قوربانی هەواڵی ساختە
رۆژنامەوانێكی موسڵ دەكرێتە فڕۆكەوانێكی دیل لەلای داعش

عیراق

03/02/2018‌ 1234 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
رۆژنامەنووسێكی عێراقی دوای سێ ساڵ دابڕان خانەوادەكەی لەئامێز دەگرێت، بەڵام چیرۆكی‌ ئەو رۆژنامەنووسە بەشێوەیەكی‌ دیكە بووەتە بابەتی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

چەند رۆژێكە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەرقاڵی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كەسێكن كە بە گەرم‌وگوڕی باوك‌و دایكی لە ئامێز دەگرێت‌و فرمێسك بەخوڕ لە چاوانی دەڕژێت، لەگەڵ ڤیدیۆكەدا نووسینێك بڵاوكراوەتەوە دەڵێت ئەو كەسە فڕۆكەوانێكی عێراقیە‌و لەلای داعش دیل بووە، بەڵام دواجار توانیویەتی لەدەستیان هەڵبێت‌و بگەڕێتەوە نێو خانەوادەكەی.

سەرنجڕاكێشی چیرۆكەكە بەشێوەیەكی بەرفراوان بووە جێی بایەخی عێراقییەكان بەوپێیەی یەكێكە لە چیرۆكەكانی قارەمانێتی لەو جەنگەی كە وڵات بەدرێژایی سێ ساڵی رابردوو لەدژی توندڕەوان بەڕێوەی دەبرد، هەڵاتنی فڕۆكەوانەكەش لە دەستی توندڕەوان‌و گەڕانەوەی بۆلای كەسوكاری بەسەلامەتی بەسن بۆئەوەی سەرنجی عێراقییەكان رابكێشن‌و گرتە ڤیدیۆییەكە لە پەیجەكانی خۆیان لە "فەسیبووك"‌و كەناڵەكانی "یوتیوب" بڵاوبكەنەوە‌و تەنانەت چەند كەناڵەكێكی راگەیاندنیش چیرۆكەكەیان بڵاوكردەوە.

بەڵام دوای لێكۆڵینەوە لە گرتە ڤیدیۆییەكە دەركەوت  كۆنە‌و مێژووەكەی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە، بەڵام شۆكە گەورەكە ئەوەبوو ئەو كەسەی لە گرتە ڤیدیۆییەكدا دەردەكەوێت فڕۆكەوان نییە لە سوپای عێراقدا‌و لەلای داعشیش دیل نەبووە، بەڵكو ئەو كەسە رۆژنامەنووس رەبیع حەلەبی خەڵكی موسڵە كە دوای سێ رۆژ لە داگیركردنی شارەكە لەلایەن توندڕەوانەوە شارەكەی بەجێهێشتووە.

حەلەبی كە تەمەنی 29 ساڵە‌و ساڵانێكە كاری رۆژنامەوانی دەكات، دوای هاتنی توندڕەوان لەگەڵ دەیان هاوڕێیدا ئەوەیان هەڵبژارد موسڵ بەجێبهێڵن لەترسی كوشتنیان وەك چۆن دەیان هاوكاری كوژران كە نەیانتوانی لەشارەكە بچنە دەرەوە‌و توندڕەوان بە سیخوڕیكردن بۆ حكومەتی عێراق تۆمەتباریان كردن.

تیمی "نیقاش" توانی پەیوەندی بە حەلەبیەوە بكات‌و چیرۆكەكەی بەتەواوی گێڕایەوە‌و وتی: "دوای هاتنی داعش رۆژی 13ی‌ حوزەیرانی‌ 2014  شاری موسڵم بەجێهێشت‌و روومكردە هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ترسی بەردەوامم لە چارەنووسی خێزانەكەم، بەڵام لە هەولێرەوە بەردەوام بووم لە كاری رۆژنامەوانیم، زۆر هەوڵمدا پەیوەندییان پێوە بكەم، بەڵام سەركەوتوو نەبووم، بۆ ماوەی ساڵێكی تەواو چارەنووسی خێزانەكەم نەزانی، هەروەك ئەوانیش چارەنووسی منیان نەدەزانی".

دوای ساڵێك لە داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعش‌و بڵاوبوونەوەی هەواڵی كوشتنی دەیان رۆژنامەوان لەلایەن ئەو رێكخراوەوە بەتۆمەتی سیخوڕیكردن، حەلەبی بڕیاری دا پەیوەندی بە خێزانەكەیەوە بكات تا دڵنیایان بكاتەوە لە هەواڵی، بەكرداریش توانی بۆ چەند چركەیەكی كەم قسە لەگەڵ باوكی بكات ئەویش بەهۆی خراپی شەبەكەوە، بەڵام گرنگ ئەوە بوو باوكی لە چارەنووسی كوڕەكەیان دڵنیابووەوە‌و حەلبیش ئەو هەواڵەی زانی كە دایكی بەهۆی خەمی كوڕەكەیەوە تووشی نەخۆشی بووە‌و لە جێدا كەوتووە.

ئەوە یەكەم پەیوەندیی تەلەفۆنی‌و دوا پەیوەندیش بوو بەدرێژایی سێ ساڵ، كاتێكیش حەلەبی هەواڵی ئەوی بیست كە حكومەتی عێراق خۆی بۆ ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە لەدەستی توندڕەوان ئامادە دەكات، دەستبەجێ بڕیاری دا بەشداری لە رووماڵی شەڕەكەدا بكات.

