار‌و "پرۆژەی عەرەبی" بە سەرۆكایەتی سەرمایەدار خەمیس خەنجەر لەساڵی 2003وە نوێنەرانی سەرەكی سوننەن لە پرۆسەی سیاسیدا.

"حزبی ئیسلامی" گەورەترین دۆڕاوی سوننەی هەڵبژاردنی 2014 بوو، ئەو كات ناچار بوو لەگەڵ كەسایەتی سوننەی تازەهەڵكشاو ئوسامە نوجێفی هاوپەیمانی ببەستێت، بەڵام ئەو حزبە كە نوێنەرایەتی لقی ئیخوان موسلمین دەكات لە عێراق توانی لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەهۆی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانەوە ئاستی جەماوەری خۆی چاكبكاتەوە ئەویش لەڕێی نزیكبوونەوە لە حزبە شیعەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی نوجێفی كە ئەمڕۆ بووەتە ركابەری.

جبوری پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نوێی بەناوی "گردبوونەوەی مەدەنی بۆ چاكسازی" راگەیاند بەبێ بەكارهێنانی ناوی "حزبی ئیسلامی" تا خۆی بگونجێنێت لەگەڵ هەڵكشانی ئاستی جەماوەری ئەو رەوتە مەدەنیانەی داوای چاكسازی لە پرۆسەی سیاسیدا دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە كە ساڵح موتڵەگ كەسایەتی عەلمانی سوننە هاوپەیمانییەكی نوێی بەناوی "بەرەی عێراقی" پێكهێناوە‌و هەریەك لە جبوری‌و موتڵەگ بڕیاریان داوە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەیاد عەلاوی دۆستی دێرینیان ببەستن.

حزبە سوننەكان هەوڵی دووبارەكردنەوەی سەركەوتنەكەی هەڵبژاردنی ساڵی 2010 دەدەن كاتێك چوونە هاوپەیمانی لیستی "عێراقییە" لەگەڵ عەلاوی‌و پلەی یەكەمی هەڵبژاردنی بە 91 كورسی بەدەستهێنا‌و پێش ئیئتیلافی "دەوڵەتی یاسا" بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو كەوت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەركی پێكهێنانی حكومەتیان لەدەست دا، چونكە پێچەوانەی نەریتی سیاسی تایفی بوو كە پێیوایە پۆستی سەرۆكی حكومەت پشكی شیعەیە.

پێدەچێت هەڵكشانی ئاستی جەماوەریی رەوەتە مەدەنییەكان‌و ناڕەزایی عێراقییەكان بەرامبەر حزبە ئیسلامییەكان پاڵنەری حزبە سوننەكان بووبێت بۆئەوەی سەرلەنوێ لەگەڵ عەلاوی هاوپەیمانی ببەستن دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا بەتەنیا بەجێیان هێشت ئەو كاتەی لەگەڵ زیادبوونی ناكۆكی نێوان سوننە‌و شیعە لەسەردەمی حوكمی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوودا، جەمسەرگیری تایفی لە وڵاتدا لەئارادا بوو.

مەیسون دەمەلوجی وتەبێژی هاوپەیمانی "وەتەنییە" بە "نیقاش"ی وت: "پەیوەندیكردنی هێزە سوننەكان بە هاوپەیمانییەكەمانەوە مانای ئەوە نییە دەستبەرداری پرەنسیپەكانمان ببین لە نەفرەتكردن لە پشككاری تایفی، تائێستاش لەگەڵ یەكپارچەیی عێراقین‌و هەوڵی جێبەجێكردنی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون دەدەین بەوپێیەی بەرزترین ئامانجی ئێمەیە".

وتیشی: "هاوپەیمانی وەتەنییە دەرگاری كراوەیە بۆ پەیوەندیكردنی هەموو ئەو حزبە سیاسیانەی هەمان ئامانجی ئێمەیان هەڵگرتووە‌و مەرجی پێشوەختەمان دانەناوە بەو مەرجەی هەڵگری ئامانجی تایفی نەبن كە دژبەیەكە لەگەڵ پەرەنسیپی بنیاتنانی دەوڵەت‌و سەروەری یاسادا، ئەمڕۆش هاوپەیمانییەكەمان زیاتر لە 30 حزب‌و بزووتنەوەی سیاسی لەخۆدەگرێت".

لەلایەكەی دیكەشدا ئەو حزبە سوننانەی تەبەنی پرۆژەی هەرێمی سوننە‌و گۆڕینی پارێزگا سوننەكان بۆ هەرێمی سەربەخۆ دەكەن، پێكەوە لە یەك هاوپەیمانیدان بەناوی "بڕیاری عێراقی" كە هەریەك لە ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئیئتیلافی "موتەحیدون"‌و خەمیس خەنجەر سەرۆكی بزووتنەوەی "پرۆژەی عەرەبی"‌و ئەحمەد مساری سەرۆكی حزبی "ئەلحەق لوەتەنی"‌و سەلمان جومەیلی سەرۆكی حزبی "ئایندەی نیشتمانی" لەخۆدەگرێت.

