ماڵ ماڵی‌ خۆتانە.. عێراقییەكان بەشێوەیەكی‌ جیاواز پێشوازی‌ لەسعودییە دەكەن

عیراق

03/02/2018‌ 977 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەرێی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە عێراقییەكان هەڵمەتێكیان دەست پێكردووە بۆ پێشوازی‌ سعودییەكان، لەرووداوێكی‌ مێژوویدا، كە دوای‌ نزیكەی‌ چل ساڵ دووبارە دەبێتەوە.

دوای‌ نزیكەی‌ چل دەیە، بۆ یەكەمجار هەڵبژاردەی‌ تۆپی‌ پێی‌ سعودییە لەسەر یاریگایەكی‌ عێراقی‌ یاری‌ دەكات‌و رووبەرووی‌ هەڵبژاردەی‌ عێراق دەبێتەوە.

ژمارەیەك چالاكوان‌و میدیاكار‌و وەرزشكار لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەچوارچێوەی یەك هاشتاگی یەكگرتوودا بە ناونیشانی (دارەك یالئەخزەر) واتە "ماڵی خۆتە هەڵبژاردەی سەوز" هەڵمەتێكیان دەستپێكرد كە بۆ پێشوازیكردنە لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی سعودیە لە كۆتایی مانگی شوباتی داهاتوودا ئەویش لەمیانی هەوڵەكاندا بۆ هەڵگرتنی ئابڵوقەی سەر یاریگاكانی عێراق بە تەواوی.

سەبارەت بە چالاكییەكەیان ئەركان تەقی وتەبێژی رەسمی هەڵمەتی (دارەك یالئەخزەر)  بە "نیقاش"ی وت: "هەڵمەتەكەمان لە شەقامەكانی بەسرە دەستپێكردووە بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان‌و زەمینەسازی بۆ پێشوازیكردن لە هەڵبژاردەی سعودیە، ئەویش بەمەبەستی دەرخستنی بایەخی پەیوەندییەكانی نێوان هەدوو وڵات، چونكە رووداوەكە لەوە زیاترە یارییەكی تۆپی پێ بێت دوای ئەوەی پەیوەندی نێوان هەردوولا ئاراستەیەكی نوێی وەرگرت، بەو پێیەش پێویستە جەماوەر رۆڵێكی سەرەكی هەبێت لە سەرخستنی ئەو هەوڵانەدا، هەروەك یارییەكانی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق‌و سعودیە تایبەتمەندییان هەیە‌و ركابەری‌و سەرنجڕاكێشییان تێدایە".

بەوتەی تەقی جەماوەری سعودیە پێشتر لەو یارییەی نێوان عێراق‌و سعودیە كە لە چوارچێوەی پاڵاوتنی مۆندیال لە سعودیە بەڕێوەچوو، ئاڵای عێراقیان بەرزكردەوە‌و پێویستە چاكەكەیان بدەنەوە.

سەبارەت بە رادەی كارلێكی جەماوەری هەردوو وڵاتیش لەگەڵ هەڵمەتەكەیان، دەڵێت: "ژمارەی ئەو كەسانەی كارلێكیان لەگەڵ هاشتاگی (دارەك یالئەخزەر) كردووە گەیشتووەتە نزیكەی چوار ملیۆن كەس. چ لە فەیسبووك یان لە تویتەریش رێژەی كارلێكی جەماوەری عێراقی‌و سعودی لەگەڵ هەڵمەتەكە گەیشتووەتە 99% ئەمەش رێژەیەكی بێ پێشینەیە".

ئامادەكاریش بۆ یارییەكە وەك موشتاق شممەری سەرۆكی نوێنەرایەتی لیژنەی ئۆلۆمپی عێراق لە بەسرە دەڵێت لە هەموو ئاستەكاندا بەردەوامە، وتیشی: "ماوەیەكی زۆرە حكومەتی خۆجێیی دەستیكردووە بە ئامادەكارییەكانی هەر یارییەك كە ئەنجام بدرێت، ئەویش دوای سەردانی لیژنە تەكنیكییەكانی فیفا‌و بەسەركردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی بەسرە‌و ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی كاركردن لە شاری وەرزشیدا".

