هەڕەشەكان ناڕەوێنەوە.. كشانەوەی ئەمریكا پارێزگا سوننەكان دەترسێنێت

عیراق

17/02/2018‌ 1157 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
دانیشتووانی پارێزگا سوننەنشینەكان بەنیگەرانییەوە چاودێری ئەو مشتومڕە دەكەن كە چەند رۆژێكە لە بەغدا لەئارادایە سەبارەت بە چارەنووسی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق.

شارە وێرانكراوە سوننەنشینەكان هێشتا هەست بەنیگەرانی‌و ترس دەكەن لە ئایندەیان‌و مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بە پێویست دەزانن بۆ پاراستنیان لە مەترسییەكانی داهاتوو.

لە دەوروبەری شارۆچكەی هیت لە خۆرئاوای ئەنبار عەبدولحەمید نەمراوی لەگەڵ فەوجێكی چەكداری جەنگاوەرانی عەشایر كە لەژێر فەرمانیدان سەرقاڵی جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنی كێوماڵی شەوانەیە بۆ پاراستنی شارەكە لە هەوڵی دزەكردنی توندڕەوان‌و جێبەجێكردنی كردەوەی تیرۆریستی، هەرچەندە ئەو هێزە شەڕكەرە چەكی سووكی ئەمریكییان پێیە، بەڵام نەمراوی رازی نییە لە پڕچەككردنیان‌و هەوڵ بۆ زیاتر دەدات.

لە تشرینی دووەمی رابردوودا هێزە ئەمنییەكانی عێراق توانییان هەموو ئەو شارۆچكانە كۆنترۆڵ بكەنەوە كە "داعش" لە ئەنبار داگیری كردبوون ئەویش دوای چەند شەڕێك كە زیاتر لە دوو ساڵ بەردەوام بوون، بەڵام بەپێی قسەی نەمراوی هێشتا تیرۆریستان لە چەند ناوچەیەكی بیاباناویدا خۆیان حەشارداوە‌و هەوڵ دەدەن سەرلەنوێ لەڕێی سنووری سوریاوە دزە بكەنە ناو ئەنبارەوە.

نەمراوی بە "نیقاش"ی وت: "حكومەتی بەغدا دەستبەردارمان بووە كە پێشتر بەڵێنی دابوو پڕچەكمان بكات‌و مووچە بۆ جەنگاوەرانمان دابین بكات، دەیان داواكاریمان سەبارەت بە كێشەكانمان بۆ بەغدا ناردووە‌و هەموو جارێكیش هەمان وەڵاممان دەدرێتەوە كە حكومەت رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە، لە كاتێكدا هێزەكانی ئەمریكا كە لە بنكەی سەربازی عەین لئەسەد جێگرن، مەشقمان پێدەكەن‌و بەشێوەیەكی سادە پڕچەكمان دەكەن لە دوای وەرگرتنی رازامەندی حكومەتی عێراق، ئەوەش لە هیچ باشترە".

نەمراوی كە شانبەشانی سوپای عێراق بەشداری لە شەڕەكانی كۆنترۆڵكردنەوەی ئەنباردا كردووە، دەڵێت: "توانیمان شكست بە تیرۆریستان بهێنین، بەڵام ئەوان بەئاسانی دەستهەڵناگرن، مانگی رابردوو رێكخراوی داعش زیاتر لە 10 هەوڵی بەزاندنی سنووری عێراقی داوە، ئەگەر ئەو زانیاریانە نەبوونایە كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌و ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی ئەمریكا دابینیان دەكەن كە لە بنكەی عەین لئەسەدەوە دەفڕن، ئەوا نەماندەتوانی ئاشكرایان بكەین‌و توندڕەوان ناچار بكەین بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێوەی هاتوون".

نەمراوی هەروەها دەڵێت: "پاراستنی ئاسایشی ئەنبار ئەركێكی سەختە‌و پێویستی بە توانای سەربازی پێشكەوتوو هەیە، بەداخەوە سوپای عێراقیش كەموكوڕی زۆرە، بۆیە ناكرێت بەو خێراییە دەستبەرداری هێزەكانی ئەمریكا ببین كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان‌و زانیاری هەواڵگری‌و فڕۆكەی شەڕكەریان هەیە بۆ چاودێریكردنی سنوور، هەروەك ململانێی سیاسی نێوان حزبە سوننەكان لە ئەنجومەنی پارێزگاش جێگای نیگەرانیە".