لەو كاتەوە كە داعش موسڵ‌و شار‌و پارێزگا سوننە نشینەكانی دیكەی داگیركرد، نوجێفی‌و خەنجەر حكومەتی فیدراڵییان بە كەوتنی شارە سوننە نشینەكان بەدەستی توندڕەوان تۆمەتبار كرد، داواشیان كرد كە دەبێت پارێزگا سوننە نشینەكان بكرێنە هەرێمی سەربەخۆ بەپێی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان كە رێگە بە پێكهێنانی هەرێم دەدات وەكو ئەزموونی هەرێمی كوردستان، بەڵام جێبەجێكردنی ئەوە رووبەڕووی بەرهەڵستی زۆری شیعە بووەوە.

"حزبی ئیسلامی" لە ململانێدایە لەگەڵ "موتەحیدون" لەسەر هەژموونی سیاسی لە موسڵ، "حزبی "وەتەنییە"ش لەگەڵ بزووتنەوەی "حەل" لە ململانێدان لەدژی "حزبی ئیسلامی" لەسەر ئەنبار، هاوكات بەرەی "دیالۆگی نیشتمانی"‌و "حزبی ئیسلامی" لە ململانێدان لەدژی حزبی "وەتەنییە" لە سەڵاحەدین.

بەڵام ئەو هاوپەیمانیانەش كە لەلایەك عەلاوی‌و لەلایەكی تریشەوە نوجێفی سەرۆكایەتیان دەكەن، بڕیاریان داوە هاوپەیمانی لاوەكی لەناو پارێزگا سوننە نشینەكان پێكبهێنن بۆئەوەی زۆرترین كورسی مسۆگەر بكەن، چونكە چەند حزبێكی نوێی تازەپێگەیشتوو هەن هەوڵی ركابەریكردنی حزبە تەقلیدییەكانی سوننە دەدەن لەو پارێزگایانەدا.

دیارترین هێزە نوێیەكانی سوننەش جەنگاوەرانی عەشایرن كە شانبەشانی سوپا‌و گرووپە شیعەكان جەنگاون‌و ئەمڕۆ بە پشتیوانی حزبە شعەكان هەوڵی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن دەدەن، هەروەها چەند وەزیر‌و پەرلەمانتارێكی سوننەش هاوپەیمانییان لەگەڵ حزبە شیعەكان راگەیاندووە تا مانەوەیان لە پۆستەكانیاندا مسۆگەر بكەن.

دیارترینی ئەو هێزانەش بریتین لە "هاوپەیمانی عابیرون" بەسەرۆكایەتی قاسم فەهداوی وەزیری كارەبا كە عەبدوللەتیف هومەیم سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننەشی لەگەڵە‌و هاوپەیمانییان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران راگەیاندووە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی "نەسر"دا.

لەپێناو رێگرتن لەو هاوپەیمانییە نوێیانەش تا كورسی بەدەستنەهێنن‌و دواجار بۆ بەرژەوەندی حزبە شیعەكان بڕوات، حزبە تەقلیدییەكانی سوننە هاوپەیمانی لاوەكییان لە پارێزگا سوننە نشینەكان پێكهێناوە، وەك "هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك" كە ساڵح موتڵەگ‌و ئەحمەد مساری‌و خەمیس خەنجەر لەخۆدەگرێت.

لە سەڵاحەدینیش هەریەك لە ئەیاد عەلاوی‌و ساڵح موتڵەگ هاوپەیمانییەكیان بەناوی "ئەلبەیت لعیراقی" پێكهێناوە تا پێكەوە بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن‌و كێبڕكێی ئەو هێزە سوننانە بكەن كە بە نزیكییان لە شیعە ناسراون لەوانەش پەرلەمانتاری جێ مشتومڕ مشعان جبوری كە یەزنی كوڕی فەرماندەیی لیوایەك لە جەنگاوەرانی عەشایر لە سەڵاحەدین دەكات بە پشتیوانی گرووپە شیعەكان.

پەرلەمانتار نورە بجاری نوێنەری موسڵ بە "نیقاش"ی وت: "ئەم جارەش هەمان كەسایەتییە سیاسییەكانی سوننە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەكەن، بەڵام جیاوازییەك هەیە لە شێوازی هاوپەیمانییەكاندا بەگوێرەی پێگەی جەماوەرییان، پێشبینیش دەكرێت ئەو هێزانە لەدوای هەڵبژاردن پێكەوە هاوپەیمانی ببەستن بۆ كێبڕكێكردنی هێزەكانی دیكە".