دیموكراسی‌ بەچەكەوە
هێزە كوردییەكان دەستبەرداری چەكەكانیان نابن

کوردستان

09/02/2018‌ 1310 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
هەر كاتێك وادەی‌ هەڵبژاردنەكان لەكوردستان نزیك دەبێتەوە، بابەتی‌ بوونی‌ هێزی‌ چەكدار دێتەوە بەرمەیدان، هێزە كوردییەكان هەم لەگەڵ دیموكراسیدان‌و هەم دەست لەچەكەكەشیان بەرنادەن.

لەفەرهەنگی‌ كۆمەڵایەتی‌‌و سیاسی‌ كوردیدا وشەی‌ "خورمژ" زۆر بەكاردێت، ئەمەش بۆ كەسێكە كاتێك دوو بژاردەی‌ دەخەنە بەردەست، دەیەوێت هەردووكیان بۆ خۆی‌ بێت، وشەكەش لەلێكدانی‌ (خورما+مێوژ)دا هاتووە، واتە كاتێك لەكەسێك دەپرسن ئایا خورما دەخوات یان مێوژ، ئەو هەردوكیانی‌ دەوێت، ئەم ماوەیەش بارودۆخی‌ حیزبە كوردییەكان رێك بەو شێوەیەیە.

بەپێی‌ یاسا كارپێكراوەكانی‌ عێراق‌و كوردستان نابێت ئەو هێزانەی‌ باڵی‌ سەربازییان هەیە بەشداری‌ لەهەڵبژاردندا بكەن، بەڵام زیاتر لەچارەكە سەدەیەكە زۆربەی‌ هێزە كوردییەكان بەشداری‌ هەڵبژاردن دەكەن، بێ‌ ئەوەی‌ دەست لەچەكەكەیان هەڵبگرن.

ئەوە یەكلابووەتەوە، كە لەمانگی‌ ئایاری‌ داهاتوو هەڵبژاردنەكانی‌ پەرلەمانی‌ عێراق بەڕێوە دەچێت، مقۆمقۆ گەرمە لەم چەند مانگەشدا كوردستان هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ خۆی‌ بەڕێوە ببات، جگە لەبوونی‌ ساختەكاری‌‌و ناوی‌ زیادەو پێشێلكاری‌، بابەتی‌ بوونی‌ هێزە چەكدارەكانیش لەگەڵ هەڵبژاردندا لەكوردستان ناوی‌ دێت.

لەكوردستان زیاتر لە سی‌ حیزبی‌ سیاسی‌ هەن، بەڵام پێنج لەوانە زۆرینەی‌ هەر زۆری‌ كورسییەكانی‌ پەرلەمانیان لایە (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، بزوتنەوەی‌ گۆڕان، یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌، كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌).

ئەگەر خەڵكی‌ عێراق ترسی‌ ئەوەیان هەبێت كە رەنگە هێزە سیاسیەكان رۆژێك لەرۆژان باڵی‌ چەكداریی‌ خۆیان بەرامبەر یەكتر بەكاربهێنن، ئەم ترسە لەكوردستان بووەتە واقیع‌و بەڕاستی‌ ئەزموونكراوە، دوو هێزە سەرەكییەكە (پارتی‌‌و یەكێتی‌) بۆ چەند ساڵێك بەهێزە چەكدارەكانیان شەڕی‌ ناوخۆیان كرد، لەهیچ قۆناغێكیشدا مەترسی‌ بەكارهێنانەوە ئەو هێزانە نەڕەویوەتەوە.

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان خاوەنی‌ هێزی‌ سەربازی‌ گەورەی‌ تایبەت بەخۆیانن، دەزگای‌ ئەمنی‌‌و هەواڵگری‌‌و ئاسایش‌و جۆرەها هێزی‌ چەكداری‌ دیكەی‌ تایبەت بەخۆیان هەیە، جگە لەمانەش حزبی‌ سۆسیالیست دیموكراتی‌ كوردستان كە خاوەنی‌ تاقە كورسییەكە لەپەرلەمان خاوەنی‌ هێزی‌ چەكداری‌ خۆیەتی‌، كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌‌و بزوتنەوەی‌ ئیسلامیش تا ساڵی‌ 2003 خاوەنی‌ هێزی‌ چەكداربوون، هەرچەندە ئێستا بەفیعلی‌ مەكتەبی‌ عەسكەرییان سڕكراوە، بەڵام رووبەرووی‌ هەر ناكۆكییەك ببنەوە، چەكداری‌ خۆیان هەیە، ئەمە بۆ زۆربەی‌ هەرە زۆری‌ هێزەكانی‌ دیكەش راستە.

ئێستا، كە وادەی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق نزیكبووەتەوەو باس لەرێگری‌ هێزی‌ چەكداریی‌ دەكرێت، چەندین كەس‌و لایەن بەدەرفەتی‌ دەزانن سوود لەباڵادەستی‌ عێراق وەربگرێت بۆ ئەوەی‌ هێزە سەربازییەكانی‌ كوردستانیش بەنیزامی‌ بكرێت‌و لەژێر سایەتی‌ حیزبەكاندا بێنە دەرەوە.