ئەنبار گەورەترین پارێزگای عێراقە‌و سێیەكی رووبەری وڵاتەكەیە كە رووبەرەكەی (138500 كم) دەبێت لە كۆی رووبەری عێراق كە (437072 كم)ە، هەروەها لە هەر پێنج پارێزگای دەوەروبەری (نەینەوا‌و سەڵاحەدین‌و بەغدا‌و بابل‌و كەربەلا‌و نەجەف) پێكەوە گەورەترە، هەرچی سنوورەكەشیەتی ئەوا درێژییەكەی زیاتر لە (600) كیلۆمەترە.

لە 27ی مانگی رابردوودا هێزەكانی ئەمریكا لە شارۆچكەی بەغدادی لە ئەنبار هێرشێكی ئاسمانییان بە هەڵە ئەنجام دا كە بووە مایەی كوژرانی 8 كەس لە هێزە ئەمنییە خۆجێییەكان، هەرچەندە "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" رایگەیاند هێرشەكە بەپێی زانیاری ئەمنی عێراق ئەنجام دراوە‌و وەزارەتی بەرگری عێراقیش ئەوەی پشتڕاست كردەوە، بەڵام رووداوەكە دەرگای بەڕووی مشتومڕێكی گەرم لەنێوان سیاسییە عێراقییەكاندا كردەوە سەبارەت بە چارەنووسی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتدا لەدوای كۆتاییهاتنی قۆناغی "داعش".

گرووپە شیعەكانی سەر بە ئێران، "بەدر" بەسەركردایەتی هادی عامری‌و "عەسائیب ئەهلل حەق" بە سەركردایەتی قەیس خەزعەلی‌و "نوجەبا" بە سەركردایەتی ئەكرەم كەعبی‌و "كەتائیب حزبوڵڵا" هەموویان دوای رووداوەكە داوایان كرد هێزەكانی ئەمریكا بە زووترین كات بچنە دەرەوە‌و بەڵێنیشیان دا لە پەرلەمانی عێراق دەنگ كۆبكەنەوە بۆ لێپێچینەوە لە حكومەت لەسەر ئەو رووداوە.

"كەتائیب حزبوڵڵا" كە بەهێزترین گرووپ‌و دڵسۆزترینیانە بۆ ئێران‌و باوەڕوایە سەركردەكەی ئەبو مەهدی موهەندیس بێت، هێزەكانی ئەمریكای بە هێزی داگیركەر لەقەڵەم دا‌و هەفتەی رابردوو جەعفەر حوسەینی وتەبێژی لە راگەیەندراوێكدا وتی: "لەوانەیە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریكییەكان لە هەر ساتێكدا دەستپێبكات، ئەمجارەش هیچ ناوبژیوانییەك بەكەڵكی ئەمریكییەكان نایەت، وەكو جارەكانی پێشوو".

نەك تەنیا گرووپە چەكدارەكان، بەڵكو حزبە شیعەكانیش لە پەرلەمان دەستیان كردووە بە داواكردنی چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا، بۆیە مەنسور بعێجی پەرلەمانتار لە "ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا" بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی وتی: "پێویستە حكومەت ئەوە روونبكاتەوە كە ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا چەندە‌و كەی دەچنە دەرەوە، چونكە مانەوەیان لە وڵاتدا پلانێكە بۆ دابەشكردنی عێراق".

تائێستا حكومەتی عێراق لەبارەی ئەو بابەتە هەستیارەوە بێدەنگە‌و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لەكاتی باسكردنی ئەم بابەتەدا زمانێكی بێلایەن بەكاردەهێنێت بۆئەوەی ئێران‌و هاوپەیمانەكانی توڕە نەكات‌و خۆی لە لەدەستدانی پشتیوانی سەربازی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان بەدوور بگرێت.