لەو بارەیەشەوە بۆ "نیقاش"ی روونكردەوە كە "لیژنەیەكی هاوبەش بۆ ئەو دۆسێیە پێكهێنراوە‌و چەندین پرۆژەی ژێرخانی لە بەسرە جێبەجێ كراون‌و خودی ئەو یاریگایەش ئامادەكراوەتەوە تا لەڕووی تەكنیكییەوە ئامادە بێت نەك تەنیا بۆ میوانداریكردنی یارییە نێودەوڵەتییەكان، بەڵكو بۆ میوانداریكردنی پاڵەوانێتییە وەرزشیە جیهانیەكانیش".

شممەری وەڵامی ئەوانەش دەداتەوە كە گومانیان لە توانای بەسرە لە میوانداریكردنی هەڵبژاردەكانی تۆپی پێی‌و هاندەران هەیە‌و دەڵێت: "پارێزگاكە توانای ئابووری گەورەی هەیە‌و شایستەی ئەوەیە كێبڕكێ وەرزشییە نێودەوڵەتییەكان رێكبخات، هەروەك ئێستا بەسرە هۆتێلی جیاجیای تێدایە كە گونجاون لەگەڵ خواستی جەماوەردا، هەروەها چەندین بازاڕ‌و ناوەندی گەشتیاریشی تێدایە، ئەمە جگە لە سەقامگیری ئەمنی، ئەم بنەمایانەش وا لە شارەكە دەكەن ئامادەبێت بۆ میوانداریكردنی هەر رووداوێكی وەرزشی، بەڕای من ئەو دەنگانەی داوای ئەنجامنەدانی ئەو یارییە دەكەن گیانی وەرزشییان نییە‌و پاڵنەرەكانیان سیاسیە‌و بۆ رووخاندنە".

سەبارەت بە رۆڵی ئەو یارییەش لە خێراكردنی هەڵگرتنی ئابڵووقەی سەر یاریگاكانی عێراق، وتی: "مادام ئابڵووقەكە بەبێ ویستی خۆمان سەپێندراوە بەسەرماندا، بۆیە هەموو پێداویستییەكانی بەدیهێنانی سەركەوتنمان بۆ هەڵگرتنی ئامادەكردووە، یارییەكەی نێوان عێراق‌و سعودیەش تەواوكەری داواكارییەكە بۆ ئەنجامدانی چوار یاری كە سەركەوتوو بووین لە ئەنجامدانیاندا بەبێ هیچ گرفتێك، ئیتر هەردوو یەكێتیی ئاسیا‌و نێودەوڵەتی بیانوویان بەدەستەوە نابێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر رێگریكردن لە یاریكردنی هەڵبژاردەكانی عێراق لەسەر خاكی خۆیان".

یەكێتیی نێودەوڵەتی تۆپی پێی (فیفا) پێنج جار ئابڵووقەی خستووەتە سەر تۆپی پێی عێراق لەساڵانی 1985‌و 2003‌و 2009‌و 2013 لەبەر چەندین هۆكار كە پەیوەندییان بە جەنگ‌و بارودۆخی ئەمنی‌و خراپی رێكخستنەوە هەیە، هاوكات بڕیار دراوە بەشێكی ئابڵووقەكە هەڵبگیرێت بۆ ئەنجامدانی یاری دۆستانە لە یاریگاكانی بەسرە‌و هەولێر‌و كەربەلا.