ئەمین بەكر، ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق_گۆڕان_، بە "نیقاش"ی‌ وت "لەعێراقدا باس لەوە دەكرێت مادام هێزەكانی‌ حەشد چەكدارن نابێت بچنە هەڵبژاردنەوە، بۆ هەرێمی‌ كوردستانیش هەمان شتە بەشێك لەحزبە سیاسیەكانیش هێزی‌ چەكداریان هەیە، بەپلەی‌ یەكەم یەكێتی‌‌و پارتی‌ هێزی‌ پێشمەرگەیان هەیە، تائێستاش ئەو هێزانە وەلائیان بۆ ئەو دوو حیزبەیە كە دایانمەزراندوون".

ئەمین بەكر، ترسی‌ خۆی‌ نەشاردەوە لەوەی‌ "ئێستاش ئەگەری‌ ئەوە هەیە پێشمەرگە لە پێكدادانی‌ ناوخۆییدا بەكاربهێنرێت‌و لەسەر خواست‌و ئیرادەی‌ حزب هەنگاو هەڵبگرێت".

لەهەرێمی‌ كوردستان 14 لیوای‌ هاوبەشی‌ پێشمەرگە هەیەو ژمارەیان 45 هەزار پێشمەرگەیەو بەڕێككەوتنی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان دانراون، ئەگەر سەرۆكایەتیی لیوایەك بەدەست یەكێتییەوە بێت جێگرەكەی پارتییەو بەپێچەوانەشەوە.

جگە لەوەش، هەردوو حیزبەكە خاوەنی‌ هێزی‌ تایبەتی‌ خۆیانن، یەكێتی خاوەنی یەكەكانی 70و پارتییش خاوەنی یەكەكانی 80 یەو ژمارەیان نزیكەی 150 هەزار پێشمەرگە دەبێت.

ئەمین بەكر، جەختیكردوە "وەسفەكانی‌ هێزێكی‌ سەربازی‌ رێكخراوی‌ ناحزبی‌ بەسەر هێزەكانی‌ حەفتاو هەشتادا ناچەسپێت، هەردوو یەكەكە سەربە یەكێتی‌‌و پارتین وەكو بەرێوەبردن‌و ئیدارەدان، بۆیە ناتوانرێت بوترێت هێزی‌ بێلایەنن".

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی‌ كوردستان دەڵێن لەهەڵبژاردنەكانی‌ پێشتری‌ هەرێمی‌ كوردستاندا، جگە لەوەی‌ هێزە ئەمنیەكان بۆ "چاوترساندن"ی‌ دەنگدەران بەكارهێنراون، لە هەمانكاتدا لەڕێگەیانەوە ساختەكاری‌ لە هەڵبژاردن كراوە بەوەی‌ هەبووە چەند جارێك دەنگیداوەتەوە.

یاسای حزبەكان لە عێراق كە پەرلەمان لە ساڵی 2015 پەسەندی كرد، بەشداریكردنی گروپە چەكدارەكان لە هەڵبژاردندا قەدەغە دەكات‌و ماددەی 8ی كە پەیوەندیدارە بە مەرجەكانی دامەزراندنی حزبەكان، تێیدا هاتووە "نابێت دامەزراندنی حزب‌و كاركردنی لە شێوەی رێكخراوی سەربازی یاخود نیمچە سەربازیدا بێت، هەروەك نابێت پەیوەندیان بە هیچ هێزێكی چەكدارەوە هەبێت".

دوو هێزە سەرەكییەكەی‌ كوردستان لەگەڵ ئەوەی‌ بەگەورەیی‌ دروشمی‌ دیموكراسییان بەرزكردووەتەوە، بەڵام هەر كاتێك بارودۆخەكە بەدڵی‌ ئەوان نەبووبێت باسی‌ بەكارهێنانی‌ هێزی‌ چەكداریان هێناوەتەوە ئاراوە.

مەلا بەختیار لێپرسراوی‌ دەستەی‌ كارگێڕی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان كە بەیەكێك لەدیموكراسخوازترین بەرپرسەكانی‌ ئەو حیزبە ناسراوە، لەچاوپێكەوتنێكی‌ كەناڵی‌ رووداو لەمانگی‌ كانوونی‌ دووەمی‌ ئەمساڵدا وتی‌ "ئەگەر یەك كورسی‌ یان سەد كورسی‌ بێنین، هەر یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانین... ئێمە چەكمان هەیەو كەس ناتوانێت چەكمان بكات".

ئەم لێدوانە لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەرایەكی‌ زۆری‌ نایەوەو ئەوانەی‌ گومانیان لەدیموكراسی‌ كوردستان هەیە، هەمیشە وەك باڵگەی‌ قسەكانی‌ خۆیان باسیان دەكرد.