بەڵام بە وتەی بەرپرسێكی گەورەی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار پارێزگا سوننەنشینەكانی ئەنبار‌و سەڵاحەدین‌و نەینەوا كە لەژێر گوشاری وێرانكاریدان‌و دانیشتووانەكانیان لە خانووی خاپووركراو‌و كامپی ئاوارەییدا دەژین، رایەكی تریان هەیە‌و پێیانوایە بوونی هێزەكانی ئەمریكا فاكتەرێكی بێلایەنە بۆ نەگەڕانەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكان‌و رێگری لە بڵاوبوونەوەی گرووپە شیعەكان لە شارە سوننەنشینەكاندا بەبیانووی پاراستنی ئاسایش.

ئەو بەپرسە بە مەرجی ناونەهێنانی لەبەر هەستیاری بابەتەكە بە "نیقاش"ی وت: "با بەراشكاوی قسە بكەین، ئەو رۆژەی هێزەكانی ئەمریكا لە شارەكانمان دەچنە دەرەوە رۆژی خۆشی پاشماوەی چەكدارانی داعش دەبێت، چونكە ئەوان مەترسی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان‌و هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی باش دەزانن".

وتیشی: "حكومەت لە بەغدا باش دەزانێت كە داعش لە ساڵی 2014دا لەپڕ نەچووەتە ئەنبار، بەڵكو هەر لە كاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق لە كۆتایی ساڵی 2011دا هەوڵیداوە ریزەكانی رێكبخات‌و ئەو كاتەی فڕۆكەكانی ئەمریكا چاودێریكردنی سنووری سوریایان راگرت ئیتر تیرۆریستان دەستیانكرد بە دزەكرد بۆ ئەو بیابانە بەرفراوانە‌و دۆڵە سروشتییەكانیان كردە بارەگای خۆیان بەبێ ئەوەی كەس چاودێریان بكات، تا ئەو كاتەی دەرفەتی هێرشكردنە سەر فەلوجە‌و پاشان شارەكانی تریان بۆ هەڵكەوت".

عەقید شاكر دلێمی ئەفسەر لە فیرقەی حەوتی سوپای عێراق كە لە ئەنبار بڵاوبوونەتەوە، دەڵێت: "لە ساڵانی داگیركاری ئەمریكادا پلانی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ سەپاندنی ئاسایش پشتی بە كۆكردنەوەی نزیكەی (40) هەزار لە سەربازانی لە ئەنبار بەستبوو لەو (160) هەزار سەربازەی لە 18 شاری عێراقدا بڵاوكرابوونەوە، لە دابنیكردنی ئاسایشی ئەم پارێزگا ئاڵۆزە‌و پاراستنی سنوورە درودرێژەكەشی لەگەڵ سوریادا هێزەكانی ئەمریكا پشتیان بە هێزی ئاسمانی بەستبوو، یەك پۆلی تەواو لە هێلیكۆپتەری "ئەپاچی" شەڕكەری لێبوو كە 30 فڕۆكەی لەخۆدەگرت‌و گەشتی چڕوپڕیان لەسەر سنوور ئەنجام دەدا لەپاڵ فڕۆكە جەنگییەكانی دیكەدا".

دلێمی بە "نیقاش"ی وت: "داعش شارەزایی لە رێگا‌و حەشارگەی نێوان دۆڵەكان هەیە لە شارە گەورە‌و بچووكەكانی ئەنباردا، هەروەك ئاشنای رێگا نهێنیەكانی تونێلە سروشتی‌و دەستكردەكانە كە شارەكان پێكەوە دەبەستنەوە، هەروەها تونێل هەیە عێراق‌و سوریا پێكەوە دەبەستنەوە‌و لەژێر كۆنترۆڵی داعشدان".

ئەو وتیشی: "كێشەكە تەنیا لە حەشارەگەی تیرۆریستان لەبیاباندا نییە، بەڵكو لە كۆنترۆڵكردنی سنووری دوور‌ودرێژی نێوان ئەنبار‌و سوریادایە، زیاتر لە (600) كیلۆمەتر سنوور هەیە كە رووبەرێكی زۆرە‌و پاراستنی پێویستی بە سوپایەكی تەواو هەیە، ئێستاش چەند یەكەیەكی سوپا‌و حەشدی شەعبی سنوور دەپارێزن‌و رووبەڕووی هێرشی بەردەوام دەبنەوە".