حەلەبی دەڵێت: "بەهۆی پەرۆشیمەوە لەگەڵ سەربازەكاندا لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕدا بووم‌و وێنەی خێزانەكەم هەمیشە لەبەر چاو بوو كە هانی دەدام بۆ كاركردنی زیاتر، پێكدادانە چەكدارییەكان توند بوون‌و شەڕ لە شەقامێكەوە بۆ شەقامێكی دیكە‌و هەندێك جارێش لەماڵێكەوە بۆ ماڵێكی دیكە گواسترایەوە".

لە تشرینی دووەمی ساڵی 2016دا شەڕ گەیشتە ناوچەی "گۆگجەلی" لە بەری خۆرهەڵاتی شارەكە، دوای شەپۆلێكی چرٍی ئاوارەبوونی دانیشتووان بەرەو لای ئەو هێزە ئەمنییانەی حەلەبیان لەگەڵدا بوو، شەڕەكە ئاڵۆز بوو، رۆژنامەوانەكە سەیری روخساری ئاوارەكانی دەكرد بەڵكو خێزانەكەی ببینێتەوە، بەڵام هیچ یەكێكیانی نەدۆزیەوە.

بەهۆی توندبوونی شەڕیش لە "گۆگجەلی" هێزە ئەمنییەكان پێشڕەویكردنی رۆژنامەوانانیان قەدەغەكرد لەبەر بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان، بەڵام حەلەبی زۆر حەزی دەكرد لەكەڵ هێزە ئەمنییەكان پێشڕەوی بكات، چونكە ماڵەكەیان دەكەوێتە گەڕەكی "خەزرا" كە تەنیا دوو ناوچە لە"گۆگجەلی"وە دوور بوو، ئیتر حەلەبی بڕیاری دا تەلەفۆن بۆ خێزانەكەی بكات، هەوڵی دا دڵنیایان بكاتەوە‌و پێیوتن كە هێزە ئەمنییەكان نزیكن‌و لەماوەیەكی كەمدا دەتانبینم.

حەلەبی ئەو كاتە سەختانە دەگێڕێتەوە‌و دەڵێت: "شەڕ توند بوو، هەندێك لە دانیشتوانیش بە گوللەی توندڕەوان كوژرابوون، دووبارە پەیوەندیم بە خێزانەكەمەوە كردەوە‌و بەباوكمم وت هەموویان لەماڵ بێنەدەرەوە‌و منیش ئاڕاستەیان دەكەم بۆ ئەو ڕێگایەی كە بەسەلامەتی لێوەی دەگەنە شوێنی هێزە ئەمنییەكان دواجاریش بەسەلامەتی گەیشتن، ساتی بینینی خانەوادەكەم هەستهەژێن بوو، كە دایكم‌و براكانم لەئامێز گرت خۆم پێنەگیرا، كاتێك باوكم بینیمی‌و باوەشم پێدا كرد، كەوتە سەر زەوی".

دوای تێپەڕبوونی دوو سالًَ بەسەر گەڕانەوەی حەلەبی بۆ نێو خێزانەكەی بە سەلامەتی، بەڵام هێشتا چیرۆكەكەی بەشێوێندراوی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان دەبینێت‌و دەیان پەیج لە "فەیسبووك" ئەو گرتە ڤیدیۆییەیان بڵاوكردووەتەوە كاتێك چاوی بە خانەوادەكەی دەكەوێت گوایە فڕۆكەوانێكی سوپای عێراقە‌و لەلای "داعش" دیل بووە‌و چەند رۆژێك لەمەوبەر توانیویەتی لەدەستیان هەڵبێت.

حەلەبی لەبارە ئەو هەواڵە ساختانەی بڵاوكراونەتەوە دەڵێت: "ئەو ڤیدیۆیەم بینی كە هەواڵێكی درۆی تێدا بوو، هەوڵمدا پەیوەندی بە چەندین پەیجەوە بكەن بۆ روونكردنەوەی راستی ڤیدیۆكە، بەڵام دەیان پەیجی دیكە ڤیدیۆكەیان لەگەڵ هەواڵە درۆكە بڵاوكردەوە بەبێ ئەوەی لەراستییەكە دڵنیابن".

هەروەها وتی: "بەداخەوە دەنگۆ‌و هەواڵی درۆ بەئاسانی لەنێو هاووڵاتیاندا بڵاودەبێتەوە، ئەم هەواڵە درۆیانەش بوون كە بوونە هۆی ئەوەی داعش بچێتە ناو موسڵ، چونكە ئەو توندڕەوانەی هێرشیان كردە سەر شارەكە ژمارەیان لە دەیان زیاتر نەبوو، بەڵام هەواڵی درۆ‌و گرتەی ڤیدیۆیی كۆنیان بەكارهێنا تا وا لە دانیشتووان بگەیەننن سوپای عێراق هەرەسی هێناوە‌و هەموو بەرپرسان هەڵاتوون، هەواڵی درۆ چەكی سەرەكییان بوو بۆ ئەوەی ترس بخەنە نێو دانیشتووانی شارەكەوە".

حەلەبی كە یەكێك بوو لە قوربانیانی هەواڵی درۆ دەڵێت: "پێویستە هەمووان دژی ئەم دیاردە خراپە بوەستنەوە بەتایبەتیش كەناڵەكانی راگەیاندن بەرپرسیارێتییەكی گەورەیان لە ئەستۆدایە بۆ دژایەتیكردنی دەنگۆ‌و واتەوات، هەروەك پێویستە لایەنە پەرلەمانییەكانیش یاسای ئەوتۆ دابڕیژن سزایان بۆ ئەوانە تێدا بێت كە هەواڵی ساختە بڵاودەكەنەوە، هەروەها دەبێت هەڵمەتی مەدەنیش رێكبخرێت بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەبنەوە".