كێ‌ تاجەكە لەسەر دەنێت؟
تاڵەبانییەكان چاویان لەمیراتییەكەی‌ مام جەلالە

کوردستان

08/02/2018‌ 22866 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
راپۆرتی: هونەر حەمەڕەشید
وەك چۆن نەخۆشی‌و كۆچی‌ دوایی جەلال تاڵەبانی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بەخێر بۆ حیزبەكەی‌ نەشكایەوە، ئەوهاش كورسییەكەی‌ كێشەیەكی‌ تری‌ بۆ یەكێتی‌ دروستكردووە.

كۆچی‌ دوایی جەلال تاڵەبانی‌ بەشێوەیەك كاریگەری‌ لەسەر یەكێتی‌ نیشتمانی‌ داناوە، ئەو حیزبە دوای‌ چەندین هەوڵ ناتوانێت كۆبوونەوەیەكی‌ سەركردایەتی‌ ئەنجامبدات‌و ئەگەر كۆبوونەوەكەش بكەن، ئەوە بەبێ‌ ئەنجام كۆتایی دێت‌و لەسەر هیچ پرسێك یەكلانابنەوە.

تاڵەبانی‌ كە لەكۆتایی‌ 2012 نەخۆش كەوت‌و دوای‌ پێنج ساڵ لەتشرینی‌ یەكەمی‌ 2017 كۆچی‌ دوایی‌ كرد، هیچ كەس نەبوو بەقەد ئەو لەئیدارەدانی‌ حیزبەكەیدا شارەزا بێت، هەر ئەوەندەی‌ گۆڕەپانەكەشی‌ چۆڵكرد یەكێتی‌ بەجۆرێك بارودۆخی‌ تێكچووە، كە سەرپێ كەوتنەوەی‌ زەحمەت بووە.

سەعدی‌ پیرە، وتەبێژی‌ یەكێتی‌ نایشارێتەوە، چ نەخۆشكەوتنی‌‌و چ كۆچی‌ دوایی تاڵەبانی‌ كێشەی‌ گەورەی‌ بۆ دروستكردوون، بەشێوەیەك ئێستا دۆخی‌ حیزبەكەی‌ بە "ماڵی‌ بێ‌ باوك وەسف دەكات".

سەعدی‌ پیرە بۆ "نیقاش" وتی‌  "ئەو كێشانە بەهۆی‌ نەبوونی‌ تاڵەبانییەوە دروستبووە، بەشێوەیەك جێگرێكی‌ لەیەكێتی‌ جیابووەتەوە (بەرهەم ساڵح لەحیزبەكەی‌ هاتووەتە دەرەوەو هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپەروەری‌ پێكهێناوە)، هەروەها ئەگەری‌ جیابوونەوەی‌ تریش هەیە".

كێشەكانی‌ یەكێتی‌
كێشەكانی‌ یەكێتی‌ سەرچاوەیان زۆرن‌و لەئەنجامی‌ جیاوازی‌ بۆچوونی‌ بەرپرسەكانی‌ لەسەر ئیدارەدان‌و سیاسەتكردنی‌ حیزبەكەیان دروستبووەو ئێستا گەیشتووەتە ئاستێك ئەنجوومەنی‌ سەركردایەتی‌ بڕیاری‌ هەڵوەشانەوەی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ حیزبەكەیان داوەو ئەندامانی‌ مەكتەبی‌ سیاسیش ئەوە رەتدەكەنەوە.

ئەنجوومەنی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ زیاتر لەكۆبوونەوەیەك دەكات، ئەوەش تەنیا بۆ هەڵبژاردنی‌ دەستەی‌ بەرێوەبردنی‌ نوێی‌ یەكێتی‌‌و دیاریكردنی‌ رۆژی‌ كۆنگرە، بەڵام نە دەستەكەی‌ پێهەڵدەبژێرێت، نە رۆژی‌ كۆنگرەشی‌ پێ یەكلادەكرێتەوە.

یەكێتی‌ لەدامەزراندنییەوە (ساڵی‌ 1975)، تائێستا سێ‌ كۆنگرەی‌ بەستووەو دەبوو لەساڵی‌ 2014 كۆنگرەی‌ چوارەمی‌ ببەستێت، بەڵام كێشە ناوخۆییەكانی‌ رێگربوون لەبەستنی‌ كۆنگرەو ئێستاش مانگی‌ ئازار پێشنیازكراوە بۆ بەستنی‌ كۆنگرەكە، بەڵام بەدوور دەزانرێت لەو مانگەدا كۆنگرە ببەسرێت.

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ بۆ "نیقاش" دەڵێت "كێشەی‌ گەورەی‌ یەكێتی‌ نەبەستی‌ كۆنگرەی‌ چوارەمییەتی‌، كە ئەگەر لەكاتی‌ خۆی‌ كۆنگرەی‌ ببەستایە، ئەوە كێشەكان نەگەیشت بەم ئاستە".

فەرید ئەسەسەرد بەدووریشی‌ دەزانێت، یەكێتی‌ بەم دۆخەوە كۆنگرە ببەستێت، دەشڵێت: "ئەگەر كۆنگرەش ببەستێت، نابێتە هۆی‌ چارەسەری‌ كێشەكان، چونكە بەرادەیەك قووڵبووەتەوە، گەیشتنە چارەسەر ئەستەم دەبێت".

میراتییەكەی‌ تاڵەبانی‌
جەلال تاڵەبانی‌ هەر نەخۆشییەكەی‌‌و كۆچی‌ دواییەكەی‌ نابێتە كێشە بۆ یەكێتی‌، بەڵكو ناكۆكی‌ گەورە لەسەر كورسییەكەی‌ دەبێت.

یەكێتی‌ یەكێكە لەحیزبە دەسەڵاتدارەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان، بەهۆی‌ دەسەڵاتیشەوە، ئەو حیزبە خاوەنی‌ سەرمایەكی‌ گەورەیەو ناوچە جێنفوزی‌ خۆی‌ هەیەو خاوەنی‌ دەیان كۆمپانیای‌ بازرگانی‌‌و وەبەرهێنانە لەهەرێمی‌ كوردستان‌و عێراق.

جگە لەمانەش، یەكێتی‌ خاوەنی‌ دەیان پۆستی‌ حكومییە لەهەرێمی‌ كوردستان‌و عێراقدا، ئەمە جگە لەدەیان پۆستیش لەناوخۆی‌ حیزبەكە، كە دەكرێت بەمیراتییەكەی‌ تاڵەبانی‌ ناوببرێت.

یەكەم ناكۆكی‌ لەسەر شوێنی‌ تاڵەبانی، بۆ پۆستی‌ سەرۆك كۆماری‌ عێراق بوو، ناوبراو تا كاتی‌ نەخۆشكەتنی‌ ئەو پۆستەی‌ لابوو، بەڵام لەساڵی‌ 2014 ململانێیەكی‌ توند لەناوخۆی‌ یەكێتی‌ كرا، بۆ یەكلاكردنەوەی‌ ئەو پۆستە.

ئەوكات ململانێكە لەبەرژەوەندی‌ فوئاد مەعسوم كۆتایی‌ هات ئەوەش بەپشتوانی‌ خانەوادەی‌ تاڵەبانی‌، بەڵام ئەو یەكلابووەنەوەیە بووە سەرەتای‌ تەقینەوەی‌ كێشەكانی‌ یەكێتی‌، تا ئەوەی‌ بەجیابوونەوەی‌ بەرهەم ساڵح كۆتایی هات، چونكە ناوبراو یەكێك بوو لەكاندیدەكان، بەڵام نەیتوانی‌ بەدەستیبهێنێت.

ئێستاش جگە لەو پۆستە دەیان پۆستی‌ تر لەناوخۆی‌ یەكێتی‌ هەیە، كە ئەندامانی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ كێبڕكێی‌ دەكەن، رەنگە كۆنگرە بەشێك لەو پۆستانە یەكلابكاتەوە، بەڵام ئەوەی‌ جێگەی‌ سەرنجە بنەماڵەی‌ تاڵەبانی‌ چاویان لەسەر ئەو پۆستانەیەو ململانێی‌ توندیشی‌ لەسەر دەكەن.

لەئێستاوە روونە لەناو سەركردایەتی‌ داهاتووی‌ یەكێتیدا ماڵی‌ تاڵەبانی‌ دەست رۆیشتوو دەبن، قوباد تاڵەبانی‌‌و پافڵ تاڵەبانی‌ (كوڕانی‌ تاڵەبانی‌) هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد (هاوسەری‌ تاڵەبانی‌)، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد (خوشكی‌ هاوسەرەكەی‌ تاڵەبانی‌)، لاهور شێخ جەنگی‌‌و ئاراس شێخ جەنگی‌ (برازاكانی‌ تاڵەبانی‌)، لەتیف رەشید، محەمەد سابیرو بێگەرد تاڵەیانی‌‌و ئاڵا تاڵەبانی‌، (كەسانی‌ سەر بەبنەماڵەی‌ تاڵەبانی) لەدیاترین ناوەكانی‌ داهاتووی‌ یەكێتی‌ دەبن.

پۆستە هەستیارەكە
پۆستی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یەكێتی‌ لەسەرەتای‌ دورستبوونی‌ ئەو حیزبەوە لای‌ مام جەلال ماوە، باڵاترین پۆستە لەناو یەكێتیدا.

هەرچەندە بە‌پێی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كە ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی ئامادەیكردووەو بڕیارە لەكۆنگرە یەكلابكرێتەوە، پۆستی سكرتێری گشتی‌‌و مەكتەبی سیاسی نامێنێت.

هەر بەپێی‌ پەیڕەوە ئامادەكراوەكە، لەجیاتی‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ گشتی‌، بڕیارە سێ كەس ئەو حیزبە بەڕێوەببەن، دەسەڵاتەكانی سكرتێری گشتی-یان پێبدرێت‌و هەردوو ئەنجوومەنی سەركردایەتی‌و ناوەندی ئێستاش نامێنێت‌و ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی‌و دەستەی دانایان دروستدەكرێت.

لەتیف نێروەیی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی كە ئاگاداری‌ ئامادەكردنی‌ هەمواری‌ پەیڕەوی‌ ناوخۆیی حیزبەكەیەتی‌، لەبارەی‌ وردەكاری‌ پەیڕەوەكەوە بە "نیقاش"ی‌ وت: "دەستەیەكی‌ باڵا كە لەسێ‌ كەس پێكدێت دەبنە شوێنگرەوەی‌ سكرتێرو دەسەڵاتەكانی‌ سكرتێر بەسەریاندا دابەشدەكرێت، كە هەر یەكێكیان سەرپەرشتی سێ ناوەند دەكەن، ئەوانیش دابەشی‌ نۆ ناوەند‌و ستوون دەبن، لەگەڵ ئەوەش كۆمیتە‌و مەڵبەندەكان نامێنن‌و لەجێی ئەوان سەركردایەتی دەڤەر دروستدەكرێت، هەندێك ناوچەش وەك پارێزگا سەركردەیەك بەرپرسی‌ دەبێت".

هەروەها پەیڕەوە نوێیەكە، سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ بۆ 121 كەس زیاددەكرێت، كە ئێستا 41 كەسە، سەركردایەتییە نوێیەكەش هەر پارێزگایەك لەدوا هەڵبژاردندا لە‌سەدا چەندی‌ دەنگی‌ یەكێتی‌ بهێنێت، لە‌سەدا ئەوەندە پشكیان لەناو سەركردایەتییەكە دەبێت.

هەرچەندە بەپێی‌ پەیڕەوی‌ ئامادەكراوی‌ ناوخۆی‌ یەكێتی‌ پۆستی‌ سكرتێر نامێنێت، بەڵام پێش ئەنجامدانی‌ كۆنگرە، ململانێیەكی‌ توند لەسەر ئەو پۆستە هەیە، چ بۆ نەمانی‌، چ بۆ ئەوەی‌ ئەگەر مایەوە كێ‌ دەبێتە خاوەنی‌ ئەو پۆستە.

فەرید ئەسەسەرد بۆ "نیقاش" دەڵێت: "پۆستە باڵاكانی‌ یەكێتی‌ زۆرترین مشتومڕیان لەسەرەو لەداهاتووش مشتومڕەكان زیاتر دەبن، بەپۆستی‌ سكرتێری‌ گشتی-شەوە".

ئەسەسەد دەشڵێت: "ئەوە یەكلانەبووەتەوە پۆستی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یەكێتی‌ نامێنێت، بەڵام گفتوگۆی‌ لەبارەی‌ دەكرێت‌و بەدڵنیایی لەئەگەری‌ مانەوەی‌ چەند كەسێك ململانێی‌ لەسەر دەكەن، رەنگە ململانێكەش تووند بێت".

بازەكە لەسەر شانی‌ كامیان دەنیشێتەوە.. قوباد یان پافڵ؟
قوبادو پافڵ، دوو كوڕی‌ جەلال تاڵەبانین، ئەوان ئێستا زۆرترین چانسیان هەیە، كە ببنە میراتگری‌ باوكیان لەناو یەكێتی‌.

پافڵ، دوو ساڵ بەر لەدامەزراندنی یەكێتی لەدایك بووەو ئیستا تەمەنی 45 ساڵە، كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووە، ئەو ساڵانێكی‌ زۆر لەسەر شانۆی سیاسی‌ یەكێتی‌ ونبوو، بەتایبەتی‌ پێش نەخۆشكەوتنی‌ باوكی‌، ئەو دوای ڕاپەڕین لەزانكۆی ئۆكسفۆردی‌ بەریتانی‌ سەرقاڵی خوێندن بووە، یەكەم دەركەوتنی ڕاستەقینەشی‌ هەوڵەكانی‌ بوو بۆ دروستكردنی‌ دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی‌ لەپێش پرۆسەی‌ ئازادی‌ عێراق لەلایەن ئەمریكاو دوای‌ دووركەوتنەوەی‌ تاڵەبانیش بەهۆی‌ نەخۆشییەوە، دەرفەتی‌ دەركەوتنی‌ زیاتر بوو.

پافڵ ئێستا پۆستی‌ دەزگای دژایەتی تیرۆری‌ لەناو یەكێتی‌ هەیەو ئەگەر سەیرێكی‌ پەڕە تایبەتییەكانی‌ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكەیت، رۆژانە زۆربەی‌ ئەو شاندانەی‌ بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی‌ سەردانی‌ سلێمانی‌ دەكەن، ئەو پێشوازییان لێدەكات.

قوباد كوڕی دووەمی تاڵەبانییەو لەساڵی‌ 1977 لەدایكبووەو بەشی زۆری ژیانی لەدەرەوە بەتایبەت لەبەریتانیاو ئەمریكا بەسەر بردووەو لەوڵاتی‌ بەریتانیا لای باپیری - ئیبراهیم ئەحمەد- لەلەندەن دەژیا.

كاتێك بەرهەم ساڵح نوێنەری یەكێتی بووە لەئەمریكا، قوباد تاڵەبانی وەك یاریدەدەری كاریكردووە ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان‌و بە بەرپرسیاری‌ رێكخەری پەیوەندی نێوان یەكێتی‌و سوپای ئەمریكا دەستی‌ بەكاركرد.

دواتر ساڵی‌ 2004 قوباد تاڵەبانی گەڕایەوە ئەمریكاو لەوێ بووە بەنوێنەری یەكێتی لەواشنتۆن، ساڵی 2006 یش دوای یەكخستنەوەی ئیدارەی هەولێرو سلێمانی بوو بەنوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا.

قوباد تاڵەبانی‌ ئێستا باڵاترین پۆستی‌ یەكێتی‌ لەناو حكومەت لایە، كە پۆستی‌ جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەتە، لەگەڵ ئەوەی‌ هیچ پۆستێكی حیزبی لەناو یەكێتیدا نییە، بەڵام دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی وەك كارەكتەرێكی سیاسی كاریگەری‌ ناو حیزبەكەی‌ دەركەوت.

ئەوەی‌ ئێستا بووەتە جێگەی‌ پرسیار، ئەوەیە كام لەكوڕەكانی‌ تاڵەبانی‌ دەبنە میراتگری‌ راستەقینەی‌ مام جەلال، لەكاتێكدا هەریەكێكیان دەرفەت‌و چانسێكیان بۆ وەرگرتنی‌ ئەو پۆستە هەیە.

هەریەك لەم دوو كاراكتەرە خاڵی‌ بەهێزو لاوازی‌ خۆیان هەیە لەناو یەكێتی‌، بەڵام نازانرێت دواتر بازەكە لەسەر شانی‌ كامیان دەنیشێتەوە.

قادر عەزیز ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی بە"نیقاش"ی‌ وت "هەركەسێك كە مەرجەكانی‌ خۆكاندیدكردنی‌ بۆ هەر پۆستێك هەبێت، مافی‌ خۆیەتی‌ لەناو یەكێتی‌ بۆ هەر پۆستێك خۆی‌ كاندید بكات، "هەڵبەت كوڕەكانی‌ تاڵەبانیش هەمان مافیان وەك هەر كادرێكی‌ تری‌ یەكێتی‌ هەیە".

دەشڵێت: "قوباد تاڵەبانی‌‌و پافڵ تاڵەبانی‌ هەریەكەیان دەرفەتی‌ ئەوەیان هەیە ببنە كەسی‌ یەكێتی‌، بەڵام ئەو پرسە لەكۆنگرەی‌ داهاتوو یەكلادەبنەوە، ئەگەر كۆنگرەكە بكرێت".

لەناو هەموو ئەم ململانێیانەش كەسێك هەیە كە نابێت لەبەرچاو نەگیرێت، ئەویش كۆسرەت رەسوڵ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یەكێتییە كە بەپێی‌ پەیڕەوی‌ ئەو حیزبە ئێستا لەشوێنی‌ تاڵەبانییە.

ماوەیەكە نەخۆشی‌ تەنگی‌ بەكۆسرەت رەسوڵ هەڵچنییەوە، دوور نییە بەو هۆیەوە كەمێك خۆی‌ لەیەكێتی‌ دوور بخاتەوە، بەڵام بۆ ئایندەی‌ نزیكی‌ یەكێتی‌ رۆڵی‌ گەورەی‌ دەبێت لەیەكلاكردنەوەی‌ ململانێكان.

كۆسرەت رەسوڵ ئەگەر خۆیشی‌ لەسیاسەت دوور بكەوێتەوە ئەوا دوو كوڕەكەی‌ ئامادەن (شاڵاو، دەرباز – یەكێكیان سەركردایەتی‌ یەكێتی‌‌و ئەویتریان وەزیری‌ ئاوەدانكردنەوەیە)، بۆیە رەنگە پشتگیری‌ ئەو لایەنە بكات كە زۆرترین دەرفەت دەدەن بەكوڕەكانی‌.

بەپەلە