ترسی شارە سوننەنشینەكان تەنیا گەڕانەوەی تیرۆریستان نییە، بەڵكو ترسیشە لە بەردەوامی بڵاوبوونەوەی گرووپە شیعەكان لە شارەكاندا بە بیانووی پاراستنی ئاسایش بەهۆی نەبوونی هێزێكی خۆجێیی كە بتوانێت دۆسێی ئەمنی بەڕێوە ببات لەدوای هەرەستهێنانی دەزگای پۆلیس لە هاوینی ساڵی 2015دا.

هەرسهێنانی هێزەكانی پۆلیسی خۆجێیی لە شارە ئازادكراوەكاندا ئەنجامێكی چاوەڕوانكراو بوو لە دوای باڵادەستبوونی توندڕەوان، چونكە حكومەت چیتر متمانەی بە‌و دەزگایە نەدەكرد لەترسی دزەكردنی توندڕوان بۆ نێو ریزەكانی، بەڵام گێڕانەوەی سەقامگیری ئەمنی لە هەموو شەقام‌و ناوچەیەك‌و سەرلەنوێ گەڕانەوەی باوەڕی خەڵك بە سیستمی دادوەری بەندە بە بوونی هێزی خۆجێییەوە نەك هێزی نامۆ بە دانیشتووانی شارەكە.

لە پارێزگای سەڵاحەدین چوار هێزی ئەمنی پێكەوە نەگونجاو بڵاوبوونەتەوە، سوپا، پۆلیسی خۆجێیی، گرووپە شیعەكان‌و هێزی عەشایر، كاروباری ئەمنیش بە بڕیاری تاكەكەسی نارێكخراو‌و دوور لە چاودێری حكومەتی عێراق بە هەڕەمەكی بەڕێوەدەبرێت.

دوو ساڵ‌و نیو بەسەر ئازادكردنی تكریت ناوەندی پایتەختی سەڵاحەدیندا تێپەڕیوە، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگا شكستی هێناوە لە یەكخستنی ئەو هێزە شەڕەكەرانە‌و گێڕانەوەی دەسەڵاتە ئەمنییەكان بەپێی یاساكانی دەسەڵاتە خۆجێییەكان لە وڵاتدا، هۆكاری ئەوەش لاوازی پۆلیسی خۆجێییە كە بە بازووی ئەمنی سەرەكی هەر دەسەڵاتێكی خۆجێیی دادەنرێت.

بەرپرسێكی خۆجێیی لە ئەنجومەنی سەڵاحەدین كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، بە "نیقاش"ی وت: "ترسی راستەقینەمان هەیە لە مانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەكانماندا‌و لە بێمتمانەیی نێوان دانیشتووان‌و ئەو هێزانە دەترسین ئەگەر مانەوەیان درێژە بكێشێت، هیوادارین هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵی كە لە بنكەی بەلەد جێگیرن پشتیوانی هێزە خۆجێییەكانمان بكەن ئەو كارەش پێویستی بە چەند مانگ‌و رەنگە چەند ساڵێكیش ببێت".

سەرەڕای هەڕەشەی گرووپە شیعەكان بۆ بەئامانجگرتنی هێزەكانی ئەمریكا‌و ناڕوونی تێڕوانینی حكومەتی عێراق‌و هەڵوێستی بەرامبەر هێزەكانی ئەمریكا لەدوای كۆتاییهاتنی "داعش"، بەڵام دووشەممەی رابردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) رایگەیاند كە بەنیازە لەچوارچێوەی بودجەی ساڵی داهاتوودا شەش هەزار لە سەربازەكانی لە عێراق بهێڵێتەوە.

بەڵام نزیكبوونەوەی كۆتاییهاتنی ویلایەتی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران‌و سەرقاڵی حزبە عێراقییەكان بە هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن وەك خۆئامادەكردنی بۆ هەڵبژاردن لە ئایاری داهاتوو، مشتومڕ سەبارەت بە چارەنووسی هێزەكانی ئەمریكا لەوڵاتدا دوادەخات تا كاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كە لەبەردەم یەكەم تاقیكردنەوەی سەختدا دەبێت بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم مەسەلەیە‌و بەدوورگرتنی وڵات لەوەی بكەوێتە گۆڕەپانی ململانێیەكی نوێی نێوان ئێران‌و ئەمریكاوە.