كاریگەری لەسەر نەخشەی سیاسی دروستدەكات
شیكاری.. هەڵبژاردنی عێراق چی لەهەرێمی كوردستان دەگۆڕێت؟

عیراق

14/02/2018‌ 2631 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی كاریگەری لەسەر سیستمی حوكمڕانی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نابێت، بەڵام كاریگەری لەسەر نەخشەی سیاسی هێزەكان درووست دەكات، بۆ هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨ چاوەڕوان دەكرێت گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی هێزەكان درووست بكات و بەرزی و نزمی بە رێژەی دەنگی لایەنە سیاسیەكان بكات، لەلایەك بەهۆی ئەو روداوانەی لە ساڵانی رابردوورویاندا لە ناویاندا ریفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ و روداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرو شكستی حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان و درووست بوونی هێزی نوێ لە ناو هەرێمی كوردستان، لەلایەكیش بەهۆی ئەو هەموو قەیران و نەهامەتیانەی بەسەر هاوڵاتیانی كوردستاندا هاتووە.

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان ژمارەی كورسیەكانی ( ٤٤) كورسیە بە جۆرێك هەولێر ( ١٥ ) كورسی ، سلێمانی ( ١٨ ) كورسی و دهۆك ( ١١ ) كورسی، هاوكات بە پێی داتاكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پارێزگای هەولێر ( ١٠٤١٨٣٧ ) كەس و پارێزگای سلێمانی (١٣٤٣٥٢١) كەس و پارێزگای دهۆك ( ٦٨٨١٢٧ ) كەس مافی دەنگدانی دەبێت بۆ هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨ كە كۆی گشتی دەكاتە (٣٠٧٣٤٨٥) مافی دەنگدەر، كە لە هەڵبژاردنی ٣٠ی نیسانی ٢٠١٤ دا (٢٧١٧٠٨٢ )كەس مافی دەنگدانی هەبوو واتا لەسێ پاێزگاكەی هەرێم (٣٥٦٤٠٣) دەنگدەر زیادی كردووە، بەجۆرێك لە هەولێر (١٠٥٢٨٠ ) و لە سلێمانی (١٧٥٠٦٢) و لە دهۆك (٧٦٠٦١ ) كەس زیادی كردووە، ئەو زیادبوونەوەی ژمارەی دەنگدەران ئەو چوار تەمەنەیە كە لەماوەی ئەوچوارساڵەدا مافی دەنگدانیان دەبێت، ئەو ژمارەیە كە بەشی ( ١٧ كورسی ) پەرلەمانی كوردستان دەكات ئەگەر بەهای كورسیەك نزیكەی ( ٢٠ هەزار ) دەنگ بێت وەك هەڵبژاردنی ٢٠١٣ی پەرلەمانی كوردستان و بەشی زیاتر لە ( ٧ ) كورسی پەرلەمانی عێراق دەكات كە بەهای كورسیەك نزیكەی ( ٥٠ هەزار ) دەنگ بێت، ئەم ژمارەی دەنگدەرانە لەبەر ئەوەی یەكەمجارە بەشداری دەكەن زۆرینەیان بەشدار دەبن و كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت.

هەرێم لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤ی پەرلەمانی عێراقدا
لە هەڵبژاردنی ٣٠ی نیسانی ٢٠١٤ دا ژمارەیەكی زۆری لیست و قەوارە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان كرد لە هەرێمی كوردستان بەڵام تەنها تەنها (٥) لیست دەنگی كورسیان بۆخۆیان مسۆگەر كرد، بۆیە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تەنها دەنگی ئەوانی ئەژمار كردووە كەكورسیان هێناوە، لە تێكڕای ئەوانەی دەنگیاندا لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (٢١٢٨١٦٧) كەس دەنگیداوە بەڵام (٢٠٥٥٠٠٣ ) دەنگی گشتیی هێزەكان بووە، بەڵام ئەو هێزانەی كورسیان بەدەستهێناوە دەكاتە(١٨٥٣٩٠٥)، بەو پێیە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان (٧٥٣٠١٤) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (٣٥%) و ( ١٧ ) كورسی و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (٤٩٦٥٣٦) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (٢٣%)دەنگ و ( ١١ ) كورسی و بزووتنەوەی گۆڕان (٤٧٢٥٠٣) بەدەستهێناوە بەڕێژەی (٢٢%) دەنگ و ( ٩ ) كورسی، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش (١٩٢١٧٩) دەنگ بەڕێژەی (٩%) دەنگ و ( ٤ ) كورسی و و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانیش (١٤٠٧٧١) دەنگ بەڕێژەی (٧%) دەنگ و ( ٣ ) كورسی بەدەستهێناوە، كە رێژەی دەنگ و كورسی لەسەر ئاستی پارێزگاكان بۆ هەر هێزو لایەنێك جیاواز بووە. 

أ‌- پارێزگای هەولێر 
پارێزگای هەولێر كە ١٥ كورسی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاری كراوە لە هەڵبژاردنی ٣٠/٤/٢٠١٤ لەپارێزگای هەولێر(٩٣٦٥٥٧) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووەو (٧٤٤٤٨٩) هاوڵاتیش دەنگیانداوە، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (٣٥٤٧٣٥) دەنگی بەدەست هێنا بەرێژەی (٤٨% ) و (٧) كورسی پەرلەمانی بۆ خۆی مسۆگەر بكات، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (١٦٨٦٨٨) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (٢٣%) كە ( ٤ ) كورسی بەدەستێنا، لیستی گۆڕان توانی (١٠٤٠٥٩) دەنگ بەدەست بهێنێت بەڕێژەی (١٤%) و (٢) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (٨٠٤٩٢) دەنگ بەڕێژەی (١١%)و توانی (٢) كورسی بەدەست بهێنێت، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (٢٦٣٢٣) دەنگ وبەڕێژەی (٤%)،بەڵام هیچ كورسیەكی لە پارێزگای هەولێر مسۆگەر نەكرد . 

ب‌- پارێزگای سلێمانی 
لە پارێزگای سلێمانی كە (١١٦٨٤٥٩) كەس مافی دەنگدانی هەبووەو لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ٣٠/٤/٢٠١٤ كە (٨٩٣٢٢٦ ) كەس دەنگیان داوەبەرێژەی ( ٧٦% ) و ١٨ كورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكراوە ، لیستی گۆڕان توانی (٣٤٧٧٩٩) دەنگ بەدەست بهێنێت بەڕێژەی (٣٩%)و (٧) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (٢٩٤٢٦٥) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (٣٣%) كە ( ٦ ) كورسی بەدەستێنا، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (٩٣٤١٠) دەنگ بەدەست بهێنێتبەرێژەی (١٠% ) و (٢) كورسی پەرلەمانی بۆ خۆی مسۆگەر بكات، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (٨١٣٩٢) دەنگ وبەڕێژەی (٩%) و ( ٢ ) كورسی مسۆگەركردووە،لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (٥٧١٠٢) دەنگ بەڕێژەی (٦%)و توانی (١) كورسی بەدەست بهێنێت.

ج- پارێزگای دهۆك 
لە پارێزگای دهۆكیش كە ١١ كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەردەكەوێت و (٦١٢٠٦٦) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، (٤٩٠٤٥٢) هاوڵاتی دەنگیانداوە بەرێژەی ( ٨٠ )، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانی (٣٠٤٨٦٩) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( ٦٢%) توانی توانی (٨) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان (٨٤٤٦٤) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (١٧% ) و بەدەستهێنانی (٢) كورسی، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (٣٣٥٨٣) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژی ( ٧) و ( ١ ) كورسی بەدەستهێناوە، بەڵام بز‌ووتنەوەی گۆڕانیش (٢٠٦٤٥) دەنگ و بەرێژەی ( ٤%) هیچ كورسیەكی بەدەستنەهێناوە و كۆمەڵی ئیسلامی ( ٣١٧٧) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( ١%) وهیچ كورسیەكی بەدەست نەهێناوە. .

د- بەراوردی دەنگی لایەنەكان لە هەڵبژاردنەكانی ٢٠١٠ و ٢٠١٤ 
گەر بەراوردی دەنگی لایەنە سیاسییەكان بكەین لە نێوان هەڵبژاردنی ٢٠١٠ و ٢٠١٤ ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جیاوازی و گۆڕانكاری دەنگی لایەنەكان دەرەكەون، لە هەڵبژاردنی ٧/٣/٢٠١٠ دا پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان (٦٧٠٩٦٥) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (٣٤.٦%) و بەڵام لە هەڵبژاردنی ٣٠/٤/٢٠١٤ پارتی دیموكراتی كوردستان (٧٥٣٠١٤) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (٣٥% )، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی ٢٠١٠ دا (٣٩٧٩٢٩) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (٢٠.٥٢%)، بەڵام لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤دا (٤٩٦٥٣٦) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (٢٣%)، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ٢٠١٠ دا (٤٢٥٧٩٣) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (٢٢%)، بەڵام لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤دا (٤٧٢٥٠٣) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (٢٢%)، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە هەڵبژاردنی ٢٠١٠ دا (٢١٤٢٢٢) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (١١.٥%)، بەڵام لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤دا (١٩٢١٧٩) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (٩%)، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لە هەڵبژاردنی ٢٠١٠ دا (١٤٤٩٨٧) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (٧.٥%)، بەڵام لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤دا (١٤٠٧٧١) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (٧%)،

قەیرانەكانی هەرێم و لەناوشیاندا نەبوونی موچەی موچەخۆرانی هەرێم كە ژمارەیان ( یەك ملیۆن و ٢٤٩ هەزار ) كەسە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر هەڵبژاردنەكان دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم، ئەمە سەرەرای روداوەكانی ٢٥ی ئەیلول و ١٦ ی ئۆكتۆبەرو درووست بوونی لیستی نوێ، لەسەر ئاستی بەغداش كورد ئەستەمە ئەو سەنگ و پێگەیەی پێشووی پێبدرێتەوە، كە پێشتر ( سەرۆك كۆمار، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، ٥ وەزیر، ٦٥ پەرلەمانتار، دەیان بەرێوەبەرو راوێژكارو پۆستی سەربازی ) 

بەڵام هەرچۆنێك بێت هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨ جموجوڵی سیاسی دەخاتەوە ناو گۆڕەپانی كوردستان و جارێكی تر هێزەكانە دەچنەوە بەردەم تاقیكردنەوەی هاوڵاتیان، كە ئایا هاوڵاتیانی كوردستان سزای هێزەكان دەدەن سزای ئەو نەهامەتی و قەیرانانەیان دەدەن، یاخود لێیان خۆش دەبن.