عەبدولحسێن عەبتان وەزیری لاوان‌و وەرزش لە راگەیەندراوێكدا كە نووسینگەكەی دەریكردووە رایگەیاندووە "یارییەكەی عێراق‌و سعودیە ئاهەنگێكی تۆپی پێ دەبێت جیهان سەرسام دەكات، وەزارەتیش هەموو لایەنە لۆجستییەكانی ئەنجامدانی ئەو پاڵەوانێتی‌و یارییە دۆستانە نێودەوڵەتیانە دابین دەكات كە هەڵبژاردە نیشتمانییەكان لە عێراق بەشدارییان تێدا دەكەن".

داوایشی لە حكومەتی خۆجێیی بەسرە كرد "بایەخ بە ناوچەكانی دەوروبەری شاری وەرزشی بدەن، ئەمە جگە لە بایەخدان بە رێگا سەرەكییەكان‌و دەروازەكانیان".

ئاماژەكەی وەزیر رەنگدانەوەی رادەی نیگەرانییە لە خراپی ژێرخان لەو شارە نەوتییەدا كە شاری وەرزشی بەتەنیشت خانووە هەڕەمەكییەكانی (حەواسم)وەیە.

سەڵاح سابت رۆژنامەنوووسی وەرزشی بە "نیقاش"ی وت: "ئامادەكارییەكان بۆ میوانداریكردنی یارییەكە زۆر سادەن‌و لە ئاستی ئەو رووداوەدا نین، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی میدیاییەوە هەیە، چونكە لیژنەی تایبەت‌و وۆركشۆپ لە بەسرە‌و بەغدا پێكنەهێنراون كە بە جددی كاربكەن بۆ  دانانی هەنگاو‌و وردەكاری سەرخستنی میواندارییەكە، چونكە پێشبینی ئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر دەكرێت".

وتیشی: "ئێستا هەڵبژاردەی سعودیە یەكێكە لە هەڵبژاردەكانی پێشەنگ لە ناوچەكە‌و سەركەوتووە بۆ جامی جیهانی، یارییەكەش پەیامێكە چەندین لایەنی لەخۆگرتووە لەوانەش پەیامی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی، هەروەك روماڵی میدیاییش لەسەر ئاستێكی جیهانی دەبێت بەتایبەتی كە جیانی ئینفانتینۆ سەرۆكی یەكێتیی نێودەوڵەتی تۆپی پێ بەڵێی ئامادەبوونی داوە".

لەبەرامبەر كاری هاشتاگەكانیشدا كە هاندەری وەرزشی عومەر عەدنان (25 ساڵ) بە "نائاسایی" وەسفیكرد، پێشبینی دەكات هەڵبژاردەی سعودیە پێشوازییەكی گەرمی لێبكرێت لەلایەن جەماوەری عێراقەوە كە حەزیان لە تۆپی پێیە.

عومەر بە "نیقاش"ی وت: "وەرزش ئەو لایەنە نەرێنیە كەڵەكەبووانە دەتوێنێتەوە كە هەڵوێستی سیاسی لەنێون عێراق‌و دراوسێ عەرەبەكانیدا دروستی كردوون‌و پەیوەندی میللی نێوان وڵاتانمان پتەو دەكات كە لە میانی پێشوازیكردنی كوێتییەكان لە جەماوەری عێراق لەسەر خاكی كوێت لە كێبڕكێكانی  دوایەمین جامی كەنداو هەستمان پێكرد، هەروەك پێش ئەوەش لە جەماوەرەكەماندا هەستمان پێكرد كاتێك پێشوازیمان لە هەڵبژاردەی ئوردن كرد لە بەسرە".

ئامادەیی دەروونی جەماوەری عێراق پێشتر تاقیكراوەتەوە ئەویش لەو سێ یارییەی لە یاریگای بەسرە ئەنجامدران كە 65 هەزار كەس دەگرێت، یارییەكانیش لەگەڵ هەریەك لە هەڵبژاردەكانی ئوردن‌و كینیا، هەروەها ئەستێرەكانی جیهان بوون.