سەدان خوێندكاری زانكۆ بەهۆی قەیرانی داراییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە

کوردستان

07/02/2018‌ 1448 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: بڕست ـ هۆرڤان رەفعەت

هەموو ساڵێك دەیان هەزار خوینكار لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان، بەكۆمەڵێك خەونی ڕەنگاو و ڕەنگەوە ڕوو لەسەرجەم زانكۆ و پەیمانگا حكومی و تایبەتییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن و دەیانەوێت لەوبەشانەی لێی دەخوێنن داهاتوویەكی باش و كارێكی باش بەپێی ئەو بەشەی لێی دەخوێنن بۆ خۆیان دابین بكەن.

لە بەدوادا چونێكی مەیدانی بڕستدا دەركەوتووە، سەدان خوێندكار بەهۆی قەیرانی دارایی، نەبوونی پارە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانیان و كرێی ئەو بەشە ناوخۆییانەی تێیدا دەمێننەوە وازیان لە زانكۆ هێناوە و دەستیان لەو خەونانەیان هەڵگرتووە كە زیاد لە 12 ساڵ لەپێناویدا خوێندویانە.

بەپێی ئامارێك كە لەناو ناوەندی بەشێك لە زانكۆ و پەیمانگانی هەرێمەوە دەست بڕست كەوتووە، تەنها لە نێو زانكۆی سلێمانی، زانكۆی كۆیە، زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی تایبەت، زانكۆی جیهانی تایبەت، لە ساڵی 2015 دا،  455  چوارسەد و پەنجاو پێنج خوێندكار وازیان لە خوێندن هێناوە،  لە ساڵی 2016، ڕێژەكە بەرز بۆتەوە بۆ  890 هەشسەد و نەوە خوێندكار و لە ساڵی 2017دا،  زیاتر لە 840 هەشسەد و چل  خوێنكدار وازیان لە خوێندن هێناوە، بەپێی زانیاریەكانی بڕست بەشێكی زۆری ئەو خویندكارانەی  وازیان لە خویندن هێناوە لەزانكۆ حكومییەكان بوون، نەك زانكۆ تایبەتەكان.

د.ئەمجەد محەممەد، سەرپەرشتیاری كاروباری خوێندكاران لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی، ئاماژەی بەوەكرد، ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە كاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر خوێندكاران و بۆتە هۆی ئەوەی ژمارەیەك خوێندكار واز لە خوێندن بهێنن و وتیشی"ئێمە هەرچەندە زانكۆكەمان تایبەتە و یاسایی خۆی هەیە بۆ وەرگرتنی كرێی خوێندن لە خوێندكاران، بەڵام  بەسەر یاساكەشدا تەواوی ئاسانكارییمان كردووە بۆ خوێندكاران، تا بتوانن بەردەوامی بەخوێندن بدەن و دەستبەرداری خوێندنەكانیان نەبن".

د.ئەمجەد بڕستی وت"ئێمە بەپێی سیاسەتی زانكۆكۆكەمان كرێی خوێندمان كردووە بە حەوت قیست، بۆ ئەوەی خوێندكار بتوانێت هەرچۆنێك بێت بەردەوامی بە خوێندن بدەن، جگە لەوەش لە ٪15داشكاندمان لە كرێی زانكۆ بۆ سەرجەم بەشەكانمان كردووە، ئەویش بەهۆی ئەو قەیرانی داراییەی دروست بووە،  پاش ئەم ئاسانكاریانەش هەندێك خوێندكارمان هەبووە لەبەر قەیرانی دارایی و درەنگ دابەش كردنی چارەكە مووچەی خۆان یان دایك و باوكیان هەر نەیانتوانیوە كرێی خوێندنی زانكۆكەمان بدەن ".

ئەو بەرپرسەی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی وتیشی"چەندین خوێندكارمان هەبووە نەیانتوانیوە كرێی خوێندن دابین بكەن، مامۆستایان و سەرۆكایەتی زانكۆ سەرجەم ئاسانكارییەكیان كردووە بۆ ئەوەی ئەو خوێندكارە لە خوێندن دانەبڕێن و جگە لەو هەموو ئاسانكاری  قیست و داشكاندنەی بۆ كۆی خوێندكارانمان كردووە، بەو شێوەیەش بەشێكی زۆری خوێندكاران ناتوانن لە كاتی خۆیدا قیستەكانی خوێندن بدەن و كێشەیان بۆ دروست بووە".