یەكێتی‌‌و پارتی‌ پاساوی‌ یاسایی‌ دەهێننەوە بۆ بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكان، دەڵێن "هێزی‌ چەكداریان نییە"‌و لە چوارچێوەی‌ دامەزراوە ئەمینەكاندا رێكخراون.

شوان داودی‌، وتەبێژی‌ فراكسیۆنی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان لە ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق، بە"نیقاش"ی‌ وت "هێزەكانی‌ یەكێتی‌‌و پارتی‌ لە چوارچێوەی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگەدا تۆماركراون‌و وەزارەت سەرپەرشتیان دەكات‌و سەر بە حكومەتن‌و چوارچێوەی‌ یاساییان هەیە".

بەڵام پێیوایە لە "عێراقدا هێزی‌ چەكدار هەیە لەدەرەوەی‌ مەنزومەی‌ بەرگرین"، وتیشی "هێزەكانی‌ یەكەی‌ حەفتا‌و هەشتا وەكو هێزی‌ رەسمی‌ مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت".

هەروەها شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، پشتیوانی‌ قسەكانی‌ داودی‌ دەكات‌و دەڵێت "هیچ هێزێكی‌ چەكدار‌و حزبی‌ لەهەرێمی‌ كوردستان نییە، ئەوەی هەیە لەوەزارەتی‌ پێشمەرگە موچە وەردەگرن‌و سەر بەو وەزارەتەن".

وتی‌ "بەڵام لە عێراقدا حەشدی‌ شەعبی‌ هەیە كە هێزە شیعەكان خانەی‌ خۆیان هەیە تێیدا، حەشدی‌ شەعبی‌ هێزی‌ حزبە‌و دەبوایە هەڵبوەشێنرایەتەوە، بەڵام ئەوە نەكراو بەنیازن بەشداری‌ پرۆسەی‌ سیاسی‌ بكەن".

وتیشی‌ "هەردوو یەكەی‌ حەفتا‌و هەشتا، لەگەڵ هێزەكانی‌ دیكەی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە دەبنە هێزێكی‌ هاوبەش، لەسەر ئەو بودجەی‌ ئەمریكا راهێنانیان پێدەكرێت، دوای‌ ئەوە دەبنە لیوایەكی‌ هاوبەش".

بەڵام قسەی‌ ئەم دوو پەرلەمانتارە لەگەڵ واقیعی‌ كوردستاندا یەك نایەتەوە، لەوەتەی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان هەیە ئەگەر وەزیری‌ پێشمەرگە یەكێتی‌ بووبێت، ئەوا جێگرەكەی‌ پارتی‌ بووەو هەریەكەشیان دەستی‌ بەسەر هێزەكەی‌ ئەوی‌ تردا نەڕۆیشتووە، كاتێكیش لەدوای‌ هەڵبژاردنەكانی‌ 2013 وەزارەتی‌ پێشمەرگە درا بەبزوتنەوەی‌ گۆڕان، وەزیرەكەی‌ گۆڕان ئەو چەند مانگەی‌ پۆستەكەی‌ پێبوو هیچ كاتێك دەستی‌ بەسەر هێزە چەكدارە حیزبییەكاندا نەدەڕۆیشت.

بەگوێرەی‌ رێوشوێنەكانی‌ كۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردنەكان، دوا وادەی پێشكەشكردنی‌ ناوی‌ كاندیدەكان بە كۆمسیۆن نزیكبووەتەوەو دوای‌ هەڵسەنگاندن، ناوەكان پەسەند یاخود رەتدەكرێنەوە.

كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق، مامەڵە لەگەڵ بەڵگەیی‌ یاسایی‌ دەكات نەك واقیع بۆ ئەوەی‌ هێزەكانی‌ یەكێتی‌‌و پارتی‌ لە هەڵبژاردن دووربخاتەوە.

سەعید كاكەیی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە"نیقاش"ی‌ وت "یەكێتی‌‌و پارتی‌ لە ژێر چەتری‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگەدا هێزەكانیان رێكخستووە، حەشدی‌ شەعبیش لە ژێر فەرماندەیی‌ سەرۆكی‌ هێزە چەكدارەكان رێكخستووە، بەڵگەیەك نییە كە ئەم حزبانە هێزی‌ چەكدارییان هەبێت".

كاكەیی‌ وتی‌ "باسی‌ واقیع ناكرێت باسی‌ بەڵگە دەكرێت، وەكو كۆمسیۆن بەپێی‌ بەڵگە مامەڵە دەكەین، لەگەڵ واقیع هەڵسوكەوت ناكەین، بەپێی‌ یاسا ئەم هێزانە سەر بە وەزارەتی‌ پێشمەرگەن بەڵام ئەگەر بەڵگەیەكی‌ دیكە هەبێت نكوڵی‌ لەوە بكات، ئەوا دادگا یەكلایدەكاتەوە، هەر هێزێك لەدەرەوەی‌ یاسای‌ هێزی‌ چەكداری‌ هەبێت نابێت بەشداری‌ هەڵبژاردن بكات".