بەرپرسێكی زانكۆی سلێمانی كە چەندین ساڵ لەنێو تۆمارگای سلێمانی كاری كردووە و لەبەر هەستیاری پۆستەكەی نەیویست بڕست ناوی بڵاوبكاتەوە وتی "لە ئەزمونی چەندین ساڵەی ڕابردومدا لە هیچ ساڵێك هێندە دوو ساڵی ڕابردوو خوێندكاران دەستیان لە خوێندن هەڵنەگرتووە"، ئەو بەرپرسەی زانكۆی سلێمانی هۆكاری زۆرینەی وازهێنانەكانی بۆ قەیرانی دارایی و ڕۆیشتنی خوێندكاران بۆ هەندەران گەڕاندەوە.

جوانە عوسمان، دانیشتووی شارۆچكەی سەیدسادقە و پێش دوو ساڵ خوێندكاری زانكۆی سلێمانی بووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە بڕیاری ئەوەیداوە واز لە خوێندن  بهێنێت، جوان بە بڕیستی وت "من باوكم كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆیە، دایكیشم مامۆستایە، قەیرانی دارایی لەساڵی 2015ەوە بەتەواوەتی كاریگەری لەسەرم دروستكرد و نەمدەتوانی كرێی هاتوچۆ و پێداویستەكانی خوێندنم دابین بكەم بۆیە بەناچاری وازم لە خوێندن و سەرجەم ئەو خەونانەم هێنا كە چەندین ساڵ بوو ئاواتم پێوە دەخواست".
جوان جگە لەوەی دەستی هەڵگرتووە لە كۆی خەونەكانی، لە ئێستادا بۆ ئەوەی هاوكاری خێزانە پێنج كەسیەكەی بكات، لە ماڵەكەی خۆیاندا كاری درومان دەكات و هەفتەی 10 هەزار دینار بۆ 15 هەزار دینار پەیدا دەكات.

گۆران جەمیل، خوێندكاری كۆلێژی یاسای زانكۆی كۆیە-یە و خۆی خەڵكی شاری سلێمانییە، ئەویش بەهەمان شێوەی جوان بەهۆی ئەو كێشە ئابووریانەی بۆ خۆیی و  خێزانەكەی دروست بووە نەیتوانیوە لە خوێندن بەردەوام بێت و ئێستا وەك خۆی بۆ بڕستی باسی كرد، لە یەكێك لە كافتریاكانی شاری سلێمانی كاردەكات.

بەپێی بەدواداچوونی تایبەتی بڕست، زۆرینەی ئەو خوێندكارانەی وازیان لە خوێند هێناوە خەڵكی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بوون، بەهۆی گرانی نرخی بەشە ناوخۆیی و نەبونی توانا بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان وازیان لە خوێندن هێناوە.

لەسەر ئەو پرسەش وەزارەتی خوێندنی باڵا لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بڕیار و ڕێنمایی تایبەتی دەركردووە تا ساڵانی خوێندنی 2015، 2016 و 2017،  ساڵی نەكەوتن بێت بۆ خوێندكارانای زانكۆ و پەیمانگاكان تا ئەو خوێندكارانەی بەهۆی باری داراییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە بگەڕێنەوە بۆ خوێندن لە ساڵانی دواتردا و بەردەوامی بە خوێندنیان بدەن.

هەرچەندە بەشێك لە خوێندكارانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەشێك لە بەرپرسان و سەرمایەدارانەوە هاوكاری دەكرێن بۆ ئەوەی واز لەخوێندن نەهێنن، بەڵام نەبۆتە رێگر لەبەردەم ئەوەی كەوازهێنانی خوێندكار لە خوێندن نەبێتە دیاردە، بۆیە پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا و حكومەتی هەرێم، پلانێك دابنێن بۆ بنەبڕكردنی ئەو دیاردەیە.
هـ ـ ر